“پوختەی جێبەجێکار”
یاسای نەوت و گاز، تەنها وردەکارییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بەردی بناغەی حوکمڕانی ئابووری و سیاسی دەوڵەتی ئێراقە. دەرکردنی بە واتای چارەسەرکردنی ناکۆکی درێژخایەنی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمەکان سەبارەت بە دەسەڵات و داهاتەکان، دانانی ڕێسای ڕوون بۆ بەڕێوەبردنی سامانی نیشتمانی، دەربازبوون لە ڕێککەوتنە سیاسییە کاتییەکان. هەروەها ئەم یاسایە چوارچێوەیەکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا دابین دەکات، توانای ئێراق بۆ پلاندانانی ئابووری درێژخایەن بەرز دەکاتەوە، ئەو ململانێ یاسایی و سیاسییانە کەمدەکاتەوە کە ساڵانێکە ئەم سێکتەرەیان گرتۆتەوە. ئەی بۆچی دوای دوو دەیە لە نووسینەوەی دەستوور، ئەم دەوڵەتە یاسایەکی بۆ بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە و بەرهەمهێنان دەرنەچواندوە؟ لێکەوتە ئابوورییەکانی نەبوونی یاسایەکی وەها لەسەر ئێراق چی بوە؟ ئایا نیزیکە لەوەی ئیدارەی ئەمریکا ڕەشنوسی پرۆژە یاسایەکی لەو جۆرە پێشکەش بە ئێراق بکات؟
1. لە قاڵبدانی کێشە سەرەکییەکانی وزە لە ئێراق.
بوونی یاسایەک بۆ بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی “وزە” لە ئێراقدا، نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دەکات لە بەڕێوەبردنی نەوت، کە زۆرجار قەیرانی ئابووریی و ژینگەیی و سیاسیی قووڵی درووستکردوە، ئێراق وەک دەوڵەتێک وا لێدەکات کە دامەزراوە و ڕێسای ڕوون و ئاشکرای هەبێت.
بەربەستەکانی ئابووریی- نهوتی لە ئێراقدا جۆراوجۆرن، بەڵام چوار دانەیان زۆر بە ئازارن، زۆریش وترانەوە، هەر چارەسەر نەکران، چوونکە دامەزراوەی یاسایی و بەڕێوەبردنی بەهێز لە پشت سێکتەرەکەوە نەوەستاوە:-
یەکەم:- هەر لە بنچینەدا، ئێراق کێشەی هەمەچەشن نەکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەیە، ناکرێت وڵاتێک (٩٠٪) ی سەرچاوەی داهاتەکەی تەنها پشت بە یەک سێکتەر ببەستێت. زیاتر لەوەش، تیمی حوکمڕانیی ئێراق دەکرێت وردتر تەماشای ئاسایشی وزە بکەن؛ وزە هەر نەوت و گاز نییە. لەناو نەوتیشدا تا ئەمدواییە حکومەتی ئێراق هەر نەوتی خاوی بەرهەمهێناوەو فرۆشتویەتی، لە (٢٠٠٤- ٢٠٢٥) ساڵانە سەروو (٤) ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی پێکهاتە نهوتیەکان خەرجکراوە، لەوانە؛ بەنزین و بەنزینی فڕۆکەو هەندێ پێکهاتەی دیکە؛ ئەمە بە فیڕۆدانێکی بێمانای سەرمایەو دارایی گشتی دەوڵەتە.
دووهم:- بە پێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ساڵانە ئێراق یان دووهمە، یان سێیهم و چوارەم لە پیسکردنی ژینگەو بەهەدەردانی گاز، لەکاتێکدا ئەو گازەی لە نەوتەکە جیا دەبێتەوە سەروەتی نیشتیمانییە. ناکرێت تۆ گازی خۆت بسوتێنیت و ژینگە پیس بکەیت، بەڵام گاز لە ئێران یان تورکمانستانەوە هاوردە بکەیت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا [لای خوارەوە قەیرانەکە وردتر ڕوونکراوەتەوە].
سێیهم:- ئێراق وابەستە بوە بە کێشە جیۆپۆڵەتیکییەکانی ناوچەکە؛ لێرەدا سەروەری خۆی لەدەستداوە و بەرژوەندییە باڵاکانی خۆی نە-ناسیوە، یان زانیویەتی و نەیتوانیوە بڕیار بدات. بۆ نموونە فرە-چەشن نە-کردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوت یەکێکە لەو کارەساتانە. ئێراق دوو هێڵی هەیە بەرەو مێدیتریانە (دەریای سپی ناوەڕاست) یەکەمیان بۆ بەندەری جەیهان، دووهمیان بۆ بانیاس؛ ئەگەر لە ماوەی سێ مانگی جەنگی ئێران- ئیسرائیل- ئەمریکادا ئێراق لەناوەوە خاوەنی ژێرخانی هێڵی بۆڕیی تۆکمە بوایە و، چەند ڕێگەیەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی هەبوایە جگە لە گەرووی هورمز، ئەوا سەروو (١٨) ملیار دۆلار زیانی نەدەکرد. لەکاتێکدا ئێراق دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودییە ئاسایی بێت و نەوت بباتە “یەنبوع”، یان لە ڕێگەی ئوردونەوە بگاتە بەندەری عەقەبە.
“هەمەچەشن کردنی کەناڵەکانی هەناردەکردن دەبێتە هۆی گەشەی ئابووریی و کرانەوەی بازاڕ و دەستگەیشتن بە سەرمایەی جۆراوجۆری دیکە، هەروەها دەبێتە هۆی کرانەوەی ئێراق بەڕووی بازاڕی ئابووریی جیهانی و ناوچەیی و، دیبلۆماسییش پێش دەخات.”
چوارەم:- ئینجا لە بابەتی گواستنەوەی نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵێوراوەکانیشدا، دیسان بەهەمان شێوە ساڵانە ملیارەها دۆلاری ئێراق بە هەدەر دەچێت. کۆمپانیای تانکەری نەوتی ئێراقی (IOTC) کە لە ساڵی ١٩٧٢ ەوە دامەزراوە، لە (٢٠٢٦) دا خاوەنی تەنها شەش تانکەری بەرهەمی نەوتە کە توانای کۆی گشتی ١١٧ هەزار تەنە، چوار لەو تانکەرانە تەمەنیان لە سەرووی ١٥ ساڵەوەیە، واتە تەمەنی تەواویان هەیە، کە دەبێت هەر ٥ ساڵ جارێک نۆژەن بکرێنەوە. لە (٢٠٢٦) ەدا کە ئێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە تاڕادەیەکی تەواو پەکیدەکەوێت، کۆمپانیا حکومییەکانی نەوتی ئێراق خاوەنی هیچ تانکەرێکی تایبەتمەند نین لە گواستنەوەی نەوتی خاو، ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٨٣ دا خاوەنی ٢٥ تانکەر بوون بە توانای یەک ملیۆن و ٤٨٥ هەزار تۆن، کە نەوتی خاوی ئێراقیان لە بەندەرەکانی نەوتی ئێراقەوە بۆ بەندەرەکانی وڵاتانی دیکە یان لە نێوان بەندەرەکانی جیهاندا دەگواستەوە. لەکاتێکدا کوەیت خاوەنی ٣٢ تانکەری گواستنەوەیە لەبواری نەوتی خاو و گاز و بەرهەمە نهوتیەکانە کە توانای چوار ملیۆن و ٦٤٠ هەزار تۆنیان هەیە، بەڵام ئێراق هیچی نییە!
٢. تۆخکردنەوەی کێشەکە بەرجەستەبوونی چارەسەرییەکە خێراتر دەکات.
ئاڵەنگارییەکانی سەرەوە، دەرخەریی نەبوونی دامەزراوەی یاسایی و بەڕێوەبردنی تووندوتۆڵن لە کەرتی وزە بە گشتی. چوونکە هەر بەڕاستی نەبوونی یاسایەکی گشتگیری لەم جۆرە نا-دڵنیایی یاسایی و ئیداریی دروست دەکات، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی دوادەخات، دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی بەفیڕۆدانی گازی هاوەڵ-Associated Gas لە پرۆسەکانی دەرهێنانی نەوت دا. ماوەی پانزە ساڵە ئێمە تەماشای ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی نەوتی ئێراق دەکەین و بەدواداچوون بۆ گفتوگۆکانی حکومەت لەسەر ئەم بابەتە دەکەین؛ هەر دەڵێن چارەسەرەکە بەڕێوەیە،،، دەستمان پێکردوە،،،ئەگەر بمانەوێ بە هەفتەیەک فوڵانە هێڵی نهوتی چاک دەکەین..! هەروەک دواکەوتنی دەرکردنی “یاسای نەوت و گاز”ی فیدراڵی لە ئێراقیش یەکێکی دیکەیە لەو بەڵێنانە کە بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی ئاڵۆز لەسەر دەسەڵاتەکان. بە بڕوای من لە ڕووی زانستییەوە، ئەوە ناوێكی وردو گونجاو نییە کە بڵیین “یاسای نەوت و گاز”، تەنانەت هەر ناوی وەزارەتەکە (وەزارەتی نەوت) هەر بۆخۆی هەڵەیەکی گەورەیە، ڕەنگە هەر ئەوەش هۆکار بێت ئێراق تەنها پشت بە نەوت ببەستێت و، بیر لە هیچی دیکە نەکەنەوەو، سەدان هەزار فەرمانبەری بندیوار و بێ ئیشی هەبێت. لەکاتێکدا جیهانی پێشکەوتوو داهێنانە یەکلەدوای یەکەکان دەکەنە هەوێنی پاکڕاگرتنی ژینگەو، ئیش لەسەر کارایی وزە-Energy Efficiency دەکەن، سەرچاوەکانی وزە و ئابوورییەکانیان هەمەچەشنتر دەکەن، ژێرخانەکان بەهێزتر دەکەن، توانا مرۆیی و تەکنەلۆجییەکانیان بەرزتر دەکەنەوە.
لەڕاستییدا، دەکرێت چوار هۆکاری زەق لە پشت نەبوونی یاسایەک بە ناونیشانی “یاسای بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزەو بەرهەمهێنانیان”، دەستنیشان بکەین:
ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی کێڵگەکان:- حکومەتی فیدراڵی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەڕێوەبردنی سامانی نەوت بژاردەی تایبەتیی وەزارەتی نەوتە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت داوای دەسەڵاتی فراوانتر دەکەن لە پێدانی گرێبەست و گەڕان.
قەیرانی دەستەڵاتە دەستوورییەکان:- لێکدانەوەکانی مادەکانی دەستووری ئێراق سەبارەت بە داهاتی سامانە سرووشتییەکان دژ-بە-یەکن؛ ئایا دەبێت تەنها لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەببرێن، یان بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو هەرێم و پارێزگانەی کە لە هەرێمێکدا ڕێکخراو نین؟ سووڕانەوە لەناو بازنەی بۆشی ئەم بازنە دەستورییەدا کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو تاکە چارەسەر ئەوەیە ئێراق یاسایەکی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی “سەرچاوەکانی وزە” دەربکات. ئەگەرنا ئەم کێشانەی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتوە تا هەتایە بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە. مادەکانی دەستووری ١١٠ و ١١١ و ١١٢ بنەمای ناکۆکی یاسایی پێکدەهێنن، بەو پێیەی هەر لایەنێک بۆ خزمەتکردنی دیدگای خۆی لێکی دەداتەوە. لە مادەی ١١٥ دەستووری کۆماری ئێراقدا دەسەڵات و دەسەڵاتی ئەو هەرێمی کوردستان و پارێزگایانەی کە نەوتیان لێوە بەرهەم دەهێندرێت و هێشتا هەرێمێکدا ڕێکنەخراون دیاری کردووە، لەوێدا ئەولەویەت دەدات بە یاسای هەرێم لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی یان ناکۆکی لەگەڵ یاسا فیدراڵیەکان سەبارەت بە دەستەڵاتە هاوبەشەکان.
گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان:- بۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بە چوارچێوەی یاسایی گرێبەستە نهوتیەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، میکانیزمی پێدانی باجەکانیان و ئەو لایەنانەی کە دەسەڵاتیان پێدراوە بۆ پەسەندکردنیان.
دابەشکردنی داهاتی نەوت:- ڕێکنەکەوتن لەسەر پێوەرە ڕوونەکان بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانە و دادپەروەرانەی سامانی نەوت و گاز بەسەر هەموو پارێزگاکانی ئێراقدا بەبێ جیاوازی.
سەرەڕای هەموو ئەوانەی سەرەوە، ئێمە سێ هۆکاری دیکە دەستنیشان دەکەین، کە کێشەکە ئەوەندە تۆخ دەکاتەوە، تا ئەوەی ئەگەر حکومەت و پەرلەمانی ئێراق نەتوانن یاسایەک بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە دەربچوێنن، ئەوا ڕەنگە ئیدارەی ئەمریکا ڕەشنووسێک ئامادە بکات بۆ ئەم یاسایە:-
2.1. تەکنەلۆژییای دیجیتاڵ و زیرەکی دەستکرد بەڕێوەبردنی وزەو بەرهەمهێنانەکان دادەرێژێتەوە.
تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد ئامادەن بۆ دووبارە داڕشتنەوە بۆ بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی وزە لە ڕێگەی چالاککردنی تۆڕەکانی کارەبای زیرەکتر، باشکردنی یەکخستنی وزەی نوێبووەوە، باشترکردنی کارایی وزە، پێشبینیکردنی شکستی ئامێرەکان پێش ئەوەی ڕووبدەن، و ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەی پیشەسازی ئاڵۆز. زیرەکی دەستکرد-AI دەتوانێت بڕێکی زۆر لە داتاکانی کاتی ڕاستەقینە لە وێستگەکانی کارەبا و تۆڕەکانی گواستنەوە و بەکارهێنەرانەوە شیبکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و کەمکردنەوەی تێچوونەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەپێکردن بە سیستمەکە، هەروەها ژیری دەستکرد ئیش لەسەر چالاککردنی گەڕان و بەرهەمهێنان، بازرگانی وزە، هەڵگرتنی وزە، بەڕێوەبردنی بازاڕ دەکات. بەهەمان شێوە ئامرازە دیجیتاڵییەکانی وەک هەستەوەرەکان، دوانە دیجیتاڵییەکان و شیکارییە پێشکەوتووەکان دەتوانن سیستەمی وزە نەرمتر و خۆڕاگرتر بکەن.
خەریکە ژیری دەستکرد دەبێتە سیستەمی دەماری ناوەندی بۆ پیشەسازی وزەی جیهانی. بۆیە، لەگەڵ گەشەکردنی خواستی جیهانی بۆ وزەی پاک و پارێزراو و گونجاو، پێویستە وڵاتان ئەم پێشهاتانە بە جددی وەربگرن بە وەبەرهێنان لە ژێرخانی دیجیتاڵی، توێژینەوەی زیاتر لە ژیری دەستکرد، لێهاتوویی هێزی کار، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ڕێساکانی پشتیوانی، دڵنیابوون لەوەی کە داهێنانی تەکنەلۆژی ئاسایشی وزە بەهێز دەکات، گواستنەوە لە وزە نەریتییەکانەوە بۆ سەرچاوەی وزەی کەم کاربۆن خێراتر دەکات و، توانای کێبڕکێی ئابووری درێژخایەن بەرز دەکاتەوە. تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد سەروسیمای ئەم جیهانەیان گۆڕیوە، پێویستە ئێراقیش دامەزراوەکانی خۆی نۆژەن بکاتەوە. دامەزراوە بە بوونی یاسایەکی گونجاو و هاوچەرخ دەتوانێت چێ بکرێت، کە ئێراق لە بواری وزەدا نییەتی.
2.2. زیادبوونی پێداویستی جیهان بۆ گازی سرووشتی و نەوت.
وەک لە شیکاری پێشووترمدا بڵاوبۆتەوە، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئەو دەمامکەی بە تەواوی لابرد؛ کە سەرەڕای پێشکەوتنە تەکنەلۆژیی و داهێنانە زۆرەکان لەجیهاندا، هێشتا تا دێت پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی بە نەوت و گاز زیاد دەکات، لەگەڵیدا هەندێکجار کانە خەڵوزییەکانیش دەگەشێنەوە:- ساڵی (١٩٨٠) تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە جیهاندا ٦٣ ملیۆن بەرمیل بووە، لە (٢٠٢٥) دا تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانەی جیهان گەیشتوە بە (١٠٥) ملیۆن بەرمیل بوە. ئۆپیک و زۆر دامەزراوەی دی پێشبینی دەکەن ئەم پێداویستییە لە (٢٠٤٠) دا بگاتە (١١٤) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. هەڵکشانی ئاستی پێداویستییەکە بە سووتەمەنی بەردینی زۆر زیاتر بوە، لە ساڵی (١٩٨٠) دا جیهان (٥٣) تریلیۆن پێ سێجا-tcf گازی سرووشتی بەکارهێناوە. لە (٢٠١٠) ەدا ئەم ئاستی پێداویستییەکە هەڵکشاوە بۆ (١١٣) تریلیۆن پێ سێجا. لە (٢٠٢٥) دا جیهان (١٥٠) سەتو پەنجا تریلیۆن پێ سێجا گازی بەکارهێناوە!
ئەمە پارادۆکسێکە لە نێوان وزە نوێبوەوەکان و وزە نەریتییەکاندا بە ئاشکرا جیهان ئەزموونی دەکات؛ تاوەکو پێشکەوتنە خێراکان لەبوای وزە نوێبوەوەکان (بەتایبەت سۆلار و با و هایدرۆجینی سەوزو پاترییە کارەباییەکانی ئۆتۆمبیل) ڕوودەدەن و بایەخدانی جیهانیی بۆیان تەشەنە دەکات، بەهەمان بڕو ئاڕاستە پێداویستیی جیهان بۆ وزە نەرییتییەکانی وەک گازی سرووشتی و نەوت زیاتر دەکات! هەریەکە لە زلهێزەکانی وەک ئیدارەی ئەمریکا، چین و ڕووسیا باش لەمە تێگەیشتوون و ئەزموونیان کردوە، بۆیە کێبڕکێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ پەیوەستەو پەیوەست دەبێت بە کۆنترۆڵکردنی نەوت و گازەوە.
2.3. مەترسیی داڕمانی دەوڵەتی ئێراق.
حکومەتی فیدراڵی لە بهغداد دەترسێت یاسایەک دەربکات کە مافی زیاتر بدات بە پارێزگاکانی کە نەوت و گازی لێوە بەرهەم دەهێندرێت (وەکو بەسرەو ئەنبار و موسڵ)، بەوەش دواتر ئەو پارێزگایانە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش داوای درووستکردنی هەرێمێک لە چوارچێوەی ئەو فیدراڵییەتەی ئێراق هەیەتی بکەن، ئەمەش ئەو خواستی ناوەندێتیەی لەبهغداد هەیە، دەکوژێت. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر یاساکە دەرنەچێت ئەوا دەستوەردانی دەرەکیی لە ئێراقدا زیاتر دەکات، بەتایبەتی هەژموون و دەستوەردانی تورکیا لە کەرکوک و مووسڵ تا دێت زیاتر دەبێت. هەروەک لە ئایاری ٢٠٢٣ ەوە ئارامکۆی سعودیی و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە دیار ئەو یەدەگە بەرچاوەی گازی سرووشتییەوە دانیشتوون کە لە کێڵگەی عوکاز لە ئەنبار دۆزراوەتەوە: بڕی پەسەندکراو تیایدا ٥،٦ تریلیۆن پێ سێجا گازە.
چەندین کێڵگەی دیکە لە قۆناخی پەرەپێداندان. سەیرە؛ وڵاتێک بانگەشەی ئەوە دەکات ١٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و ١٣٧ تریلیۆن پێ سێجا گازی یەدەگی هەیە کەچی هێشتا یاسایەکی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سامانە سرووشتییە نییە!؟
4.2. بۆچی ئێراق کارەبای نییە؟
هەرێمی کوردستان نیزیکە لەوەی بۆ چوار پارێزگاکەی ژێردەستەڵاتی خۆی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابین بکات. بەڵام له (١٤) پارێزگاکەى دیکەی ئێراقدا هەندێک کات هیچ جۆره كارهبایهكیان له گهرماى هاویندا نییه، لە ٢٠٠٥ تاوەکو ٢٠٢٥ زیاتر لە سەت ملیار دۆلاری ئەمریکی لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبادا خەرجکراوە، هێشتا قەیرانەکە بەردەوامە لە ئازاردانی ئێراقییەکان، لەوەش کارەساتبارتر، بەهەدەرچوونی سامانی ئێراقییەکانە؛ وەک پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک ئاماژەی پێداوە، کە سووتان و بەهەدەرچوونی ئەو گازەی لە کاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا ڕوودەدات، بەو مانایەیە ئێراق ساڵانە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بەفیڕۆ دەدات، ئێراق دە هێندەی ئەو غازەی هاوردەی دەکات دەیسوتێنێت. لە کاتێکدا ٨٥٪ ی وێستگەکانی کارەبای وڵات پشت بە غازی سرووشتی دەبەستن.
سەیرێکی ئەم داتایە بکەن:- لەساڵی ٢٠٢٣ دا ئێراق ٣٣ هەزار مێگاوات کارەبای پێویست بوە، ئێستا لە (٢٠٢٦) دا ئێراق پێویستییەکەی بەشێوەیەکی نائاسایی هەڵکشاوەو گەیشتوە بە (٦٢) هەزار مێگاوات کارەبا، وەزارەتی کارەبا دەڵێت؛ نیزیکەی ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ ئەو کارەبایەی لەناوخۆدا بەرهەم دێت بە فیڕۆ دەچێت (وامانزانی هەر گازەکە بە فیڕۆ دەچێت!)، ئەم بەفیڕۆچوونەش لەکاتی گواستنەوەی کارەباکە ڕوودەدات، ئەوەش بەهۆی کۆنی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەباوە. بەمجۆرە لەناوەڕاستی ٢٠٢٦ دا ئێراق ٦٠٪ کورتهێنانی کارەبای هەیە!
3. ئەگەر ئێراق یاساکەی هەر- دەرنەکرد؛ ئەمریکا ڕەشنووسێک دەنووسێتەوە؟
“ئێدوارد سەعید” لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرێک لە زانایان و داڕێژەرانی سیاسەتی ڕۆژئاوا “ڕۆژهەڵات” (لەوانەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) وەک نا ئهقڵانی و پاسیڤ و بێتوانا لە گەشەسەندنی، سیاسی مۆدێرن نیشان دەدەن. بە گوتەی سەعید، ئەم جۆرە وێناکردنانە یارمەتیدەر بوون بۆ ڕەوایەتیدان بە هەژموون و دەستێوەردان. لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا، بەشێک لە بیرمەندانی نیوکۆنسێرڤاتیڤی ئەمریکی وەکو پاوڵ وۆڵفۆڤیتز- Paul Wolfowitz، ڕۆبێرت کاگان- Robert Kagan، ڕیچارد پێرل – Richard Perle دەیانگوت پێویستە دەسەڵاتە پاوانخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕدرێن و بەمجۆرە دەتوانرێت دیموکراسی لە ڕێگەی فشاری دەرەکی یان لە هەندێک حاڵەتدا دەستێوەردانی سەربازی بەرەوپێش بچێت. ئەم بیرۆکانە کاریگەرییان لەسەر مشتومڕەکانی دەوروبەری شەڕی ئێراق هەبوو، هەرچەندە تەنانەت لەنێو لایەنگرانیشدا ناکۆکی هەبوو لەسەر ئەوەی کە ئایا هێز دەتوانێت بە سەرکەوتوویی دیموکراسی دروست بکات یان نا.
ئەگەر مێژووی دەوڵەتی ئێراق بخوێنیتەوە، دوو شت دەبینیت؛ یەکەم؛ کودەتاو پشێویی، دووهم؛ دەستوەردانی دەرەکی. مێژوو پێمان دەڵێت؛ هەر سیاسەت کاریگەریی لەسەر ئێراق نەبوە، بەڵکو یاساکانیش لە ئێراقدا لەژێر کاریگەریی دەرەکیدا نووسراون، ئەمەیان مەترسیدارترە، چوونکە کاریگەریی سیاسیی کاتییە، بەڵام یاساکان بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە؛ یاسا هەیە لە ساڵی ١٩٢٦ دا بۆ ئێراقیان داناوە، ئێستاش جێبەجێدەکرێت (نافذ)ە. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ئینگلیزەکان یاسایان بۆ ئێراق داناوە. عەبدولسەلام عارف ساڵی ١٩٦٣ سێ جار دەستورو یاساکان دەگۆڕێت، بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ دەستوور و یاسای میسریدا، چوونکە ئەو سەرسام بوە بە جەمال عەبدولناسر. لە ٢٠٠٣ یاسای بریمەر (پۆل بریمەر) حاکمی مەدەنی ئێراق بوو داینا. لە ٢٠٠٥ دا بۆ نوسینەوەی دەستوری ئێراق شارەزا ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا بۆ ئەوەی دەستوورێکی وابنووسنەوە کە چیتر پێکهاتەیەک پێکهاتەیەکی تر نەچەوسێنێتەوە. دوای ٢٠٠٥ یش، یاسای ئێرانییانە لە ئێراق دەرچوون، وەکو یاسای جەعفەریی، یاسای هەموارکردنەوەی باری کەسیی، دانان و زیادکردنی ڕۆژەکانی پشوو. تەنانەت نەک هەر یاسا بەڵکو بەرنامەی کاری پەرلەمانی و دانیشتنی پەرلەمانیی بۆ پرسە ئێرانییەکان ڕێکخراوە، بۆ نموونە؛ کوشتنی حەسەن نەسروڵا خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، بەڵام هێرش کردنە سەر کێڵگە نهوتی و گازییەکانی ئێراق نەخرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
ئێستا لە ٢٠٢٦ دا بۆ پێمان سەیر بێت کە نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ئێراق و سوریا “تۆم باراک” یاسایەک بۆ نەوت و گازی ئێراق بنووسێتەوە، یان ڕەشنووسێک بداتە حکومەتی ئێراق؟ هەر خۆی دیاریکردنی کەسێتیەکی وەک تۆم باراک مانای بەچەق وەرگرتنی ئابوورییە. لە بەیاننامە هاوبەشەکەی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ کە لە نێوان سەرۆک وەزیرانی ئێراق و نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، جەخت لەسەر پێدانی دڵنیایی ئەمنی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک هێچ کەی ئێن- HKN، وێسترن زاگرۆس- WesternZagros، و هەنت- Hunt کراوەتەوە، ئەمە نیشانەی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی تەواوە لە پرسی وزە لە نێوان واشنگتۆن- بهغداد- هەولێر دا. لەمەش کاریگەرتر وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکیی تەواو لە پرسی وزە لە ئێراقدا ڕوودەدات: ” ئێراق دەبێتە ڕیگای ئاوریشمێکی نوێ بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست”، هەمان ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دەستیان بەکارکردن لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) یش کردوە.
“کۆتایی”
وزە لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا “زەمینەی هاوبەشی نێوان گەلانی دونیایە”. ئێراق لەدوای جەنگی ئێران دەبێتە گۆڕەپانێکی سەرەکیی بۆ مانۆڕ و شووت وەشاندنەکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا. وزە پێویستی بەوەیە دامەزراوە لە پشتییەوە ڕابوەستێت. بۆیە ئێراق پێویستی تەواوەتی بە یاسایەکی ڕێکوپێکە بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە، لە نێویاندا نەوت و گازی سرووشتی، ئەم پرسەش دەبێت لە لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی ئێراقەوە بجوڵێندرێت، جووڵاندێک کە هەموو ئەو ناکارامەیی و ناڕێکییانەی لەم نووسینەدا هاتوون بە هەند وەربگیرێت. زیاتر لەوە، ئەوە تەنها هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا نین کە ژەنگ لێی داون و سەرچاوەکان بە فیڕۆ دەدەن، بەڵکو دامەزراوەکانی ئێراق سەراپا پێویستیان بەوەیە تەریب بە زانستی سەردەم نۆژەن بکرێنەوە. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، بێگومان دەستوەردانی ئەمریکیی ڕوون بۆ دەرچواندنی یاسایەک بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە دەبینین.
بەهرۆز جەعفەر/ سەرۆکی ئینستیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە. ڕۆژنامەوان و لێکۆڵەرێکی کوردە، کتێبەکانی لە ڕێگەی بڵاوکەرەوە زانستییە جیهانییەکانی وەک سپرینگە نەیچەر و گرووپی ئیمراڵدەوە لە تەواوی جیهان بەردەستن.




































































