پارتی هیوا له سەر داروپەردووی کۆمەڵەی (دارکەر*) دامەزرا، ڕەفیق حیلمی (1898-1960)ز به سەرۆکی ئەم حیزبە هەڵبژێررا و هێنانەدیی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی ئێراق لە ئامانجە گرینگەکانی دانابوو، پارتی هیوا ڕۆڵی گرینگی گێڕا دژی فاشیەت و نازیەت و شانبەشانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلانی جیهان، سەرکردایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی دەکرد، چالاکییەکانی هیوا تا ساڵی (1945) بەردەوام بوون. سەرەتای دروستبوونی ئەم ڕێکخراوە لە ساڵانی سییەکاندا لە باشووری کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ شاری کەرکووک، چونکە لەو ساڵانەدا تەنها لەوێ قوتابخانەی ئامادەیی هەبوو، دەبوو خوێندکاران دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی ڕوو بکەنە شاری کەرکووک و لەوێ درێژە بە خوێندن بدەن، هەر لەبەر ئەوە لەو ساڵانەدا شاری کەرکووک و (ئامادەیی مەڵبەندیی-ئیعدادیە مەرکەزی) لە سەرجەم شارەکانی کوردستاندا بوو بووە شوێنی کۆبوونەوەی خوێندکاران. لە سلێمانییەوە “نووری شاوەیس” بەرەو کەرکووک چوو بوو لەوێ لەگەڵ “یوونس ڕەئووف-دڵداری شاعیر” و “عەبدولڵا تۆفیق جەوهەر”دا یەکیان گرتبوو، بڕیاری دامەزراندنی ڕێکخراوێکیان دابوو.
پارتی هیوا لە ماوەیەکی کەمدا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و هەندێک شاری ئێراق لە لیوای سلێمانی و هەولێر و بادینان و موسڵ و بەغداد کردەوە. سەبارەت بە پێکهاتەی حیزب لە ڕووی ئەندامانەوە مستەفا نەریمان باس لە پێکهاتەی حیزب دەکات کە خوێندکاران و مامۆستایان و ڕۆشنبیران و ئەفسەرانی سوپا هاوکات دەرەبەگ و ئاغاو شێخ و موڵکدارە گەورەکانی لە خۆ گرتبوو، ئەمەیش هۆکار بوو بۆ ڕێگەگرتن لە شۆڕبوونەوەی حیزب بۆ ناو چینی جووتیاران کە دەکرا ببنە بناغەیەکی سەرەکی بۆ حیزب، بووە هۆکاری سەرەکیی دوورکەوتنەوەی حیزب لە بناغەی جەماوەریی خۆی. کە سەرەنجام بووە هۆی لاوازیی حیزب و لەناوچوونی.
ئەگەر کەسێک بیویستبایە ببێتە ئەندام لە ناو ئەم کۆمەڵەیەدا، ئەوە دەبوو بە قورئان سوێند بخوات و لە کاتی سوێندخواردنەکەشیدا دوو کەس لە ئەندامە کۆنەکانی پارتی هیوا ئامادە بن، دروشم و ئاڵای پارتی هیوا بریتی بوو لە شاخێکی ڕەنگسەوز و هەتاوێکی هەڵاتوو لە ناو ئاسمانێکی شیندا و لە ژێر دروشمەکەیشدا نووسرابوو (کۆمەڵەی هیوا… بژی کورد و کوردستان).
“ئامانجەکانی پارتی هیوا”
پارتی هیوا بەرنامە و پرۆگرامێکی ناوخۆیی نووسراوی نەبوو، تاکوو نەکەوێتە دەستی هێزە ئەمنییەکان، لە گرینگترین ئامانجەکانی بریتی بوون لە:-
- بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییی کورد لە ئێراق، بەدیهێنانی یەکێتیی خاکی کوردستان و یەکخستنی هەموو پارچەکانی دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ.
- دروستکردنی دەزگایەکی سەربەخۆی کوردی بۆ سەرپەرشتیکردنی خوێندن و خوێندەواری لە کوردستان و زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی لە کوردستانی داهاتوودا.
- کردنەوەی خوێندنگە و نەخۆشخانە و چاککردنی ڕێگەوبان و گرینگیدان بە شار و شاروچکە و گوندەکان.
- کۆتاییهێنان بە جیاوازیی نێوان کورد و عەرەب، دامەزراندنی فەرمانبەری کورد لە ناوچە کوردییەکان و گوێگرتن لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی ئێراق.
- لە ڕێگەی سیاسی و دیبلۆماسییەوە کوردستان یەک بخرێت.
- دژایەتیی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی بکرێت لە ئێراقدا.
“چالاکییە ڕۆشنبیریی و سیاسییەکانی پارتی هیوا”
لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە هیوا خزمەتێکی گەورەی پێشکەش کرد، لە بواری دەرکردنی ڕۆژنامەدا ئەندامانی پارتی هیوا لە هەر ناوچە و سەربەخۆییی تەواویان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار بە شێوەی ئاشکرا و نهێنیی دەربڕینی هەڵوێستی سیاسیی حیزب لە ڕێگەی ئەم ڕۆژنامە و گۆڤارانەوە گرینگترینیان بریتی بوون لە:-
- ڕۆژنامەی هیوا.
- گۆڤارەکانی ئازادی و بڵێسە و تازەپێگەییشتوو، هەڵاڵە و دەنگی کورد و گۆڤاری شیلان و کوردستان.
لە ڕووی سیاسیی و شۆڕشگێڕییەوە:-
- سەبارەت بە پێوەندییەکانی پارتی هیوا بە بزافی مستەفا بارزانییەوە، دکتۆر وەدیع جوێدە ئاماژە دەکات بە هاریکاریی پارتی هیوا بۆ مستەفا بارزانی، کە ڕۆڵیان هەبووە لە هاندانی هۆز و خێڵە کوردییەکان بۆ بەشداریکردن و یارمەتیدانی ئەو بزافە.
- لە ساڵی (1942)دا میر حاج ئەحمەد و مستەفا خۆشناو وەک نوێنەری پارتی هیوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار دەبن لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی (ژ. ک) ژیانەوەی کوردستان لە (16 ئەیلوولی 1942).
به هۆی ئەوەی پارتی هیوا لە چەندین گرووپ و دەستەی جۆراوجۆر پێک هاتبوو، هەر لە ڕۆشنبیران و جووتیاران و دەرەبەگ و خوێندکار…هتد، ئەمانەیش کاریگەر بوون بەو بیر و ئایدیۆلۆژیا جیاوازانەی کە لە مەیدانی سیاسیی ئێراقی هەبوون، ئەمەیش بووە مایەی دەرکەوتنی چەندین بیر و ئاڕاستەی جیاواز لە نێو پارتی هیوادا، لە ئەنجامدا دوو باڵی جیاواز سەریان هەڵدا: باڵی ڕاستڕەو و باڵی چەپڕەو، باڵی یەکەم، ڕاستە بە سەرۆکایەتیی ڕەفیق حیلمی و ژمارەیەک ڕۆشنبیران و کوڕانی هۆزەکان و دەرەبەگاکان و گەورە فەرمانبەرانی دەوڵەت و سەرباز و بازرگان، ئەمانە دژی باڵی چەپەکان بوون کە کاریگەر بوون بە ئایدیۆلۆژیای مارکسی، دەرکەوتنی ئەم جیاوازییەیش بووە هەڕەشە لە سەر لێکترازان و کەرتبوونی کۆمەڵەکە. یەکێکی تر لە هۆکارەکانی لێکترازان بریتی بوو لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆکی پارتی هیوا ڕفیق حیلمی دەکران، ئەمەیش دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە تاکڕەوی و نەگەڕانەوە بۆ لیژنەی ناوەندی حیزب.
بەڵام عەلی عەبدولڵا دەنووسێت؛ کاکڵی بیروڕا لە سەر ئەم دوو کێشەیەی خوارەوە بوو.
یەکەم:- لە چ ڕێبازێکی سیاسییەوە پێویستە بزووتنەوەی کوردایەتی ئاڕاستە بکرێت و پشت بە چ کامپێک بگرێت باشترە و پەسەندترە و بەرژەوەندیی تری تێدایە، لە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەی میللەتی کورد دا؟ پێویستە پشت بە یەکێتیی سۆڤیەت و کامپی سۆسیالیزمی ببەسترێت؟ یان بە ئینگلیز و کامپی ڕۆژئاوا؟ کامیان بە ڕاستی و بە چاکی پشتگیریی یارمەتیی میللەتی کورد دەدەن بۆ دەستخستنی مافە ڕەواکانی و گەییشتنی بە ئامانجە دوور و نزیکەکانی؟
دووەم:- پێویستە (هیوا) بە هەموو توانایەوە پشتگیریی شۆڕشی بازران بکات و بەشدار بێت تێیدا و ڕابەرایەتی بکات وەکوو پێویست؟ یان لە هەڵوێستێکی بێلایەن بوەستێت و سەیری بکات و زۆر بە نهێنی و بە کەمی دەستی یارمەتیی بۆ درێژ بکات، بۆ ئەوەی سەرنجی کاربەدەستانی ڕژێمی پاشایەتیی ئێراق ڕانەکێشێت و ئینگلیزیش تووڕە نەبێت، چونکە دۆست و هاوپەیمان و گەورەی دەوڵەتە؟
هەروەها دەنووسێت:- ڕۆژ بە ڕۆژ ناکۆکی و دووبەرەکی لە سەر ئەم دوو کێشەیە تووندوبەتینتر دەبوو، بە تایبەتی لە سەر کێشەی یەکەم، تا لە ساڵی (1944)دا کۆنفرانسێکی گشتی لە شاری کەرکووک گیرا و لەو کۆبوونەوەدا- خیلاف و ناکۆکیی گەلێ تووندوتیژ بوو لە سەر هەر دوو کێشەکە تا گەییشتە ئەوەی حیزب ببێت بە دوو پارچە، بەرەی ڕاستڕەو لە حیزب جیا بووەوە و توانیی پەرە بە خەباتیان بدەن بۆ ماوەیەکی کەم و ناوی حیزب بپارێزن، بەڵام زۆری پێ نەچوو بڕیاری حەلکردنی پارتیان دا و لەو کاتەوە دەوری هیوا کۆتایی پێ هات لە بزووتنەوەی کوردایەتیدا، بەرەی چەپیش بوونە چەند بەشێک و گەلێک لەو بەشانە جێگەیان لە ڕیزەکانی “پارتی شیوعیی ئێراق” بە هەر دوو بەشیانەوە کردەوە، چونکە لەو کاتەدا پارتی شیوعیی ئێراقی کە ڕۆژنامەی (القاعدة) ئۆرگانیان بوو، بەشێکیان لێ جیا ببووەوە و ئەویش بە ناوی (پارتی شیوعیی ئێراق)یەوە لە تێکۆشاندا بوون و ڕۆژنامەی (وحدة النضال) ئۆرگانیان بوو، ئۆرگانی لقی کوردستانیشیان (یەکێتیی تێکۆشین) بوو، لقەکەشی هەر بەو ناوەوە ناو دەبرا.
سەرچاوە و پەراوێزەکان؛
١.کۆمەڵەی دارکەر: لە ساڵی 1937 له شاری هەولێر لە لايەن کۆمەڵە لاوێکی ڕۆشنيری کورد دامەزرا، دڵداری شاعیر یەکەم کەس بووە، کە بیری لە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە کردوەتەوە و لە نیوەی یەکەمی ئەیلوولی 1937دا یەکەم کۆبوونەوەی لە کەرکووک بە ژمارەیەک خوێندکار کردوە، دوەم کۆبوونەوەی ڕۆژی دواتر لە ماڵی (بورهان جاف) لە گەڕەکی (بەگلەر) ئەنجام درا و لەوێدا بڕیاریان دا ڕێکخراوەکە ناوی (کۆمەڵەی دارکەر) بێت، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ناوەش ئەوە بوو کە لە ناوی ڕێکخراوی (کاربۆناری) ئیتاڵی وەرگیراوە، کە ماناکەی (ڕەژووکەر) یان (خەڵووزفرۆش)ی دەگەیاند، ئەوانەی لەم ڕێکخراوەدا بوونە ئەندام، بریتی بوو لە (جەلالی حامید بەگ، بورهانی حامید بەگ، کاکەحەمەی سەید ئەحمەدی خانەقا، جەمیل ڕەشید میران، عەبدولفەتاح جەباری، ڕۆستەم جەباری، موسا ئەحمەد)، ئەوانەیشی دەبوونە ئەندام دەبوو سوێندی ئەندام بوون بخۆن، کە بریتی بوو لە: خودا و قورئانی پیرۆز و خەنجەری کوردی و دڵسۆز بوون بۆ گەلی کورد و فیداکاری لە پێناویدا و دڵسۆزی بۆ نیشتمانی کوردستانی گەورە بخۆن)، لە ماوەیەکی کەمدا لقیان لە هەولێر و کۆیە و خانەقین و بەغداد، … هتد کردوەتەوە.
٢. ڕەفیق حیلمی: لە ساڵی 1898 لە شاری کەرکووک لە دایک بووە، لە ساڵی 1915 بڕوانامەی (ئەندازیاری) لە زانکۆی (قوستەنتینیە) بە دەست هێناوە، لە چەندین ڕێکخراوی سیاسی و ڕۆشنبیری دا ڕۆڵی گێڕاوە، کە گرینگترینیان سەرۆکایەتیکرنی پارتی هیوا بووە، لە ساڵی 1960 کۆچیدوایی کردوە. بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر ژیان و ڕۆڵی ناوبراو بڕوانە: شاخەوان عبداللە صابر، رفیق حیلمی، دراسة تاریخیة فی نشاطە السیاسی و الثقافی، السلیمانیة، 2007.
٣.مەهدی محەمەد قادر، پێشهاتە سياسييەکانی کوردستانی ئێراق 1945-1958، سەنتەری لێکۆڵينەوەی ستراتيجيی کوردستان، سلێمانی، 2005، ل49.
٤. ئاکۆ عەبدولکەریم شوانی، شارى سلێمانى ١٩٣٢-١٩٤٥.
٥.هلبين محمد امين المزوری، حیزب هيوا –الانل-1939-1946، مطبعە حاجی هاشم، اربيل، من منشورات دار سبيريز للطباعە والنشر، دهوک، 2008، ص187.
٦ . چاوپێکەوتن لەگەڵ موکەرەم تاڵەبانی، سلێمانی، 2022.
٧. عەلی عەبدولڵا، مێژووى پارتى دیموکراتى کوردستان .







































































