گشتگیریی لە ناکۆکییە هزریی و فیزیاییەکان وەکو کێشەیەکی قوڵ، هۆکار و لێکەوتەی زیاتر!
دەپرسین، رۆڵی پێکهاتە و دامەزراوە پیشەیی و ئەکادیمیی و سیاسیی و حکومییەکان چیە لەوەی دڵنیایی بدەن کۆمەڵگەی کوردستانی بەرەو شەڕی بە بریکاریی، دابەشکاریی و گشتاندن و ڕق لە پێکهاتەیەک ئاراستە نەگرێت. لایەنێکی ئەو رقە گشتگیرە، بەکارهێنانی وشە و چەمک لە راگەیاندن و ئەکادیمیا بە کێشەیەکی فەلسەفی و پیشەییە. لەو ڕووە، گرنگە وێڕای هاوخەمیی، لە دیاردەی ڕق، فاشیزمی هزریی و رەتکردنەوە و، لە هەمووشی نەرێنی تر، لە گشتاندن و گشتگیریی کردن دوور بکەونەوە.
لە سەروبەندی ئەو جەنگەی بە خراپیی بە هۆی حەماس لەم رووداوانەی دوایی بەرپا بوو، بە هەمان شێوە لە لایەن ئیسرائیل وەڵام درایەوە. لەو دوو ڕووە، سەدان هاووڵاتیی لە هەردووک لا، لە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو، کەم تا زۆر، قوربانی هەبوو و پێشبینی زیاتریش دەکرێت، بە داخەوەباسکردنی ناکارایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست قەیرانەکە جێی شەرمەزارییە و دەکرێت نیگەرانییەکان زیاتریش بکات، ئەوە بە لایەک، لە لایەکی دیکە، گشتاندن و بەستنەوەی جەنگەکە بە جەنگێکی ئایینی و گشتگیر لە کۆمەڵگەی خۆمان، جێی تێڕامان و سەرنجی زیاتری ناوەندە هزریی و ئەکادیمی و سیاسیی و حکومییەکانە، کە دڵنیایی بدەن کۆمەڵگەی ئێمە نەخزێتە نێو کێشمەکێشمێکی دەرەکی. لە لایەکی دیکە، راگەیاندنی رەوتە ئیسلامییەکان خراپ گشتاندن دەکات و لە پیشەییبوونی خۆی دەردەچێت کاتێک هەموو جووەکان بە تیرۆرست لەقەڵەم دەدات.
ئەو چەمکە کێشەدارانە کە بە چەند چرکەیەک لە راگەیاندنێکی لایەنێکی سیاسی بیستم ئەمە بوو:
“جوولەکە تیرۆرستەکان” بەکارهێنانی ئەو گرێیە دووجار کێشەدارە، جوولەکە – ەکە = جوو. لێرە چەمکی “تیرۆرستەکان” خەسڵەتێکی گشتاندن و گشتگیرە، دانە پاڵی خەسڵەتی تیرۆرە بە هەموو جووەکان. تێڕابمێنن، کە بێگومان ئەوەش بەهەمان شێوە کارەساتبارە، یان ئەگەر هاتوو بەهەمان شێوە، راگەیاندنی جیهانی بڵێت:
“موسڵمانۆکە تیرۆرستەکان”؟
ئینجا وەکو دیارە لە ڕووی داڕشتنەوە گشتاندنێکی خراپ و ناپیشەیی و یەکجار خراپە. تیرۆریزم بە ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و کوشتن و کۆمەڵکوژیی دەبەسترێتەوە. بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، دەکرێت خەسڵەتی تیرۆریزم بدرێتە پاڵ کۆمەڵێک یاخود دەستەیەک لە باوەڕدارانی ئایدلۆجیایەکی سیاسیی یان ئایینی، وەکو داعشی (بەناو موسڵمان)، قاعیدە ی (موسڵمان)، کوکلاکس کلان ی (مەسیحی)، گرووپێکی جوو، یانیش گرووپێکی ئایینێکی دیکە، هتد…
ئەو زمانە لە ڕاگەیاندن بە تایبەت هی ڕەوتێکی دیاریکراو دەرخەری ئەوەیە کێشەی رژد لە پیشەیی بوونی دامەزراوەکە و هاوکات، لەوەش خراپتر، لە دونیابینی و پەیڕەو و تێگەیشتنی ئایینی ئەوانە هەیە کە گشتاندن دەکەن و بە زمانێکی زبر دەربڕی هەڵوێستی خۆیان دەکەن.ئەو جۆرە گشتاندن و گشتگیریی (جوولەکە تیرۆرستەکان) هەموو جووەکان بە یەک چاو تەماشا دەکات، تەنانەت ئەوانەشی بەرهەڵستکاریی ئیسرائیلن یان هەر دژی دەوڵەتەکەن و خۆشیان بە باوەڕداری راستەقینە و پەتیی جوو دەزانن. ئەو جۆرە ڕەوت و بیرکردنەوەیە لە نێو راگەیاندنی پارتی سیاسی یان دەستەبژێری سیاسی و ئایینی یان کۆمەڵایەتی، کێشەی مەزن لە تێگەیشتنی گشتی دروست دەکات، کورد گووتەنی سووتاندنی تەڕ و وشک.
گرنگە وەزارەتی رۆشنبیریی، ناوەخۆ و دامەزراوە ئەکادیمی و سیاسیی و حکومییەکان لە پێگەی خۆیان چاودێری بارودۆخەکە بکەن و شێواز و میکانیزمی وا بگرنە بەر، ئەو جۆرە گشتاندن و گشتگیرییە پەل نەهاوێژێت بۆ نێو کۆمەڵگە و دیاردەی ڕق لە پێکاهەتەیەکی ئایینی بەهۆی بەریەککەوتن و هەڵەی گرووپێکی دیاریکراو هەموویان بە ئاگری تانە و تەشەر و دوژمنکاری و گشتگیریی کردن نەسووتێن.