“مەهاباد لە چاوەڕوانی پایتەختدا”
بەرهەمی سەردانی “قازی محەمەد” و شاندنی یاوەری بۆ باکۆ، لە (١٢ی تشرینی دووەمی١٩٤٥) بە شێوەیەکی فەرمی، کە “قازی محەمەد” وەک سەرۆکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامانی دیکە لە بەڕێوەبەرانی حیزب ئەنجامیاندابوو، توانیبوویان بەڵێنی یارمەتی و پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردی لە مەهاباد بەدەستبهێنن. پاش گەڕانەوەیان و ئامادەکارییان بۆ ئەو مەبەستە و فەراهەمبوونی کەشی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژانی (١٧ی کانوونی یەکەمی١٩٤٥) لە مەهاباد، (١٨ی کانوونی یەکەم) لە نەغەدە و (٢٨ی کانوونی یەکەم) لە بۆکان، ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد و بانگی سەربەخۆییاندا و پێشەوا “قازی محەمەد”یش لە ڕۆژی(١٤ی کانوونی دووەمی١٩٤٦)دا بە قورئان و ئاڵای کوردستان وەک سەرۆک کۆماری کوردستان سوێندی خوارد.
شاری مەهاباد خرۆشابوو، لە چاوەڕوانی بوونە پایتەختی کۆماری کوردستان، لە خەڵکدا جمەی دەهات، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکرات و هەیئەی ڕەئیسەی میللی کوردستان، ژمارەیەک لە سەرۆک عەشرەت و کەسایەتی ناودار و سەرجەم چینوتوێژەکان کۆبوونەتەوە و ئامادەکاری بۆ ئاهەنگێکی جەماوەری بەرفراوان دەکەن. ئاهەنگێک مێژوو دەنووسێتەوە و کوردان بۆ خۆیان خودموختاری خۆیانن، دەیانەوێ یەک دەست و یەک هەڵوێست، لەژێر ئاڵای کوردستاندا، پەیمانێک بە پێشەوای کوردان بدەن، کە بۆ پاراستنی کوردستان و نەتەوە، دەست لە چەک و یەکێتی لە ڕیزی هەموواندا ڕێگای تێکۆشان دەگرنەبەر. هێمن موکریانی شاعیری میللی، لە ستایشی ئەو چرکەساتانەدا دەنووسێت:-
“مزگێنیم دەیە دەگەی بە ئاوات
کوردە لە سایەی حیزبی دێموکرات
حیزبی دێموکرات تۆ دەدا نەجات
پیادەی ئەو، شاهی دوژمن دەکا مات
بژی دێموکرات، بژی دێموکرات.”
لە ڕۆژی (٢١ی کانوونی دووەم)یشدا کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە مزگەوتی سووری مەهاباد، بە سەرپەرشتی پێشەوا “قازی محەمەد” و (٢٠) کەسایەتی لە بەرپرسانی حیزب و ڕۆشنبیر و مامۆستایانی ئایینی ناوچەکە ئەنجامدراوە، تیایدا بیروڕای خۆیان دەربارەی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردیانە خستووەتەڕوو. هەر لەوێشدا بڕیاریانداوە ڕۆژی دوای ئەو کۆبوونەوەیە، واتە (٢ی ڕێبەندان١٣٢٤/ ٢٢ی کانوونی دووەمی١٩٤٦) بکرێت بە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان.
ئاهەنگی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد دەستیان پێکرد، کوبرای عەزیمی لە بیرەوەرییەکانیدا بۆ جەژنی (٢ی ڕێبەندان) دەگێڕێتەوە: “هەر لە بەیانییەوە لە مەیدانی چوارچرا دەنگی سروود و گۆرانی دەهات. زۆربەی دانیشتووانی مەهاباد بە ژن و پیاو و گەورە و بچوکەوە، وێڕای هۆزەکانی دەوروبەری شار، بە دڵێکی خۆش و ڕوویەکەی گەشەوە لەو مەیدانە کۆببوونەوە. لە هەموو شوێنێکی شار دەنگی خۆشی مۆسیقا دەبیسترا. ژمارەی خەڵکەکە ئەوەندە زۆر بوو، هەر لەوەی دانەبوو، دەرزیت هەڵاویشتبا نەدەکەوتە سەر ئەرزی. قوتابییەکان لە کچ و کوڕ، بە ئۆنیفۆرمی جوانەوە ڕیز ببوون و دەنگی خۆشی سروودەکانیان هەموو کەش و هەوای شاری پڕکردبوو. هەموو خەڵکەکە بە تامەزرۆوە چاوەڕوانی وتاری پێشەوا بوون. ئەو ڕۆژە هەمووان هەستیان بە سەربەرزی و سەربەستی دەکرد. شانازیمان دەکرد، کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا، دەبینە خاوەنی کۆمار و حکومەتی خۆمان و ئیتر لەوەودوا خۆمان دەتوانین بڕیار بۆ چارەنووسی خۆمان بدەین”.
ڕۆژنامەی “کوردستان”ی زمانحاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ژمارە(١٠ لە ٤ی شوباتی١٩٤٦ بۆ ٢٢ لە ٤ی مارسی١٩٤٦) ڕیپۆرتاژێکی تێروتەسەلی بە ناونیشانی (جەژنی سەربەخۆیی و ئیستیقلالی کوردستان)، بە قەڵەمی سەید محەمەد حەمیدی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا زۆر بەوردی تەواوی ڕێوڕەسمی ئاهەنگی (٢ی ڕێبەندان) و دامەزراندنی کۆمار و وتاری کەسایەتییەکانی بەدوای یەکدا بڵاوکردووەتەوە. بۆ کردنەوەی ئاهەنگەکەش لە دەستپێکدا، بۆ خۆشی دەربڕین ژمارەیەک تۆپ تەقێنراوە و دواتر غەنی خوسرەوی/ سەرۆکی شارەوانی مەهاباد، بەناوی خوا و پێشەوای کوردانەوە لەژێر دروشمی “بژی سەرۆک و کورد و کوردستان”، دەرگای بەڕووی پێشکەشکردنی وتاری کەسایەتییەکاندا کردووەتەوە. شەرەفی یەکەم وتاریش درابوو بە زانایەکی ئایینی پایەبەرزی شاری مەهاباد “مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی”، کە دوعای سەرکەوتن و موەفەقی نۆ ئەم کارەی کوردان بکات، مامۆستا دوای پێشەکییەکی کورت، دەستی بەڕووی ئاسماندا بڵندکرد و لە خوای گەورە پاڕایەوە، کە کوردستان و خەڵکەکەی، پێشەوا و حکومەتەکەی و یەکێتی سۆڤیەت بپارێزێت و ئامادەبووانیش لەگەڵیدا (ئامین)یان دەوتەوە:-
- “لە خودای بەرز دەخوازین، کە پێشەوای مەزنی ئێمە لە عەدالەتی عومەری کوڕی خەتاب، ئەمانەتی ئەبوعوبێدە، شەجاعەتی خالیدی کوڕی وەلید و عیلمی عەلی کوڕی ئەبوتالیب (خودایان لێڕازی بێت) بەهرەوەربێ، ئامین.
- خوداوەند ئەم ئاڵایە، کە بە خوێنی لاوان چەقاندوومانە قایم و یەکجاری کەی…ئامین.
- یانی دەرەجەی بەرز و سەربڵیندبێت و سوفەرای دەوڵەتی ئێمە لە هەندەران گەورە و قسە لێ قبوڵکراو بن، ئامین.
- دەوڵەتی جیرانی ئێمە (ئیتیحادی جەماهیری شورەوی) هەمیشە لە عیزەت و شەوکەتی زیادبێ و لەسەر دوژمنی موزەفەربێ، ئامین.
- لەو زاتانە، کە لە ڕێی سەربەستی گیان و بەدەن و ماڵی خۆیان بەتڵاند موریدی ڕەحمەتی خودا و لە دەرەجەی شوهەدابن، ئامین”.
جگە لە وتاری پێشەوا “قازی محەمەد” سەرۆک کۆماری کوردستان و حاجی بابەشێخی سەرۆک وەزیران، (٢٠) کەسایەتی حیزبی و ڕوناکبیر وتاریان پێشکەش کردووە، شاعیرانیش بە خوێندنەوەی شیعرەکانیان، کە بۆ ئەو بۆنەیەیان نووسیوە ئاهەنگەکەیان دەوڵەمەند کردووە وبۆ ماوەی (٤٨) کاتژمێریش بەردەوامی هەبووە.
“مەلا حوسێن مەجدی؛ مامۆستای سەرۆک کۆمار”
ساڵی (١٨٨٩) گوندی قالوێ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەهاباد، دەبێتە شوێنی لەدایکبوونی زانایەکی گەورەی پڕزانستی ئایینی بە ناوی “حوسێن حەسەن ئاغا”، کە بە “مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی” ناسراوە. لای گەورە زانایانی کوردستانی ناوچەی موکریان خوێندنی فەقێیەتی تەواوکردووە و لەسەر دەستی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمانی سابڵاغی مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لە زانستەکانی تەفسیر، حیکمەت، کەلام و مەنتیقدا زۆر شارەزا بووە و ڕەوانبێژێکی لێهاتوو بووە. محەمەد ئەحمەدیان لە کتێبی مێژووی زانایانی موکریان دەنووسێت: “مامۆستا مەلا حوسێن ماوەی (٦٠) ساڵ لە تەمەنی پڕخێروبێری، لە مزگەوتی (هەباساغا، دارۆغا، مزگەوتی بازاڕ و مەدرەسەی علومی دینی مزگەوتی سوور)ی مەهاباد خەریکی دەرسدان، ڕاڤەی قورئان، حیکمەت، کەلام، مەنتیق، نووسینەوەی فتوا بۆ بابەتی شەرعی و کردنەوەی گرێ کوێرەکانی کاروباری ئایینی ئەو مەڵبەندە بووە. ڕادەی زانایی ئەو مامۆستایە لە چوارچێوەی مەلایەکی ئاسایدا نەبووە، بەڵکو قیبلە و ڕووگەیەک بوو بۆ زاناکانی ناوچەی موکریان”.
لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ناوچەی موکریانیش، کە هەریەکەیان لە بواری ئایینی و سیاسەت و ڕووناکبیریدا ڕۆڵ و پێگە و ناوی دیاریان هەبووە، فەقێی مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی بوون، لەوانەش: پێشەوا “قازی محەمەد”ی سەرۆک کۆماری کوردستان، مامۆستا مەلا حوسێنی گڵۆڵانی، مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی، مەلا محەمەدی ڕەئیس، مامۆستا مەلا کەریمی شاریکەندی، مامۆستا مەلا ساڵەحی ڕەحیمی، مامۆستا مەلا ئەحمەدی عەبباسی، مامۆستا مەلا ساڵەح ئیبراهیمی و مامۆستا ئەحمەدی تورجانی زادە. لە شاعیرە ناودارەکانی کوردیش؛ هەژار موکریانی، خاڵەمین و هێدی فەقێی مامۆستا بوون.
مامۆستا “مەلا حوسێن مەجدی” کەمتر ئاوڕی لە نووسین وەک کتێبی دانراوی خۆی داوەتەوە، ئەوەی هەیە لەسەر زۆربەی پەڕاوە فیقهییەکان حاشیە و پەراوێزی نووسیوە و وەڵامی پرسیارە شەرعییەکانی بەنووسین و هێنانەوەی بەڵگەی ورد و سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە داوەتەوە، بۆ مەڵبەندی موکریان حوجرەەی مامۆستا مەلا حوسێن وەک بنکەی حکومدان و داوەری کردن وابووە، لەسەر هەر بابەتێک فتوای دابا کێشەکە دەبڕایەوە. کتێبی (مەنزومەی سەبزەواری)، کە مەلا هادی سەبزەواری لەسەر زانستی مەنتیق و حیکمەت بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، ئەم بەشی شیعر و پەخشانەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. لەسەر داخوازی وەزارەتی فەرهەنگی ئێرنیش، چەند بەرگێک لە کتێبی پرۆگرامی خوێندن بە ناوی (تعلیماتی دینی) بۆ قوتابخانەکان لەسەر بناغەی فیقهی ئیمامی شافیعی نووسیوە و هەتا سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی لە (١٩٧٩)، لە قوتابخانەکانی مەڵبەندی موکریاندا خوێندراوە. هەروەها یەکێک تر لە بەڵگە نووسراوەکانی مەلا حوسێن مەجدی، کە ماوەتەوە ڕەگەزنامەی بنەماڵەی مەلا جامی (١٠٦٠-١١٣٠ک) بە هەڵبەستی فارسی هۆنیوەتەوە.
“وەزیری داد”
کاتێک پێشەوا “قازی محەمەد” لە (١٤ی کانوونی دووەمی١٩٤٦)، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا وەک سەرۆک کۆماری کوردستان سوێندی خوارد، قورئان و ئاڵای کوردستانی لەسەر دەستی مامۆستاکەی “مەلا حوسێن مەجدی” دانابوو، پێشەوا دەستی خستە سەر قورئانەکە و “سوێندی خوارد بەخوا و قورئانی پیرۆز، کە تا دوا هەناسەی ژیانی و دواتنۆکی خوێنی، بەگیان و ماڵ لەڕێی ئازادی کورد و بەرزکردنەوە و پایەداری ئاڵای کورد و یەکگرتنی کورددا کۆشش بکات.” پێشەوا “قازی محەمەد” یەکەم وتار و دوعای سەرکەوتنی کۆمارەکەشی لە ئاهەنگەکانی جەژنی سەربەخۆییدا، هەر بە مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی سپاردبوو. لەبەر لێهاتووییەکەشی بوو لە بواری شەرع و دادوەریدا، وەک کەسایەتییەکی گرنگ و پاڵپشتی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی، لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی کوردستاندا بۆ پۆستی وەزیری داد/ سەرۆکی دەزگای قەزایە کاندید کراوە. لە ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە (١٧) لە (٢٠ی شوباتی١٩٤٦)دا فەرمانی دەستبەکاربوونی مامۆستا مەلا حوسێن وەک سەرۆکی ئیدارەی عەدلیەی مەهاباد، بە ژمارە (١٣٠٧) لە (٢٧/١١/١٣٢٤)ی بۆ دەرچووە و بڵاوکراوەتەوە.
“وتاری هەینی بە کوردی”
بۆ یەکەمجاریش لە ناوچەکەدا، وەک یەکێک لە کارە گرنگەکانی حکومەتی کوردستان و گرنگیدان بە زمانی کوردی، هەر زوو پێش دەستبەکاربوونی وەزیرەکانی حکومەت، لەسەر ڕاسپاردەی مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی، فەرمان بە ئیمام جومعەی مەهاباد (سەید محەمەدی حەمیدی) دراوە، کە وتاری هەینی بە زمانی کوردی پێشکەش بکات. ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە (١٠) لە (٤ی شوباتی١٩٤٦)دا لە لاپەڕە (٣) لەژێر ناونیشانی (هەوەل جارە کە ختبەی جمعە بە کوردی دەخوێندرێتەوە) نووسیویەتی: “بە ئیمام جومعە دەستوور درا، خوتبەی جومعە بە کوردی بخوێنێتەوە، دوێنێ (١٢/١١/١٣٢٤) ئیمام پاش بیسمیللا و ئەلحەمدوللا و سڵاوات ناردن، خوتبەکەی بە کوردی خوێندراوە و دڵی هەموو کوردێکی پێ ڕوون بوو، بە تەواوی لێی حاڵی بوون. شوکرانەی خودایان کرد، کە ئەوڕۆ بە زمانی خۆیان گوێیان لە خوتبەیە و لێی حاڵی دەبن، ئەمە لە کوردستاندا بێ سابیقەیە و بەرانبەرە دەگەڵ شەریعەتی خاوێنی ئیسلام”.
مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی تا کۆتایی ژیانی لە خزمەت دین و دادوەریدا ژیاوە و لە تەمەنی (٨٢) ساڵیدا لە ڕۆژی (٢٣ی خەزەڵوەری١٣٥٠/ ١٩٧١)دا کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی بداغ سوڵتان لە شاری مەهاباد ئەسپەردەی خاک کراوە. لە شاری مەهابادیش چەند شوێنی گشتی وەک؛ شەقامی ئوستاد مەجدی، پارکی ئوستاد مەجدی و مزگەوتی ئوستاد مەجدی بە ناوی ئەوەوە ناودێر کراوە.
سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
- حاجی بابەشێخی سەیادەت/ سەرۆک وەزیرانی کۆماری کوردستان، سەید عەبدولڕەحمان سەیادەت، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٩.
- مێژووی زانایانی ئایینی موکریان، محەمەد ئەحمەدیان، چاپی یەکەم، سنە، ٢٠٢١.
- مانای ژیانم، بیرەوەری ژنێک لە دەورانی کۆماری کوردستاندا، کوبرای عەزیمی، ئامادەکردنی/ سیمینی ئیفتخاری، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٢٤.
- حکومەتی کوردستان، کورد لە گەمەی سۆڤێتی دا، نەوشیروان مستەفا ئەمین، چاپی دووەم، سلێمانی، ٢٠٠٦.
- کۆماری کوردستان و پێشەوا “قازی محەمەد”، د.عومەر عەبدولعەزیز، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠١٦.
- ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە (١٠) لە (٤ی شوباتی١٩٤٦).
- ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە (١٧) لە (٢٠ی شوباتی١٩٤٦).
- ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە (٢٢) لە (٤ی مارسی١٩٤٦).







































































