بۆچی هەندێک جار لەنێو خێزان و هاوڕێکانیشماندا هەست بە تەنیاییەکی قووڵ دەکەین؟ ئایا فەلسەفە دەتوانێت هۆکارەکەی ڕوون بکاتەوە؟
کاتێک کەسێکمان نییە خۆشەویستی و گرنگیمان پێ بدات، هەست بە تەنیایی دەکەین، بەڵام هەندێکجار بە بوونی ئەو کەسەش هەست بە تەنیایی دەکەین. تەنیایی تەنیا ئەوە نییە بە تەواوەتی لە کەسانی دیکە دوور بکەویتەوە، تەنانەت لە ژوورێکی پڕ لە هاوڕێیانیشدا دەشێت هەستی تەنیایی باڵت بەسەردا بکێشێت. ئەو وەسفانەی کە هەستی تەنیایی بە هەستی گرنگ نەبوونەوە دەبەستنەوە، ڕەنگە بۆ فۆرمێکی تایبەتی تەنیایی ڕاست بن، بەڵام ئەوە تەواوی وێنەکە نییە. ئەم وەسفانە ناتوانن مەودایەکی بەرفراوان لەو هەلومەرجە ئاشنایانە ڕوون بکەنەوە کە تێیاندا هەستی تەنیایی سەرهەڵدەدات. ڕەنگە هەستکردن بە تەنیایی شتێکی زیاتر لەم وەسفانە بێت. “کایتلین کریسی” مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی کالیفۆرنیا شرۆڤەی ئەم بابەتە دەکات.
یەکێک لە ئازاربەخشترین ساتەکانی هەستکردن بە تەنیایی لە ژیانمدا بۆ پانزە- شانزە ساڵێ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام تا مردن ئەو ئازارە قووڵە لەبیر ناکەم کە بەریدایە گیانم. ئەوکات تازە دوای خوێندن لە دەرەوەی وڵات لە ئیتاڵیاوە گەڕابوومەوە بۆ زێدی خۆم. بە درێژایی مانەوەم لە فلۆرانس، زمانە ئیتاڵیەکەم بە ڕادەیەک باش بووبوو، کە خەونم تێدا دەبینی. هەروەها مەیلم بۆ ئایندەگەرایی( فیوتۆریزمی) ئیتاڵی و دادایزم و ئەبسوردیزمی ڕووسی پەیداکردبوو-بێگومان ئەم مەیلە نەک بە تەواوەتی، بەڵکوو بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە کوشتەی مامۆستای ئەم بابەتانە بووم-هەروەها شەیدای چامە ئەڤیندارییەکانی دانتێ و پێترارک ببووم (کە پێدەچێت هەر لەو هەستەوە هاتبێت بۆ مامۆستاکەم هەمبوو). ماوەی خوێندنی دەرەوەی وڵاتم لە بارێکدا تەواو کردبوو وەک زۆرێک لە خوێندکارانی دی هەستم دەکرد، نەک تەنیا لە ڕووی فیکرییەوە، بەڵکوو لە ڕووی سۆزدارییشەوە گۆڕانکاریم بەسەردا هاتووە. وێنەی جیهان لە مێشکمدا ئاڵۆزتر ببوو و ئێستا جیهانێکی قووڵترم بە وردەکاری و وردبینی زیاترەوە ئەزموون دەکرد.
دوای ئەو ماوەیە، بۆ وڵاتەکەم، لە ڕاستیدا بۆ شارۆچکەیەکی بچووکی کرێکارنشین لە نیوجرسی گەڕامەوە. بۆ ماڵی دایک و باوکی دەستگیرانەکەم، کە هەرچەندە بانک هێشتا دەستی بەسەردا نەگرتبوو، بەڵام لە سەروبەندی دەستبەسەرداگرتندا بوو. دایک و باوکی لە شوێنێکی دی دەژیان و لەسایەی سەری ئەوانەوە توانیم لە پشووی زانکۆدا لەگەڵ دەستگیرانەکەم و خوشکەکەی و هاوسەری خوشکەکەیدا لەوێ بمێنمەوە. زۆربەی کاتەکانی پشووەکەم لەتەک ئەم هاوماڵ و دراوسێ هەڕەمەکیانە و تاقمێک لە خۆشەویستترین هاوڕێکانی منداڵیمدا بەسەر دەبرد.
کاتێک لە ئیتاڵیا گەڕامەوە، قسەی زۆرم بۆ گوتن هەبوو، کە دەمویست لەگەڵیاندا باس و خواسی لەسەر بکەم. دەمویست بە دەزگیرانەکەم بڵێم کە فیوتۆریزمی ئیتاڵی لە ڕووی جوانییناسییەوە چەندە سەرنجڕاکێشە، بەڵام لە ڕووی فیکرییەوە ڕواڵەتی و بێ بنەما و ناوەڕۆکە. دەمویست بە نزیکترین هاوڕێکانم بێژم ئەو چامە ئەڤیندارییە ئیتاڵییانە چەندە ڕایان چەڵەکاندووم و “بۆب دیلان” چەندە سەرسووڕهێن هێزەکەیان وێنا دەکات، کاتێک دەڵێت “وشەکانی هەر چامەیەک چەندە ناوازە و دڵنشینن/ وەک ئاگرێکی گەرم و سووتێنەر و بڵێسەدار/ وەک تاڤگەیەک بەسەر قادپاڵێکدا بێتەخوار/ وەک بڵێی وشە بە وشەی لە ڕۆح و گیانمدا هەڵدەکۆڵرێت”.
زۆر پێویستم بەوە بوو هەندێک لە لایەنە تایبەتەکانی ژیانی هزری و سۆزداریم، کە ئێستا بووبوونە بەشە سەرەکییەکەی کەسێتیم، لەگەڵ کەسێکی دیکەدا تاوتوێی بکەم، هەروەها هەستم بە پێویستییەکی گەشەسەندوو دەکرد، کە خۆزگە کەسێک هەبووایە بمتوانیبا بە مامەڵەکردن لەگەڵیدا بهزرێم و مەعریفەم زیاد بکات. هەستم دەکرد چەندە پێویستم بە کەسانی دیکەیە کە لە لایەنی سۆزداریی بوونم بە هەموو قووڵایی و دەوڵەمەندییەکەیەوە-سەراپای بوونم، ئەم بوونە نوێیەی من-تێبگەن و قەدری بزانن. کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە، نەک هەر هەستم دەکرد ناتوانم پێداویستییە تازە دەرکەوتووەکانم لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەستەبەر بکەم، بەڵکوو هەستم دەکرد چیتر ئەم کەسە نوێیەشی کە هەم ناناسن. بەم شێوەیە ئازاربەخشترین و قووڵترین هەستی تەنیایی بەربووە گیانم.
فرەجار خوێندکارانی دەرەوەی وڵات کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان ئەم هەستە قووڵەی تەنیایی ئەزموون دەکەن. تەنانەت وێڕای هەبوونی تۆڕێک پەیوەندیی خەمخۆرانە و دڵسۆزانەش، زۆرجار تووشی “شۆکی کولتووری پێچەوانە” دەبن-هەمان “پرۆسەی سەرلەنوێ ڕێکخستن، دووبارە کولتوورسازی و ئینتیما بۆ کولتووری وڵاتەکەی خۆت دوای ژیان لە کولتوورێکی جیاوازدا” کە لەلایەن دەروونناس “کیڤن گاوە”وە بەم جۆرە وەسفکراوە و تایبەتمەندیی ئەم قۆناغە هەستیارەش هەستێکی قووڵی تەنیایی و بێکەسییە. بەڵام ئەزموونگەلێکی ئاشنای دی لە ژیاندا هەن کە هەستی تەنیایی لە مرۆڤدا دەورووژێنن تەنانەت ئەگەر هاوڕێ و خێزانێکی میهرەبانیشمان هەبێت: بۆ نموونە خوێندکاری قۆناغی یەکەم دوای ساڵێکی گۆڕانکاریکەر بۆ ماڵ دەگەڕێتەوە و ئازیزان و هاوڕێکانی دەبینێت؛ یان هەرزەکارێک کە دوای ئەوەی لە کەمپی هاوینەدا تووشی بەئاگاهاتنەوەی سێکسی بووە، دەگەڕێتەوە ماڵ بۆ لای دایک و باوکە میهرەبان و پارێزکارەکەی؛ یان یەکەم ژنی ڕەنگینپێست کە لە خێزانەکەیدا ماستەر و دکتۆرا بەدەستبهێنێت هەست دەکات بەهۆی ئەم کارەکەیەوە گرنگی پێ دەدرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا گرفتاری ئەو بەرزەخە هەمیشەییەیە کە نە لەزانکۆ بەپێی پێویست دەببینرێت و لێێ تێدەگەن نە کاتێکیش دەگەڕێتەوە نێو خێزان و لای هاوڕێیانیشی، یان پەرستارێکی کۆچبەر کە دوای ئەرکێکی مەترسیدار (کە فشارێکی دەروونی زۆری لەسەرە) گەڕاوەتەوە ماڵ بۆ لای هاوسەر و هاوڕێکانی، یان پیاوێک کە تەمەنێکی زۆری بە خراپی لەگەڵ هاوژینەکەیدا گوزەراندووە و ئێستا بە جیابوونەوەیەکی سەختدا تێدەپەڕێت؛ یان ژنێک کە لەنێو دەستەی هاوڕێکانیدا یەکەم کەسە بووە بە دایک و …هتد
بێگومان هەستی تەنیایی تەنیا لە دوای ڕووداوێکی گۆڕانکارییکەرەوە نایەت. زۆر جار بە تێپەڕبوونی کات ڕوودەدات کە ئەو هاوڕێ و خێزانەی پێشتر باش لێمان تێ دەگەیشتن، لە کۆتاییدا وەک جاران لێمان تێ ناگەن و نامان بینن. ئەم دۆخەش هەستێکی بەهێزی تەنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێت، هەرچەندە ئەم تەنیاییە وردە وردە و بە نهێنی دەخزێتە نێو ناخی مرۆڤەوە. وەک بڵێی هەستکردن بە تەنیایی بەڵایەکی وجودی بێت، شتێک کە مرۆڤەکان هەمیشە بەریدەکەون- نەک تەنیا کاتێک کە تەنیان. “کیران سێتیای” فەیلەسووف لە دوایین کتێبیدا، لەژێرناونیشانی ژیان دژوارە (2022)، هەستی تەنیایی بە ناوی “ئازاری دابڕانی کۆمەڵایەتی” وەسف دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی بڵاوبوونەوەی تەنیایی لەنێو مرۆڤە مۆدێرنەکاندا، گرنگیدان بە چییەتی ئەم هەستە زۆر بە گرنگ دەزانێت-هەم بۆچی تەنیایی ئازاردەرە و هەمیش ئەوەی کە “ئەم ئازارە چیمان پێ دەڵێت دەربارەی چۆن ژیان”. لەڕاستیدا ئاماژە بەوە دەکات تەنیایی تەنیا ئەوە نییە بە تەواوەتی لە کەسانی دیکە دوور بین، چونکە تەنانەت لە ژوورێکی پڕ لە مرۆڤیشدا دەشێت هەست بە تەنیایی بکەین. ئاماژە بەوەش دەکات کاریگەرییە نەرێنییە دەروونی و جەستەییەکانی هەستکردن بە تەنیایی “پێدەچێت پەیوەست بێت بە ئەزموونی دەروونی کەسەکەوە لەم هەستی تەنیاییە” هەر بۆیە، ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرانە لەگەڵ هەستی تەنیایی پێویستیی بەوەیە کە سەرچاوەی ئەم ئەزموونە دەروونییە دەستنیشان بکەین.
قسەی سێتیا لەسەر ئەوەیە ئێمە “ئاژەڵگەلێکی کۆمەڵایەتین کە پێویستیی کۆمەڵایەتیمان هەیە” و پێویستیی سەرەکیی ژیانمان ئەوەیە کە خۆشیان بوێین و بەها بەبوونمان بدرێت. کاتێک ناتوانین ئەم پێداویستییە سەرەتاییانە دابین بکەین، بۆ نموونە کاتێک لە هاوڕێکانمان دوورین، هەست بە تەنیایی دەکەین. لە نەبوونی ئەوانەی کە دڵنیاییان پێ دەداین گرنگین، ئیدی “هەستی پووچێتی دامان دەگرێت، بۆشایییەک، کە پێشتر پڕ دەکرایەوە و ئێستا چاڵێکی ئازاربەخشە”. ئەمەش بنەڕەتیترین فۆڕمی هەستی تەنیاییە (سێتیا زاراوەی “هاوڕێیان” بە مانا فراوانەکەی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هاوڕێ و خێزان و هاوبەشی سۆزدارییش بگرێتەوە و مەبەستی منیش لەم زاراوەیە هەر ئەوەیە).
بیهێنە بەرچاوت ژنێک کە بەهۆی کارە نوێیەکەیەوە بار دەکات بۆ شوێنێکی دوور و لەوێ کەس ناناسێت. تەنانەت ئەگەر زۆرێک لە دراوسێ و هاوکارە نوێیەکانیش بێنە پێشوازیی و بەخێرهاتنی بکەن، بەبڕوای سێتیا هەر هەست بە تەنیایی دەکات، چونکە هێشتا پەیوەندییەکی نزیک و پڕسۆزی لەگەڵ ئەو کەسانەدا نییە. بە دەربڕینێکی دیکە ئەو خەریکە هەستی تەنیایی ئەزموون دەکات، چونکە هێشتا هیچ هاوڕێیەکی نییە خۆشەویستی پێ ببەخشێت و نیشانی بدات کە چ کەسێکی گرنگ و بەنرخە. تەنیا کاتێک کە هاوڕێیەتی ڕاستەقینە دامەزرا، هەست بە بە ددانپێدانانی بەها و ئەرزشمەندی بێ مەرجی خۆی دەکات؛ تەنیا ئەو کاتە پێداویستییە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکانی واتا خۆشەویستی و بایەخپێدان دابین دەبن. لە ڕوانگەی سێتیاوە، ئەم خاتوونە کەمتر هەست بە تەنیایی دەکات دوای ئەوەی هەست دەکات کە بەڕاستی بۆ کەسێک گرنگە.
سێتیا تاکە کەس نییە کە هەستی تەنیایی بە نەبوونی بەهای مرۆڤێک لە چاوی ئەوانی دیکەدا دەبەستێتەوە. بۆ نموونە، هانا ئارێنت لە کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریزم (١٩٥١)دا، تەنیایی بەو هەستە پێناسە دەکات، کە کاتێک کەرامەتی مرۆیی یان بەهای بێ مەرجی تاک وەک مرۆڤێک ددانی پێدانەنرێت و قبووڵ نەکرێت باڵ بەسەر مرۆڤدا دەکێشێت؛ لە ڕاستیدا کاتێک ئەم پێویستییە کە یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی دۆخی مرۆڤ دەستەبەر نەکرێت، مرۆڤ هەست بە تەنیایی و بێکەسی دەکات.
ئەم وەسفانە زانیاری باش لەسەر تەنیایی بەدەستەوە دەدەن، بەڵام شتێکیشیان لەبیرکردووە. بەپێی ئەم ڕوانگانە، هاوڕێیەتییە سۆزدارییەکان دەبنە هۆی ئەوەی دووربین لە تەنیایی، چونکە هەبوونی یارێکی میهرەبان بە جۆرێک لە جۆرەکان نیازمەندیی ئێمە وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بە گرنگیپێدان پڕدەکاتەوە. بەبێ هاوڕێیەتییە سۆزدارییەکان، یان دوور لە یارانمان، ناتوانین بەم هەستە بگەین. لەبەرئەوە تەنیا دەبین. بەڵام سەرنج بدەن ئەم تایبەتمەندییە-واتە بەهای بێ مەرجی من-کە یار پێی بەخشیووم، لەسەر بنەمای لەبەرچاونەگرتنی کەسێتییە. واتە ئەوەی بۆ من قبووڵیەتی، بۆ هاوڕێیەتییەکانی دیکەیشی قبووڵە. بە واتایەکی دی، ئەو سەرنج و بەهادانەی لە ڕوانگەی سێتیاوە تەنیایی کەم دەکاتەوە، لە ڕاستیدا بە فەرمی ناسینی تایبەتمەندییەکی ناکەسێتی و ئەبستراکتە لە مرۆڤدا، تایبەتمەندییەک کە هەمووان هەیانە: بەهاداری بێ مەرجی هەموومان وەک مرۆڤ. (قبووڵکردنێک کە یاری میهرەبان دەیبەخشێت، ئەوەیە کە من “گرنگم… وەک هەر کەسێکی دیکە”).
هەرچۆنێک بێت، بەو پێیەی ڕێز و بەهای من پەیوەندی بە هیچ خەسڵەتێکی تایبەتی منەوە وەک تاکێک نییە، یار و هاوڕێی من دەتوانێت جەخت لەو بەهادارییە بکاتەوە بەبێ ئەوەی ددان بە پێداویستی و هەر شتێکی تایبەتمدا بنێت و بەهای پێ بدات و تێوەبگلێت. ئەگەر سێتیا ڕاست دەکات، ئەوا ئەو یار و یاوەرەم دەتوانێت تەنیاییم بەبێ دەستوەردان لە تاکایەتیمدا بڕەوێنێتەوە. ئێستا ئایا دەتوانێت؟ ئەو وەسفانەی کە تەنیایی بە هەستکردن بە بێ بایەخی لای کەسێک و (ڕەواندنەوەی تەنیایی بە میهرەبانی و بەهادان بە کەرامەتی مرۆڤ) دەبەستنەوە، ڕەنگە ڕاست بن سەبارەت بە سەرچاوەی فۆرمێکی تایبەتی تەنیایی. بەڵام پێموانییە ئەوە تەواوی وێنەکە بێت و ئەم چەشنە وەسفانە ناتوانن پێڕێکی بەربڵاو لەو بارودۆخە ئاشنایانە ڕوون بکەنەوە کە تێیدا هەستکردن بە تەنیایی دێتەئاراوە.
کاتێک لە خوێندنی دەرەوەی وڵات گەڕامەوە ماڵ، گەڕامەوە نێو تۆڕی هاوڕێیەتییە گەرم و گوڕەکانی خۆم. هەموو ڕۆژێک لەلایەن کەسانێکەوە دەورە دەدرام کە بەردەوام وەک مرۆڤێک ددانیان بە بەهای بێ مەرجی مندا دەنا و دووپاتیان دەکردەوە، هەرچەندە چیتر من ئەو هاوڕێ کۆنەیان نەبووم کە پێشتر دەیانناسی، بەرگەی خۆنمایشکردنە بێزارکەرەکانیان دەگرتم و قبووڵیان دەکردم، کەچی هێشتا هەستم بە تەنیایی دەکرد. لە ڕاستیدا ئێستا پتر لە جاران هاوڕێی دڵسۆزم هەبوو- لە هەموو کاتێک زیاتر لە هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەمەوە نزیک بووبوومەوە-بەڵام لە هەمووکات زیاتر تەنیا بووم. لەو جۆرە تەنیاییانە بوو کە پێشتر لەم سیناریۆ ناسراوانەدا ئاماژەم پێدان: خوێندکاری قۆناغی یەکەم، تازە بوون بە دایک و باوک، پەرستاری کۆچبەر و هاوشێوەکانی. هەموو ئەم سیناریۆیانە دارماڵن لە ئازاری هەستکردن بە تەنیایی، هەرچەندە ئەو کەسانەی ئەو جۆرە هەستانە ئەزموون دەکەن، تۆڕێکی هاوڕێ و خێزان و هاوکارە خۆشەویستەکانیان هەیە کە پشتگیریان دەکەن و بەبێ مەرج بەرز دەیاننرخێنن.
لەبەرئەوە، دەبێت هەستی تەنیایی شتێکی زیاتر لە وەسفەکانی سێتیا و (هاوبۆچوونەکانی) بێت. بێگومان ئەگەر کەسانێکمان نەبێت گرنگیمان پێ بدەن، ئێجگار هەست بە تەنیایی دەکەین. بەڵام وەک چۆن دەشێت لە ژوورێکی پڕ لە کەسانی نەناسدا هەست بە تەنیایی بکەیت لە ژوورێکی پڕ لە هاوڕێیشدا هەستکردن بە تەنیایی داتبگرێت. ئەو لێکدانەوانەی تەنیایی بە پێویستییەکی سەرەتایی بۆ قبوڵکردن و گرنگبوون لەلایەن ئەوانی دیکەوە دەبەستنەوە، ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنەیە دەبنەوە کە مافی تەواویان بە بابەتەکە نەداوە. لەم ڕووەوە هەستی تەنیایی نەک تەنیا لەو بارودۆخانەی کە بێ بەشین لە پەیوەندیی پڕسۆز و خۆشەویستی و گرنگیدان و ڕەزامەندی تەواو، بەڵکوو کاتێک هەست دەکەین پەیوەندییەکانمان (بەتایبەت پەیوەندییە نزیکەکانمان) کوالیتییەکی باشیان نییە (بۆ نموونە ڕوواڵەتی یان ناخۆشن) هەست بە تەنیایی دەکەین. نموونەی پەیوەندییە کوالیتی خراپەکان کاتێکە کە هاوڕێ و خێزانەکەمان پێداویستییە تایبەتەکانمان دابین ناکەن، یان وەک ئەو کەسە تایبەتەی کە هەین ناناسرێین و قبووڵ ناکرێین. بە تایبەتی لە ناوەڕاست یان دوای ڕووداوە گرنگەکانی وەک قۆناغەکانی گواستنەوە و گۆڕانکارییەکان لە ژیاندا ئەمە ئەزموون دەکەین، هەمان ئەو ساتانەی کە گۆڕانکاری گەورەتر لە گۆڕانە ئاساییەکان لە ژیان و بوونماندا ڕوودەدات. لە ئەنجامی تێپەڕین بەم جۆرە ئەزموونانەدا، زۆرجار بەها، پێداویستی، ئارەزوو و پاڵنەری نوێ پەرەپێ دەدەین و دەست لە بەها و پێداویستی و ئارەزووەکانی دی دەشۆین. بە دەربڕینێکی دی دوای تێپەڕین بە ئەزموونێکی گۆڕانکاریکەردا، دەبینە کەسێکی جیاواز لە پێشوو. ئەگەر دوای وەها گۆڕانکارییەکی کەسی، هاوڕێ و نزیکەکانمان نەتوانن پێداویستییە نوێیەکانمان دابین بکەن، یان بەها و ئارەزووە نوێیەکانمان بناسن و پەسەندیان بکەن-ڕەنگە لەبەرئەوە بێت هێشتا ئەو کەسە نوێیەی ناو ئێمە ناناسن یان لێی تێناگەن-ئەوکات هەستێکی قووڵی تەنیایی بەرۆکمان دەگرێت.
ئەمە ڕێک ئەو هەستە بوو کە دوای گەڕانەوە لە ئیتاڵیا کەوتەگیانم. کاتێک گەڕامەوە، لە خۆمدا هەستم بە پێویستییە نوێیە گرنگەکان دەکرد-بۆ نموونە پێویستم بە ئاستێکی دیاریکراو و جۆرێک لە بەشداریکردنی هزری و زانستی هەبوو-کە کاتێک گەڕامەوە بۆ ماڵەوە لە کوولەکەی تەڕیشدا باسی نەبوو. وێڕای ئەوەش پێم وا نەبوو چاوەڕوانییەکی دادپەروەرانە بێت، بەتایبەتی لە هاوڕێکانم، چونکە ئەوان ئاگایان لە چوارچێوە چەمکییەکانی باسکردنی ئەبسوردیزمی ڕووسی یان چامە ئەڤیندارییە ئیتاڵییەکانی سەدەی ١٣نەبوو و ئەوانە شتانێک نەبوون کە هاوڕێکانم بیانەوێت کاتی بۆ تەرخان بکەن و بیریان لێ بکەنەوە. خەتای ئەوان نەبوو. پێم وابوو گاڵتەجاڕییە چاوەڕێی ئەوە بکەم بچن و ئەم چوارچێوە تیۆرییانە لە خۆیاندا پەرەپێبدەن یان گرنگی پێبدەن. هەرچۆنێک بێت، بەبێ چوارچێوەیەکی هزری هاوبەش، هەستم دەکرد ناتوانم پێویستیی خۆم بۆ گفتوگۆی فیکری تێر بکەم و تەواوی ژیانی ناوەوەم کە ئێستا کەوتووەتە ژێر هەژموونی بەها جوانیناسییە زۆر تایبەتەکانەوە لەگەڵ نزیکەکانمدا گەنگەشە و تاوتوێ بکەم، ئەو بەهایانەی کە ئێستا بوونەتە جیهانبینی من. لەبەر ئەوە هەستم بە تەنیایی دەکرد.
هەستم دەکرد جگە لە دەرکەوتنی پێداویستییە نوێیەکانم، لە ڕوویەکی بنەڕەتی دیکەشەوە گۆڕانکاریم بەسەردا هاتووە. لە کاتێکدا دەمزانی ئازیزانم خۆشیاندەوێم و بێ مەرج بەهام پێدەدەن، بەڵام هەستم نەدەکرد بتوانن تاکایەتیم ببینن و قبووڵی بکەن. من لە بنەڕەتەوە گۆڕا بووم. لە ڕاستیدا هەستم دەکرد لە هەندێک ڕووەوە تەنانەت بۆ نزیکترین کەسەکانی ژیانیشم کە زۆرباشیان دەناسیم بەتەواوەتی نامۆبوون ببووم. دوای گەڕانەوە لە ئیتالیا تێڕوانینێکی جیاوازم بۆ جیهان هەبوو؛ ڕوانگەیەکی وردتر و ناسکتر. جوانی و داهێنان و گەشەی هزری ببوون بە بەها سەرەکییەکانم. ئاشقی دڵسووتاوی شیعر بووم. خۆم وەک فەیلەسوفێکی تازەپێگەیشتوو دەبینی. لەو کاتەدا نزیکترین هاوڕێکانم نەیاندەتوانی ئەم بەشانەی من ببینن و پەسەندی بکەن، ئەو بەشانەی بوونم کە تەنانەت هاوپۆلە بێگانەکانی زانکۆم ئاشنای بوون (هەرچەندە ئەو ئاشانایانە نە منیان دەناسی و نە دەیانتوانی پێداویستییەکانی دیکەم پڕبکەنەوە، کە هاوڕێکانم لە مێژبوو دەستەبەریان کردبوو). کاتێک بۆ ماڵ گەڕامەوە، ئیتر هەستم نەدەکرد ئازیزانم دەمبینن و گرنگیم پێ دەدەن.
بۆ ئەزموونکردنی ئەم هەستە پێویست ناکات قۆناغێکی خوێندن لە دەرەوەی وڵات ببڕیت. بیر لە پەرستارێک بکەرەوە کە سەرەتا بوارەکەی بە ئامانجی جێگیریی دارایی و پیشەیی هەڵبژارد بوو، بەڵام دوای مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشێک و هەبوونی ئەزموونێکی تایبەت و مانادار لەگەڵیدا، ئێستا پاڵنەرێکی نوێی هێندە بەهێز لە خۆیدا دەبینێت کە دەیەوێت لە ژیانی نەخۆشەکانیدا جێپەنجەی دیار بێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئاسۆ نوێیەدا، بەها سەرەکییەکانی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. ڕەنگە بگاتە بەهایەکی بنەڕەتی نوێ: کەمکردنەوەی ئازارەکانی نەخۆش تا ئەوپەڕی توانا. ئێستا ڕەنگە وەک جاران لە هەندێک تایبەتمەندیی کارەکەی ڕازی نەبێت، وەک ئەو تایبەتمەندیانەی کە بەشدارنین لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی نەخۆشدا. بە واتایەکی دی ئەو هەست بە پێویستییەکی نوێ دەکات لە خۆیدا: پێویستی جۆرە کاریگەرییەکی مانادار لە ژیانی نەخۆشدا؛ پێویستییەک کە ئەگەر بەدی نەیەت، هەستێکی نائارامی و ناڕەزایی قووڵ لە ناخیدا دروست دەکات. گۆڕانکاریی لەم چەشنە-ئەوەی بەڕاستی دەتهەژێنێت و ژێراوژوورت دەکات، ئەوەی بە قووڵی وات لێ دەکات هەست بە بەرەوپێشچوون و ماناداری بکەیت-گۆڕانکاریگەلێکی قووڵن. بە تێپەڕین بەم گۆڕان و گۆڕانکاریانەدا تۆ بە تەواوی دەگۆڕێیت. تەنانەت لە هاوڕێیەتییە گەرم و پڕ سۆز و خۆشەویستییەکانیشدا، ئەگەر هاوڕێکانتان نەتوانن لەم خەسڵەتە نوێیانەت تێ بگەن و قبووڵیان بکەن، هەست دەکەیت ناتبینن و بەها دانانێن بۆ ئەو کەسەی کە بەڕاستی ئەویت. لێرەدایە بەتووندی هەست بە تەنیایی دەکەیت. خاڵێکی سەرنجڕاکێش و بێگومان کێشەساز بۆ لێکدانەوەکەی سێتیا، ئەوەیە هەستی تەنیایی کاتێک دەگاتە لووتکە و ئازاربەخشتر دەبێت هەر ئەو کەسانەی خۆشیاندەوێین و بێ مەرج بەهامان پێدەدەن، ناتوانن ئەم جۆرە پێداویستییانەمان پڕ بکەنەوە.
بۆیە تەنانەت لەنێو هاوڕێ خۆشەویستەکانیشدا، ئەگەر هەست بکەین وەک ئەو کەسە تایبەتەی کە هەین نابینرێین و قبووڵ ناکرێین، یان ئەگەر یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانمان دابین نەکرێت، ئەوا هەست بە تەنیایی دەکەین. بەدڵنیاییەوە سێتیا ڕاست دەکات کاتێک کەسێکمان نییە خۆشەویستی و سۆز و گرنگیپێدان و بەهامان پێ ببەخشێت هەست بە تەنیایی دەکەین. کەچی هەندێکجار ئەم کەسانەمان هەیە و هەست بە تەنیاییش دەکەین؛ لە هەمان کاتدا کە لەگەڵ ئەم کەسانەدا ناتوانرێت یان بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بەهای هاوبەش یان خواستی پەسەندکراو یان پێویستییەکییەکی گرنگمان دەستەبەر بێت. ئەویش ئەو بەها و خواست و پێویستیانەی کە ئێستا ڕۆڵێکی سەرەکیان لە ژیانماندا پەیداکردووە.
بە واتایەکی دی، پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانمان تەنیا لەوەدا کورت ناکرێتەوە کە ئەوانی دیکە وەک مرۆڤ نەک ئەو کەسە تایبەتەی کە هەین ددانمان پێدابنێن و بێ مەرج بەهامان پێ بدەن. بەڵکو ئەم پێداویستیانە دەتوانن وەک پێویستیی وابەستەیی سۆزداریی دوولایەنە باو و گشتگیر بن، یان وەک پێویستیی ئاستێکی دیاریکراو لە کارلێکی هزری یان ئاڵوگۆڕی داهێنەرانە کە سنووردار بێت بە کەسانی دیاریکراوەوە، بەڵام تەنانەت ئەگەر پێویستیی لەبەرچاوگیراو پێویستییەکی تایبەت یان نائاسایی یا پێویستییەکی قووڵ بێت کە ئەویتر دەبێ بۆمان بەدی بهێنێت و نەیکات، ئەوا هەست بە تەنیایی دەکەین. ئەو کەتوارەی کە ئێمە لەکاتی بەدینەهاتنی خواستە تەواو تایبەتەکانیشماندا هەست بە تەنیایی دەکەین، دەریدەخات بۆ تێگەیشتن لەم هەستە و پێڕاگەیشتنی نەک تەنیا پێویستە گرنگیان پێ بدەین کە ئایا بەهاکانی منی مرۆڤ بەدیدێت، بەڵکوو بزانین ئایا من وەک کەسێکی تایبەت و بەخەسڵەتە تایبەتەکانمەوە دەبینرێم و ئایا پێداویستییە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان و تەنانەت ناوازەکانیشم لە کارلێککردنم لەگەڵ کەسانی چواردەورمدا دەستەبەر دەبن یان نا؟
سەرباری ئەوەش، بەو پێیەی کەسانی جیاواز پێویستییەکانیشیان جیاوازە، ئەو بارودۆخانەشی کە دەبنە هۆی تەنیاییان جیاواز دەبن. ئەو کەسانەی کە پێویستییەکی زۆریان بەوەیە خودی ناوازەیان بەهەندوەربگیرێت زیاتر لە کەسانی دیکە هەست بە تەنیایی دەکەن. ئەوانەشی کە کەمتر هەست بە پێویستبوونی بەهەندوەرگرتن دەکەن یان دڵبەستەیییەکی سۆزداری دوولایەنەیان هەبێت، بێ ئەوەی تۆسقاڵێک هەست بە تەنیایی بکەن دەشێت گۆشەگیرییەکی کۆمەڵایەتی زۆر تووند ئەزموون بکەن. هەندێک کەس بۆ ڕەواندنەوەی ئازاری تەنیاییان بازنەی هاوڕێکانیان فراوانتر دەکەن، کە مەرج نییە زۆر دڵسۆزیش بن و هەریەکەیان پێویستییەکی جیاواز پڕ دەکەنەوە، یان لە لایەنێکی جیاوزیان تێ دەگەن و ڕێزی لێ دەگرن. بەڵام کەسانێکی دی بەبێ هاوڕێیەتییە قووڵ و گیانی بەگیانییەکان کە تێیدا هەست بکەن بە تەواوەتی دەبینرێن و لێیان تێدەگەن و بە هەموو ئاڵۆزییەکانی بوونیانەوە ڕێزیان لێ دەگیرێت، ناتوانن لە شەڕی هەستی تەنیایی قوتاربن.
سەرەڕای ئەوەش، وەک بوونەوەرگەلێکی هەمیشە گۆڕاو لەگەڵ هاوڕێ و خۆشەویستانی هەمیشە گۆڕاودا، بەردەوام لە بۆسەی هەستی تەنیایی و ئازار و ژانی ئەو بارودۆخانەداین کە پێداویستییەکانمانی تێدا دابین ناکرێت. زۆربەمان دەتوانین هاوڕێیەکمان وەبیربێتەوە ڕۆژانێک هەندێک لە پێداویستییە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکانمانی دابین دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا-وردە وردە، ڕەنگە تەنانەت بە شێوەیەکی هەستپێنەکراو-ڕۆژێک هات کە چیتر نەیتوانی. ئەگەر ئێمە کەسانێکی دیکەی وامان نەبێت بۆ دابینکردنی ئەو چەشنە پێداویستییانەمان، ئەم دۆخە هەستێکی قووڵ و دڵتەزێنی تەنیایی لێ دەکەوێتەوە. لە حاڵەتگەلێکی لەم شێوەیەدا، بەڕاستی پەیوەندییە نوێیەکان دەتوانن تروسکەی هیوابن و دەستگیرۆییمان بکەن. بۆ نموونە تازە دایکێکی تەنیا کە ڕەنگە هاوڕێی بێ منداڵی هەبێت و ئاگاداری ئەو پێداویستی و بەها نوێیانە نەبن کە لە ماوەی گواستنەوەیەکی زۆر ئاڵۆزدا بۆ قۆناغی بە دایک و باوکبووندا تێ دەپەڕن. لە ئەنجامدا ڕەنگە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دایکە نوێیانەدا دروست بکات کە لە پێویستی و بەها نوێیەکانیاندا هاوبەشن و باشتر لە خۆشی و ئازار و هەستە ناکۆکەکانی منداڵداربوون تێ دەگەن. لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە نوێیانەدا، پێداویستییەکانی دابین دەکرێت و بەڕاستی دەبینرێت و لێی تێدەگەن، لە ئەنجامدا کەمتر هەست بە تەنیایی دەکات. بە گەڕان بەدوای پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خولیای هاوبەشیان لەگەڵماندا هەیە یان لە دۆخێکی باشتردان بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکانمان، لە ڕاستیدا هەوڵدەدەین ڕووبەڕووی ئازاری تەنیاییمان ببینەوە و چارەسەری بکەین.
بەڵام بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نوێ پێویست ناکات کۆتایی بە پەیوەندییە کۆنەکان بهێنیت. کاتێک ئەو هاوڕێ کۆنانەی هێشتا هۆگریانین ناتوانن پێداویستییە نوێیەکانمان دابین بکەن، ڕەنگە چارەسەر ئەوە بێ بپرسین چۆن دەتوانین ئەم دۆخە چاک بکەین و پەیوەندییەکە ڕزگار بکەین. لە هەندێک باردا، ڕەنگە ڕێکارێکی پاسیڤ هەڵبژێرین و بەدداننان بە هەڵکشان داکشانەکانی پەیوەندییەکاندا بهێڵین ماوەی سرووشتیی دواکەوتن لە نێوان پێویستییە نوێیەکە و توانای ئەوانی دیکەدا بۆ بەدیهێنانی ئەو پێویستییە تێبپەڕێت. دەتوانیت “چاوەڕوان” بیت. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە لە ئەگەری دەرنەبڕینیاندا دەستەبەرکردنی پێویستییەکانت زۆر قورسترە، گرتنەبەری ڕێکارێکی کارا ئومێدبەخشتر دەردەکەوێت. بۆ ئەوەی هاوڕێکەت بە ئاراستەیەکدا بەریت کە باشتر پێداویستییەکانت دابین بکات، هەوڵبدە ئەو پێداویستیانە دەرببڕیت و پێی بڵێی لە کوێ هەست دەکەیت نەبینراویت و لێت تێناگەن.
هەڵبەت ئەم جۆرە ڕێکارانە تەنیا کاتێک سەرکەوتوو دەبن ئەو پێداویستییە دابیننەکراوانەی سەرچاوەی هەستی تەنیایین، ئەو پێویستییانە بن کە بتوانرێت دەستنیشان بکرێن و بخرێنەڕوو. بەڵام زۆرجار یان ڕەنگە هەمیشە پێویستی و ئارەزوو و بەهاگەلێکمان هەبێت کە ئاگاداریان نەبین، یان تەنانەت ناتوانین بۆ خۆمانیشی دەرببڕین. ئێمە هەمیشە خۆمان لای خۆشمان ڕوون نین. بەهۆی ئەم ناڕوونی و نەبوونی ڕوونبێژییەوە، ڕەنگە ئاستگەلێکی تەنیایی بەشێکی حەتمی لە بارودۆخی مرۆڤ بن. جگە لەوەش، ئەگەر نەتوانین لەو پێداویستیانە تێبگەین یان بیانخەینەڕوو کە دەبنەهۆی تەنیاییمان، ڕەنگە تاکە بژاردەمان گرتنەبەری ڕێکارێکی پاسیڤتر بێت. لە بارگەلێکی لەم شێوەیەدا، تاکە ڕێگەی ناسینەوەی پێداویستییەکان یان خواستە دابیننەکراوەکان ئەوەیە بزانین کاتێک ئەو پێداویستی و خواستانە لەلایەن کەسێکی دیکەوە دابین دەکرێن، هەستی تەنیایی ئێمەش لەنێو دەچێت.
* کایتلین کریسی/ پرۆفیسۆری یارییدەر لە بەشی فەلسەفە لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان بێرناردینۆ و نووسەری کتێبی کێشەی نیهیلیزمی سۆزدارییە لە نیچەدا (٢٠٢٠).
نووسینی: کایتلین کریسی نووسەر و پرۆفیسۆر لە زانکۆی کالیفۆرنیا
وەرگێڕانی: مەهاباد حەسەن