مه‌سره‌فگه‌رایی(Consumerism) ئێسته دیارده‌یه‌کی جیهانگیر و به‌رفراوانه، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شۆڕشی پیشه‌یی و زیاتریش له ڕێگه‌ی کتێبی “بیردۆزه‌ی چینی له‌شكران” له نووسینی تورێستن ڤیلان ناسێندرا و به‌زۆریش به دوو واتای گشتیی به‌کار دێت؛ یه‌که‌م، وه‌کوو نه‌زم و پێکه‌وه‌نانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووریی پێناسه ده‌کرێت، که تێیدا به‌رخۆرێتی و مه‌سره‌فکردن به‌ها و نرخێکی تایبه‌تی هه‌یه و ئه‌نجامنه‌دانی به‌ره‌به‌ره ده‌بێت به جۆرێک له که‌مایه‌سی و عه‌یبه، لانیکه‌م له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که دیارده‌ی چاولێکه‌ری و “من و ئهوکردن” تێیدا هه‌یه. واتای دووهه‌می له‌ناو زانستی ئابووریدا خۆی ده‌بینێته‌وه که مه‌سه‌رف و به‌کارهێنان وه‌کوو کۆڵه‌که‌ی ئابووری ده‌بینێت.
شتێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌مه‌یه که مه‌سره‌ف و به‌کارهێنان، دیارده‌یه‌کی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان بووه، واته له‌و ڕۆژه‌ی مرۆڤ له سه‌ر ئه‌رز هه‌ستی به ئاتاجی و پێداویستییه ماددییه‌کان و خۆراک کردووه هه‌وڵدان بۆ دابینکردنی ئه‌م پێداویستییانه له ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی بووه، به‌ڵام مه‌سره‌فکردن و به‌کارهێنان هه‌میشه و له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان به یه‌ک شێوه و ڕاده نه‌بووه، له سه‌رده‌مانێکدا مرۆڤ هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه بووه که بژێوی ژیانی پێ په‌یدا ببێت و زگی خۆی و منداڵی تێر بکات ئه‌گه‌رچی ناکرێت، ئه‌مه له ژێر ناوی مه‌سره‌ف به‌کار بهێنین و زیاتر وه‌کوو پێداویستییه‌کی ژیان و به‌رده‌وامبوونی کۆمه‌ڵگه و زیندووبوون و مانه‌وه‌ی مرۆڤ بووه، به‌ڵام ده‌کرێت بڵێین له شێوازه سه‌ره‌تاییه‌کانی مه‌سره‌ف و به‌کارهێنان بووه واته به‌گشتیی ده‌توانین له سۆنگه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌کناسی و مێژووناسیی مه‌سره‌فه‌وه دوو شێوه مه‌سره‌فکردن پێناسه بکه‌ین: یه‌که‌م، ئه‌و به‌کارهێنان و مه‌سره‌فه‌ی که له پێداویستییه ژیانه‌کی و مادی و ڕۆژانه‌ییه‌کانی خه‌ڵکه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و سیسته‌می کلاسیک و کۆنی پێشکه‌شکردن و داواکردنی بازاڕ له‌و بازنه‌یه‌دا، پێداوسیتییه مه‌سره‌فییه‌کان به‌رهه‌م دێنێت و چه‌رخی ڕۆژگار ده‌سووڕێت، ڕاسته له سه‌رده‌مه کۆنه‌کاندا هه‌ژاری و برسێتی زۆر زیاتر و زاڵتر بووه، ئه‌و جۆره له مه‌سره‌ف و به‌کارهێنان ته‌نها تیشکێکی سه‌ره‌تایی ئه‌م دۆخه‌ی پاش شۆڕشی پیشه‌یین که ئێسته هاتووه‌ته ئاراوه.
مه‌سره‌فکردن به مانای کلاسیکی و کۆن ته‌نها به‌ڕێکردنی ژیانه به هه‌موو ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و ئازاره‌کانییه‌وه و پێده‌چێت هۆکارێک که زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگا کۆنه‌کان و پێش مۆدێڕنه‌کان وا به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر و جیاواز مه‌عنه‌وی و ئیماندار بوونه هه‌ر له چه‌ند خودا په‌ره‌ستییه‌وه بگره تاکوو توته‌م په‌ره‌ستی و دواتر تاقانه په‌ره‌ستی دینه ته‌وحیدییه‌کان، له‌مه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت چون له‌و قۆناغه‌دا هه‌ست به مه‌ترسیکردن له‌سه‌ر ژیان به‌هۆی هه‌ژاری و برسێتییه‌وه یه‌کێک بووه له ترسه هه‌ره گه‌وره‌کان و هه‌ر بۆیه چه‌مکی “قه‌ناعه‌ت” و “ڕزق و ڕۆزی لای خودایه”، له‌دایک ده‌بن و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر له زه‌ینییه‌تی پێشمۆدێڕندا به‌رهه‌م هێنراوه‌ته‌وه. مانای دووهه‌می مه‌سره‌ف زۆر جیاوازه له‌وه‌ی یه‌که‌م و له قۆناغی مۆدێڕنیزم و شۆڕشی پیشه‌سازییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، که به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سرووشت له لایه‌ن مرۆڤه سامانێکی زۆر و وزه‌یه‌کی له‌بن نه‌هاتوو که‌وته ده‌ستی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و به‌مه‌ش به‌رهه‌مهێنان له ئاستێکی پێوانه‌یی زیادی کرد و کاڵا و شتومه‌ک و خواردن زیاتر له ئاستی داواکارییه‌کان خرایه ڕوو و له‌ڕووی چه‌ندایه‌تیی و ڕێژه‌وه ترسی قات و قڕی و برسێتی به نیسبه‌ت جیهانی پێشمۆدێڕن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین نه‌ما ئه‌وا زۆر دابه‌زی، ئه‌مه لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستمان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌مریکایه ئه‌گینا له ئه‌فریقا و به‌شێک له وڵاتانی ئه‌مریکای لاتین و هه‌ندێک له وڵاته موسڵمانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌کوو ئه‌فغانستان هێشتا برسێتی و هه‌ژاریی له چڵه پۆپه‌ی خۆیدایه. کاتێک به‌رهه‌مهێنان به‌هۆی مه‌کینه‌ی پیشه‌سازیی ئه‌ورووپی و مۆدێڕنیزمی سه‌ره‌ڕۆی ڕۆژئاوایی گه‌شه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری کرد، بیناسازیی، کارگه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ترۆمبێل و کارگه‌کانی تایبه‌ت به ئامێره ته‌کنه‌لۆژییه‌کان و هه‌ر دیارده و ده‌رکه‌وته‌یه‌ک که ئێمه وێنای ده‌که‌ین به‌ر ئه‌م شه‌پۆله که‌وت، بۆ نموونه له خوارده‌مه‌نییه‌کی وه‌کوو ماسیدا ئێسته له بازاڕێکی ئه‌مریکادا سه‌دان جۆر ماسی به سه‌دان جۆر لێنان و دروستکردن به‌رده‌سته، ئه‌مه بۆ جۆره‌کانی بیره و ویسکی و شه‌راب و هه‌زاران کاڵای دیکه‌یش هه‌ر ڕاسته.
به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته ته‌نها له خواردن و خواردنه‌وه‌دا کورت ناکرێته‌وه، به‌ڵکوو له جلوبه‌رگ و به‌کارهێنانی ئامرازه‌کانی مه‌کیاجکردن و ته‌نانه‌ت له به‌رهه‌مهێنانی حه‌ز وئاره‌زوو و لایه‌نه ده‌روونییه‌کانی مرۆڤیش‌دا چالاکانه ئیشیبهرههمهێنان کراوه و ده‌کرێت، ئه‌م ڕه‌وڕه‌وه له ڕۆژئاوادا ڕێگه و ڕێچکه‌ی خۆی ده‌پێوێت و پێواوه و به هه‌مان ڕاده که به‌رهه‌مهێنانی سه‌ره‌ڕۆ و زێده‌ڕۆیانه و مه‌سره‌فگه‌رێتی ڕه‌شۆداماڵراو هه‌یه دوو هێنده‌ش دامه‌زراوه‌کانی وشیارکردنه‌وه و ژینگه‌پارێز و ڕه‌وته سه‌وزه‌کان و…هتد. جۆرێک ئالنگارییان بۆ مه‌سره‌فگه‌رێتی دروست کردووه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ساڵانه سه‌دان کتێب و وتاری زانستی و ڕۆشنبیری له ئاستی زانکۆیی و ده‌ره‌وه‌ی زانکۆ‌دا بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له دیارده‌ی مه‌سره‌فگه‌رێتی و سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ئاڕاسته ده‌کرێت.
به‌ڵام وه‌کوو هه‌موو دیارده‌یه‌کی دیکه‌ی ڕۆژئاوایی که دێته زه‌مینه و به‌ستێنه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌که‌ی ئاڕاسته و ڕێڕه‌وی دیکه وه‌رده‌گرێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌رچی ڕۆژئاوا خۆی سه‌رچاوه‌ی مه‌سره‌فگه‌رێتی بووه و پهرهپێدهریشی بووه و به یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی سیسته‌میی گشتیی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و سیاسیش هه‌ژمار ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌م مه‌سره‌فگه‌رێتییه له ئاستی هاوسه‌رگیری یان ژیان پێکه‌وه نان خۆی نیشان نادات، ڕه‌نگه له خواردن و خواردنه‌وه و گه‌شت و جلوبه‌رگیش ده‌رکه‌وێت، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن له‌وێ کچێک بۆ هاوسه‌رگیریی ئه‌ڵقه‌یه‌ک زیاتر هه‌ڵگرێت، به‌ڵام ئێمه له کوردستان ئه‌زموونێکی دیکه‌مان هه‌یه. هه‌ر له ماوه‌ی یه‌ک مانگی پێشوو له هه‌واڵه‌کاندا خوێندمانه‌وه که کچێک له بادینان حه‌وت کیلۆ زێڕی بۆ کراوه و وێنهکانیشان بلاو کردبووه‌وه، ئه‌م جۆره له مه‌سره‌فگه‌رێتی نه سیاق و شێوه پێشمۆدێڕن و به‌ده‌وییه‌که‌ی مه‌سره‌فگه‌رێتییه و نه سیاق و شیوه مۆدێڕن و ناته‌ندروسته‌که‌ی مهسرفهگهرێتیشیه له ڕؤژئاوا، به‌ڵکوو دیارده‌یه‌کی تیكه‌ڵاو و پێکه‌وه ناوی ڕۆژهه‌ڵاتییه که له ئامیان و هه‌وێنی نه‌ریت و ئایین خۆی ده‌بینێته‌وه و بیچم وه‌رده‌گرێت.
واته ئێمه له لایه‌ک هه‌م ئێمه گێڕانه‌وه‌ی ئایینیمان هه‌یه که حه‌ز و ئاره‌زوو و پێویستیی زێڕ بۆ ئافره‌ت ده‌گێڕێته‌وه و هه‌م شتێکمان هه‌یه که ته‌عبیر له سومعه و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ژنان ده‌کات له كولتووری کوردی‌دا و له لایه‌کی دیکه‌ش له سیسته‌مێکی مۆدێڕنی ئابووریی سه‌رمایه‌دارانه‌ی بۆ به‌ده‌ستخستنی پاره که‌ڵک وه‌رده‌گرین ئه‌مه وا ده‌کات مه‌سره‌فگه‌رێتی به ئاڕاسته‌یه‌کی نادرووست خه‌رمانه‌یه‌کی مه‌عنه‌وه‌یی له ئایین و نه‌ریت به ده‌وردا بکێشرێت، له حاڵێکدا شته‌که به ته‌واوه‌تی مادیانه و کاڵاگهرایانهیه و ته‌نها له ئاره‌زووی مهسرهفگهرێتییهوه دێت. له‌م ئاسته‌دا مهسرفهگهریتی ته‌عبیریشه له چیژ و فه‌خر و سه‌رووتربوونی چین و پله‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له چین و پله‌یه‌کی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی واته ئه‌م مه‌سره‌فگه‌رێتییه مانیفێستکردن و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ و فهخرئامێزی پله‌یه‌کی ده‌ستڕۆیشتووه به به‌هاگه‌لی دره‌وشاوه‌ی وه‌کوو زێڕی زۆر و زه‌به‌ندی 21 و 24 عه‌یاره‌وه و ئه‌مه‌ش خۆی بهدواداهاتانێکی نه‌خوازراو و حه‌تمیی لێ ده‌که‌وێته‌وه، ئێمه ئێسته ده‌بینین به‌شیکی زۆری خه‌ڵکی کوردستان ته‌مه‌نیان گه‌نجه به کوڕ و کچه‌وه و توانای پێکهێنانی ژیانی هاوسه‌رگیرییان نییه و هه‌ر بۆیه‌ش هیوایان ڕه‌نگه له که‌مترین ئاستدا بێت بۆ ژیان و داهاتوو.
به‌ڵام ئه‌مانه واته ئه‌و نموونه‌یه‌ی بادینان که باسم کرد که به ڕۆژی ڕووناک و به‌و به‌ها زێڕینانهیانهوه! ده‌رده‌که‌وه‌ن ئه‌م تاقم و چینه گه‌وره‌یه هه‌ست به نابه‌رابه‌ری و ستهملێکراوییهکی زۆر ده‌که‌ن و مه‌ترسیی و هاوکات هه‌لی ختووکه‌دانی ڕۆحی شۆڕش دژی ئه‌م چینه دێنیته ئاراوه. بۆیه مه‌سره‌فگه‌رایی به‌م شێوه‌یه‌ی که له کوردستان و له نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیدا بووه به به‌هایه‌کی زاڵ و به‌داخه‌وه خه‌ریکیشه په‌ره ده‌ستێنیت، ده‌کرێت وه‌کوو یه‌کێک له میکانیزم و هۆکاره‌کانی تێکدانی ئاسایسی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌یش سیاسیی کوردستان ناوی ببه‌ین. ئه‌م ده‌رکه‌وتانه پیشان ده‌ده‌ن که ئه‌گه‌رچی ئێمه خۆمان وه‌کوو کۆمه‌ڵگایه‌کی زۆرینه موسڵمان و ئه‌هلی مه‌عنه‌ویات ده‌زانین، به‌ڵام به‌هاکانمان ته‌واو مادین و له ناو دونیایه‌کی مادیدا گیرمان خواردووه، به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام کچ و کوڕێک له یه‌کدی ماره ده‌کرێن به‌ڵام به‌پێی به‌هاگه‌لێکی نادادپه‌روه‌رانه و زاڵمانه ئالیات و ئامرازه مادییه‌کانی پرۆسه‌که دابین ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش دژوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌که که پلانه سیاسییه‌کان نه‌یهێشتووه به‌ڕاده‌ی پێویست چاو بکاته‌وه و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی شیاو بۆ به‌ره‌وپێشبردنی خۆی دابنێت.
ڕێگه‌چاره‌ی ئاوه‌ها دیارده‌یه‌کی گشتگیر یان وه‌ک ده‌ڵێن دیارده‌یه‌کی سه‌رچاوه و دایک ته‌نها په‌روه‌رده‌یه‌کی خێزانیی و مرۆڤانه و ئه‌مڕۆییه، په‌روه‌رده‌یه‌ک که مرۆڤه‌کان تێیدا ته‌نها و ته‌نها خۆیان وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی عه‌نتیکه و دانسقه چاو لێ نه‌که‌ن، به‌ڵکوو له ناو پانتایه‌کی گشتگیرتر به ناوی کۆمه‌ڵگا و به‌هاکانیدا خۆیان ببیننه‌وه تاکوو هه‌ر هه‌نگاوێک هه‌ڵده‌گیرێت و هه‌ر کارێک که ده‌یکه‌ن وه‌کوو ئه‌کتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رکه‌وته‌یه‌کی گشتیی چاوی لێ بکرێت و خه‌سار و لێکه‌وته و پێشهاته‌کانی دیار بێت.