ژمارەی دانیشتوانی ئێراق بۆ ساڵی 2023 بە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس خەمڵێنراوە و ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتوان 2.5% و ڕێژەی نێر 50.5% و ڕێژەی مێ 49.5.% ی کۆی دانیشتوانە. شایانی باسە ڕێژەی %69.9 لەشارەكاندا نیشتەجێن و ڕێژەی 39.1% گوندنیشینن. بەگشتی ئێراق بەهەرێمی کوردستانەوە لەسەرجەم کەرتەکاندا خاوەنی چوار ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەری هەمیشەییە.
کۆمەڵگەی ئێراقی بەگشتی لەدوای 2003 ەوە، بێبەرهەم مایەوە، ئەو ئابورییە بەهێزەی جاران و بەگەڕخستنی دەستیکاری دابەزی بۆ نزمترین ئاست و ڕێژەی بێکاری ئاستی مەترسیداری تێپەڕاند و چینی هەژارانی زیاتر بووە و بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگە بەڕێژەی 90% پشت بەهاوردە دەبەستێت. لەبەرامبەردا زۆربەی دانیشتوانی وڵات بەپاڵپشتی لایەنەسیاسییەکان کران بە مووچەخۆرو بندیوار.
ئامارەکان ئەوەمان پێ دەڵێن قەبارەی مووچەخۆرانی دەوڵەت کە ڕاستەخۆ مووچە لە دارایی گشتی وەردەگرن نزیكەی 10 ملیۆن کەسە، بەشێوەیەكی گشتی 75% ی دارایی گشتی ئێراق دەبات. ئەمە لەكاتێكدا بەرهەمداری فەرمانبەرانی حكومی لەتوێژینەوەیەكی زانستی بانكی نێودەوڵەتی، تێكڕای كاركردنی فەرمانبەرانی حكومی لەئێراقدا بەنزیكەی تەنها 17 خولەكی ڕۆژانە دیاركردووە.
لەئێستادا تاکەکانی کۆمەڵگا لە شاروشارۆچکە و گوندەکانیش لەسەرانسەری وڵاتدا قسە دەکەن و گفتوگۆی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و هتد، دەکەن و هیچ بوارێکی ژیان نەماوەتەوە کە خەڵک قسەی لەسەر نەكات. لەلایەكی ترەوە ژمارەی هەموو ئەو تیڤی و ڕادیۆ و سایت و پەیج و هتد، لەئێراقدا هەن زۆرن و دەتوانین بڵێین ئامارکردنیان قورسە و ناکرێن. بە شەو و ڕۆژ بەرنامەی گفتوگۆ و دیبەیت و هتد، ئەنجام دەدرێن و پێشکەشدەکرێن، بێ ئەوەی ببنەهۆی بەرهەمهێنانی شمەکێک کەسوودی بۆ کۆمەڵگە هەبێت. زۆربەی قسە دەکات و شیکارو شرۆڤەکاری ناوخۆیی و تەنانەت هەندێک كەس شارەزا و شرۆڤەکاری کاروباری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیین. باشترین هاوڕێ و بزوێنەری کۆڕوکۆبونەوەکانمان بۆ بەردەوامبوون لەسەر قسە، چا خواردنە. ئەگەر بڵێن زۆرترین چایخانە و کافتریا لەجیهاندا لەم وڵاتەدایە زیادەڕۆیی نی یە!
شایانی باسە، ئێراق لە هاوردەکردنی چای سیلانی سریلانکی یەکەم وڵاتە لەجیھاندا و لەپێش ڕوسیا و ئیماراتەوە دێت. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، چا زۆرترین خواردنەوەیە لە جیهاندا لەدوای ئاو. بازرگانی چا دووەم گەورەترین بازاڕی جیهانە لەکەرتی خواردنەوەگەرمەکان دوای قاوە، لە ڕووی بەهاییەوە، بنچینەی چا دەگەڕێتەوە بۆ چین پێش 2737 ساڵ پێش زایین و كە بۆ مەبەستی پزیشکی وەک دەرمانی ئارامکەرەوە بەکاردەهێنرا و خواردنەوەی چا بۆ چەندین سەدە لە نەریتەکانی چیندا چەسپاوە پێش ئەوەی بگاتە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەواوی جیهان.
لەماوەی پێشوودا باڵوێزی یابان، بەزمانی جوڵفەی ئێراقی، بەڕەخنەوە ووتی خەڵکی ئێراق هەر قسە دەکەن و چا دەخۆن. زۆر ڕاستی وتووە جەنابی باڵوێز، بەڵێ ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە ئێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کەزۆرترین چای تێدا دەخورێتەوە و ساڵانە بەبەهای چەندین ملیۆن دۆلار جۆرەکانی چا هاوردەی وڵات دەکرێت.
لەڕاستیدا چا بۆ خۆی سوودی زۆری گەیاندووە بە گەلانی ئێراق، هەموو ئەو دەردی سەری و قەیران و کێشەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و هتد. تووشی دانیشتوانی ئەم وڵاتە بووەنەتەوە وێنەی نی یە و نابێت، چا بۆ خۆی بۆۆەتە یەكێك لە چارەسەرەكان و دەرمانی لەبیرکردن و وەلانانی کێشەکان. کام پرسە و کام کۆرو کۆبونەوەو کام بارەگای حزبی و دامەزراوەی حکومی و کام سەنتەر و کۆمەڵەو سەندیکا و دەستە هەیە، هەمووی چای تێدا دەخورێتەوە، پێمان وایە زۆرترین ڕێژەی چا خواردنەوە، لەپاش چایخانە و قاوەخانەكان لەبارەگا حزبییەکاندا دەخورێتەوە!
بەشێوەیەکی سەرەکی قسەکردن و چا خواردنەوە بووەتە کاری سەرەکی تاکەکانی کۆمەڵگە و لە سایەی ئەم هەموو بارودۆخە خراپەی کایەکانی ژیان بەدڵنیاییەوە ڕێژەی چا خۆرەکانمان لەهەڵکشاندایە و خۆشبەختانە ژمارەی شیکەرەوە و شارەزاکانیشمان بەردەوام لەهەڵکشاندان.
لەكۆتایدا، حەریقی شاعیر لەوەسفی گرنگی چا دا وتوویەتی:
تاڵ و شیرین نەمدیوە پێکەوە چابێ چا نەبێ.
هەرکەسێ هەمنشینی چا نەبێ پێت چا نەبێ.