ژیانی مرۆیی پڕە لە هەڵپە و شاکەشاک بەدوای خۆشی و بەختەوەریدا. گەر لە هەریەکێک بپرسیت بەختەوەری چییە؟ وەڵامێکت دەداتەوە، ڕەنگە لای نەخۆش تەندروستی بێت، بۆ کۆیلەیەک ئازادی بێت، هەژارێک دارایی بێت، ئەو کەسەش کە هیچ ترس و مەترسییەکی نییە و هاوکات وەک ڕۆژانە دەیبیستین بیڵێین: لە هیچی کەم نییە، هێشتا وێڵە بە دوای بەختەوەرییەوە. ئارەزوو و داواکارییەکانی مرۆڤ بێ بڕانەوەن. داخۆ بەختەوەری چی بێت و چۆن وەدی بێت؟ دروستترین ڕێگا و تەکنیک کامە بێت تا مرۆ لە ژیانیدا بیگرێتە بەر بۆ ئەوەی پێی بگات؟
فەلسەفە مرۆڤ بەختەوەر دەکات؟ ئامانجی فەلسەفە بەختەوەرییە. فەیلەسوف بە ڕێی هزراندن و خستنەگەڕی ئاوەز باشترین ستایلی ژیانکردن پێشکەش دەکات. ئایا ئایین(ئایینە ئاسمانییەکان) بە دواخستنی ژیان و کردنی بە گۆڕەپانێکی پێشبڕکێ کە تێیدا مرۆڤ هەوڵی بردنەوەی ژیانێکی تر بدات، گوایا بەختەوەری ئامادەیە تێیدا، زانست کە لە ئێستادا پتر هەڕەشە و مەترسییە بۆ ژیانی مرۆڤ، ئەدەب بە گشتیی کە خەریکی خوڵقاندنی ژیانێکی یۆتۆپیانەیە، ئەوە بۆ مرۆڤ دەکەن؟ “مۆنتاین” فەلسەفە بەو زانینە پێناسە دەکات کە بۆ ژیان ئامادەمان دەکات. واتە بیرکردنەوە و ژیان هەماهەنگن. بۆ ئەوەی فێری چۆنیەتی ژیانکردن ببین، دەبێت ڕێگەی فەلسەفە بگرینە بەر، کە هەر ئەو ڕێگەیەش ڕاستەقینەیە، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانە واقیعییەکەوە هەیە و ژیان دەکاتە بابەتی خۆی.
بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی فەلسەفە بە داناییەوە کە ئەویندارییە، پەیوەندی بە ژیان و بەختەوەری مرۆڤەوە، بۆچوونی فەیلەسوفی فەڕەنسی ئەندێ کۆنت-سپۆنڤیل وەک بنەما وەردەگرین کە لە نووسینە فەلسەفەییەکانیدا گرنگی پێداوە. ئەم بیرمەندە، فەلسەفە بە هونەری ژیان، یان فەلسەفە تامی ژیانمان پێدەبەخشێت، دەناسێنێت. دەشبێت سەرەتا لە ڕەچەڵەکی فەلسەفە بە ئاگابین. بەگەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی فەلسەفە و دیاریکردنی لە ڕووی ئێتیمۆلۆجییەوە، ڕیشەی وشەکە، فەلسەفە(philosophia)، لە گریکی کۆندا، لە یەکگرتنی وشەی فیلۆ(philo) کە بە واتای خۆشەویستی دێت، لەگەڵ وشەی سۆفیا(sophi) کە واتای دانایی دەدات، پێکدێت. پێکەوە واتای خۆشویستنی دانایی دەگەیەنێت. فیساگۆرسیش یەکەم کەس بووە کە بەکاریهێناوە. ئەو گوتوویەتی: من دانا نیم، داناییم خۆشدەوێت، من فەیلەسوفم. بەڵام بە بۆچوونی کۆنت- سپۆنڤیل ئەوەندە کە بۆ هەمووشمان ڕوونە، بەس نییە بۆ دیاریکردنی چییەتی فەلسەفە. دەبێت لەسەر دانایی بووەستین. دانایی چییە؟ ئایا بەبێ دانایی واتایەک بۆ فەلسەفە دەمێنێتەوە؟ دانایی بابەتێکی گەرموگوڕی نێو فەلسەفەیە و مشتومڕی زۆری لە بارەوە کراوە. کۆنت- سپۆنڤیل بە پالپشتی بۆچوونێکی ئەرستۆ، پێداگری لەوە دەکات کە دانایی نە زانستە و نە تەکنیک، شتێکە هەم بۆ خۆ و هەم بۆ ئەویتریش باشە. دانایی بۆ ئەو، مەعریفەیە، زانینی ئەوەی چۆن بژیین. هەروەها بە مانای چۆنییەتی بیرکردنەوەش دێت. فەلسەفەش مەیلی بۆ دانایی هەیە، مەیل بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە. فەلسەفە بە نزیکبوونەوە لە دانایی واتا وەردەگرێت. بۆئەوەی باش بژیین، دەبێت باش بیربکەینەوە. بەم پێیەش فەلسەفاندن دەبێتە زەرورەت، چونکە فەلسەفاندن مایەی بەختەوەریمانە. کۆنت- سپۆنڤیل بەم جۆرە فەلسەفاندن تووند بە بەختەوەرییەوە گرێ دەدات. هەروەها هانمان دەدات لە کۆشش بەرەو دانایی بوێربین، بۆئەوەی زوو بە بەختەوەری بگەین. مەبەستی فەلسەفەکارییە، هەرکات بێت شیاوە مرۆڤ دەست بە فەلسەفەکاریی بکات، بەڵام دەبێت پەلە بکات تا زووتر ژیان بچێژێت.
دیدی باو بۆ بەختەوەری و چۆنییەتی لەمسکردنەکەشی لە ژیاندا، دیدێکی ئیسلامیانەیە. بەدەربڕینێکی تر، نەستی مرۆڤی شەرقی نەستێکی ئیسلامیانەیە. هەر لە ژیاندا، عەوداڵی بەختەوەرییەکی بەهەشتیانەیە. بەختەوەرییەک کە بۆ ژیانی مرۆڤ دەست نادات. ئێ بە پێی فرۆید، مرۆڤ لەو ساتەی دێتە دنیاوە، یان لەدایکبوون خۆی تراومایە. دەروونی مرۆڤ بەجۆرێکە، پرەنسیپی چێژ دەریدەخات کە هەوڵ بۆ چێژ دەدات، بەڵام چێژی پەتی بوونی نییە، چونکە دەروونی مرۆڤ بە کۆمەڵێک گرژی و تەنگژە دەورەدراوە. بۆیە ناچارە پرەنسیپی واقیع دابهێنێت و چێژ ڕێکبخات، میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی ژان بگرێتەبەر. فەلسەفە ئەوە بۆ مرۆڤ دەکات. بەڵام گەر فەلسەفە شوێنی خاڵیکردنەوەی لیبیدۆ بێت، بەدەربڕینێکی دی، فەلسەفە فۆڕمێکی بەدەستهێنانەوەی چێژە سەرەتاییەکان و کەمکردنەوەی گرژی بێت، ئایا تێڕوانینمان بۆ فەلسەفە، بەم شێوەیە، قەتیسکردنی و بەرتەسککردنەوەی فەلسەفە نییە؟ ئاخر بەختەوەری کە ئامانجی فەلسەفەیە فراوانتر و گشتگیرترە لە چێژ. سەرەڕای ئەوەی خودی کردەی هزراندنەکە بۆ فەیلەسوف چێژە، سەرباری ئاستەنگەکانی بەردەمی. لەسەرەوە ئاماژەمان بەوەکرد کە چییەتی فەلسەفە پەیوەستە بە چییەتی داناییەوە. لە مێژووی فەلسەفەدا، دانایی ڕاڤە و واتای جیای دراوەتە پاڵ: لای ئەپیکۆر، دانایی چێژە. ستۆیکەکان بە ویست ناساندوویانە، یان زانین و خۆشەویستییە لای سپینۆزا. دانایی لای کانت، ئەرکە. دانایی ترۆپکی بەختەوەرییە. لە هەر بارێکدا فەلسەفەکاریی دەستگەیشتنە بە فۆڕمێکی بەختەوەری.
بەپێی قورئان، ژیانی دنیا هیچ نییە جگە لە تاقیکردنەوەیەک. بەختەوەری کەوتۆتە ژیانی دوای مردنەوە، ئەویش بۆ بەهەشتییەکان. بۆ ئەو کەسانەی لە دنیا هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن. بە پێی ئایەتی ١٧٩ی سوڕەتی ئالی عومران، بەهەشت جێیەکە بۆ میوانداریی هەمیشەیی بەختەوەران. ژیانی بەهەشتیش لە چەندین ئایەتدا وەسفکراوە، هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی: «نەبوونی ترس و بیم، نەمری یان ژیانی هەمیشەیی، هاوسەرانی پاکیزە، هەستکردن بە ڕەزامەندی خوا، پاداشتی بێسنوور و نەبڕاوە،
سەرفرازی گەورە و دەستکەوتی بێسنوور، سایەوسێبەری جوان و ڕازاوەی هەمیشەیی، ستەم لێنەکران، باخەکانی بەهەشتی عەدهن کە چەندەها ڕووبار بەبەردەمیاندا جاری و ڕەوانە، بازن و دەستبەند و سەعاتی ئاڵتونی، پۆشاکی ئاوریشمی سەوزی جوان، بە کەماڵی شادیەوە شان دادان لەسەر کورسی و قەنەفە ڕازاوەکان، چاکترین و جوانترین و خۆشترین پاداشت، هاوڕێ لەگەڵ خۆشترین و سازگارترین جێگە» خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئایەتەکانی ٦٢، ٨٣ی سوڕەتی البقرة، ١٥، ١٠٧، ١٩٨ی سوڕەتی ال عمران، ١٣، ٥٧، ١٢٤ي سوڕەتی النساء، ٣١ی سوڕەتی الكهف. دیدی باو بۆ بەختەوەری هەمان شتە.هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بەختەوەرییەکی لەوچەشنەن. چ هەوڵێک جا؟ ئایا مرۆڤ لە ژیاندا بۆی دەلوێت وا لێی پاڵداتەوە؟سۆراخکردنەکانی مرۆڤی ئێمە، شێوەیەکی پارادۆکسیکاڵە، گەڕانە لە پانتایی جوگرافییدا، هەوڵدانی بێوچان بۆ بەرزکردنەوەی سەروەت و سامان و پلەو پایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لە گۆشەنیگای ئالان بادیۆوە؛ بەختەوەری و ژیانی ڕاستەقینە، گشت ئەمانە تێدەپەڕێنێت. ژیانی ڕاستەقینە کڕۆکی فەلسەفەیە. کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان، کە فەلسەفە تێیاندا غیابە، یان کەمتر ئاشنان پێی، ئەم چالاکییانە لەجیاتی فەلسەفە دەخرێنە گەڕ و هزر تێیاندا مایەپووچە. هەڵبەت خزاونەتە نێو کۆمەڵگەی مۆدێرنیشەوە. لاوانی ئێمە نەرتییانە ژیان ڕێ دەکەن. بەرەو ژیانێکی ساختە ئاڕاستە دەکرێن: دەبێت منداڵان بخرێنە خوێندنگە تایبەتەکان، بۆ ئەوەی دواتر پزیشکی بخوێنن، لە پێناو ئایندەیەکی گەشدا. یان دەبێت کۆچ بکەن بۆ هەندەران. کیژانمان دەبێت جوانبن و جوانکاری بکەن. ژیانی ڕاسەقینە دژی ژیانی ساختە و نەریتیمان دەکاتەوە. کۆچەری کورد لە ئێستادا، کە بەدوای بەهەشتە فەنتازی کردەکەی دەکەوێت، دەگاتە وێ، جۆرە پەشیمانییەک دەردەبڕێت: هەرگیز ئەوە نەبوو کە بۆی دەگەڕام. ئەوان تەنیا هەڵهاتوون. گەر خۆشگوزەرانی و ئازادییەک لەوێ هەبێت، بەرهەمی فیکر و فەلسەفەیانە. وەختێک ڕێگە ڕاستەقینەکەمان دۆزییەوە، دەتوانین ببین بە کۆچەر و کۆچەری، سۆکراتێکمان گەرەکە ئەقڵیەتی گەنجەکانمان تێکبدا.
سەرچاوەکان:
-ئالەن بەدیوو، ژیانی حەقیقی، و. مەنسوور تەیفووری، چاپخانەی تاران.
-بەختتار عەلی، نا شوێن، دەربارەی دونیای ناوەوەی کۆچبەران، چاپخانەی کارۆ.
-زیگمۆند فرۆید، پرەنسیپی چێژ و پرەبسیپی واقیع، و. وەلید عومەر، ناوەندی ڕەهەند.
-ئازاد حەمە، فەلسەفاندنی پەتا، چاپخانەی تاران.
-بورهان محمدامین، تەفسیری ئاسان بۆ تێگەیشتنی قورئان.