“گفتوگۆ لەگەڵ ویلیام بۆرزۆ”
٭ وادیارە تۆ بەشێوەیەکی بنەڕەتی گرنگی بە تێپەڕاندنی ئەقڵی ئاگایی کە زۆرێک لە کتێبەکان بەدوایەوەن دەدەی؟
- نازانم ئەندێشەی نووسەر بۆ کوێ دەڕوات، بەڵام خۆم بە ویستێکی بەرز مەودایەک کە پێی دەوترێت “خەون” بە خۆمی دەبەخشم. بەتەواوی خەون یانی چی؟ شتێکی دیاریکراوە لەنێوان وشە و وێنە. ماوەیەک پێش ئێستا بەڵام دوورنا، چەندین تاقیکاریم بە بەکارهێنانی چیرۆکەکانی ڕۆژنامە کردووە. لە ڕۆژنامە شتێک دەخوێنمەوە شتێکم بیر دەهێنێتەوە کە پێشتر نووسیومە. وێنەکە یان وتارەکە دەبڕم و لە کتێبی چیرۆکەکان لە پەنای ئەو وشانەی کە پەیوەندیدارە پێیەوە دەلکێنم. یان بە شەقامەکاندا پیاسە دەکەم، تەماشای دیمەنێک لە کتێبەکەم دەکەم، وێنەیەکی دەگرم و دەیلکێنم بە کتێبی چیرۆکەکان . شتێکت لەوبارەیەوە پیشان دەدەم. تێبینی ئەوەم کردووە کاتێک ئامادەکاری بۆ پەڕەیەکی کتێب دەکەم، لە شەودا خەون بەو ڕووداوانەوە دەبینم کە پەیوەندی بە وشەکان و وێنەی ئەو پەڕەیەوە هەیە، بە مانایەکی دیکە، من گرنگی بە چۆنییەتی موتوربەکردنی وێنە بە وشە، بە پەیوەندییەکی زۆر زۆر ئاڵۆز دەبینم. هەندێک شت دەکەم لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا وەکو گەشتکردن بە کاتدا، بۆ نموونە، ئەو وێنەیە چی بوو لە شەمەندەفەرەکە گیرا، لەو ساتەدا بیرم لەچی دەکردوە، چیم دەخوێندەوە و چیم دەنووسی. هەموو ئەمانە دەکەم تا ببینم چۆن دەتوانم خۆم بخەمە ئەو کاتەوە.
٭ لەڕۆمانی ” نۆڤا ئیکسپرێس” بێدەنگی حاڵەتێکی خوازراوە؟
- بێدەنگی زۆرترین حاڵەتی خوازراوە. بەمانایەکی دیکە، بەکارهێنانی وشە و وێنە بە شێوەیەکی تایبەت دەتوانێ ببێتە هاندانێک بۆ بێدەنگی. کتێبی چیرۆکەکان و گەشتکردن بەکاتدا ڕاهێنانێکن بۆ فراوانکردنی ئاگایی بیرکردنەوەم لە پەیوەندییەکان لەبری وشەکان. لەم دوایەدا، توێژینەوەیەکی هیرۆگلیفی میسری و مایانیم ئەنجام داوە. چیایەکە لە پەیوەندی ئەی پیاو! بەم شێوەیە! ئەو وانەی ڕۆژانە بەکاری دەهێنی لەسەر ڕێگای ئەزموونی نا فیزیایی ڕاوەستاوە. کاتێکی گونجاوە جەستەمان لەدوای خۆمانەو بەجێ بهێڵین.
٭ مارشاڵ ماکهان وتی تۆ پێت وایە هیرۆین بۆ گۆڕینی جەستەی مرۆڤ بۆ ژینگەیەک کە گەردوون لە خۆ دەگرێت، پێویستە. بەڵام ئەوەی ئێستا پێت وتم ئەمە ڕەتدەکاتەوە؟
- نا. ماددەی هۆشبەر ئاگایی بەرتەسک دەکاتەوە. تاکە سوود لە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەدەستم هێناوە ئەوەیە پەیوەندیداربووم بەم جیهانە گاڵتەجاڕەوە. ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە زیاتر ببینم لەوەی ئێستا دەتوانم بیبینم. دووربکەومەوە بۆ ئەوپەڕی. تا ئەو ئاگاییە تەواوەی گەمارۆی داوم بتوانم بەدەستی بهێنم. بیکیت دەیەوێت بڕواتە ژوورەوە. لە سەرەتادا لە جامێکدا بوو، ئێستا لە قوڕدایە. من بەلاکەی دیکەدا دەڕۆم، بۆ دەرەوە دەڕۆم.
٭ دەتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر بەکارهێنانی تەنها وێنە و نەبوونی دەنگی ناوەکی بیربکەیتەوە؟
- وا هەستدەکەم لەو ساتەدا لەهەر کاتێکی دیکە باشترم. بەجۆرێک لە جۆرەکان، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ کتێی چیرۆکەکان و وەرگێڕانی بەستەرەکانی نێوان وشە و وێنە. تاقی بکەرەوە. بە وریاییەوە مانای بڕگەیەکت بیر بێت، دوای بیخوێنەوە. ئەوەت بۆ دەردەکەوێت دەتوانیت بڕگەکە بەبێ وشەکان بخوێنیتەوە، تەنها بە دەنگی هەڕەمەکی. تاقیکردنەوەەکی بێ وێنەیە، گوزارشتی خەونەکانە. کاتێک دەستدەکەیت بە بیرکردنەوە لەڕێگەی وێنە، بەبێ وشەکان، تۆ لەسەر ڕێگا ڕاستەکەیت.
٭ بۆچی بەدوای حاڵەتی (داهێنانیت) بەبێ وشەکان؟
- پێم وایە شۆڕشێکە. وای بۆ دەچم وشەکان کەرەستە گەلێکی گەمژەی سەرەتاین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهاندا، لەکۆتایدا چمکێک دەگرێت. ئەوە لەسەردەمی گەردوونی داهاتوودا ڕوودەدات. زۆرێک لە کتێبە نوێکان پەیوەندیکردنیان بەو تەکنەلۆژیایەی لە بەردەمیانە ڕەتی دەکەنەوە. ناتوانم لەو ترسە تێبگەم. زۆرێک دەترسن ئامێری تۆمارکردن بەکاربهێنن، یان هەر کەرەستەیەکی میکانیکی بۆ ئەدەبی. ئەو شتە وادەردەکەوێت-مەحرومکراوەکان ماندوو دەکات- دژایەتییەک بۆ بڕین و لکاندن هەیە. ڕێزێکی خەیاڵی بۆ وشەکان هەیە. ئای خوایە دەڵێن ناتوانیت ئەم وشانە پارچە پارچە بکەیت، بۆ نا؟ ئەو کەسانەی کە نانووسن، زیاتر گرنی بە تەکنیکی بڕینی وشەکان دەدەن. پارێزەرەکان و دکتۆرەکان یان ئەندازیارەکان، هەموو زیرەکەکان کە ئەقڵێکی کراوەیان هەیە توانا ئەوەیان هەیە.
٭ چۆن وا گرنگییت بە بڕین و لکاندن دا؟
- دوای دەرچوونی ڕۆمانی نیوەڕۆی ڕووت، هاوینی ١٩٦٥ لەپاریس بووم. گرنگییم بە ئەگەرەکانی ئەو تەکنیکە دەدا، لەسەر دەقەکانی خۆم تاقیم دەکردەوە. کاتێک بە قووڵی بیر لەم بابەتە دەکەیتەوە دەبینیت هۆنراوەی زەوییە پیسەکان وابوو. تریستان سارا (دادییەکان) لەمێژە وایکردووە.
٭ لەسەر بونیادی تێگەیشتنت بۆ وشە/ وێنە، لە ٢٥ بیست و پێنج ساڵی داهاتوودا چی بەسەر ڕۆماندا دێت؟
- بڕوام وایە دەست تێوەردانێ گەورە لەنێوان هونەر و زانستدا دەبێت. لەکاتی ئێستادا، زاناکان پڕۆسەی داهێنان دەخوێنن، ئەو دیوارەشی کە هونەر لە زانست جیادەکاتەوە دەڕوخێت بەجۆرێک زاناکان زیاتر داهێنەرانەتر دەبن و کتێب بە زانست بە ئاگاتر دەبێت. هیچ هۆکارێک نابینم ڕێگر بێت لەوەی جیهانی هونەری دەستی بە مادیسۆن ئەفینیۆ بگات. هونەری پۆپ هەنگاوێکە بەم ئاڕاستەیەدا. بۆچی ڕیکلامەکانمان بە وشەی جوان و وێنەی جوان نەبێت؟ لەئێستادا، وێنەی جوان هەن و ڕیکلامەکانی ویسکی پڕ ڕەنگن. زانست بۆمان دەردەخات کە چۆن پەیوەندییەکان دروست دەبێت”لەنێوان وشەکان و وێنەکان”.
٭ کۆمپیوتەرت بەکارهێناوە؟
- وام نەکردووە، بەڵام هەندێک شعری کۆمپیوتەریم بەرچاوکەوتووە. دەتوانم هەندێک لەو هۆنراوانە بگرم، بە مانایەک وێنە لەگەڵی دەگونجێت. هەموو ئەوە دەکرێت.
٭ بڕوات بە بوونی خودا هەیە؟
- خودا؟ پێم وانییە. وای بۆ دەچم چەند خودایەک هەیە. ئەوەی لێرە لەسەر زەوی ناوی دەنێنین خودا، خودای هۆزێکی بچووکە کە فەوزایەکی خراپی بەرهەم هێناوە. بەدڵنیاییەوە، هێزێکی زۆر لەناوەوەی ئاگایی مرۆڤ جڵەوی ڕووداوەکان دەکات. “هێنری لوسی” نووسەر (خاوەنی کۆمەڵەیەکی گەورە لە گۆڤارە ئەمریکییەکان) ئامێرێکە لەدەستی وزەیەکی باڵا.
٭ ماری مکارسی تۆی بە نموونەیەکی قێزەون ناوبردووە، ڕاستە؟
- هەمیشە ئەوەی دەیڵێم مەبەستم هەیە، بەڵێ، تا یارمەتی خەڵکی بدەم ژیرتربن لە تێگەیشتنی ئەم جیهانە تاوانکارییەی کە تیایدا دەژین. هەموو کارەکانم بۆ ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت بەهۆی گەمژەییانەەو یان بەهۆی کاریگەرییەکەوە ئەم هەسارە لەناوبەرن یان وای لێبکەن شایەنی ژیانکردن نەبێت بۆ نموونە، پیاوانی ڕیکلام کە پێشتر باسم لێیانەوە کرد. من نیگەرانم بۆ ئەو یاری پێکردنەی کە بەو وێنە و وشانە دەی کەن لەپێناو کاریگەری ئاگایی خوێنەر نەک تەنها بۆ کڕینی شوشەیەیەکی کۆکا کۆلا. هەندێک جار لێم دەپرسن، ئەگەر بەتەنها بم لە دوورگەیەدا، و بزانم کەس نامخوێنێتەوە، ئایا بەردەوام دەبم لە نووسین. وەڵامە بێ چەند و چوونەکەم بەڵێییە. بەدەوام دەبم لەنووسن بۆ پەیوەندی کردن . لەبەرئەوەی جیهانێکی خەیاڵاوی دروست بکەم – هەمیشە وادەکەم- جیهانێک بتوانم تیایدا بژیم.
بەڕاستی وشە ڤایرۆسە
هێشتا مرۆڤ دانی بەوەدا نەناوە کە وشە ڤایرۆسە
لەبەرئەوەی گەشتووەتە جۆرێک لە ژیانکردن و ئاکنجی لەنێوان میوان و خانەخوێ،
مرۆڤی هاوچەرخ هەڵبژاردای بێدەنگی لەدەست داوە!
هەوڵبدە بووەستی لە قسەکردن،
هەوڵبدە تەنها دە چرکە بێدەنگی ناوەکی بەدەست بهێنیت،
ڕووبەڕووی بوەنەرێکی بەرگریکار دەبیتەوە ناچارت دەکات قسەبکەی،
ئەم بوونەوەرە زیندووەش وشەیە.
ئەم وشە-ئەو ڤایرۆسەی خۆی بەسەر بوونتدا فەرزکردووە.
“شەڕ” ئەم ڤایرۆسەیە کە شوێنێکی دیارێکی لە مێشکتدا گرتووە.
ئاڵوودەی ژیان نیم،
جگە لە ڕۆحێک کە لە شەقامێکی قەرەباڵغی ڕۆژدا پیاسە دەکات هیچی تر نیم.
تەنها دەمەوێت بمرم، نامەوێت ڤایرۆسەکە بژی.
سهرچاوه؛
گۆڤاری پاریس ڕیڤیۆ لەگەڵ بۆرزۆ لەساڵی ١٩٦٥ ئەنجام دراوە.
وەرگێڕانی بۆ عەرەبی؛ ئەشرەف الزغل
و. له عهرهبییهوه بۆ كوردی؛ مهدینه ئهحمهد