- لە “نامەیەکی کراوەدا بۆسریاڵییەکان لە هەرکوێ هەن” دەڵێیت” پێش ئەوەی گوێم لە وشەی سریاڵی بێت لە ئەمریکا بە سریاڵی دەمنووسی”، بە سریاڵی واتای چییە؟
- لەو دەمەی لە پاریس دەژیام، گوزارشتێکی ئەمریکانەمان هەبوو، بەڵام لە هەموو شتێک باشتر ڕوونی دەکردەوە. دەمانوت ” دەی با ڕابەرایەتی بگرینە دەست”، مەبەستیشمان لێی تێپەڕاندنی کۆتاییەکی قووڵ و نغرۆبوونە لە نائاگایی، گوێڕایەڵی غەریزەکانمان بین و وەدووی شەرمەزاریمان بکەوین، شەرمەزاری دڵ و دەمارەکان، یان هەر شتێک تۆ ناوی لێ دەنێیت. بەڵام ئەمە ڕێگای منە لە گوزارشتکردنی، لەڕاستیدا بنەمایەکی سریاڵی نییە، لەو بڕوایەشدا نیم خۆی لە ئەندرییە بریتۆن بسەلەمێنێت. هەرچەندە پێگەی فەڕەنسییەکانیشم بەلاوە گرنگ نییە، پێگەی عەقیدەیی. هەموو ئەوەی بەلامەوە گرنگە ئەوەیە ڕێگەیەکی دیکەم بۆ گوزارشتکردن دۆزیوەتەوە، ڕێگەیەکی زیادە، ڕێگەیەکی دوو هێندە، دەبێت ڕێگەکەش بەوپەڕی ژیرییەوە بەکاربهێنرێ. بەناوبانگەکانی سریاڵی ئەم تەکنیکەیان جێبەجێ دەکرد، جۆرێک ئەنقەستی دەردەکەوت بەلامەوە. زیرەکی کەم بوو، هیچ شتێکی بەدی نەدەهێنا. بەلای منیشەوە هەر کەسێک زیرەکی نەمێنێت هەموو شتێکیشی نامێنێت.
- سریاڵی ئەوەیە کە تۆ دەیڵێیت ” ( دەستگەیشتن) ژیانی شەوانە”؟
- بەڵێ، هیچ شتێکیش لە خەون ڕوونتر نییە. سریاڵییەکانیش خەون بەکاردەهێنن، هەمیشە لایەنێکی ناوازە و بەپیتی لایەنەکانی تاقیکارییە. هەموو کتێبەکانیش بەبێ ئاگای بە ئاگاییەکانیشەوە، تەنانەت ئەوانەشی کە سریاڵی نین خەون زیاد دەکەن. ئەقڵی ئاگا کەمترین کارکەرە لە هونەردا. لە پڕۆسەی نووسیندا مرۆڤ لەپێناو ئەوانەی نەناسراوە لای خەبات دەکات. سنووردارکردنی خۆت بۆ ئەوەی ناسراوە یەکسانە بە هیچ و نامانگەیەنێت بەهیچ. هەموو خەڵکی بەکەمێک ڕاهێنانکردن دەتوانن ئەم کارە بکەن، هەموو کەسێک دەتوانێت ئەم جۆرەنووسینانە بکات. لویس کارۆڵم خاوەنی “ئالیس لە زەوییە سەیروسەمەرەکاندا” بە سریاڵی دادەنا، جۆرێک توخم بەکاردەهێنێت کە تۆش لێرەو لەوێ بەکاری دەهێنێت. بەڵێ، بەڵێ، بێگومان لویس کارۆڵ نووسەرێکە کە خۆشم دەوێت. بەس ببم بە نووسەری کتێبەکانی یان تەنانەت نزیکیش ببمەوە لەوەی ئەو بەدەستی هێناوە، قۆڵی ڕاستمی بۆ دەبڕمەوە. ئەگەر بەردەوام بم لە نووسین، کاتێک پڕۆژەکەم تەوادەکەم، حەزدەکەم تروهات بنوسم.
- ئەی داداییەکان چی؟ هیچ لە دەرگای ئەوانت داوە؟
- بەڵێ، داداییەکان لە سریاڵییەکان بۆم گرنگتر بوون. جووڵەی داداییەکان وەک شۆڕشێک وابوو. هەوڵێکی ئاگایانەی بەمەبەست بوو بۆ هەڵگەڕانەوەی مێزەکە و دەرخستنی شێتییەکی ڕەها لە ژیانمان و هیچێتی نرخمان بوو. پیاوانی چاک و ڕێک وپێکی تێدابوو. شتێکی تێدابوو وای لێدەکردی پێبکەنی، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بیربکەیتەوە.
- لام وایە تۆ لە ” بەهاری ڕەشدا” زۆر لە دادییەکان نزیک بویتەوە؟
- گومانی تێدا نییە ئەوکات زیاتر دەچوومە ژێر کاریگەرییەوە. کاتێک گەشتمە ئەوروپا خۆم بەرەو ڕووی هەموو شتێک کردەوە. بێگومان لە ئەمریکا هەندێک شتم دەزانی. گۆڕان بۆ لای ئێمە لە ئەمریکا هات، “یوجین” ” گۆڵاس” زۆرێک لە بەناوبانگە بێگانەکان کە ناومان نەبیستبوون. بیرمە ڕۆشتم بۆ ئارموودی شۆ بۆ بینینی “ڕووتێک لەسەر پلیکانەکان دەکەوێت” هی مارسێڵ شامب و کارەکانی تری. ئەوەی لەبەردەممدا دەمبینی ئەوە بوو کە بەدوایدا دەگەڕام، بەتەواوی ئاشنابوو لام.
- هەمیشە زیاتر لە ئەوروپا قەدرت دەگیرا وەک لە ئەمریکا و ئینگلتەرا. ڕوونکردنەوەت بۆ ئەمە چییە؟
- باشە، سەرەتا با ئەوەت پێ بڵێم هەلی تێگەیشتن لێم لە ئەمریکا نەڕەخسا لەبەرئەوەی کتێبەکەم بڵاونەکردبوویەوە لەوێ. بەڵام دوور لەوە، سەڕەڕای ئەوەی سەتاسەد من ئەمریکیم (ڕۆژ بەڕۆژ زیاتریش لەوە دڵنیا دەبمەوە)، هەمیشە لەپەیوەندیدام لەگەڵ ئەوروپییەکان. بە سانایی دەمتوانی قسەیان لەگەڵ بکەم و بیرکردنەوەکانم بخەمەڕوو، هەستم دەکرد زووتر لەناویاندا لێم تێدەگەن. پەیوەندییم لەگەڵ ئەواندا باڵاتر بوو وەک لەگەڵ ئەمریکییەکان.
- لە سییەکاندا چیت لە پاریس دۆزییەوە و لە ئەمریکا نەتدۆزییەوە؟
- ئازادییەک کە هەرگیز لە ئەمریکا نەمدیبوو.خەڵکانێکم دۆزییەوە کە بە ئاسانی دەمتوانی قسەیان لەگەڵ بکەم، کەسانێک کە قسەکردن لەگەڵیاندا چێژی پێ دەدای. کەسانی وەک خۆشم زۆر لەوێ دیت. لەوە گرنگتر هەستم بە لێبووردەیی دەکرد بەرامبەرم. داوام نەدەکرد لێم تێبگەن و قبوڵم بکەن. لێبووردەیی بەس بوو. هەرگیز لە ئەمریکا هەستێکی وەهام نەبوو. ئەوروپاش جیهانێکی نوێ بوو بۆم. هەر تەنها ببمە نامۆیەک هەر شوێنێکی دیکەش بێت باش دەبوو، لەبەرئەوەی هەموو ژیانم، نازانم بڵێم چی، هەموو ژیانم نامۆیی بوو، جگە لە نامۆیەک حەزم نەدەکرد ببمە هیچی تر.
- بە مانایەکی دیکە؛ ئەگەر لەبری ١٩٣٩، ١٩٣٠ بڕۆیشتبای بۆ یۆنان هەمان ئەوشتەت دەدۆزییەوە کە دۆزیتەوە؟
- لەوانەیە هەمان شتم نەدۆزیبایەتەوە، بەڵام لەوێ ڕێگەیەکم بۆ دەربڕینی خوود و ئازادکردنی دەدۆزییەوە. لەوانەیە نەبوومایەتە ئەو نووسەرەی ئەوڕۆ، بەڵام خۆمم دەدۆزییەوە. لە ئەمریکا هەڕەشەی شێت بوون و خوودکوژیم لەسەر بوو.هەستم بە تەنهاییەکی ڕەها دەکرد.
- جۆرج ئۆروێڵت ناسی؟
- وابزانم دوو سێ جار لە سەردانییەکانی بۆ پاریس بینیم. بە هاوڕێ لەقەڵەمم نەدەدا تەنها ئاشنایەکی ڕێبوار. بەڵام زۆر سەرسامبووم بە کتێبەکەی “سەرگەردانێک لە پاریس و لەندەن” بە کلاسیکی دادەنێم. هێشتا بەلامەوە باشترین کتێبێتی. هەرچەندە بە شێوازی خۆی کەسێکی باشە بەڵام گەمژەیە. وەکو هەموو ئینگلیزێکی دیکە نموونەیی بوو، بەلای منەوە بێ ئەقڵێکی نموونەیی بوو. دەتوانین بڵێین پیاوێکی خاوەن بنەمایە، خاوەن بنەماکانیش بێزارم دەکەن.
- ئاشنای کتێبی ئینگلیزی بوویت، پەیوەندییەکی درێژت لەگەڵ داریڵ و بروس بوو، وایە؟
- بەدڵنیاییەوە داریڵ، بەڵام وەک نوسەرێکی بەریتانی لێی ناڕوانم بەڵکە وەکو “نا بەریتانی ” دەیبینم. بێگومان” جۆن کاوبەر بروس” کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم هەبوو. بەڵام هەرگیز ئاشنای نەبووم. بوێری ئەوەم نەبوو، من کەسێکی کورتە باڵا بووم و ئەویش زەبەڵاحێک بوو بۆ خۆی، ڕێنیشاندەری من بوو، لە بیستەکانی تەمەنم ناسیم. ئەوکات لە لێبۆری نیویۆرک و کوپەریونیۆن و شوێنی دیکەی لەم شێوەیە وانەی دەوتەوە، گوێگرتن لێی تێچووەکەی دە سەنت بوو. دوای ٣٠ساڵ ڕۆشتم بۆ وێڵر بۆ بینین، سەرسامبووم کاتێک زانیم ئاگاداری کارەکانمە، ئەوەی زیاتر سەرسامی کردم ئەو ڕێزە زۆرەی بوو بۆ کارەکانم هەیبوو.
- هیچ گرنگی بە سیاسەت دەدەی؟
- هەرگیز، بە جیهانێکی گەندەڵی دەبینم. لەڕێگەیەوە ناگەین بە هیچ.
- ئەی لەبارەی ئەو کەسە گەورانەوە چی کە لە ڕابروودا جێی سەرنجت بوون؟ توێژینەوەت لەسەر بەلزاک و ڕامبۆ و لۆرنس هەیە. دەتوانیت بڵێین جۆرێک لە کتێب سەرنجت ڕادەکێشن؟
- ئەستەمە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەین، فرە کتێب هەن حەزم لێیانە. ئەوکتێبانەن لە کتێب زیاترن، خەسڵەتێکی تەمومژاوی هەیە، خەسڵەتی ئێکس، خەسڵەتێکی میتافیزیکی یان جادوویی یان هەرچییەک کە هەیە. نازانم دەبێت لێرەدا چ دەستەواژەیەک بەکاربهێنم. وەکو ئەوەی لات ئاشنایە خەڵکی بۆ خۆشی، یان کات بەفیڕۆدان یان وەرگرتنی ئامۆژگاری کتێب دەخوێننەوە، بەڵام من دەخوێنمەوە لەبەرئەوەی داوای دەرچوونی ئەو کەسە دەکەم لە مندایە، دەخوێنمەوە چونکە داوای شەهووەت دەکەم. هەمیشە بەدوای نووسەرێکدا دەگەڕێم لەخۆمم بەرزبکاتەوە.
- بۆچی زۆر لەبارەی سێکسەوە دەنووسی؟ چ مانەیەکی لای تۆ هەیە؟ مانایەکی تایبەتی هەیە؟
- پرسیارێکی گرانە. دەزانی، وای بۆ دەچووم ئەوەی نووسیومە وەک ڕەخنەگرە دوژمنەکان دەیڵێن “بێ سوود” ە، چ تروهاتێکی میتافیزییەکییە. بینینی خۆیان لەسەر سێکس کورت کردووەتەوە و هیچی تر. نا، ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، تەنها ئەوە دەڵێم ڕۆڵێکی گەورەی لە ژیانمدا هەیە. ژیانێکی سێکسی دەوڵەمەند ژیاوم، هیچ شتێکیش نابینم وام لێبکات کەمی بکەمەوە.
- بەلای خۆتەوە چ کتێبێکت باشترینە؟
- هەمیشە دەڵێم ” زەبەلاحی مارۆسی”. بەڵام زۆربەی ڕەخنەگران دەڵێن ” شێرپەنچە” باشترین کتێبتە. کاتێک دووبارە خوێندمەوە بینیم زۆر لەوە باشترە کە پێشبینیم دەکرد، بەدڵمە. لەڕاستیدا سەرسامی کردم. چەندین ساڵ تێپەڕی بوو سەیرم نەکردبوو. کتێبێکی زۆر باشە ، بەڵام نووسینی زەبەلاح لە ئاستێکی دیکەی ئاستەکانی بوونم نوسراوە. ئەوەی تیایدا بەدڵمە خرۆشییە.
وەرگێڕانی : مەدینە ئەحمەد