+ دەمەوێت لەبارەی ئەو گەڕەکەی تیادا لەدایکبوویت پرسیار بکەم، گەڕەکی “ساروجە” بە دیاریکراویش بەحسە و گەڕەکی عەین کەرەش.
زەکەریا تامر:- گەڕەکی ساروجە بە گەڕەکی عەین کەرەش بەراورد ناکرێت؛ ساروجە گەڕەکێکی کۆن و لەمێژینەیە. لەکاتێکدا عەین کەرەش گەڕەکێکی نوێیە و لە دوای چلەکانەوە دورست بووە. گەڕەکی بەحسە کە تیایدا لەدایکبووم، گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، لە سەردەمی تورکەکان خەڵکەکەی لە مسوڵمان و مەسیحی و ئەرمەنی پێکهاتبوو و لەسەر سووریی بوون ڕێککەوتبوون، بەڵام هەر یەکێکیان نەریت و کولتووری خۆیان هەبوو. مەسیحییەکان و ئەرمەنییەکان لە بەحسەی بەرانییە ئاکنجی بوون و مسوڵمانەکانیش لە بەحسەی جوانییە. لەڕێگەی مەرجەوە دەتوانی بچیتە بەحسەی بەرانیەوە و لە سینەمای هەرەمەکانەوە بچیتە دەرەوە. زۆربەی خۆشنووسەکانی دیمەشقیش لەوێ بوون.
“سەرەتای خوێندنەوە و نووسین”
+ کاتێک چیرۆکەکانی سەرەتا دەخوێنینەوە دەبینین پێگەشتوون، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شاردبوونەوە، یان بۆ خوێندنەوە دەگەڕێتەوە؟
زەکەریا تامر:- لە تەمەنی سیازدە ساڵی قوتابخانەم بەجێهێشت و بەبێ ئەوەی کەسێک پێمبڵێ بخوێنەوە دەستم بە خوێندنەوە کرد. ژینگەی دەوروبەرم خوێندنەوەی تێدا نەبوو و بە نەفامی خۆیانەوە دەیاننازی. کاتێک بۆ یەکەمجار کتێبێکم جگە لە کتێبی قوتابخانە بینی، هەستمکرد جادووم لێ کراوە. کتێبەکە لە کتێبخانەی قوتابخانە بوو، یادم نییە ئاخۆ ڕۆمان بوو یان چیرۆک، تەنیا ئەوەندە دەزانم بە شار و پیاو و ژنی ئاشنا کردم، بۆیە بە جادوویەک دەمبینی. کاتێک ڕۆچوومە خوێندنەوە هەر بە تەنیا ڕۆمانم نەدەخوێندەوە، بەڵکوو هەموو چاپکراوێکم دەخوێندەوە.
+ وەهم و خەیاڵ تێکەڵ بە واقیع دەکەیت. لۆژێک و نالۆژێک تێکەڵ دەکەیت؛ تەنز و چەندین شتی دیکە. ئایا ئەمانە سەرکەوتوون، چۆن حووکم لەسەر چیرۆکێک دەدەیت بەوەی سەرکەوتووە؟
زەکەریا تامر:- ڕەخنەگەر نیم، بەڵام هەموو نووسەرێک دەیەوێت تا دەتوانێت شتگەلێک لەسەر مرۆ بگوازێتەوە بۆ خوێنەر. من زۆر سەرسامی کورتەچیرۆکەکانی عەبدولسەلام عەجیلیم. هەندێکجار گوێگرتن لە ڕەخنەگران لایەنی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە و نووسەر نازانێـت دەبێت چی بنووسێت. گەر ڕەخنەگەر بە شان و باڵی زمانی شیعریی نووسەردا هەڵبدا، ئەوا نووسەر بەبێ ئەوەی هەست بە خۆی بکا کار لەسەر لایەنی زمانی شیعری دەکا و ئەوە دەنووسێت کە ڕەخنەگران دەیانەوێت و پێیان باشە و ئەوە نانووسێت کە خۆی دەیەوێت. یەکێک لە نووسەرەکان کە ناوی ناهێنم، ڕەخنەگران ئەوەندە پەسنیان کردبوو، تا ئەوەی نووسینەکانی بەوشێوەیەی لێ هات کە باسمکرد. ناکرێت بە یەک زمان چەندین دیمەنی جیاواز بنووسی. بۆ نموونە زمان هەیە سەر پلیکانەی قەنارە دەکەوێت، زمان هەیە سەر پلیکانەی ژوانی ئاویندار دەکەوێت. دەبێت نووسەر ئەو هەستەی هەبێ کە پلیکانەکان جیا بکاتەوە.
+ هەندێک کەس هەیە کاتێک کورتەچیرۆک دەنووسێت، دواتر دەست بە نووسینی ڕۆمانیش دەکا، وەکوو ئەوەی کورتەچیرۆک ڕاهێنان بێت لەسەر نووسینی ڕۆمان؟
زەکەریا تامر:- ئەوانە بڕوایان بەوە نییە ڕۆمان ڕەنگی گرنگی دەربڕینی ئەدەبییە، بەڵکوو پاش ئەوەی لە نووسینی کورتەچیرۆک شکست دەهێنن، پەنا دەبەنە بەر ئەو شێوەی ڕێگەیان پێ دەدا زیاتر بڵێن.
+ ڕۆژانە دەنووسی؟
زەکەریا تامر:- بەلای منەوە نووسین پەیوەندی بە جووڵەی جەستەوە هەیە. کە دەجووڵێم توانای نووسین و بیرکردنەوەشم دەجووڵێ. هەستدەکەم لەنێو خەڵدا هەم. لە دیمەشق کاتێک بەنێو شەقامەکاندا پیاسەم دەکرد، چیرۆکم دەنووسی. کاتێک لە ڕیستۆرانتێک، یان قاوەخانەیەک دادەنیشتم و خەڵکی لە چواردەورم بوون و قسەیان دەکرد و ژاوەژاویان دروست دەکرد، باشتر چیرۆکم دەنووسی، ئەو دەنگەدەنگانە وەکوو فیلمێک وابوون بۆم. لە بەریتانیا، ڕاهاتبووم لەنێو پاس و شەمەندەفەردا چیرۆکم دەنووسی، هەر یەک لە “سنضحک”، “الحصـرم”، “تکسیر رکب”م لە شەمەندەفەری نیوان ئۆکسفۆرد و لەندەندا نووسی. کاتێک کەشی دەرەوە ناخۆش و نالەبار دەبێ و ناچارم لە ماڵەوە بنووسم، زۆر بە خاوخلیچکی شت دەنووسم.
“چەند کورتەچیرۆکێکی زەکەریا تامر”
پێدەکەنین.
ڕۆژێک لە ڕۆژان، پیاوانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەی من و ژنەکەم هەڵیانکوتایە سەر ماڵمان، بەڵام نەیانتوانی ئێمە بدۆزنەوە، چونکە من بووبووم بە داری جل هەڵواسین و ژنەکەشم بووبوو بە قەنەفەیەکی دانیشتن. کاتێک بە دەستبەتاڵی چوونە دەرەوە، تێر پڕ بە دڵی خۆمان پێکەنین. ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئاسمان شین و بێ هەور بوو، چووین بۆ یەکێک لە باخەکان، لە چاوتروکانێکدا پۆلیس پەیدا بوو تا بمانگرێت، بەڵام من بووم بە قەلەڕەش و ژنەکەشم بوو بە دارێکی چڵدار، نەیانتوانی ئێمە بدۆزنەوە. دیسانەوە تێر بە دڵی خۆمان پێکەنین. ڕۆژێک لە ڕۆژان ژنەکەم گلەیی دەکرد لەوەی هەمیشە خەریکی خواردن ئامادە کردنە و ناچینە دەرەوە، بۆیە سەردانی یەکێک لە ڕیستۆرانتەکانمان کرد. یەکەم پاروو لە گەروومان نەچووە خوارەوە، پیاوانی پۆلیس گەمارۆی ڕیستۆرانتەکەیاندا، بە وردی هەمووانیان پشکنی؛ بەڵام نەیانتوانی ئێمە بدۆزنەوە، چونکە من بووبووم بە چەقۆ و ژنەکەشم بووبوو بە شووشەیەکی پڕ لە ئاو. کاتێک پیاوانی پۆلیس ڕیستۆرانتەکەیان جێهیشت، زۆر پێکەنین. ڕۆژێک لە ڕۆژان بە شەقامێکی قەرەباڵغی پڕ لە خەڵکیدا پیاسەمان دەکرد، سەیری شتومەکی فرۆشگەکانمان دەکرد، پیاوانی پۆلیس هاتن و سەدان کەسیان لە ژن و پیاو ڕاپێچکرد؛ بەڵام نەیانتوانی ئێمە بدۆزنەوە، چونکە من بووبووم بە دیوار و ژنەکەشم بووبوو بە پۆستەرێکی فرەڕەنگی ڕیکلامی سەر دیوار. بە گەمژەیەتیی پۆلیسەکان زۆر پێکەنین.
ڕۆژێک لە ڕۆژان بەمەبەستی سەردانیکردنی گۆڕی دایکم چووین بۆ گۆڕستان. پیاوانی پۆلیس پەیدابوون و دایکمیان دەستگیر کرد، بەڵام نەیانتوانی ئێمە بگرن، چونکە من بووبووم بە نووسینی تۆز گرتووی سەر کێلی گۆڕێک و ژنەکەشم بووبوو بە گوڵی ژاکاوی سەر گۆڕێک. بۆ ساویلکەی پۆلیسەکان زۆر پێکەنین. ڕۆژێک لە ڕۆژان بە هەڵەداوان چووین بۆ خەستەخانە، ژنەکەم لە مانگی خۆیدا بوو و خەریک بوو منداڵی دەبوو. هەرکە دەمی منداڵەکەمان نووساند بە گۆی مەمکی ژنەکەمەوە، پیاوانی پۆلیس هاتن، بەڵام نەیانتوانی ئێمە بدۆزنەوە، چونکە من بووبوم بە عەبایەکی سپی پیس و ژنەکەشم بووبوو بە کەنتۆری جلەکان و منداڵەکەشمان بووبوو بە بوقی ترۆمبیلی فریاکەوتن. بۆ کەلـلەپووتیان زۆر پێکەنین، تا ماویشین هەر پێدەکەنین.
“زەکەریا تامر و چیرۆکی منداڵان”
ڕنندا.
ڕۆژێک ڕنندا بە بەرخەکەی گوت:- زوو گەورە ببە.
بەرخەکەش گوتی:- گەر منت خۆشویستبا، هەرگیز داوای شتێکی وەهات لێ نەدەکردم.
ڕنندا دڵنیای کردەوە زۆری خۆشدەوێت و دەیەوێـت لەپێش هاوڕێکانی خۆی پێوە بابدا.
بەرخ گەورە بوو و برا بۆ دوکانی قەسابەکە. ڕنندا لەپای ئەوەی نەیتوانی بەرخەکەی لە چەقۆی قەساب ڕزگار بکا، دانیشت و تا توانای تـێدا بوو دەستی بە گریان کرد.
***
ڕنندا، کاتێک شەوان دەست لە نێو دەست لەگەڵ دایکیدا پیاسەی دەکرد، جار بە جاری سەری هەڵدەبڕی و سەیری مانگی دەکرد وایدەزانی مانگ بەدووی کەوتووە. ئەم ڕازەی لای دایکی درکاند، دایکی پێیگوت:- ئەوەندە لووتبەرز مەبە، هەڵەیت گەر پێـتوابێت مانگ وەدووت کەوتووە.
ڕنندا سەیری دایکی کرد، دڵنیابوو لەوەی مانگ دایکی زۆر خۆشدەوێت، چونکە هەر کە شەو دێت و هەڵدێ هەرگیز لە دایکی دوور ناکەوێتەوە.
***
ئەو وەختەی ڕنندا گوێی بە زەوییەوە دەنووساند، گوێی لە دەنگی گۆرانی دەبوو، گۆرانی خۆش و دەنگ نەناسراو.
ڕۆژێک ڕنندا گوێی بە ئەرزەکەوە نووساندبوو، دایکی ئەمەی بینی و پێیگوت:- بۆچی وادەکەی؟
ڕنندا:- گوێ دەگرم.
دایکی:- لە چی؟
ڕندا:- گوێ لە گۆرانییەکی خۆش دەگرم.
دایکی:- ئەم قسە هیچانە چییە دەیانکەی؟ دەتەوێ هەموو خەڵکی بڵێن ڕنندا شێت بووە! زەوی جگە لە بەرد و خۆڵ هیچی تر نییە، ئیتر ئەم گۆرانییەت لەکوێ هێنا.
ئیتر لەوەو بەدواوە هەرکات ڕنندا گوێی بە زەوییەوە بنوساندبایە، تەنیا گوێی لە وشکی و بەرد و خۆڵ زەوییەکە دەبوو.
سەرچاوە:-
حوار مع زکریا تامر
قصەقصیرة لزکریا تامر
وەرگێڕانی:- مەدینە ئەحمەد





































































