وەک لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە لەگەڵ ئەم نووسینەدا بڵاوی دەکەمەوەو لە مانگە دەسکردەکانەووە وەرمگرتووە، لە مانگی پێشووەوە 4 جار دارستانەکانی چەمی قولەبەرز لەسەر ڕووباری سیروان سووتێنراون. جاری یەکەم لە بەرواری 12\6، جاری دووەم لە 17\6، جاری سێیەم لە 27\6 جاری چوارەمیش دوێنێ بوو کە دەکاتە 1\7 و زیاتر لە 100 دۆنم ڕووبەری داپۆشراو بەدارو سەوزایی سووتاوە.
لە سووتاندنەکانی پێشووداو بەگوێرەی وێنەی مانگە دەسکردەکان، ڕووبەرە سووتاوەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:
12\6 ڕووبەری سووتان گەیشتووەتە (0.03 كم) واتە 12 دۆنم
17\6 ڕووبەری سووتان گەیشتووەتە (0.21 كم) واتە 84 دۆنم
27\6 ڕووبەری سووتان گەیشتووەتە (0.07 كم) واتە 28 دۆنم
زۆرترین ڕووبەر لە 1\7 سووتاوە (0.26 کم) واتە 104 دۆنم و بەکۆی گشتی 228 دۆنم لە ڕووبەری سەوزایی سووتێنراوە.
ئەم شوێنە کە بەدارستانەکانی قولەبەرز ناسراوە، دوورگەیەکی بچووکەو بەئاوی سیروان چواردەور دراوە، جێگەو لانەی چەندەها جۆری گیانەوەری شیردەری وەک گورگ و بەرازو چەقەڵ و گورگازە، هەروەها چەندەها جۆری باڵندە. بوونی سەوزای و ئاو، سیستمێکی بچووکی ژینگەیی و هەمە-چەشنیان دروستکردووە. بەپێی ئەوەش کە گەرمیان دەشتێکی وشک و نیمچە بیابانی هەیە، دەتوانرێت بووترێت ئەم چەمەو چەند شوێنێکی تری هاوشێوە کە ڕووباری سیروان خۆراکی سەرەکییانە، دەگمەنن لەناوچەکەداو پاراستنیان ئەرکی هەموو لایەکە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستتدان نزیکەی 10 گورگ بە بێچووەکانیانەوە، 15 چەقەڵ و 10 بەرازو ژمارەیەک گورگازو پشیلە کێوی و دەیان جۆری باڵندە لەم سیستمە ژینگەییە بچووکەدا دەژین.
چی ڕوویدا؟
ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ناوچەکە (گەرمیان حەمەی پوور) کە پێشتر کارێکی دۆکۆمێنتاری لەسەر ئەم دوورگە بچووکە کردووە، بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکە دەکات: (ئەوەی ڕوویدا، دیمەنێکی زۆر تراژیدی بوو، گورگێک لەتاو ئاگردا بەناو خەڵکەکەدا تێپەڕ بوو و خۆی دەربارزکرد، هەروەها بەرازەکان بەسەر ئاگرداو بەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون خۆیان ڕزگارکرد. باڵندەکان کە دیار بوو، لانەو بێچوویان لەناو ئاگرەکەدا بەجێمابوو، لە دیمەنێکدا کە هەموو کەسێکی دەهەژاند، لە ئاگرەکە دوور دەکەوتنەوەو جارێکی تر خۆیان بەناو ئاگرەکەدا دەکرد). ئەوەی بەلای ئەم ڕۆژنامەنووسەوە جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە یەک ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنەکە ئامادە بوو، ئەوانیش کاتێک دەست دەکەن بەئاگرکوژاندنەوە کە میدیاو ڕۆژنامەنووسان دەگەنە شوێنەکە. گەرمیان حەمەی پوو دەپرسێت: تاکە ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم ئاگرێکی وادا چی پێدەکرێت؟
میکانیزم و هۆکاری سووتاندن:
ڕاوچییەکی ماسی دەگێڕێتەوە کە پێش سووتاندنەکەی 1\7 بەچاوی خۆی بینیویەتی کە چەند گەنجێک بە دەبەی نەوتەوە ئاگریان لە هەمان شوێن بەرداوە، بەڵام خۆشەبەختانە ئاگرەکەیان سنووردار بووەو تەشەنەی نەکردووە. بەگوێرەی زیاتر لە 3 سەرچاوە کە قسەم لەگەڵ کردوون، ئاگرەکان دەستکردن و مەبەستیان لە دوواوەیە. یەکێک لەو مەبەستانە ئەوەیە کە دارە سووتاوەکان لەبازاڕدا دەفرۆشرێن بە ڕیستۆرانتەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ماسی برژاو پێشکەش بە موشتەرییەکانیان دەکەن. هۆکارێکی تر ئەوەیە دووای سووتاندنەکە شوێنی دارستەکان دەکرێنە مەرەزە. نموونەیەکی ڕوونیش لەم بارەیەوە هەیە، ئەویش ناوچەیەکەی نزیکە لە دارستانەکانی قولەبەرزو ناوی (سەنگەرە). پێشتر سەنگەر وەک قولەبەرز سیستمێکی ژینگەیی بچووک بوو، بەڵام بە سووتاندن لەناوبراو ئێستا بووەتە شوێنی کشتوکاڵیی (مەرەزە).
چی بکرێت؟
دەستەیەک لە ژینگە پارێزانی گەرمیان لەژێر ناوی (کەمپینی پاراستنی دارستانەکانی سەر ڕووباری سیروان) داوا دەکەن دارستانەکانی سیروان لە شاڵاوی وێرانکردن و سوتاندن ڕزگار بکرێن، ئەویش لەرێگەی دانانی بنکەی پۆلیس لەنزیک دارستانەکان، چاودێری کردنی ڕیستۆران و ماسی فرۆشان و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو دارانەی بەکاری دێنن، دروستکردنی کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەو دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دارستانەکانیان سووتاندو هەروەها داواکاری گشتی لەسەم ئەم تاوانە ژینگەییانە بێنەدەنگ.
لێرەدا جگە لەوەی دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی هەموو ژینگە پارێزان و ئەکادیمی و خەمخۆرانی گەرمیان لە پێناو پاراستنی ژینگەو هەمە-چەشنیی، پێشنیاری ئەوە دەکەم کە چەمی سیروان وەک سی و هەناسەی ناوچەکە، بکرێتە شوێنێکی پارێزراو لە هەر چالاکییەک کە دەبێتە هۆی تێکدان و لەناوبردن. هەر لێرەدا، بەپێویستی ئەزانم جگە لە ئیدارەی گەرمیان، جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێز Qubad Talabani ڕاستەوخۆو بەشێوەیەکی شەخسی لەسەر ئەم کەیسە بێتە دەنگ و قورسایی خۆی بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکە بخاتەگەڕ. بەتایبەتی پێش چەند ڕۆژێک لەسەر مەسەلە ژینگەییەکان کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ دام و دەزگاکانی حکومەت لەگەرمیان ئەنجامداو هەندێ ڕاسپاردو ڕێگەچارەی لەناوچە داناوە.