بەپێی تیۆرەکانی فرۆید پێکهاتەی دەروونی مرۆڤ بە سەر سێ بەشی “خود”، “ئەو-ناخ” و “ژوورەخود” دابەش دەبێت. “ئەو” و یان “ناخ” یەکەمین توێژی پێکهاتەی دەروونی ئینسان لەخۆ دەگرێت و خەسڵەتێکی تەواو بایۆلۆجی هەیە. “ئەو” لەخۆگری هەموو بزوێنەرە غەریزییەکانی تاکن کە لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی دیکە گوازراوەتەوە و ناوەرۆکەکەی نەگۆڕە. دەکرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە غەریزە سێکسییەکان و چالاکییەکانی ئۆرگانیسمی لەش بکەین کە دەبنە هۆی درێژەدانی ژیانی تاکەکان. “ئەو” هەروەها لەخۆگری هەموو غەریزە ڕۆحییەکانی ئۆرگانیسمی تاکەکەسیشە. سەرباری ئەمانەش هەموو تایبەتمەندی و خەسڵەتە ڕۆحییەکانی تاکەکەس کە لە ڕێگەی بۆماوەیی و جێنایەتییەوە پێی دەگەن لە هەناوی “ئەو”دا هێلانەیان کردووە. ئاماژەکردن بەم خاڵە بنەڕەتییە کە جوێکەرەوە و دیاریکەری سنووری “ئەو” یان “ناخ”ە لە بەشەکانی دیکەی پێکهاتەی دەروونی گرنگە و ئەویش ئەمەیە کە هەموو ناواخن و ناوەرۆکەکانی “ناخ” خەسڵەتێکی تەواو ناوشیاریان هەیە. بەم مانایە کە تاکەکەس هیچ وشیارییەکی لەسەر “ناخ” نییە و چ بیەوێت و چ نەیەوێت ئەم ناواخنە هەیە و خواستێتی تێر بکرێت؛ لە لایەکی دیکەوە تێرکردنی تەواو و دروستی ئەم غەریزانە یەکێک لە پێویستییەکانی ژیانی دەروونی تەندروستی تاکەکەس پێک دێنن.
بنەمایترین ئەرکی “خود” لە پێکهاتەی دەروونی مرۆڤدا بیچمدان بە “من”ی تاکەکەسە. “خود” بریتییە لە لایەنی هاوئاهەنگ لەگەڵ کەسایەتیی ڕاستەقینەی تاک و هەر بەم هۆیەشەوە جیهانی دەرەوەی تاک هەست پێ دەکات و کۆنترۆڵی چالاکییەکان و ڕەفتارە وشیارانەکانی تاک دەگرێتە ئەستۆ. یەکێک لە بنەماییترین چالاکییەکانی”خود” بریتییە لە نێونجێتی لە نێوان “ناخ” و “ژوورەخود”. بەم شێوەیەیە کە ئەو دەستەیە لە پاڵنەرەکان کە لە “ناخ”ەوە هاتوون و خواستیان هەیە تێر بکرێن لە لایەک و فەرمانەکانی “ژوورەخود” لە لایەکی دیکە بە جۆرێک کۆنترۆڵ دەکات کە لە باشترین حاڵەتی نێوان تێربوونی “ناخ” و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی “ژوورەخود”دا حاڵەتێکی لە هاوسەنگی دروست ببێت تاکوو تاکەکە لە ڕووی ڕووحییەوە تێک نەچێت. بەلام ئەم بابەتە زیاتر بەم شێوەیەیە کە غەریزەکانی “ناخ” لە بەرژەوەندیی لۆمەکارییەکانی “ژوورەخود” دەڕەتێنرێن و لەم حاڵەتەدا تاکەکە ناتوانێت کە وزە هەڵقوڵاوەکانی غەریزەکانی”ناخ” ئازاد بکات.
بەپێچەوانەی خواستەکانی”ناخ” کە لە هەموو لق و پۆپەکانی خۆیدا بنەمای تێربوونی تاکی کردووە بە خواستی سەرەکیی خۆی، هەموو لایەن و ئاراستەکانی چالاکیی “خود” لە پێناو پاراستنی ئاسایش و جێگیریی پێکهاتەی دەروونی و ڕووحییە. بە دەربڕینێکی دیکە دەکرێت بڵێین کە “خود” بە هەمان ئەندازە کە تایبەتمەندە بە مرۆڤ “ناخ”یش بە هەمان ڕادە حەیوانی و ئاژەڵانەیە و هەر بۆیە دەکرێت “خود” و “ناخ” بەپێی سرووشتیان وەکوو دوو جەمسەری دژ بەیەک چاو لێ کەین کە هەبوونی ئەم دژایەتییەش خۆی لە خۆیدا پێویستییەکە بۆ درێژەدان بە ژیانی دەروونی و هەروەها بایۆلۆجی مرۆڤە. بەپێچەوانەی دوو بەشی سەرەوە، ژوورەخود یان “سووپهرئیگۆ”، کە دەکرێت هاوتەریبی بزانین لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکان و ویژدان، تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتیی هەیە و تەنها لە گرووپ و یان لە ناو کۆڕ و کۆمەڵدا دەتوانێت دروست ببێت و پەروەردە بکرێت. هەڵبەت گەشەسەندن و پەروەردەبوونی “سووپهرئیگۆ” بریتییە لەوەی کە هەموو چالاکییەکانی “خود” بە ئاڕاستەی زاڵبوون بەسەر چڵێسی و سەرکێشییەکانی “ئید-ئەو/ناخ”دا بێت و جۆرێک سنووردانان بۆ تێرکردنی غەریزەکانی “ئید” لە ڕێگەی “خود”ەوە بەدیبهێنێت.
بە هەمان شێوە کە پێشتریش ئاماژەی پێ درا “سووپهرئیگۆ” لەخۆگری هەموو لۆمەکارییەکان، دابونەریتەکان و ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکانە کە تاکەکەس تێیدا دەژی. دیارترین ڕۆڵی کۆمەڵگاکان و گرووپەکان بۆ ئاراستەکردنی پێکهاتەی دەروونی مرۆڤ بە باوەڕی فرۆید دروستکردنی لەمپەر لە بەردەم تێرکردنی ئەو خواستانەیە کە لە “ئید” یان ناوشیارەوە هەڵدەقوڵێن. زاڵبوونی تەواوەتیی یەکێکیان بەسەر ئەوی دیکەیاندا بە باوەڕی فرۆید دەتوانێت خاڵی ترۆپکی دروستبوونی تێکچوونە ڕووحییە جۆراوجۆرەکان بێت و حاڵەتی هاوسەنگیی تەواو لە نێوان “ئید” و “ژوورەخود”دا دەسپێکی دروستبوونی تێکچوونە ڕووحییەکانە. لە ژێر تیشکی ئەم ڕوونکردنەوەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە فرۆید ژیانی کۆمەڵایەتیی بە خاڵی سەرهەڵدانی دژایەتییە ڕووحییەکان دەزانێت کە لە تێرنەکرانی ئازادانەی غەریزەکانی”ئید”ەوە سەرچاوە دەگرێت.
نموونەی خوارەوە دەتوانێت هەمووی ئەو شتەی کە تاکوو ئێستە لەبارەی بەشە سێیانە یان سێ فاقییەکانی پێکهاتەی دروونیی مرۆڤ لە ڕوانگەی فرۆیدەوە باسمان کرد و لایەنی نزیکی و پەیوەندییەکەیان لە چوارچێوەی خۆیدا پیشان بدات. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بکەم کە ئەم نموونەیە و تەنانەت تیۆرەکەی فرۆید پلەبارەی پێکهاتەی دەروونی مرۆڤ تەنها دەتوانین وەکوو ئامرازێکی تیۆریی هەژمار بکەین کە ئیشی ناسینی دەروون بۆ ئێمە ئاسانتر دەکەن، واتە ئەمانە وەکوو ئەو مۆدێلانەن کە ئێمە لەڕێگەیانەوە و بە یارمەتییان دەمانەوێت دەروونی مرۆڤ بناسین. باسکردنی نموونەکە (لەبری چۆنێتیی پەیوەندیی بەشە سێیانەکانی پێکهاتەی دەروونی مرۆڤ) دەتوانێت ئێمە زیاتر لە تێگەیشتنی بابەتەکەدا یارمەتی بدات؛ وای دانێین جەنابی ئەلف، خوێندکاری زانستی دەروونناسی، لە دوانیوەڕۆیەکی یەکێک لە ڕۆژە گەرمەکانی هاویندا حەز دەکات کە لەباتی ئامادەبوون لە سێمیناری وانەکاندا بڕوات بۆ باسکەمەلێ( پاڵنەری دەروونی ناخ-ئید). “ئید”ی جەنابی ئەلف پیویستی بە تێربوونی ئەم خواستە هەیە و ئەم پێویستییەش بە گوێی “خود” دەگەیەنێت. لەم میانەیەدا “سووپهرئیگۆ”ی جەنابی ئەلفیش دەستی بە جموجوڵ کردووە و ئەم حەز و خواستە بە لەبەرچاوگرتنی بەها شوناسییەکانی دەوروبەر و ژینگەکە”پێویستی ڕۆشتن بۆ سێمیناری وانە” لێک دەداتەوە و فەرمان بە (خود” دەکات کە پاڵنان و خواستی “ئید” پشتگوێ بخات. ئەرکی “خود” ئەمەیە کە بەپێی دیسیپلینی واقیع لە نێوان ئەم دوو خواستەدا ببێت بە نێونجی. ئێستە ئەگەر “خود” لە قازانجی “ئید” دەنگ بدات، لەم حاڵەتەدا ویژدانی جەنابی ئەلف دەڕووشێت، و ئەگەریش لە قازانجی “سووپهرئیگۆ” پاڵنەر و خواستی “ئید” پشتگوێ بخات، لەو حاڵەتەدا هەستی هەڵتۆقیو لە سەرکوتکاری( ئاخ و ئۆف..بەداخەوە دەبێت بڕٶم بۆ سێمینار ئەگینا…) پاڵنەری “ئید” لە زەینی جەنابی ئەلف دەمێنێتەوە و دەتوانێت کێشە دروست بکات.
لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنی تاکێکدا”خود” بەڕادەیەک لاوازە کە ناتوانێت بە تەنهایی و بە بێ وەرگرتنی یارمەتی لە دەرەوە بەسەر پاڵنەر و ختووکەدەرە بەهێزەکانی “ئید”دا زاڵ بێت و بیانهێنێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەر بەم هۆیەشەوە کۆنترٶلکردنی ئەم غەریزانە لە لایەن “سووپهرئیگۆ”ی تاکەکەسەوە کە لە شێوەی کارتێکەرییە ڕاستەوخۆکان کە لە فەرمان و لۆمەکانی دایک و باوکەوە سەرچاوە دەگرێت، دێتە ئاراوە. ڕەفتارە دیکتاتۆرانەکان و کەسایەتیی توند و تۆڵی باوک و دایک لەگەڵ منداڵ( بۆ نموونە لە کاتێکدا کە منداڵ هێشتا ناتوانێت میزی خۆی ڕابگرێت بەڵام بە زۆر و بە ئەگەری زۆر لێدان و تەمبێکردنی باوک و دایک ناچار بەمە دەکرێت) لە لایەکەوە “سووپهر ئیگۆ”ی منداڵ بەهێزتر دەکات، واتە منداڵ زیاتر گوێڕایەڵی فەرمانەکان دەبێت و لە لایەکی دیکەشەوە پێش بە گەشەسەندن و باڵاکردنی “خود”ی منداڵ دەگرێت و چالاکییەکانی زیاتر لە ڕادە ملکەچی فەرمانەکانی “سووپهر ئیگۆ” دەکات و بەم هۆیەوە متمانەبەخۆبوون لە منداڵدا کاڵ دەبێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا منداڵێکمان هەیە کە متمانەی بە خۆی نییە. ئەم جۆرە ڕەفتارە نادروستانەی باوک و دایک لە ڕاستیدا دەبن بەهۆی ئەوەی کە منداڵ ملکەچی لە هەمبەر ژینگە و دەوروبەر لە خۆیدا بکات بە خواستێکی دەروونی، و قەوام و پتەوبوونێکی ئەخلاقییان بۆ بونیات بنێت و ملکەچی و فەرمان قبووڵکردن بکات بە یاسای ژیان و فەلسەفەی بوونی خۆی و لە درێژایی ژیانی خۆیدا تاکەکە ملکەچ و کۆیلەی ژینگەکەی بێت.
تاکێک کە بە ئاوەها کەسایەتییەکی لاوازکراو دەیەوێت لەگەڵ پرسەکانی ژیان هەڵسوکەوت بکات بێگومان لەگەڵ هەستی ترسدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە و خۆی لە هەمبەر ئەرکەکانی ژیانیدا دەستەوەستان دەبینێت و هەر بۆیەشە هەر ڕووداوێک یان هەر ژینگەیەکی نوێ کە بانگهێشتی بکەن بۆ ململانێ و خۆگونجاندن بۆ ئەو هاوکاتە لە گەڵ سەرهەڵدانی ترسی زۆرەوە. بەپێی تیۆرەکانی فرۆید مرۆڤ یەکەمین ترسی گەورەی ژیانی خۆی لە کاتی لەدایکبووندا ئەزموون دەکات، ترسێک کە دەگەڕێتەوە بۆ دابڕان و جیابوونەوەی ساوا لە داوێنی ئەمن و پڕ لە ئاسوودەیی زگی دایک و هاتنێتی بۆ ناو جیهانی نەناسراوی ژیانێک کە لە دەرەوەی زگی دایک دەست پێ دەکات. هەموو هەستە چەند لایەنەکانی منداڵ لەگەڵ لەدایکبوونیدا دەکەونە بەردەم گۆڕانکاریی زۆر سەیر و سەمەرە و منداڵ یەکەمین هەنگاوی خۆی بۆ سەربەخۆبوون لە ئۆرگانیسمی دایک و جێگیربوون لە دۆخی ژیانی دەرەوەی داوێنی دایک بە نەزانییەکی رەهاوە بەنیسبەت هۆکارەکانی ترسەکانی خۆی دەهاوێژێت. فرۆید ئەم یەکەمین ئەزموونەی هەستکردن بە ترس بە زەمینەسازی هەموو ترسەکانی دواتر لە ژیانی تاکەکەس دەزانێت و لە ژێر ناوی ترسی یەکەمین ناوی دەبات. لە ماوەی تێپەڕێنی ژیان”ئید” ی مرۆڤ کە ئارەزووی بۆ تێربوونی غەریزەکانی خۆی هەیە وردەوردە دێتە ژێر ڕکێفی “خود” و “ژوورەخود”ەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕەوتە، کاریگەری و هەیمەنەی ناوشیاری “ئید” لەسەر “خود” بە ئاڕاستەی تێرکردنی غەریزەکانی “ئید”دا زێدە دەبێت. کاتێک کە ئەم پاڵنەر و خواستانەی ناوشیار هێرش دەکەنە سەر “خود”، لە تەمەنی منداڵیدا “خود” ئەم تواناییەی نییە کە لێیان تێبگات و بەم بۆنەیەوە ئەم پاڵنەر و خواستانە لە منداڵدا ترس دروست دەکەن.
ئەم هەستکردن بە ترسە کە فرۆید ناوی لی دەنێت “ترسی بێلایەن” وەکوو هەڕەشەیەکە بۆ سەر “خود” لە لایەن “ئید”ەوە. بەم شێوەیەی کە “خود” لە لایەکەوە ناچار دەبێت کە بواری تێربوونی خواستە ناوشیارەکانی هەڵقووڵاو لە “ئید” بدات بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر ڕکێفی فەرمان و لۆمەکارییەکانی “سووپهر ئیگۆ”دایە و “خود” هان دەدات تاکوو “ئید” لەقاو بکات. ئەو ترسەی کە لەم ململانێیەدا هەڵدەقوڵێت فرۆید وەکوو “ترسی ئەخلاقی” و یان “ترسی ویژدانی” باسی دەکات. هەر بۆیە چالاکیی “خود” هۆکاری سەرەکیی بەرهەمهێنان و کارکردنی ترس دەبێت. ئەرکی دووهەمینی “خود” ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک کە دەکرێت جێگیربوونی دەروونی لە ڕێگەی پێشگرتن لە وشیاربوونی تاک بەسەر هەستی ترسدا، بپارێزێت. “خود” بۆ ئەوەی کە بتوانێت ئەم کارە واتە پێشگریی وشیارانە لە هەستکردن بە ترس بکات “سیستەمە بەرگرییەکان” بەکار دەهێنێت. ئەگەر ئاست و پانتایی ئەم ترسانە ئەوەندە بەربڵاو بن کە هەموو سیستەمە بەرگرییەکانی “خود” لە هەمبەر ئەو ترسەدا داماو و دەستەوەستان بن لەم حاڵەتەدا هەوڵە لە ڕادەبەدەرەکانی “خود” بۆ لەقاوکردن و کۆنترۆڵکردنی ترس لە ئاستی خۆیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی نیشانەکانی نەخۆشیی دەروونی کە ئەمەش حاڵەت و قۆناغێکی دیکەیە و باسێکی دیکە دەخوازێت.
سەرچاوە؛ مجلە روانشناسی، سال سوم، شمارەی ٣٤، تهران، آنتشارات اهورا. ١٣٨٩
نووسین؛ حسێن پایەندە
وەرگێڕان؛ موحسین عەلیڕەزایی







































































