“پێناسەی چیرۆک”
لە فەرهەنگی زاراوە ئەدەبییەکانی جیهان دانراوی جۆزێف شیپلی، “چیرۆک” ئاوەها پێناسە کراوە؛ چیرۆک دەربڕینێکی گشتییە بۆ گێڕانەوە یان شیکاری و گێڕانەوەی ڕووداو و حەدەسەکان. لە ئەدەبی چیرۆکیدا بەگشتی چیرۆک پانتای هەوڵ و ململانێیەکە لە نێوان دوو هێزی دژ بە یەک و بەرەو یەک ئامانج. ئەگەر ئەم دوو هێزە لە کەسێکی تاقانەدا کۆ نەکرابێتنەوە ئەوکات ئێمە لە چیرۆکدا قارەمان(ڕێبەری هێزی چاکە)مان هەیە و کەسایەتیی خراپە(ڕێبەری هێزی ئەهریمەنی)، و زۆربەی کاتیش ئامانجەکەش گەیشتنە بە پاڵەوانێک کە ژنە. ئەگەر دوو هێز لە ناو کەسێکی تاقانەدا کۆ کرابێتنەوە( بۆ نموونە خۆشەویستی لەبەرانبەر ئەرک، دەسەڵاتخوازی تاکەکەسی لەبەرانبەر خێر و چاکەی کۆمەڵایەتی) ئێمە ناوی دەنێین “کەسایەتیی سەرەکی”. چیرۆک زنجیرە و بەردەوامی ڕووداوەکانە، ئیتر یان واقیعی و مێژووییە و یانیش دەسکردە، هەر بۆیە داگیرکرانی “کردار” لە ڕێگەی “خەیاڵ)٠ەوە دەخاتە ڕوو.
ڕابێرت لوئیس ئێستیڤێنسێن”نوسەری ئێسکۆتلەندی، ١٨٥٠-١٨٩٤) دەڵێت؛ سێ ڕێگا زیاتر بۆ نووسینی چیرۆک بوونی نییە؛ مرۆڤ ڕەنگە گەڵاڵەیەک هەڵگرێت و کۆمەڵێک کەسایەتیی تێدا بگونجێنێت، یان ڕەنگە کەسایەتییەک هەڵگرێت و ڕووداو و “دۆخ و هەلومەرجە”کان بۆ پەرەپێدانی ئەم کەسایەتییە هەڵبژێرێت یان ڕەنگە فەزا و ئەتۆمۆسفێرێکی دیاریکراو هەڵگرێت و “کردە”و و”کەسەکان” بۆ دەربڕین و ناسینی بەکار بهێنێت.”. نموونەی چیرۆکە گەڵاڵەییەکان(ڕووداوداڕێژەکان)، چیرۆکەکانی گی دو موپاسانە. نموونەی چیرۆکانی دۆخ و هەلومەرج، چیرۆکەکانی ئانتوان چیخۆفە و لە دواجاریشدا چیرۆکەکانی فەزا و ئەتۆمۆسفێر چیرۆکەکانی ئێدگار ئالێن پۆن. هەروەها ڕوونکردنەوەی گی دو موپاسان نووسەری ناوداری فەرەنسی لەبارەی مانا و مەبەستی چیرۆک سەرنجڕاکێشە؛ “زۆربەی خەڵک لەو گرووپە بێشومارانە پێکهاتوون کە بەسەر ئێمەی نووسەردا هاوار دەکەن؛ هێورم کەوە، سەرقاڵم کە، خەمبارم کە، هاوسۆزی و هاودەریم ببزوێنە، بمبە ناو خەونەکان، وام لێ بکە پێبکەنم، بکەومە لەرزە، بمگرێنە، ناچار بە بیرکردنەوەم بکە.”
فۆرمالیستە ڕووسەکان باوەڕیان وایە؛ چیرۆک گێڕانەوەی دروستی زنجیرەی ڕووداوە خاو و نیوەچڵەکانە کە چیرۆکنووس ڕیزبەندییە ڕاستەقینەکەی لە گێڕانەوەی گەڵالەییدا دەگۆڕێت. بەپێی ڕای فۆرمالیستە ڕووسەکان چیرۆک درێژە و زنجیرەی سرووشتی و دەستلێنەدراوی ڕووداوەکانە، بە هەمان شێوە کە دەبێت لە ئۆرگانیکی مومکینی خۆیدا بە درێژایی زەمەن ڕوو بدات؛ لە حاڵێکدا گەڵاڵە، پەرەپێدانی ئەدەبی واتە هەڵبژاردنی تایبەت و داهێنانەوەی ڕووداوەکانە، هەر بۆیە چیرۆک تەنها و خۆی لە خۆیدا ئەو ماتریاڵە خاوە فامکراوەیە لە ڕووداوەکان کە چیرۆکنووس لەڕێگەی بەئەنجامگەیاندنی ڕێک و پێکی گەڵاڵەوە، دایدەڕێژێتەوە، فۆرمالیستەکانی ڕووس، وشەی لاتینی fibula یان هاوتای چیرۆک هێناوە. “فۆرمالیستەکان کاتێک گەڵاڵە بەکار دەهێنن سەرنجیان لەسەر لایەنی داهێنەرانەی بەرهەمێکی چیرۆکییە. لە ڕوانگەی ئەمانەوە ئەوەی لە کۆمەڵێک ڕووداوی ژیانی ڕٶژانە دەبێت بە شاکارێکی ئەدەبی، هەر هەمان گەڵاڵەیە. ئەگەر سیستەمی سرووشتی و هۆکار و بەرکارێتی ڕووداوێک یان چەند ڕووداو باس بکەین ئێمە لەگەڵ fibula یان ماتریاڵەکانی حیکایەت و ڕووداوەکانی ڕۆژانە سەروکارمان هەیە. بەڵام کاتێک هونەرمەندێک کە لێهاتوویی و شارەزایی لە چیرۆکنووسیی هەیە وەکوو چیخۆف یان دۆستۆیۆفسکی دێت و بە ڕوانینی هونەریی خۆی لە کۆمەڵێک ڕووداو(کردەی چیرۆکی) کۆمەڵێک شت پاش و پێش دەکات، هەندێک شت لا دەبات و گەڵالە دروست دەکات، ئێمە لەگەڵ “چیرۆک” بە مانا هونەرییەکەیدا ڕووبەڕووین. هەر بۆیە، لە توێژینەوەی فۆرمالیستە ڕووسەکاندا لە هەر شوێنێک لەگەڵ گەڵاڵەدا ڕووبەڕوو بووین، دەبێت بزانین کە مەبەست لە گەڵاڵە هەمان لایەنی هونەریی ڕێکخستنی ڕووداوەکانە کە بەرهەمێکی ئەدەبیی داهێنەرانە بەدیدەهێنێت، بەڵام بە وتەی ئەوان چیرۆک” story شتێکە نزیک لە ڕاپۆرت و تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژانە، بە بێ هیچ داهێنانێک “نموونەشی لاپەڕەکانی بەشی ڕووداوی ڕۆژنامەکانە.”
“ویلادیمیر پرۆپ(١٨٩٥-١٩٧٠) حەکایەتناسی ڕووس باوەڕی وایە هەر دەقێک کە دەربڕی گۆڕانی دۆخ و هەلومەرجێک لە حاڵەتی هاوسەنگی بۆ ناهاوسەنگی و گەڕانەوە بۆ حاڵەتی هاوسەنگی یان پێچەوانەکەی(ناهاوسەنگ، هاوسەنگ و گەڕانەوە بۆ ناهاوسەنگی) بێت، ئەوە چیرۆکە. ئەم گۆڕانەی دۆخ و هەلومەرج یان ڕووداو لە توخمە سەرەکییەکانی چیرۆکە، بە بێ ئەمە هیچ ڕووداوێکی چیرۆکی دروست نابێت. بەڵام ئەم هاوسەنگییە هەمان هاوسەنگیی پێشوو نییە. لە دواجاردا وەکوو هیچکاک دەڵێت چیرۆک شتێک نییە جگە لە ژیانێک کە وشە خەمهێنەرەکانی تێدا سڕاوەتەوە.
“چیرۆک یان گێڕانەوەی داهێنەرانە”
“چیرۆک” وێنەیەکی بەرهەستە لە دیمەنێک و تێگەیشتنی نووسەرە لە ژیان و بوون. هەر نووسەرێک “بیر و ئەندێشە”یەکی دیاریکراوی لەبارەی ژیان هەیە یان شێوەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ژیان، فەلسەفەی ژیانی دیاری دەکات. سەرەڕای ئەمەش هەر نووسەرێک وەکوو هەر کەسێکی دیکە، “هەست”ێکی تایبەتی لە ژیان هەیە و ئەم “هەست”ە گەرم و گوڕە لەگەڵ “بیر و ئەندێشەی”یدا لە پەیوەندیایە؛ لە واقیعدا بیرکردنەوە و ئەندێشەکان ناکرێت لە هەست و سۆزەکان جیا بکرێنەوە. ئەم بیرکردنەوە و سۆزانە هەندێ جار تێکەڵاون و پێکەوە موتوربە کراون و هەندێ جار دەکەونە بەرامبەر یەکتر. هەر بۆیە ڕەنگە نووسەرێک نەتوانێت هەستەکانی خۆی لەگەڵ ئەو بیرکردنەوانەی بۆی گرینگن، گرێ بدات. بەڵام دەتوانێت ئەم هەستانە لە خەیاڵی “کەسایەتییەکان” و “کردە یان کردەی چیرۆکی” شی و تاقی بکاتەوە و بیهێنێتە سەر کاغەز، هەر ئەمەشە چیرۆک دادەهێنێت. بۆیە؛ چیرۆک، شانۆی هەوڵدانێکە کە گونجاندنی بیرکردنەوە و سۆزەکانی لێ دەکەوێتەوە.
نووسەر بەشێوەی گشتی بەهۆی پێویستی و توانایی خستنەڕووی بیرکردنەوە و سۆزەکانی لەگەڵ خەڵکی تر جیا دەکرێتەوە، خستنەڕووی بیرکردنەوە و هەست و سۆزەکان لە شێوە و فۆرمێکدا کە خەڵک فێر دەکات باشتر بیربکەنەوە و باشتر بە سەر کێشەکاندا زاڵ بن و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ یەکدیدا دروست بکەن. بانگخواز، فەیلەسووف و وتارنووس بەشێوەیەکی گشتی و بە بێ سەرنجدان هەستەکانی خۆی دەخاتە ڕوو بەڵام نووسەر ئارەزوویەکی بۆ خستنەڕووی بیرکردنەوە گشتی و دەرهەستەکان نییە و دەیەوێت ئەوانە بەشیوەیەکی کۆنکرێت و بەرهەست نەخش بکات، لەم نەخشاندنەدا بیرکردنەوە و هەست و سۆزەکاندا بەشێوەیەکی لێک دانەبڕاو پێکەوە گرێدراون. لە ئافراندنی ئاوەها وێنەیەک لە کرداردا، نووسەر ئەزموونی خۆی بەشێوەی هەڵبژێردراو و ڕێکخراو دەخاتە ڕوو، بەشێوەیەک کە خوێنەر ڕەنگە خۆی بە بەشدار و خاوەن بەش بزانێت تێیدا و لە ناو بیرکردنەوە و هەست و سۆزەکانیدا سەفەر بکات.
“جۆرەکانی کورتە چیرۆک”
تایبەتمەندییەکانی جۆرە گرینگەکانی کورتە چیرۆک هەر لە سەرەتاوە تاوەکوو ئێستا بە کورتی بەم شێوەیەیە؛ ئەو چیرۆکانەی کە ڕووداوتەوەرن و هەندێكجار کۆتاییەکی سەرسووڕهێنەریان هەیە و نوکتەئامێزن و وەکوو چیرۆکی گەڵاڵەیی یان چیرۆکی نوکتەئاسا ناویان دەبرێت. بۆ نموونە کورتە چیرۆکی “ملوانکە” نووسینی “گی دو موپاسان” و کورتە چیرۆکی “بووکەڵەی پشت پەردە” لە سادیقی هیدایەت؛ هەروەها کورتە چیرۆکی “دیاریی موغان” یان “دیاریی کریسمێس” نووسینی ئۆ هێنری و کورتە چیرۆکەکانی دیکەی ئەم نووسەرە و هەروەها کورتە چیرۆکی “کەبابی قاز” نووسینی “محەمەد عەلی جەمال” زادە. ئەو چیرۆکانەی کە کەرتێکن لە ژیان و، ساتەکان و دۆخەکان و هەلومەرجە نموونەییەکانی کەسایەتی چیرۆک نەخش دەکێشێت، بەشێوەیەک کە خوێنەر پەی ببات بە تایبەتمەندی و چۆنێتیی ژیانی دانسقەی ئەم کەسایەتییە، وەکوو نموونە کورتە چیرۆکی “ماچ” نووسینی ئانتوان چیخۆف و زۆربەی کورتە چیرۆکەکانی و کورتە چیرۆکی “یەرەنچیکا” نووسینی بوزورگ عەلەوی. ئەو چیرۆکانەی کە سیمبولی و مەتەڵئاسان، وەکوو “پزیشکی گوند” نووسینی فرانتز کافکا و کورتە چیرۆکەکانی دیکەی و کورتە چیرۆکی “ماسیی ڕەشی چکۆلە” لە سەمەدی بێهرەنگی.
ئەو چیرۆکانەی کە تۆمارکردنێکی ئاساییە لە گێڕانەوەیەکی ڕٶژانە و لە درێژەی چیرۆکدا، تایبەتمەندییە ئەخلاقی و دەروونییەکانی کەسایەتی یان کەسایەتییەکان دەنەخشێندرێت و وەکوو دەڵێن “چیرۆکی کەسایەتی” دروست دەکات، بۆ نموونە کورتە چیرۆکی “سەرتاش” نووسینی ڕینگ لاردنێر و هەندێک لە کورتە چیرۆکەکانی سامراست موام و کورتە چیرۆکی “مێردی ئەمەریکی” لە جەلال ئالی ئەحمەد.
ئەو چیرۆکانەی کە لە کۆتاییدا دەگاتە چرکەساتێک و ئەم چرکەساتە لە پڕێکدا هەموو چیرۆکەکە ئاشکرا دەکات و یەکێک لە کەسایەتییەکانی چیرۆک، مەعریفە و تێگەیشتنێک بە نیسبەت ڕاستیی شتەکانی دەوروبەری خۆی پەیدا دەکات و ئەم تێگەیشتن و مەعریفەیە لەسەر جیهانبینی و ڕوانگەی ئەو کاریگەر دەبێت. بەم چرکەساتەی کەشفکردن دەڵێن “تەجەللا” یان “دەرکەوتن”، وەکوو کورتە چیرۆکی “مردووەکان”ی جەیمز جۆیس. ئەو چیرۆکانەی کە گێڕانەوەیەکی سادە و بێ ئەملاولا لە کردەوەیەکە و هونەرمەندانە دروست کرا بێت و لە پشتەوەی ڕواڵەتەکەیدا مانایەکی لاوەکیی دیکە خۆی شاردبێتەوە، وەکوو کورتە چیرۆکی “دە سوورپێست” نووسراوی ئێرنێست هەمینگوای و زۆربەی کورتە چیرۆکەکانی دیکەی و کورتە چیرۆکی “داد” لە سادقی چوبەک. ئەو کورتە چیرۆکانەی کە کەرتێک نیین لە ژیان و بەعام تێکەڵەیەکن لە کورتە چیرۆک و پێداگریی لەسەر کەسایەتیی ناکرێت و فەزا و دۆخ و گەڵاڵەی چیرۆک، کەسایەتییەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. کورتە چیرۆک لە کردەوەی چیرۆکانەی جۆراوجۆر و جودا لە یەک دروست دەبێت. ئەمە تایبەتمەندییەکی تازەیە کە لە هەندێک لە بەرهەمەکانی چیرۆکنووسانی ئەمەریکای لاتین بەتایبەتی لە کورتە چیرۆکەکانی بورخێسدا دەبینرێت، وەکوو کورتە چیرۆکی “ناوەرۆکی خاین و قارەمان”.
لە کۆتایی ئەم دابەشکارییەدا ئاماژە بەم خاڵە بنەماییە دەکەم کە لە زۆربەی کورتە چیرۆکەکان و ڕۆمانە باڵا و پێشکەوتووەکانی ئەمڕۆ لەسەر سێ تایبەتمەندیی گرینگ دەکرێت قامک دابنرێت؛ حەقیقەتئاسابوون، گەڵاڵەی زەنگین و دەروونناسیی تاکەکەسی و بەپێی ئەم تایبەتمەندییە بنەماییانە ئەو چیرۆکانە دەگەنە پلەی باڵا کە هەڵگری باسکردنی وردەکارییە پاساوهەڵگرەکان و شیکاریی و ڕاڤە و شرۆڤەی دەروونیی و هەڵوێستە لە سەر خوو و خدە و باسکردنی فەزا و ئەتومۆسفیر بن.
سەرچاوە؛ عناصر داستان. جمال میرصادقی. تهران نشر سخن
نووسین؛ جەماڵ میرسادیقی
وەرگێڕ؛ سۆزان سەعید





































































