له ده‌ربڕینی زاره‌كی باوی ناو زمانی كوردیدا؛ پڕ و پووچ، وشه‌یه‌كی كتومت كوردی و دروسته بۆ كار یان پیشه یان زۆرجاریش بۆ ئه‌و خۆراكه توێكڵدارانهی هه‌ڵگری ناوكن، له دیوی ده‌ره‌وه جوان و بریقه‌دارن، فۆڕمێكی كامل و ته‌واوی هه‌یه و له‌ناوه‌وه هیچی تێدا نیه و پووچ ده‌رچووه. كتێبه‌كه‌ی “ده‌یڤید گره‌یبه‌ر” “Bullshit Jobs” مانا كوردییه‌كه‌ی كتومت “پیشه پڕ و پووچه‌كان” پڕ و بێ كه‌م و كورتی واتای ئینگلزییه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت. كتێبه‌كه توێژینه‌وه‌یه‌كی قووڵ و ڕژدی فیكری و ئابووری و كارگێڕییه و سه‌ره‌تا وتارێك بوو به‌ناوی “دیارده‌ی پیشه پڕ و پووچه‌كان” و دواتر نووسه‌ر ده‌یكاته پرسی توێژینه‌وه و ئه‌و كاریگه‌ریی و درهئهنجامانهی له‌و پیشه بێ سوود و بێ كهڵكانهوه ده‌كه‌وێته‌وه، جگه له‌وه‌ی هه‌ندێك پیشه نه‌ك پڕ و پووچه له‌وه سه‌رتر و بێ سوودتره و “هیچ و پووچه”.
له ده‌ستپێكی كتێبه‌كه‌دا “گره‌یبه‌ر” ئاماژه به وتارێكی “جۆن ماینارد كینز” ده‌دات له ساڵی (1930)نوسیوویه‌تی، باسی له‌وه كردووه له كۆتاییه‌كه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه، “كاتژمێره‌كانی كاركردنی هه‌فتانه بۆ پانزه كاتژمێر له هه‌فته‌یه‌كدا كه‌م ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش به هۆی به‌ره‌وپێشچوون و گۆڕانكارییه خێراكانی ته‌كنه‌لۆژیاوه” كه ئه‌رك و پیشه‌ی هه‌ندێك له پیشه‌وه‌ره‌كان ده‌بێته پیشه‌یه‌كی بێ سوود، چونكه ته‌كنه‌لۆژیا و زیره‌كی ده‌ستكرد ده‌توانێت له خۆی باشتر ئه‌نجامی بدات، جگه له ته‌كنه‌لۆژیاش له‌ناو فه‌رمانگه‌كانی میری و كه‌رتی تایبه‌تدا پیشه‌ی پڕ و پووچ و هیچ و پوچ زۆره و ڕیشه‌یه‌كی مێژوویی و ئاڵۆزی هه‌یه، به‌ڵام سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه به‌رده‌وام هه‌لیكاری ئه‌م پیشه پڕوپووچانه هه‌یه و پاڵپشتی ئابووری و دارایی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، خه‌ڵكیش بڕوای به‌م پیشه هیچ و پووچانه هه‌یه و “گره‌یبه‌ر” ده‌نووسێت؛ من بڕوای ته‌واوم به پیشه‌ی پڕ و پووچ هه‌یه، ده‌توانێت كارمه‌ند/فه‌رمانبه‌رێك بۆ كۆمه‌ڵگه دروستبكات كه ده‌روازه‌یه‌كه بۆ تێگه‌یشتن له گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به جۆرێكی دیكه لێی بڕوانین. له‌ناو فه‌رمانگه میرییه‌كانی كوردستاندا ساڵانه ڕاپۆرتێك بڵاو ده‌كرایه‌وه كه ڕێژه‌ی كاری زیاده‌ی له‌ناو فه‌رمانگه‌كان زۆرن و به‌جۆرێك له هه‌ر ژوورێكی هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كدا له سێ كارمه‌ند به دڵنیاییه‌وه یه‌ك یان دوانیان زیاده‌ن، به‌مه ده‌وترا “بطالة” كه به واتای “پووچ” دێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌كاتی ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیدا كارێكی زۆری ناو ژووره‌كان و مۆر و ئیمزای پێده‌كرێت و ناو نراوه “ڕۆتین/ڕۆتینات” كه هه‌ردووكیان له‌ناو كتێبه‌كه‌ی “گره‌یبه‌ر”دا یه‌كێكن له پیشه پڕ و پووچه‌كان.
كتێبه‌كه له حه‌وت به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت، به‌شی یه‌كه‌می به پرسیاری “پیشه‌ی پڕ و پووچ” چییه ده‌ستپێده‌كات، “گریبهر” وای ده‌ناسێنێت “پیشه‌ی پڕ و پووچ؛ پیشه‌یه‌كه فۆڕمی كاری هه‌یه، له كاتژمێره‌كانی پابه‌ندبوون به كات و مووچه‌وه، هه‌ندێكیان هیچ پاساوێك نییه بۆ بوونی ئه‌و پیشه‌یی كه‌سێك ده‌یكات (واته زیاده‌یه یان ته‌كنه‌لۆژیا ده‌توانێت ئه‌نجامی بدات یان بێ سووده) دركی پێ ده‌كه‌یت بوونی نه‌بێت باشتره، كاریگه‌ر و بكوژی ده‌رووندروستییه و سه‌رچاوه‌ی ئاریشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه” هه‌میشه‌یش به‌شێكی ناڕه‌زایی له پیشه‌ی بێ سوود و بێ كه‌ڵك به شێوه‌ی ستاندئه‌پ-كۆمێدی خۆی ده‌نوێنێته‌وه یاخود له دیكۆمێنتاریی ده‌رباره‌ی پیشه‌كان تاك ده‌رباره‌ی ده‌دوێت. له به‌ریتانیادا نیوه‌ی ئه‌وانه‌ی كاری ته‌واو (فول تایم) ده‌كه‌ن پیشه‌ی پڕ و پووچن و بۆ پیشه‌كانی دیكه‌یش به ڕێژه‌ی (%37) پیشه‌كانیان بێ كه‌ڵكن. به‌شێكی زۆری پیشه خزمه‌تگوزارییه‌كان به سوودن و ئه‌وانه‌یشی ته‌واو بێ سوود پڕ و پووچن هه‌ندێكیان بریتین له ڕۆتینانی ناو فه‌رمانگه میرییه‌كان، سه‌رپه‌رشتیار، به‌شێك له‌كاری دیزاینه‌ر و گهشهپێدهرهكانی ته‌كنه‌لۆژیا و چه‌ندین ورده‌كاری ناو پیشه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گره‌یبه‌ر وه‌ك كاری دیار و سه‌ره‌كی دیاری كردووه پێنج كاری زۆر دیارن و ئه‌وانی دیكه‌ی پیشه لاوه‌كییه‌كان له هه‌ناوی ئه‌م پێنج پیشه سه‌ره‌كییه‌وه دێته ده‌ره‌وه، ئه‌وانیش بریتین له:-
- پیشه‌یه‌كی بێ مانا كه هیچ سوودێكی نییه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه خاوه‌نكار یان ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و كاره ده‌كات به گرنگی و ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی گرنگه‌وه ده‌ربكه‌وێت و بۆ ئه‌وه‌ی خۆی هه‌ست به گرنگی بكات
- كاری پێچه‌وانه‌ی كار، ئه‌و پیشانه‌ی به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی به تاك نابه‌خشن و هه‌میشه خۆی پێی وایه هیچ به‌شدارییه‌كی له گۆڕانكاری كاره‌كه نیه، ئه‌وانه‌ن به زۆرینه كاری هاوبه‌ش(تیم وۆرك) كار ده‌كه‌ن.
- نێوه‌ندگیره‌كان له پیشه جۆراوجۆره‌كان یان ئه‌وه‌ی له ده‌ربڕینی گشتی و باو پێی ده‌وترێت (ده‌ڵاڵ).
- ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕم (استیماره) ده‌كه‌ن.
- به‌ڕێوه‌به‌ر یان سه‌رپه‌رشتیارێك، كاری سه‌خت دهسهپهپێنێ و چاودێری كارمه‌نده‌كان ده‌كات.
هه‌ندێك پیشه سه‌رمایه‌داری به پڕ و پووچی ده‌كات و ههندێكییشان خۆیان له بنه‌ڕه‌تدا پیشه‌یه‌كی هیچ و پووچه نه‌ك هه‌ر پڕ و پووچ، چونكه لای “گره‌یبه‌ر” هیچ و پووچێتی ئاستێكی زۆر له خوار پڕ و پووچهوهیه و بۆ ئه‌مه نمونه‌ی پیاوێك ده‌هێنێته‌وه پیشه‌ی پاككردنه‌وه‌ی پیسایی “فیله” و له‌ناو ته‌ویله‌دا كارده‌كات، به‌رده‌وام بۆنی پیسی لێدێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دوایی ته‌واو بوونی كاره‌كه‌ی خۆی پاك ده‌كاته‌وه و جل و به‌رگی نوێ له‌به‌ر ده‌كات و بۆنی خۆش و تایبه‌ت به‌كارده‌هێنێت، هێشتا هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌به‌ر بۆنه پیسه‌كه‌ی ناتوانێت لێی نزیك ببێته‌وه، هیچ كه‌سێكیش ناتوانێ پێی بڵێت واز له‌و پیشه‌یه بهێنه، هه‌رچۆنێك بێت، ڕۆژێك هاوڕێیه‌كی نزیكی لێی ده‌پرسێت؛ تۆ بۆچی ئه‌م كاره ده‌كه‌یت؟ بۆچی پیشه‌كه‌ت ناگۆڕیت به یه‌كێكی دیكه، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا لیستێكی زۆری كاری پیشان ده‌دات كه ده‌توانێت بیكات و ده‌زانێت هه‌لیكاری دیكه زۆره، به‌ڵام خۆی به بژارده و ویست واز له پیشه‌ی پیسایی پاككردنه‌وه ناهێنێت كه به‌رده‌وام چواردهورهكهیشی بێزار كردووه.
بۆ “گره‌یبه‌ر” ئه‌مكاره نه‌ك پڕ و پووچ به‌ڵكو پیشه‌یه‌كی هیچ و پووچ و گواوییه، له كاتێكدا ئه‌و كاره ئامێر ده‌توانێت بیكات و شوێنی فیله‌كان پاكبكاته‌وه و هه‌لیكاری دیكه‌یش زۆره و خۆی پیشه‌كه‌ی ناگۆڕێت. به‌شێكی زۆری خه‌ڵك جگه له‌داهاتی مانگانه و بژێوی، له‌به‌ر به‌ها و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش لهكارێكهوه تێیدایه نمایشیی و ناپێویسته هه‌تا كاری پێویستیش، كه خاوه‌ن پیشه‌كه یان كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر خۆی پیشه‌كه‌ی پێ هیچ و پووچ و زیاده‌یه و كاریگه‌ری ده‌روونی و بێزاری له ژیانی ڕۆژانه و بۆ دروست ده‌كات، چه‌ند كارێك له خۆیدا بێ سوود بێت مه‌ترسیداره بۆ ده‌روونی كرێكار و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر، دوو هێنده ئه‌وه مه‌ترسیداتره خودی كرێكار پێی وابێت زیاده و بێ سووده، ئه‌ویش نه‌بێ هیچ شتێك له كاره‌كه و له ژیاندا زیاد و كه‌م ناكات. هه‌ندێكیش به‌هۆی كه‌می مووچه‌كه‌یه‌وه پیشه‌ی خۆی پێ هیچ و پووچه و به‌ركاربردنی زیاتره له‌و داهاته‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێت، هه‌ندێك پیشه‌ی كه‌سی و تایبه‌تیش هه‌یه به لێ وردبوونه‌وه ده‌چنه چوارچێوه‌ی پیشه پڕ و پووچ و هیچ و پووچهكانهوه. یاخود هه‌ندێكی تر به‌ناچاری كار ده‌كه‌ن و هیچ ئاره‌زوویه‌كیان بۆكاركردن نیه. جگه له‌وانه‌ش زۆرینه‌ی پیشه پڕوپووچه‌كان له‌ناو فه‌رمانگه‌ی حكومه‌ته “بیرۆكراتی”ییه‌كاندا هه‌یه و تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌بێته هۆی ڕووخانی پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی، “گره‌یبه‌ر” نمونه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت ده‌هێنێته‌وه، كاره ملكهچییهكانی وه‌ك كاری زیندانییه‌كانی سیبیریا و ئه‌وه‌ی دۆستۆڤیسكی پێی ده‌كرا كارێكی پڕ و پووچ بوو، هه‌ندێكی دیكه‌ی پیشه‌كان نیوه به نیوه‌یان پووچن.
هه‌ندێك له پیشه‌كانیش به سوود و كه‌ڵك ناو ده‌بات، وه‌ك فیود‌اڵیزم له كۆندا و پیشه كۆنه ده‌ستییه‌كان و به‌شێكی زۆری كاری مافیا گه‌وره‌كانی وه‌ك كۆمپانیاكان كه خاوه‌نكاره‌كه به‌رده‌وام پڕ كار و بیركردنه‌وه‌یه كه چۆن خه‌ڵكی ئاسایی ده‌چه‌وسێنێته‌وه و پاره‌یان لێ بكشێنێته‌وه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ میریدا و مافیای نادیارن، كۆمپانیا گه‌وره‌كانی سه‌رمایه‌دارین، دواتر گره‌یبه‌ر ده‌پرسێت، ئایا ده‌كرێت پیشه‌یه‌كی پڕ و پووچمان هه‌بێ و خۆمان نه‌یزانین وه‌ك “خاوه‌نكار-كرێكار-كارمه‌ند-فه‌رمانبه‌ر…هتد له هه‌موو به‌ش و كه‌رته جیاوازه‌كاندا؟” هه‌ر خۆی وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت؛ به‌ڵێ، به بڕوای من پیشه‌ی پڕ و پووچ هه‌قیقی ڕاسته‌قینه‌یه و هه‌یه.
به‌شێكی دیكه‌ی گرنگی كتێبه‌كه په‌یوه‌سته به كاریگه‌ری رۆحی و تووندوتیژی ڕۆحی كارمهندهوهو ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه خاوه‌نكار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان به‌ڕاستی فاشیستن و ئه‌وان كۆمه‌ڵێك له گرووپی بچوكی ناو كۆمه‌ڵگان بۆ ئه‌وه دروستكراون ژیانی تۆ بخۆن و وێرانی بكه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان به ئیره‌ییه‌وه خولهك به خولهك خاڵت له‌سه‌ر كۆده‌كه‌نه‌وه وه‌ك ئه‌ژدیها په‌لامارت ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته تووندوتیژی و دروست بوونی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان به تایبه‌ت خه‌مۆكی و تۆقین و شڵه‌ژانی ده‌روونی، تێگه‌یشتن له تووندوتیژی ڕۆحی په‌یوه‌سته به تێگه‌یشتن له میژووی كاره مۆدێرنه‌كانی سه‌رمایه‌داری، چونكه له‌كاتی سه‌پاندنی كاری قورس و بیانوو گرتن و گرفت بۆ دروستكردن بۆ كرێكار یان، ڕێگه نادرێت به‌رگری له‌خۆیان بكه‌ن و گوێیان لێ ناگیرێت، ئایدۆلۆجیای نیۆلیبراڵیزم ملیۆنان ڕێگه‌یان دروستكردووه مرۆڤ هه‌ستی هیچ و پووچی بۆ دروستبێت. به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه ڕه‌خساندنی هه‌لیكاری كار و پیشه پڕ و پووچهكانه و ته‌رخانكردنی پاڵپشتی دارایی حكومییه بۆی، له‌سه‌ر سێ ئاست ده‌پرسێت و پرسیارهكهیشی مانای به‌رده‌وامییه‌تی له‌لایه‌ن تاك و كۆمه‌ڵگا و حكومه‌ته‌وه، ئه‌وانیش:-
- له‌سه‌ر ئاستی تاك؛ بۆچی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ڕازین به‌وه‌ی له‌سه‌ر پیشه‌یه‌كی پڕ و پووچ و هیچ و پووچ دابمه‌زرێن و دابنرێن؟
- له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری؛ ئه‌و هێزی ئابوورییه چییه كه گه‌وره‌تره له‌وه‌ی هه‌لیكاری پڕ و پووچ بڕه‌خسێنێت پاڵپشتی دارایی بكات؟
- له‌سه‌ر ئاستی سیاسی؛ بۆچی به هیچ و پووچكردنی ئابوورییانه وه‌ك كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و سیاسی نابینرێت؟ بۆچی هیچ كه‌سێك، هیچ شتێكی له‌باره‌وه ناڵێت؟ بۆچی كه‌س هیچ ناكات ده‌رباره‌ی ئه‌مه؟
“گره‌یبه‌ر” كه‌سێكی دواندووه ناوی “سایمۆن”ه و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی شیكردنه‌وه‌ی داتا و ژماره‌كانه له‌ناو یه‌كێك له بانكه‌كان و ده‌ڵێت؛ به‌شێكی زۆری پاره‌ی بانك بۆ ڕۆتین و كاری زیاده و ناپێویست به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت و چه‌ندینجاریش پێشنیازی ئه‌وه‌م كردووه كه دووباره سیاسه‌تی بانك و دارایی دابڕێژێته‌وه، به‌ڵام له‌كاتی كردنی ئهمكارهدا ده‌كه‌ومه به‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی ویژان و سه‌دان و هه‌زاران كه‌س بێ كار ده‌بن و پیشه‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌چێت. نمونه‌یه‌كی دیكه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بێزار و كینه‌یان هه‌یه بۆ پیشه‌كه‌یان، به‌ڵام خه‌ڵكی ڕۆژئاوای هندستان باوه‌ڕیان وایه مه‌یمونه‌كان ده‌توان تێبگه‌ن و قسه بكه‌ن، مرۆڤه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه لێیان نزیك نابنه‌وه و نایاندوێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فێری كار نه‌بن و شوێنی مرۆڤ نه‌گرنه‌وه بۆ كاركردن.
كتێبه‌كه ده‌چێته ناو ورده‌كاری و كنجوكۆڵی سه‌رجه‌می پیشه‌كانه‌وه و ئه‌وانه‌ی پیشه‌ی پڕوپووچن و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وانه‌ی به‌سوود و به كه‌ڵكن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به شێوه‌ی مه‌یدانی خه‌ڵكێكی زۆری به شێوه‌ی جیاواز دواندووه. به‌شێكی ئه‌و پیشانهیش هێشتا له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا نییه كه من لێره‌دا ده‌رباره‌ی نهمنوسیووه و ئه‌وه‌ی به پێویستم زانیووه ناساندوومه، زۆرینه‌ی ئه‌و پیشه و كارانهیهش تاك خۆی ده‌زانێ بێ به‌ها و بێ سوود و بێ كه‌ڵكه، بۆیه كه لێی ده‌پرسیت ئه‌ی بۆچی ئه‌و كاره ده‌كه‌یت؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت؛ “ته‌نها له پێناوی ئه‌وه‌دا بژیم” ئه‌وه‌ی به ناچاری یاخود به ویست و ئیراده كارێك یان پیشه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردووه و ده‌یكات، ئه‌گه‌ر خۆیشی شانازی پێوه بكات بێ سووده. واته قسه و لێدوانی خۆی به هه‌ند وه‌رناگیرێت، چونكه ئه‌و ته‌نیا بۆ نمایش و به ئیگۆیهكی به‌رزه‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا وا پیشان ده‌دات كه‌سێكی گرنگ و خاوه‌ن پێگه‌یه له كۆمه‌ڵگاكه‌دا و له بنه‌ڕه‌تیشدا وانییه، به نمونه‌یش؛ هه‌ندێك له پیشه‌كان خاوه‌ن ناوبانگ و پێگه‌ن به‌ڵام كارمه‌ند یان كرێكار و خاوه‌ن پیشه به ئیشی پڕوپووچی ده‌زانێت و نایه‌وێت هیچ له‌باره‌یه‌وه بزانن، بۆ ئه‌مه گره‌یبه‌ر نمونه‌ی كه‌سێك ده‌هێنێته‌وه به‌ناوی “ڤاسی” و ده‌ڵێت؛ “كاتێك خه‌ڵكی پرسیارم لێده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی پیشه‌كه‌م، نامه‌وێ هیچ بڵێم، هیچ شتێكم نییه بۆ وتن، هیچ شتێك نییه له پیشه‌كه‌مدا شانازی پێوه بكه‌م، من له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌دا كارده‌كه‌م و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یش پێگه و ناوبانگی هه‌یه، كاتێك ده‌ڵێم له‌وێ كارده‌كه‌م خه‌ڵكی كاردانه‌وه‌یه‌كی پڕ له ڕێز و شه‌رم و ترسیان بۆم هه‌یه و من ئه‌وه به خراپ ده‌زانم چونكه له‌وێ هیچ كارێكی وا ناكه‌م خه‌ڵك ئه‌و جۆره ڕێزه‌یان بۆم هه‌بێت”.
به ڕوونی؛ نمونه‌كه‌ی گره‌یبه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م كارمه‌نده‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌یه، نایه‌وێت خه‌ڵك گه‌وره‌ی بكات و پێگه‌ی زیاتری بده‌نێ و مرۆڤێكی ئاسایی ناو كۆمه‌ڵگاكه‌یه، خۆی ئیگۆی نیه و چونكه پێی وایه كاره‌كه‌ی له‌وێ له خزمه‌تی خه‌ڵكی گشتیدا نیه و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه با ناوبانگیشی هه‌بێت مه‌رج نییه ئه‌وانه‌یشی له‌وێ كارده‌كه‌ن خاوه‌ن پێگه و به‌هابن.







































































