گردی سەیوان، بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی مێژووی ئەم شارەیە، کە ئەگەر سەرەتای بنیاتنانی پایتەختی میرنشینی بابان بە مێژووەکەی دابنێین، نزیکەی ٢٤٢ ساڵە و لە چوار گرد پێکهاتووە: شێخ قادری سەرنەگیراو، شێخ عەبدولکەریمی کاسە و کەوچک، شێخ مارفی نۆدێ، گردی شەهیدان.
لەم ڕۆژانەدا، هەندێک زانیاریم پێویست بوو لەسەر مێژووی شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستە، سەیری هەندێک سەرچاوەم کرد و گەڕانێکم بەنێو سایت و پەیجە ئەلیکترۆنییەکاندا کرد. لەسەر هەموو شوێنە دیار و بەرچاوەکانی شار، تەنانەت لەسەر ژمارەی دانیشتووان و خێزان لە ساڵانی پێشوودا، کەشوهەوا و جوگرافیا، کانی و کارێز و ناوچە گەشتیارییەکان، کەسایەتییەکان، پیشە جیاوازەکان، ئاینەکان، تەکێ و خانەقا و مزگەوتەکان… زانیاریم دەستکەوت، بەڵام کەمترین زانیاریم لەسەر گردی سەیوان بەرچاوکەوت، یاخود هەر باسیان نەکردووە. ئاخر کێ هەیە لە ئێمە، جەستەی ئازیزێکی سپاردەی خاک و ئەرخەوانەکانی ئەم گردە نەکردبێت! یاخود ڕۆژانی هەینی و جەژنەکان، لەگەڵ یادی ئەو خۆشەویستانەدا، بە بۆنی بوغوردی ئەم گۆڕستانە، کاسەی سەری پڕ نەبووبێت!
گردی سەیوان لە یادەوەریمدا
بەشی پێشەوەی گردی سەیوان بەڕووی گەڕەکی **سەرشەقام**دا، بە شێخ قادری سەرنەگیراو بەناوبانگە، بەهۆی بوونی مەزارێکەوە کە سەری نەگیراوە، واتە چەتری بۆ نەکراوە. جاران ئەم مەزارە بەشێوەیەکی بازنەیی بە بەردی گەورە و بە شێوەی وشکەکەڵەک هەڵچنرابوو بە چواردەوریدا، بەڵام لە ئێستادا وشکەکەڵەکەکە نەماوە و دیواریان کردووە بە چواردەوریدا. لە ساڵانی زوودا خەڵکی دەهاتن بۆ سەر ئەم مەزارە، بەردی تەخت و بچووکیان دەلکان بە بەردەکانی سیاجەکەیەوە، گوایە ئەگەر بەردەکە بگرێت و نەکەوێتە خوارەوە، ئەوا مرازی دڵیان دێتەدی.
سەبارەت بەوەی بۆچی ناونراوە گردی سەیوان، دەڵێن: یەکێک لە میرەکانی بابان کوڕێکی هەبووە ناوی (سەیوان) بووە، هەر زوو جوانەمەرگ بووە، ئەویش تەرمەکەی لەو گردە بەخاک سپاردووە، ئیتر لەوەوە گردەکە بووە بە گردی سەیوان. دڵنیانیم تا چەند ئەم زانیارییە دروستە.
لە دەستە چەپی ئەم مەزارەوە، گومەزێک هەیە. لەیادمه لە ساڵانی سەرەتای هەشتاکاندا ئاگری نەورۆزیان لەسەر ئەم گومەزە دەکردەوە، لە قۆناغی چواری سەرەتایی بووم، عەسرێکی نەورۆز، لەبەردەم باخی شێخ لەتیفەوە (سەرووی ئەو شوێنە دەکات کە ئێستا بە فولکەی دەستاڕەکە بەناوبانگە) بینیم کۆمەڵێک گەنج و کوڕ و کاڵ تایەی ئۆتۆمبێلیان بردە سەر گومەزەکە و ئاگریان کردەوە، لە پورزایەکم کە بە تەمەن لەمن گەورەتر بوو پرسیارم کرد: بۆچی ئاگر لەسەر ئەو بەرزییە دەکەنەوە؟ وتی: ئەی نەتبیستووە بانگی محەمەد بە ئاشکرا خۆشە؟! دیارە ئەو سەردەمە ئاگری نەورۆز جۆرێک بوو لە تەحەدا و خەبات لە دژی ڕژێم.
گردی سەیوان لە شیعردا
تەرمی بەشێکی زۆر لە شاعیر و ئەدیب و هونەرمەند و ناودارانی کورد لێرە نێژراون؛ بە نموونە: *سالم، کوردی، شێخ مارفی نۆدێ، مستەفا پاشای یاموڵکی، ئەمین زەکی بەگ، زێوەر، حەمدی، حەبسەخانی نەقیب، بێکەس، شێخ محەمەدی خاڵ، گۆران، شەماڵ سائیب، مەرزییە فەریقی، حەمە جەزا، شەماڵ موفتی، ئیبراهیم ئەمین باڵدار، محەمەدی مەلا کەریم، عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، محەمەد عومەر عوسمان، د. کەمال مەزهەر، کەریم زەند…
دیارە لەسەرەتادا، شار لە چەند گەڕەکێکی بچووک (مەڵکەندی، کانی ئاسکان، دەرگەزێن، سەرشەقام…) پێکهاتبوو. شوێن و پێگەی سەیوان کە نزیک بووە لە سەنتەری شارەوە، وایکردووە ببێتە شوێنی سەیران و کۆبوونەوە، دواتریش وردە وردە بووە بە گۆڕستان. گرنگی شوێنەکەی و بوونی گۆڕی ئەو ناودارانە، بووەتە هۆی ئەوەی گردی سەیوان لە شیعر و ئەدەبیاتدا ڕەنگدانەوەی هەبێت:
نالی ، لە نامەکەیدا پرسیار لە سالم دەکات، ئاخۆ گردی سەیوان وەک خۆی بە سەوزی ماوەتەوە:
(سەیوان) نەزیری گونبەدی کەیوانە سەبز و ساف،
یاخۆ بووە بە دائیرەیی ئەنجومی قوبوور؟!
سالم ، لە وەڵامی نامەکەی نالیدا، وەک ئاماژەیەک بۆ زوڵم و زۆریی تورکەکان دەڵێ:
. (سەیوان) پڕە لە شەخسی ستەمدیدە خوار و ژوور
. هەر قەبری پڕ غەمانە لە هەر لا دەکەم نەزەر
شێخ نوری شێخ ساڵح:
. دەخیلە زائیرا ئاهستە پێ دانێ بەسەر خاکا
. مەقامی نامداران و نموونەی عەرشی یەزدانە
. بە تەعزیم و ئەدەب تێپەڕ ببی چاکە بەجێی چاکا
. نیشانە و ڕەمزی کوردە، ناوی بەرزی (گردی سەیوان).
شێخ ڕەزای تاڵەبانی:
. لەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید
. مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت (گردی سەیوان) بوو
موفتی پێنجوینی لە شیعرێکیدا وەسێت دەکات و دەڵێت ئەگەر مردم لە گردی سەیوان بمنێژن:
. ئەگەر مردم، تکایە (گردی سەیوان) ماڵ و قەبرم بێ
. گەڵای ئەو دارە جوانانە، لە جێی سابات و کەپرم بێ
قانع:
. ئەی (گردی سەیوان) شاری خامۆشان
. ئارامگای کۆڕی بلووری پۆشان
. نۆ هەوارگەی خێڵ دەستەی بابانی
. کوێستانی کۆچی نەوجەوانانی
ئەخۆل:
. ئەی (گردی سەیوان) سەیوانی سێوان
. ئەی کەنزی گەوهەر سەرتا بە لێوان
. هەر خوا دەزانێت چی لە دڵتایە
. چەند گوڵی وەریو لەژێر چڵتایە
ئەسیری:
. ئەی ئەسیری هێندە عەشقی میللەتی کوردت هەیە
. بمریشی لام وایە گۆڕی گردی سەیوانت دەوێ
سەیوان لە فەرهەنگدا
بۆچوونی فەرهەنگی خاڵ (بەرگی ٢، لاپەڕە ٢٨٣):
. سەیوان / seywan: (ناو) خێوەت.
. سەیوان / seywan: (ناو) سیوان، چەتر.
.سەیوان هەڵدان / seywan heľdan: (کرداری تێپەڕ) چەترهەڵدان: چەتر بۆ حەوا فڕێدان.







































































