“ئەدەبی بەرگری”
“مەحموود دەروێش” شاعیری نەتەوەیی فەلەستین، چیرۆکێکی ژیانی خۆی دەگیڕێتەوە، کە بە کۆمەڵە شیعرێکی تازەوە دەچێتە بەردەم حاکمێکی سەربازی ئیسرائیلی، هەتا مۆڵەتی چاپکردنی شیعرەکانی لێوەربگرێت: “کە ئەفسەرەکە شیعرەکانمی خوێندەوە ئەوەندەمزانی شەقازللەیەکی وای لە بناگوێمدا، هەتا دەمرم لەبیرم ناچێتەوە. پێشتر نەمدەزانی شیعر ئەوەندە بەکارە، ئەو دەمی تێگەیشتم، کە شیعرەکانم چ مانایەکیان هەیە و تا چ ڕادەیەک دوژمن دەتۆقێنێ. بۆیە بڕیارمدا شیعرەکانم وەک چەکێک لە دژی دوژمنە چینایەتی نەتەوایەتییەکانم بەکاربهێنم”
“هەمان ئاسمان و هەمان با
لەسەر سەری ئێوە و لەسەر سەری ئێمەیە
بەشی خۆتان لە خوێنی ئێمە وەرگرن و بڕۆن
بڕۆن و بەجێمان بهێڵن
ئەوە ئەرکی ئێمەیە
پاسەوانی گوڵی شەهیدەکان بکەین
ئەرکی ئێمەیە بژین
بەو شێوەیەی دەمانەوێت و دەخوازین.”
ئەدەبی بەرگری، هەموو ئەو دەق و نووسینانە دەگرێتەوە، کە لە پێناو پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییدا، لە بارودۆخی جەنگدا نووسران، بەمەبەستی بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک و زیندووکردنەوەی گیانی بەرگری و بەرەنگاری لە دەروونی خەڵکدا، دژ بە دەسەڵاتی داگیرکاری دوژمنان گەشەپێدەدات. ئەم ئەدەبە لە پانتایی گشتیدا کاردەکات و خەون بە ڕزگاری کۆمەڵەوە دەبینێت. “هەموو هێزی نوستووی ناخی هاونیشتمانیان لە مەترسییەک، کە ڕوویکردووەتە نیشتمان و نەتەوە بەئاگا دەهێنێتەوە.” کاتێکیش دروست دەبێت، کە بزووتنەوەیەکی بەرەنگاری لە ئارادابێت، “دەبێ جەنگاوەر، وشە و جەنگ هەبن.” لێرەوە ئەدەب دەبێتە مۆرکێکی بنچینەیی بۆ دەربڕینی هاواری ناڕەزایی دژ بە داگیرکەران. بەمەش ئەدەبی بەرگری “لەو کۆمەڵە هەوڵ و تەقەلا و چالاکییانەدا خۆی دەبینێتەوە، کە بەشەڕی نەرم ئاراستەی داگیرکەر دەبێتەوە، جۆرێک لە ڕۆحیەتی خۆبەدەستەوەنەدان و نیوەشەڕ ئەدات بە مرۆڤ.” هەرچەندە لە قۆناغی گەشەکردنی ئەم ئەدەبەدا شیعر وەک بنچینەیەک بەسەر ژانرەکانی تردا زاڵ بووە، چونکە شیعر کۆنترینی هەستە دەربڕاوەکانی ناخی مرۆڤەکان بووە. بەم پێیە شیعری بەرگری “لە لایەک دژی زۆرداری و خۆسەپاندن و داگیرکارییە و لە لایەکی تر بە بەهای ئازادی، قارەمانێتی، فیداکاری و یەکێتیدا هەڵدەڵێ.” هەر دەقێکی ئەدەبیش بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و بەرەنگاری نووسرابێت، ناسنامەی بەرگری لە خاک و نەتەوە دژ بە داگیرکانی دوژمنان هەڵبگرێت، دەچێتە قاڵبی ئەدەبی بەرگرییەوە. بەپێی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگاش جگە لە شیعر ژانرەکانی تری ئەدەب؛ کورتەچیرۆک، دەقی شانۆیی، ڕۆمان، بابەتە هونەرییەکانی وەک گۆرانی، سەما و سینەما دەچنە ئەم چوارچێوەیەوە.
لەم تەرزی ئەدەبەدا لەپاڵ چەکوچۆڵی سەربازی، وشە وەک چەکێكی کاریگەر، سێرە لە دوژمنان دەگرێت، لەپاڵ جەنگاوەر و شۆڕشگێڕەکاندا، دەقی ئەدەبی بەرگریش لە سەنگەرەکانەوە بەرگری لە مانەوە دەکات و لەگەڵ هەست و سۆزی گەلانی ژێردەستە و زوڵم لێکراواندا ئاوێتە دەبێت. وەک نووسەرێکیش دەبارەی کاریگەری ئەم ئەدەبە و شیعر بە تایبەتی، دەنووسێت: “هەر بە تەنها لە سنووری تەسکی شیعردا نامێنێتەوە، کە دەنووسی لەباتی سەروا قومبەلەیەک دەتەقێتەوە، ئاسمان بەموشەک دەتەنرێ و شار پڕدەبێت لە ئاگر، ئەو دەمە تێدەگەیت لە جیاتی مەرەکەب بە خوێن نووسیوتە.”
“ئەدەبی بەرگری جیهان”
ئەدەبی بەرگری مێژوویەکی دووری هەیە، لە یۆنانی سەردەمی کۆیلەداری، ئیتالیای ڕێنسانس، ئیرلەندەی پاش ڕێنسانس و ڕووسەکانی سەروبەندی شۆڕشی ئۆکتۆبەری(١٩١٧) بناغەی دانراوە. لە ڕابردوودا کاتێک سوپا و هیزی پاشایەک لە شەڕدا توانیبێتی بەسەر پاشایەکی تردا سەرکەوێت و خاکەکەی داگیر بکات، پێش هەموو شتێک شاعیرەکانیان گرتوون و زمانیان بڕیون، هەتا بە شیعرەکانیان گیانی بەرگری لە ناو خەڵکدا زیندوونەکەنەوە.
“تۆ هەتە تیغی دەبان و من هەمە تیغی زبان
فەرقی ئەم دوو تیغە، ئاسمان و ڕێسمان.”
لە دەیەی کۆتایی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، بەهۆی ئەو ناڕەزاییەی لاوان و ڕۆشنبیران لە دەسەڵاتی سەرکوتکاری پاشایەتی هەیانبوو، شیعر و نووسینەکانی خوسرەو گولسرخی شاعیر و ڕۆژنامەوان و نووسەری چەپی ئێرانی، کاریگەری زۆریان لەسەر کەسانی خەباتگێڕی دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی دروست کردبوو، کاتێکیش بە تۆمەتی ڕفاندنی کەسێکی بنەماڵەکەی پاشا، لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆشنبیری تردا دەستگیردەکرێت و بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم دەکرێت، گولسرخی لەبەردەم دادگا دەیوت: “دەنگم ئەم دیوارە تێکوپێک دەدات، ئەگەر جەستە بەخوێن ڕەنگینەکەم بخەنە گۆڕەوە، ئەی هاوارە ئاگرینەکانم چی لێ دەکەن؟”
بە دیاریکراویش لە ساڵانی جەنگی جیهانی دووەمدا(١٩٣٩-١٩٤٥)، ئەدەبی بەرگری گرنگی تەواوەتی پێدراوە و بوژاوەتەوە و گەشەی کردووە. لەگەڵ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی جوڵانەوە ڕزگاریخوازەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم؛ ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، لەگەڵ دابەشبوونیان بەسەر دوو بلۆکی جیهانیدا، کە خاکەکانیان بوونە شانۆی هەزاران کارەسات و ڕووداوی تراژیدی، نووسەر و شاعیرانی وڵاتە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی میحوەر لە جەنگەکەدا، وەک؛ ئیتالیا، بەلجیکا، بولگاریا، پۆڵۆنیا، دانیمارک و فەرەنسا. بەرەیەکی دژ بە فاشیزمیان پێکهێنا. ئەدیبان دەنگ و ناڵەی گەلە ستەملێکراوەکانیان دژ بە دەسەڵاتی داگیرکاریی لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە بە دەرەوە دەگەیاند و لە ناوخۆشدا ورە و هەستی نیشتمانیان لای هاونیشتمانیان بەرزدەکردەوە، چونکە ئەدەب و ئەدەبی بەرگری بەتایبەتی هۆیەکی گرنگی دەربڕینی هاواری ناڕەزایی بوون دژ بە داگیرکەران. لێرەوە تراژیدیا و قارەمانێتی وەکو دوو چەمکی بنەڕەتی، وەکو بەشێک لە واقیعی ژیان، بوونە پێکهێنەری ناوەڕۆکی بابەتەکانی ئەم ئەدەبە. ئیتر ئەدەبی بەرگری بە ناوەڕۆکێکی شۆڕشگێڕانە و دژوەستانەوە لە بەرامبەر دوژمناندا، بە تەواوی پێگەیشت.
“ئەدەبی بەرگری کورد”
یەکەم:- هەر دوای شەڕی چاڵدێران لە (ئابی١٥١٤) و داگیرکردن و دابەشبوونی خاکی کوردستان بەسەر هەردوو ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و سەفەویدا، کە لە پەیمانی زەهاو(١٦٣٩)دا بە فەرمی ناسێنرا، قۆناغی میرنشینە کوردییەکان و سەرەتای سەرهەڵدانی بەرهەمی شاعیرانی کلاسیکی کوردی بوو، قۆناغی ژان و لە دایکبوونی شیعری بەرگری بوو، شیعری شاعیران ناواخن بوون لەو بابەتانەی، کە بەرگرییان لە مانەوەی زمان و فەرهەنگ و یەكێتی کوردان کردووە. ئەحمەدی خانی(١٦٥١-١٧٠٧) لە (مەم و زین)دا زۆر بە ڕوونی داوای یەکگرتوویی و مانەوەی کوردانی کردووە و دەڵێت ئەگەر یەکێتیمان هەبوایە، سەرکردایەتی و پێشەوامان هەبوایە، تورک و عەرەب و فارس خزمەتیان ئەکردین:
“گەردێ هەبوویا مە ئیتیفاقەک
ڤێکڕا بکرا مە ئینتقیادەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیان ژ مەڕا دکر غولامی.”
لای شاعیری داستاننووس (خانای قوبادی)ش (١٧٠٠-١٧٥٩) ئەدەبی بەرگری لە شانازیکردن بە زمانی کوردییەوە گەڵاڵە دەبێت، زمانی کوردی بە شیرین تر لە زمانی فارسی، پێناسی بەرگری پێدەدات:-
“ڕاستەن مەواچان فارسی شەکەرەن
کوردی جەفارسی بەل شیرین تەرەن
پەی چێش نەدەوران ئی دنیای بەدکێش
مەعلومەن هەرکەس بەزوانی وێش.”
زمان وەک هێمایەکی گرنگی مانەوەی نەتەوە تەماشا دەکرێت، لەمەشدا دوژمنانی کورد لە سیاسەتیان بۆ سڕینەوەی زمان و ناسنامەی کوردی لە بەرەبەیانی مێژووەوە تەبا و هاوبەش بوون. دەربارەی گرنگی زمان شێخ محەمەدی خاڵ دەڵێت: “کۆمەڵگای بێ زمان و فەرهەنگ لەژێر پێی نەتەوەکانی تردا دەپلیشێتەوە، نەتەوەیەکی خاوەن زمان و فەرهەنگ ئەگەر لە ناویش بچێت هەر بە نەتەوە دەژمێردرێ لە بەرەو پێشچوونی بە ئاراستەی لوتکەی مرۆڤایەتی، سەرئەنجام ئەگاتەوە بە نەتەوەکانی تر، بە مردنی هەزاران ڕۆڵەی نەتەوەیەک، ئەو نەتەوەیە لەناو نامرێ، بەڵام بە مردنی زمانەکەی ڕەگ و ڕیشەی ژیانی وشک دەبێ و لە گرێژنە دەچێ.” دواتر ئەدەبی بەرگری لای شاعیرانی کلاسیکی کوردی، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و ساڵانی کۆتایهاتنی میرنشینە کوردییەکان و دوورکەوتنەوەی شاعیرانی کورد لە کوردستان، شیعری کوردی سیخناخ دەبێت لە هەستی نیشتمانی و دووری لە خاک، بابەتی ئەدەبی بەرگریش زیاتر گەشە دەکات. ئەوەتە نالی(١٨٠٠-١٨٧٧) لە چامەکەیدا، کە بۆ سالمی ناردبوو، لە وەسفی شاری سلێمانیدا ئەوەندە لە دوورەوە هۆگری بووە، خاکەکەی بە تێکەڵەیەک لە عەنبەر و بۆنخۆشی دارەکانی وەک داری عود، بەردەکانی هێندە بەنرخن وەک گەوهەر و جۆگە و ئاوەکانیشی سەرچاوەکەیان لە نورەوە هەڵدەقوڵێت دەشوبهێنێت:-
“خاکی میزاجی عەنبەر و داری ڕەواجی عوود
بەردی خەراجی گەوهەر و جۆباری عەینی نور.”
نالی کاتێک شێوەزاری گۆران تێدەپەڕێنێت و شێوەزاری کرمانجی خواروو بۆ نووسینی شیعر دەکات بە باو، دەڵێت:-
“کەس بە ئەلفاظم نەڵێ خۆ کوردییە خۆ کردیە
هەر کەس نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکات.”
“ئەم بە کوردی نووسینەی نالی سەنگەرلێدانێکی قوڵە دژی دوژمنانی زمانی کوردی، بەگژاچوونەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ داکۆکی کردن لە بوونی زمانی کوردی و هەڵوێستی بەرەنگارییە بەرامبەر نەیارانی کورد.” چونکە لەو کاتانەدا زمانی نووسین بە فارسی و تورکی بووە و ئەگەر بە کوردیش هەبووبێت بە شێوەزاری گۆران بووە، نالی وەک ڕچەشکێن بە شێوەزاری کرمانجی خواروو شیعر دەهۆنێتەوە. حاجی قادری کۆیی(١٨١٧-١٨٩٧) بە کۆکردنەوەی چەکوچۆڵی سەربازی و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان، هەستی بەرگری لای کوردان جۆشدەدات و دەڵێت:-
“جۆشێک بدەن وەکو هەنگ
تەدبیر بەن بەبێ دەنگ
ئەسپاپی شەڕ پەیداکەن
تۆپ و تفەنگ و هاوەن.”
دووەم:- بە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) و ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی و داگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە، هاوکات دروستبوونی دەوڵەتانی نوێی ناوچەکە، خاکی کوردستان لە دووتوێی ڕێککەوتنامەکانی سایکس- بیکۆ (١٩١٦) لۆزانی(١٩٢٣) لە دوو پارچەی عوسمانی و سەفەوییەوە بوو بە چوار پارچە و بە سەر وڵاتانی(تورکیا، ئێران، ئێراق و سوریا) دابەشکرا. بەمەش لە خاکی کوردانەوە چەندین بزاڤی چەکداری و کۆمەڵەی سیاسی و ڕۆشنبیری و پارتی کوردی دروست بوون و لە خەبات و تێکۆشانیاندا، داوای مافە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی کوردیان دەکرد و زنجیرەی چەوساندنەوە و ژێرپێخستنی مافەکانی کوردیش لێرەوە گیانێکی نوێی بە بەرداکرا. دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەمیش (١٩٣٩-١٩٤٥)، هەرچەندە کوردستان نەبوو بە مەیدانی جەنگ، بەڵام کاریگەرییەکانی جەنگ و داگیرکاری وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکەدا، هاوکاتیش سیاسەتی سەرکوتکردن و سڕینەوەی نەتەوەی کورد لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە، ئاستی قوربانیدان و خەباتی نەتەوەییان دژ بە دوژمنان بەرزکردەوە، کورد بە ئاشتی و برایەتی داوای مافەڕەواکانی خۆی کردووە و هەموو کاتیش بە فیشەک و سەرکوتکردن و جینۆساید وەڵامی دراوەتەوە. هاوهەڵوێست لەگەڵ شاعیر و نووسەرانی ڕزگاریخوازی جیهان، ئەدەبی بەرگری لای شاعیر و نووسەرانی کوردیش دەگاتە ئاستێکی بەزری وەها، کە گیانی بەرەنگاری و بزواندنی هەستی نەتەوەیی و خەبات لە پێناو ئازادیدا، لە نێو دەقی شیعر و نووسینەکانیاندا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە. هەر بەتەنها شیعر نیە وەک کاریگەرترین تەزری ئەدەبی بەرگری، بەڵکو چیرۆک، ڕۆمان و شانۆ… وەک (شوانی کورد)ی عەرەبی شەمۆ، (لەخەوما)ی جەمیل سائیب، (پێشمەرگە)ی ڕەحیمی قازی، (ژانی گەل)ی ئیبراهیم ئەحمەد و دەیان نووسینی تر، شانبەشانی شیعری شاعیران بوونە بەشێکی کاریگەری ئەم ئەدەبە. بێکەسی شاعیر(١٩٠٥-١٩٤٨) وەک ئاڵاهەڵگری ئەبی بەرگری لەم قۆناغەدا دەڵێت:-
“داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ قەت بەرناگرێ
سەربەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەرناگرێ
پیاو ئەبێ بۆ سەندنی حەققی خۆی لە مردن سڵ نەکا
هەر(بڕوخێ) بەس نیە، تاکو نەسەندرێ نادرێ.”
یاخود لە شیعری (ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم)دا، کە بۆ بەرزکردنەوەی گیانی بەرگری و خۆشەویستی و ورەی کوردان، ڕوو بە نیشتمان دەڵێت:-
“من زیکر و فیکری تۆ غافڵ نەبووم، وا تێ نەگەی
حەپس و تێهەڵدان و زیللەت تۆی لە بیر بردۆتەوە
بەو خوایەی بێ شەریک و لامەکان و واحیدە
عەشقی تۆ نەوعێ لە دڵما ئاگری کردۆتەوە
ئاگرێکی وا هەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر
قەت گڕ و کڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد نەکوژێتەوە.”
هێمن موکریانی(١٩٢١-١٩٨٦) بۆ بێکەسی شاعیر دەسێنێتەوە و دەڵێت:-
“وەتەن گیان سەر و ماڵم فیدای تۆ
وەگیانی من کەوێ دەرد و بەڵای تۆ
لە پێناوت دەنێم سەر تا بزانی
منم ڕۆڵێکی ئازا و باوەفای تۆ.”
سێیەم:- دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول(١٩٦١) و خەباتی پارتە کوردییەکان دژی داگیرکاری و هێرش و پەلاماری دوژمنان بۆ سەر خاکی کوردستان، لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، ئەدەبی بەرگری کوردی دەگاتە ترۆپک و لەم ڕێگەیەوە لەپاڵ خەباتی چەکداری و قوربانیدانی پێشمەرگەوە، نووسەر و شاعیرانیش چەکی بەرگری لە شان دەکەن و پێنووسەکانیشیان هاوتەریب لەگەڵ چەکەکەی شانیان لە دژی دوژمنان دەکەونە سەنگەری بەرگرییەوە، لە نێو دەقەکانیاندا بانگی ڕزگاریی نەتەوە بە گوێی جیهاندا دەدەن، هێمن دەڵێت:-
“فێری زۆر دەرسی بەکەڵك و باشی کردین تێشکان
جا ببینە ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەم جاری کورد
واگزینگی دا بەیانی جوانی ئازادی بەشەر
ڕۆژی ڕووناکە، نەماوە زوڵمەتی شەوگاری کورد.”
تەنانەت لە زیندانی فاشیستەکانەوە شاعیرانی کورد، بەگیانی بەرەنگاری و بە ورەیەکی پۆڵایینەوە لە بەرامبەر دوژمناندا گیانی خۆیان لەو پێناوەدا بەخشیوە. شەهید مەلا عەلی(١٩٥٣-١٩٧٩) بەشیعرە ئاگرینەکانی لە زیندانی موسڵ و لە چاوەڕوانی سێدارەدا، ڕوو بە دوژمنێکی وەک بەعس و تازەکردنەوەی پەیمانی بەرگری لە نەتەوەکەی، هێشتا شادە کاتێک جەستەی بە سێدارە هەڵدەواسن و دەبینێت پێڵاوەکانی لەسەری دوژمنانی کورد بەرزترە:-
“گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نەمردن دیارە لێوەم
بەشم چونکە مردنی ناوجێ نیە
شادم کە تا دوا هەناسەش بە پێوەم
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن
بەسەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین.”
زنجیرە کارەساتەکانی دوژمنان کە بەسەر کوردیاندا هێناوە، چ لە ڕۆژهەڵات بێت وەک سیاسەتی سەرکوتکاری ڕژێمی شا و دواتریش کۆماری ئیسلامی، جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجە و کۆڕەو لە باشوور و دەسەڵاتی دژەکورد و زمان و ناسنامەی کوردیانە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەمیشە دەقە ئەدەبییەکان و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان، کە دەچنە چوارچێوەی ئەدەبی بەرگرییەوە ئامادەییان هەبووە. نووسەر و شاعیر ئەبوبکر کاروانی(١٩٦٥- ؟ ) زۆر جوان ئەو وێنەیەمان بۆ نمایش دەکات و دەڵێت:-
“ئێمە نەوەی فەرهادین و بەگژ کێودا دەچینەوە
هەولێرین و بۆ هۆلاکۆ، تامردن ناچەمینەوە
ئەنفال و کیمیاوی و ڕووخان، گڕی ژیانمان خامۆش ناکا
دوای هەموو نسکۆ و ئازارێ، ڕۆحمان شۆڕش بەرپا دەکا.”
“شۆڕشی ژن، ژینای ڕۆژهەڵات و کەزی ڕۆژئاوای کوردستان”
دوو ڕووداوی کارەستباری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی (٢٠٢٢ ، ٢٠٢٦) خاکی کوردستانیان کرد بە شانۆی ناڕەزایی و بوژانەوەی خەباتی نەتەوەیی و گیانی قوربانیدان، دیسانەوە گیانی بەرەنگاریان لای کوردان زیندووکردەوە. چونکە سیاسەتی داگیرکاری و دەستبردن بۆ مافەکانی کورد لای دوژمنانی کورد نەپساوە و هەموو چرکەساتێک ئەگەرێکی کراوەیە.
یەکەم:- شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵات؛ (١٣ی ئەیلولی٢٠٢٢) بە بیانووی نەگونجاوی حیجابەکەی لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامی لە تارانی پایتەخت، کیژە کوردی شاری سەقز ژینا ئەمینی(٢٢) دەستگیر دەکەن و دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی سەختی نێو زیندان، لە(١٦ی ئەیلول) بەهۆی سەختی برینەکانییەوە، لە نەخۆشخانەی کەسرا گیان لە دەست دەدات. مردنی ژینا دەبێتە دەستپیکی سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکی بەرفراوان و چەندین مانگ ناڕەزایی و خۆپیشاندان لە ژێر دروشمی(ژن، ژیان، ئازادی) شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەنییەوە. هەرچەندە لە سەرەتادا دژ بە حیجابی زۆرەملێ و زەبروزەنگی هێزە ئەمنییەکان، دەنگی شەقام بڵند دەبوو، بەڵام دواتر بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان لە ژێر ناونیشانی (شۆڕشی ژینا)دا دژ بە دەسەڵاتدارانی ئێرانی پەرەی پێدرا. هاوهەڵوێست لەگەڵ ڕۆژهەڵاتییەکان لە پارچەکانی تری کوردستانیشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بۆ مەرگی ژینا و مافە نەتەوەییەکان و دەستهەڵگرتنی کۆماری ئیسلامی لە شەهیدکردن و بریندارکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات، دەنگی خۆیان خستەپاڵ کوردانی ڕۆژهەڵات. ئەو شیعر و پەخشان و گۆرانی و کارە هونەرییانەی، کە دەچوونە قاڵبی ئەدەبی بەرگرییەوە بووە وێردی سەرزمانی خۆپیشاندەران و ورە و هەستی نەتەوەییان لای خەڵک بەرز دەکردەوە.
“گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نیە
لەتلەتم کەن، بمکوژن، هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن.”
دووەم:- تەرمەکەی دەنیز و شۆڕشی کەزی لە ڕۆژئاوا؛ (٦ی کانوونی دووەمی٢٠٢٦) کاتێک سوپای سوریا و گرووپە چەکدارەکان بە هاوکاری فڕۆکەکانی تورکیا، هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، شەڕەڤانانی کورد ڕووبەڕووی داگیرکاری گرووپە چەکدارەکان بوونەوە و بەرگرییان لە مانەوەی کورد و پاراستنی ناسنامەی کوردبوونیان لە شارەکەدا کردەوە. کیژە کوردێکی شەڕەڤان بە ناوی (دەنیز چیا) لە باڵەخانەیەکی گەڕەکی شێخ مەقسوودەوە هەتا دوا هەناسە بەرامبەر چەکدارەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە وەستایەوە و بەرگری کرد، دوای شەهیدبوونیشی لە لایەن چەکدارەکانەوە تەرمی دەنیز لە باڵەخانەکەوە فڕێدەدرێتە خوارەوە. ئەم دیمەنە ناخی کوردانی کوردستان و جیهانی هەژاند، بەدەر لە هەموو جیاوازی و ناکۆکییەک هەمووان بە یەک دەست و بە یەک دەنگ کاری چەکدارە داگیرکەرەکانی ئەحمەد شەرعیان ڕسوا کرد و ناڕەزاییەکان تەقینەوە و هەمووان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، بوونە یەک گیانی بەرەنگاری و دژوەستانەوە. ناڵە حەسەن لە شیعرێکیدا لەژێر ناونیشانی(پێنج وردە شیعر بۆ ڕۆژئاوا)، دەنووسێت:-
“من ڕۆژئاوام
هانێ ئەوە دەستم
تاقە ڕێگای مانەوەمان بەس یەکبوونە
گەر ناسیۆنالیستێکی نیشتمانپەروەری/ دەستت بێنە
گەر کۆمۆنیستێکی مرۆڤپەروەری/ دەستت بێنە
گەر ئایینزایەکی هەقپەروەری/ دەستت بێنە
ئەگەر فەلەی یان زەردەشتی یان کاکەیی یان یەزیدی
لە باشوور بی یان لە باکوور یان ڕۆژهەڵات
لە هەر کوێیەکی ئەم دنیایەی/ دەستت بێنە
من ڕۆژئاوام
جەستەم پڕ لە برین و
جەرگ و دڵیشم ڕووباری خوێنە
دەستت بێنە
تەنها تاوانم کوردبوونە و هیچی تر”
هاوکات دیمەنی سوکایەتی پێکردنی چەکدارێکی سووری بە کەزی بڕاوی شەڕەڤانێکی شەهید لە ڕەققە، ئەوەندەیتر گڕی لە ناڕەزاییەکانی کوردان بەردا و خۆپیشاندانی کوردان، بەشێوەیەکی مەدەنیانەی لە (شۆڕشی کەزی)دا بە دروشمی (کەزی کەزی شەڕەڤانە، شانازی هەموومانە) کوردستان و جیهانیان تەنییەوە. شیعر و هەڵبەست، نووسین و کاری هونەری جۆراوجۆر لە ئەدەبی بەرگری کوردیدا، دیسانەوە لەگەڵ ڕۆحی کورداندا ئاوێزان بوویەوە. هەتا هێرشی داگیرکاری دوژمنان بۆ سەر خاکی کوردستان و مافی کوردان بەردەوام بێت، ئەدەبی بەرگری ئامادەیی هەیە و کاریگەری خۆی لەسەر دڵی کوردان جێدەهێڵێت. بەڵام وەک (ئەبوبەکر کاروانی) شاعیر دەنووسێت، دواجار ئاسۆ ڕوونە و چارەنووسی دوژمنانی کوردیش هەر تیاچوونە:-
“خەمتان نەبێت ئاسۆ ڕوونە
ڕۆحمان ڕوو لە گەورەبوونە
فیرعەونی ژێر دەستەییمان
لە کەنار دەریای تیاچوونە.”
سەرچاوەکان؛
- هێمن دەربارەی ناوەڕۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتی شیعرەکانی، د.عوسمان دەشتی، چاپی یەکەم، ٢٠٠٩.
- ڕاسپاردە بە با دا، محەمەد ئەحمەد تاهیر، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠١٩.
- گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ، ژمارە ٩٣، حوزەیرانی ١٩٨٢.
- گۆڤاری پێروو، ژمارە ١، ئاداری ١٩٨١.
- گۆڤاری نووسەری کوردستان، ژمارە ١٧، پایزی ١٩٩٠.
- دیوانی بێ کەس، فایەق بێکەس، ئا؛ محەمەدی مەلا کەریم، چاپی دووەم، بەغداد، ١٩٨٠.
- دیوانی شیعر و هەڵوێست، شەهید مەلا عەلی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١١.
- دیوانی هێمن، هەولێر، ٢٠٠٣.
- دیوانی پاییزەخەونی سەربەخۆیی، ئەبوبەکر کاروانی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٥.







































































