“به‌بۆنه‌ی ڕۆژی کریسمێس”
“پێشه‌کی”
کوردستان وڵاتێکی فره‌ڕه‌نگ و ده‌وڵه‌مه‌نده، هه‌م له ڕووی سرووشته‌وه و هه‌م له ڕووی پێکهاتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت زار و بنزارهکانییهوه، ئه‌مه‌ش هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیمایه‌کی فره‌ڕه‌هه‌ند به‌م جوگرافیا دێرینه ده‌به‌خشێت هه‌م وه‌کوو هه‌ل ده‌بینرێت و هه‌میش وه‌کوو مه‌ترسی. خۆی له بنه‌مادا ئه‌م فره‌ڕه‌نگی و فره‌ده‌نگییه هه‌له، به‌ڵام هه‌له‌کان به‌پێی دۆخه‌کان و هاوکێشه‌ی سیاسیی به‌تایبه‌تی له پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزدا ده‌بن به هه‌ڕه‌شه و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای دابڕان و قه‌ڵشتێکی گه‌وره‌یه هه‌م له شوناسی نه‌ته‌وه‌ییماندا و هه‌میش له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشته‌وایی نیستیمانیماندا.
نموونه‌ی گۆڕانی هه‌له‌کان بۆ مه‌ترسییه‌کان ئه‌و فرهزاراوهییهیه که له لایه‌ن داگیرکه‌رانی کوردستان و له ڕێگه‌ی لێکۆڵهرانیانهوه ده‌کرێت به هه‌ڕه‌شه، هه‌ر وه‌کوو چۆن زاراوه‌ی کهلهوڕییان له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خسته ژێر کاریگه‌ریی زمانی فارسییه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که به‌وپه‌ڕی هێزییه‌وه به‌رخۆدان ده‌کات به‌ڵام هۆکاری جۆره دابڕان و هه‌ستکردن به نامۆییه له نێوان ناوچه‌ی کهلهوڕنشین و جاف یان سۆراندا، ئه‌مه به نیسبه‌ت ئایینیشه‌وه ڕاسته، له کوردستان زۆر ئایین و مه‌زهه‌ب هه‌نه که ئه‌گه‌ر له پلانێکی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی-کولتووریدا لێکیان نزیک نه‌خه‌ینه‌وه به دڵنیاییه‌وه پوازێکی کوشنده و خه‌سارده‌ره بۆمان چونکه ئایینه‌کان به‌پێچه‌وانه‌ی زمانه‌کان به ئاسانی له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا ناگونجێن بۆ نموونه زمانه‌کان به‌پێی تیۆره‌ی “زمانی کراوه” ده‌توانن وشه‌ی ناو زمانانی دیکه‌ش قبووڵ بکه‌ن و خۆشیان هه‌ر بپارێزن و له‌گه‌ڵ هه‌موو زمانانی دیکه له عه‌ینی دانوستاندا هه‌ڵبکه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه بۆ ئایینه‌کان به‌ڕاست ناگه‌ڕێت چونکه زۆربه‌ی زۆری ئایینه‌کان له بنه‌ما پته‌و و نه‌گۆڕه‌کانی خۆیان پێڕه‌وی ده‌که‌ن، لانیکه‌م ئه‌م تێگه‌یشتنه ته‌قلیدی و نه‌رێتییه بۆ چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌ت و بنه‌ما ئایینییه‌کان هه‌یه و قه‌ناعه‌تپێکردنیان له‌خۆگری کارکردنی ئه‌قڵانی و ئاوه‌زمه‌ندانه و له هه‌مانکاتدا شه‌رعییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ئایینانه پێکه‌وه هه‌ڵبکه‌ن و بنه‌ما دژه یه‌که‌کانیان لانیکه‌م به‌پێی دۆخی سه‌رده‌م و دۆزی کۆمه‌ڵگای کوردی تۆزێک نه‌رم و نیانتر بکه‌ن.
وه‌ک ده‌زانین له کوردستان ئایینه‌کانی ئیسلام (به هه‌ر دوو مه‌زه‌وی شیعه و سونه‌وه)، جووله‌که، مه‌سیحی، ئێزیدی و ئه‌هلی حه‌ق و…هتد هه‌یه، ئه‌گه‌رچی به‌هۆی دۆخی کورد له باشوور ئه‌م پێکهاته ئایینیانه نه‌یانتوانیوه به باشترین ڕاده پێکه‌وه هه‌ڵبکه‌ن و وه‌کوو شێوه‌ژیانێکی ئایدیال و نموونه‌یی بخرێنه ڕوو، به‌ڵام تا ئه‌و شوێنه‌ی له ژیر ده‌سه‌ڵاتی کو‌لتووریی کوردستاندا بووه هه‌ولێکی زۆر و باش دراوه، که هه‌موو ئه‌م ڕه‌نگه جیاوازانه‌ی دونیای مه‌عنه‌ویی له پاڵ یه‌ک و بێ کێشه و گرفت ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێ بکه‌ن و ته‌نانه‌ت خاڵ و قۆناغی دره‌وشاوه‌شی تۆمار کردووه، ئه‌مه‌ش له ڕۆژهه‌ڵاتێکی خویناوی و قوربانیی ده‌ستی تووندئاژۆیی ئایینیی خۆی به‌ڕاستی ده‌سکه‌وتێکه، ده‌سکه‌وتێک که له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه و ته‌نها ڕێگه‌ش بۆ پاراستنی هه‌ر ئه‌و ڕێزلێنانه و ئه‌و بههادانهیه به پیرۆزییه‌کانی یه‌کتر، بۆ نموونه له ڕۆژی کریسمه‌سدا پیرۆزبایی مه‌لاکان یان میری ئێزیدییه‌کان له مه‌سیحییه‌کان ڕوخساری سه‌رده‌میانه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی و ڕۆحی سازان و نه‌رمونیانی کولتووری کوردی زیاتر ده‌رده‌خات، به‌ڵام هاوکات به بێ پلان و نه‌خشه‌ڕیگایه‌کی کو‌لتووریی به‌رده‌وام و به‌هێز ئه‌مه ته‌نها هه‌ڵکردنێکی یاسامه‌نده و نابێت به به‌هایه‌کی کو‌لتووریی و کۆمه‌ڵایه‌تی قووڵ، ئه‌گه‌رچی ده‌کرێت ئیده‌عای ئه‌وه بکه‌ین که تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌م به‌هایانه له ناخی به‌شێک له کۆمه‌ڵگادا ڕه‌گئاژۆ بوون، به‌ڵام ده‌بێ وشیاری ئه‌وه‌ش بین که له ڕاستیدا گوتاری تووندئاژۆی ئایینی هێشتا له کوردستاندا کارایه و به‌شی خۆشی به‌رده‌نگی هه‌یه و گۆڕینی ئه‌و تووندئاژۆییه بۆ نه‌رمونیانی کولتووری و نیشتیمانی پێویستی به‌و پلان و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه هه‌یه که تیشکم خسته سه‌ری تاکوو له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئایینه‌کان بتوانن له‌گه‌ڵ یه‌کدی باشتر بکه‌ونه گفت و گۆوه و ئه‌و مه‌ودایه‌ی که له نێوانیاندا هه‌یه و هه‌روه‌ها ئه‌و غوربه‌ت و نامۆییه شه‌رئه‌نگێزانه کاڵ بکاته‌وه و له دواجاردا بیسڕێته‌وه.
“گێڕانه‌وه‌ی هه‌ل و هه‌ڕه‌شه”
وه‌کوو له سه‌ره‌وه‌ش باسم کرد یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه تاکوو ئێسته فره‌ڕه‌نگی و جۆراوجۆریی ئایین و زاراوه و بنزاراوه‌کان بووه. له ڕاستیدا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه که پێده‌چێت له‌ناو کورددا زۆر زه‌ق و زۆر و به‌رچاو بێت، ده‌توانێت هه‌م مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ش بێت و هه‌م هه‌ل و ده‌رفه‌ت. هه‌میشه له کۆمه‌ڵگا فره‌ڕه‌نگه‌کاندا ترسی ئایدۆلۆژیایه‌کی یه‌ک به‌هاییانه‌ی زاڵ ده‌بێته زه‌مینه‌خۆشکه‌ری مه‌ترسییه‌ک (چ له ناوخۆوه بێت چ له ده‌ره‌وه) که حازر و ئاماده‌یه واته ئه‌گه‌ر بۆ نموونه له ناو نوسه‌ران و ڕۆشنبیران و چالاکانی ژن و خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگا به گشتی و له وانه‌ی خوێندنگه و زانکۆکان‌دا ئه‌م ڕه‌نگاوڕه‌نگی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی کولتووری کورد له هه‌موو پارچه‌کاندا فێرکاریی نه‌کرێت و وه‌کوو بڕه‌ند و مۆرکێکی جیاواز و تۆکمه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌خوێنرێته‌وه، ئه‌وا بێگومان ئه‌م وردهپێکهاته جیاوازانه له ناو پێکهاتێکی یه‌کانگیر که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بێت ناگونجێن و ده‌توانن دژ به یه‌ک خوتبه و خیتاب بده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه وه‌کوو هه‌ل نه‌بینین ئه‌وا ده‌بێت به هه‌ڕه‌شه، لێره من لایه‌نه ناوخۆییهکهیم باسکرد، به‌ڵام لایه‌نه ده‌ره‌کییه‌که‌ی له ڕاستیدا ههڕهشههی گه‌وره‌تر دروست ده‌کات، له دێرزه‌مانه‌وه به‌هۆی پێکهاتی خانخانی و خێڵه‌کییانه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی، زۆربه‌ی کات ڕه‌وت و بزاڤه کوردییه‌کان له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه فۆرمووله و دایاگنۆستیک کراون له نێوان خێڵێکی سه‌روه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدار، و دژه‌که‌ی یان له ڕۆژگاری مۆدێڕن‌دا له نێوان لایه‌نێکی حوکمڕان، و لایه‌نی دژبه‌ر و زۆربه‌ی هه‌ره زۆریش له‌م تایبه‌تمه‌ندییه له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه که‌ڵک وه‌رگیراوه.
وه‌کوو له پێشه‌کیشدا باسم کرد؛ پرسیاری سه‌ره‌کیی ئه‌مه‌یه چۆن ئه‌م هه‌ڕه‌شه هێزه‌کییانه بکه‌ین به هه‌لی زێڕین و بیقۆزینه‌وه؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له نیگای یه‌که‌مدا ساده ده‌نوێنیت به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چ وه‌ڵامێکی ده‌درێته‌وه، ده‌بێت بیر له پلاندانان و په‌ره‌پێدانی ئه‌و ئایدیا و فیکره‌یه‌ش بکرێت که له وه‌ڵامه‌که‌دا ده‌گونجێت. گۆڕینی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ هه‌ل و ده‌رفه‌ت به‌ر له هه‌ر شت وشیارییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی گشتیی ده‌وێت، ئه‌وه‌ش نه‌ک ته‌نها له ئاستی باشووری کوردستان به‌ڵکوو له ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌دا، له بیرمان نه‌چێت ئێمه له سه‌رده‌می گوندی جیهانیدا ده‌ژین و ئێسته که که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن له باشوور و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕووماڵی ڕێوڕه‌سمی کریسمه‌س و جه‌ژنی له‌دایکبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح ده‌که‌ن، به‌شێکی زۆری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پارچه‌کانی دیکه‌ش بینه‌ری ده‌بن و ده‌یکه‌ن به نموونه و سه‌رچه‌شنێک بۆ هه‌ڵسوکه‌وتکردن له‌گه‌ڵ کهمهئاینییهکانی هه‌بوو له کوردستاندا. بۆ نموونه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان قه‌ڵخانی، شیعه و سوننه‌مان هه‌یه و ئه‌گه‌ر واقیعبینانه چاوی لێ بکه‌ین به‌هۆی سیاسه‌تی دینی و کولتووری و پلانی ئه‌منیی کۆماری ئیسلامی، ڕوانگه‌ی هیچ کامه‌یان بۆ ئه‌ویدی تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی باش نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی شیعه و سونه‌کان به‌هۆی ئه‌وه‌ی که له ئه‌نجامدا خۆیان وه‌کوو یه‌ک سه‌رچاوه زانیوه باشتر پێکه‌وه هه‌ڵیان کردووه به‌ڵام قه‌ڵخانییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵات به‌هۆی ئه‌وه‌ی که باسم کرد؛ وه‌کوو نه‌فره‌تکراو و غه‌واره و نامۆ بینراون و به‌داخه‌وه ئه‌م پلانه تا ساڵانێک له‌مه‌و پێش هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بووه و، دواتر ورده‌ورده به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی میدیا گشتییه‌کان و بڵاوبوونه‌وه‌ی زانیاری و فراوانبوونی په‌یوه‌ندییه‌کان ئه‌و تێڕوانینه دۆگماییه کاڵ بووه‌ته‌وه و ئێسته وه‌کوو پارچه‌یه‌کی مه‌عنه‌وی و ڕۆحی و قه‌واره‌یه‌ک له کوردستان ده‌بینرێن و لانیکه‌م ئایینه‌که‌یان ناده‌نه به‌ر هێرش و سووکایه‌تی.
له باشووری کوردستان به‌هۆی ئه‌و که‌شه ئازاده‌ی له پاش 91ه‌وه هاته ئاراوه ژیانی پێکه‌وه هه‌ڵکرن و سه‌قامگیریی سه‌ربورده و پێشینه‌یه‌کی دوور و درێژتری هه‌یه و به‌روبوومه‌که‌ی دیاره، هه‌ر بۆیه‌شه ده‌ڵێم باشوور سه‌رچه‌شن و نموونه‌یه بۆ ڕای گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پارچه‌کانی دیکه. به دیوێکی دیکه‌شدا هه‌بوونی مه‌سیحی و جووله‌که و موسڵمان(شیعه و سوننه) له ناو کورددا ده‌توانێت له پله‌ی نوسین و گێڕانه‌وه و به گشتی بیرکردنه‌وه‌ی کورد وه‌کوو مرۆڤ، ڕه‌نگاڵه‌یی زیاتر و مانادارتر دروست بکات، بۆ نموونه بوونی جووله‌که‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و باشوور کاتی خۆی مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و ڕه‌نگاڵه‌تربوونی کولتووری زاره‌کی و زمانی کوردی بووه، ته‌نانه‌ت له ڕووی شوێنپێیان له‌سه‌ر ڕوخساری شار و بازاڕ و کۆی سیسته‌می ئابووری جێگه‌ی سه‌رنج و بایه‌خ بوون، ئێسته‌ش له ڕۆژهه‌ڵات بازاڕی مووساییه‌کان یان جووله‌که‌کان له شارێکی وه‌کوو سنه گه‌شتیاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و هێنده سه‌رنجڕاکێش و تایبه‌ته که چاو بیره‌وه‌رییه کۆنه کوردییه‌کان له بنمیچهکانیاندا به هێزی خه‌یاڵ و نۆستالۆژیا هه‌ڵده‌کڕێنێت، خودی ئه‌م فره‌ئایینی و فرهزاراوهییه هه‌ڵبژارده‌یه‌کی دره‌وشاوه و شاز ده‌خاته به‌رده‌می ئێمه، ئه‌ویش باوه‌ڕ به چه‌ندده‌نگی و فه‌زای پلۆڕاڵ و به گشتی که‌شێکی دیموکراسییه.
پێم وایه ئێمه وه‌کوو هه‌ل و ده‌رفه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و ئایینی و زمانییه‌کان ماده‌ی خاو و هه‌وێنی ئاماده‌ی وڵات و پێکهاتێکی دیموکراتیکمان ده‌بێت له داهاتوودا، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدانی کولتووری قبووڵکردنی یه‌کتر و په‌سندکردنی فره‌ڕه‌نگی و جۆراوجۆربوونی ئایینی و…هتد که ژیانێکی پێکه‌وه‌یی و پڕ له سینگفراوانیمان بۆ به‌دیاری دێنیت، هه‌ر بۆیه له‌سه‌رمانه ڕێکخراو و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان (چ باڵه حکوومییه‌کان و چ ناحکوومییه‌کان) و به تایبه‌تیش پێشه‌وایانی ئایینه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره ئیش بکه‌ن و مانۆڕ بده‌ن و به‌تایبه‌تی مه‌لاکانی ئێمه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئایینه‌کانی دیکه‌ی جگه له ئیسلام له کوردستاندا که‌مینه‌ن به خیتابێکی تووندڕه‌وانه و ڕادیکاڵه‌وه جه‌ماوه‌ری موسڵمان له‌هه‌مبه‌ر و دژ به مه‌سیحی و جووله‌که و ئێزدیدییهکان ئاڕاسته نه‌که‌ن تا هه‌موومان پێکه‌وه به هێمنی و له ئاسایش‌دا بژین، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌م تێروانینه هه‌بێت ئه‌وا ده‌بێ موسڵمانانیش به دڵێکی پاک و بێگه‌رده‌وه پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له برا و خوشکه مه‌سیحییه‌کانیان بکه‌ن و ڕێز بۆ ڕێوڕه‌سم و به‌ها ئایینییه‌کانیان دانێن.
خۆشبه‌ختانه له باشووری کوردستان له ژێر چه‌تری فه‌لسه‌فه‌ی پێکه‌وه‌ژیان ئه‌م که‌شه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به تایبه‌تی له هه‌ولێر و دهۆک و زاخۆ که که‌مینه‌ی ئایینی زۆرتره، سه‌رکه‌وتووتر بووه. من وه‌کوو کوردێک پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له هه‌موو برا و خوشکه مه‌سیحییه‌کان ده‌که‌م و هیوادارم ئه‌م ڕۆژه ببێت به هه‌وێنی ده‌ره‌وه‌ستبوونی زیاتری هه‌موومان به ئه‌رکه‌کانمان له هه‌مبه‌ر مرۆڤایه‌تی به گشتی و کورد وکوردستان به‌تایبه‌تی.