ڕۆژی (27/ 7 / 2022) ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی، پانێڵێكی سازكرد بۆ بەڕێز (مامۆستا محمدحەمەساڵح تۆفیق) بە ناونیشانی (جینۆسایدی كورد” بەراوردێك لەگەل گەلانی جینۆسایدكراو).
لە پانێڵەكەدا دەستەبژێرێك لە نوسەران و مامۆستایانی زانكۆ و توێژەرانی بواری جینۆساید بەشداربوون، كە تیایدا كۆڕگێڕ باسێكی پڕزانیاری لەبارەی نمونەی چەند گەلێكی جینۆسایدكراوی جیهانەوە خستەڕوو لەگەل دەرەنجام و چۆنێتی مامەڵەكردنی ئەو نەتەوە و گەلانە لەگەڵ تاوانی جینۆساید، وە بەوردی باسی لە گرنگی بایەخدان بە تاوانی جینۆساید كرد وەك بەڵگەیەك بەدەست نەتەوە جینۆسایدكراوەكانەوە بۆ گەیشتن بە مافەكانیان و وەرگرتنی گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی جینۆساید و كۆكوژی بەرانبەر بەو گەل و نەتەوانە.
دواتر لەلایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆی چڕ كرا لەبارەی بابەتەكەوە و چەندین سەرەنجی ورد خرانەڕوو، تیایدا جەخت لە گرنگی بایەخدانی هەمەلاینە بەپرسی جینۆساید كرایەوە لەگەڵ پێویستی هەماهەنگی گشت دەزگاكان لەپێناو بەزیندوویی هێشتنەوەی تاوانی جینۆساید لە بیروهزری نەوەكانی داهاتوودا.