کاتێک مستەفا سائیب نامەیەک بۆ خاڵی، “حاجی تۆفیق – پیرەمێرد” دەنێرێت بە زمانی تورکی و داوای لێ دەکات بگەڕێتەوە، پیرەمێرد زۆری لا ناخۆش دەبێت کە ڕوناکبیرێکی کورد بە زمانی خۆی نامە نەنوسێت؛ ئەمەی بەلاوە نەنگی بووە، لە وەڵامی نامەکەی سائیبی خوشکەزایدا ئەم شیعرەی بۆ دەنووسێت: مستۆ وادیارە تۆش جل خوار ئەکەی ئەستۆت ئەخورێ و مەیلی بار ئەکەی نامە ئەنووسیت بە زمانی تورکی لە میللییەتدا مائیل بە شیرکی لەدوای ئەوە، مستەفا سائیب نامەیەکی تری بۆ دەنووسێت بە کوردییەکی جوان تکای لێ دەکات بگەڕێتەوە بۆ وڵات، بەتایبەتی بۆی دەنووسێت کە بیستوویانە لە چ حاڵێکدایە و دەترسن لەسەر بزێوی خۆی سەری تیا بچێت. مستۆ: کورتکراوەی ناوی مستەفا. جلخوار: لە سلێمانی بەو کەسانە وتراوە کە مەیلی تورکخوازییان هەبووە لەو سەردەمەدا.
لە ژمارە (١٤)ی “ژین”ـی ڕۆژی ٢-٢-١٩٢٥ دا بەم شێوەیە بەخێرهاتنەوەی پیرەمێرد کراوە: “جەنابی تۆفیق بەگی مەحمود ئاغا کە ٢٣ ساڵە لە وەتەن دوور کەوتووەتەوە، شەوی ٣٠ کانوونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی هاتەوە. مەملەکەتەکەمان بە قدوومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و پێخۆشحاڵە، بە ناوی هەموو هاووڵاتییەکەوە بەخێرهاتنی دەکەین.” سەرنج: لە ڕابردوودا زمانی کوردی گرنگ و جێگای بایەخپێدان بووە.
ئێستاش خۆمان گرنگی بە زمانی دایک نادەین و پشتگوێی دەخەین؛ هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە منداڵەکانمان فێری زمانی بیانی ببن، تابلۆی شوێنی کارکردنمان بە زمانەکانی بیانی دەنووسین، ناوی گەڕەک و باڵەخانە و پڕۆژەکانی شوێنی نیشتەجێبوون بیانین! کەسایەتییەکی وەک پیرەمێرد، کە نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووس بووە، جێگای ڕێز و ستایشی خەڵک و میدیا بووە، بۆیە کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، بەم شێوازە جوانە بەخێرهاتنەوەی دەکەن. ئەدی ئێستا لە دوای سەدەیەک لەو مێژووە جوانە، تا چەند گرنگی بە نووسەران و شاعیران دەدرێت لە لایەن میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە؟ و ڕێز لە ماندووبوونیان دەگیرێت؟! ئەمڕۆ ١٩ی حوزەیران، یادی ٧٦ ساڵەی کۆچی دوایی شاعیر و ڕۆژنامەنووس و خاوەنی یەکەم چاپخانەی ئەهلی، پیرەمێردی نەمرە. (١٨٦٧ – ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠)



































































