+ جگەرە کیشانت تەرک نەکردووە؟
ماغوت؛ خواردنەوەش.
+ دەڵێی مکووڕی لەسەر ئەوەی ژیانی خۆت لەم دونیا و ئەو دونیاش لەناو ببەی؟
ماغوت؛ وەکوو ئەوەی بڵێی سووتانی دونیا هەڵەی تووتنە.
+ پێتوانییە تۆ لە ڕادەبەدەر شتەکان گەورەتر دەکەی؟ بەجۆرێک وا لە قەسیدەکانت دەکەی ببن بە قەلەڕەشێک و تەواوی قارە قارەی قەلەڕەشەکانی دونیا لە گەروویدا کۆ ببێتەوە؟
ماغوت؛ کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ جاک پریفێری شاعیری فەڕەنسـی بووم و باسی خوێنی شیعرمان دەکرد؛ ئەو پێیوایە شیعر وەکوو پانسەر (الحرباء)ە، ڕەنگی جلەکانی دەگۆڕێت تاوەکوو جڵەوی چاوی خوێنەر بکا. ئەمما من پێچەوانە بیر دەکەمەوە؛ من پێموایە خوێنەری زۆڵ دەست بەسەر شتە سووک و کەم مەترسییەکاندا دەگرێ. بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی قارە قارەی قەڵەڕەش بێزارکەرە و دەروون دەشێوێنت، دەبێت بە قارە قار بیانترسێنین.
+ با باسی خۆشەویستی بکەین، لەلای ماغوت چۆن مێژووەکەی دەخوێنینەوە؟
ماغوت؛ هەمیشە پێموابووە دڵی عاشقان لە گا، یان لە فیل دەچێت، بەڵام کە کەوتمە داوی خۆشەویستی سنییەوە، ئەو بیر و بۆچوونەم نەما. تەنانەت هەستمکرد شتێک بەناوی دڵ لە جەستەمدا نەماوە. ئەو پارچە گۆشتە لە سایەی کەسێکەوە بوو بە هەڵم.
+ چی دەربارەی جوانی؟ ئەمەش وەختە ببێتە یەکێک لە وەهمەکانی تر کە شاعیر دەکەوێتە تەڵەکەیەوە؟
ماغوت؛ جوانیی سەرچەفە، کە ئێمە پارەی کڕینیمان نەبوو. بۆیە ئێمە ڕووت و قووت بووین. هەر وەخت سەرمامان بوایە، پەنامان دەبرد بۆ خەم، چونکە لە نەوت و دار هەرزانتر گەرمی دەکردینەوە.
+ بەڵام تۆ پارەی زۆرت لە شانۆییەوە وەرگرت؟
ماغوت؛ بەڵێ، پارەیەکی زۆرم وەرگرت، بەڵام بەهۆی ئەوەوە هەموویم لەدەستدا. ئەو هۆکار بوو تاوەکوو شانۆیی بنووسم.
+ ئەو ژنە کێیە؟ ئەکتەرە، یان نووسەر؟
ماغوت؛ ئێستا لە لێواری زەهایمەرم و لە یادم نییە. پێشتر هەموو ناوەکانم لەژێر خاکی دیمەشق و سەلیمە ناشت.
+ ئێستات بۆ نووسینی شیعر تەرخان کردووە؟
ماغوت؛ هەرگیز، ڕەخنەگرەکان بەبیانووی ئەوەی شۆڕشم دژی کێش و سەروادا هەڵگیرساندووە، وەکوو سزایەک ناهێڵن دەستی بۆ ببەم. دەبێ سزای خۆم وەربگرم.
+ ئایا ماغوت بە هەمان هەناسەی نیچەیی دەقی نووسیوە؟
ماغوت؛ بەڵێ، بەڵام بەبێ تەپوتۆزی فەلسەفە. زۆربەی قەسیدەکانم بە بە ئازادی نووسراوە، نەک کار لە ئەقڵی زمان بکەن.
+ مەودای نێوان شیعرەکانت و پەتا چەندە؟
ماغوت؛ من شیعر بۆ خوێنەر دەگوازمەوە، نەک بۆ شاعیرەکان. هەر خوێنەرێک دەقی من بخوێنێـتەوە نەخۆش دەکەوێ.
محەمەد ماغوت شاعیر و ئەدیبێکی سورییە و لە ١٢ی دیسەمبەری ١٩٣٤ لە سووریا لەدایکبووە. کوڕە گەورەی خێزانێکی لادێنشین بووە. باوکی دوکانی هەبووە و لەو ماوەیەدا ژیانێکی خۆشی بەڕێکردووە، بەڵام دواتر کە باوکی دوکانەکە دەفرۆشێت و بە پارەکەی ئەسپێک دەکڕێت، بارودۆخیان دەگۆڕێ. باوکی بوو بە وەرزێر و کارەکەی تەنیا بەشی گەنمی دەکرد. ئەو پەتاتەیەی دایکی لە کێڵگە دەیهێنایەوە، ژەمی سەرەکیان بوو. لە تەمەنی نۆ ساڵیدا دەستیکرد بە جگەرە کێشان. کە باوکی بەم کارەی زانی، لەناو بازاڕدا دایە بەر فەلاقە، چونکە جگەرە کێشان لە گوندەکەدا نەنگی بوو. لەپێناو پارە لە هەموو شوێنێک و بوارێکدا کاری دەکرد، زۆرجاریش دەستی بەسەر پارەکانی عیسای برای دەگرت. لە جەژناندا بە قروش یان فرەنک لە گۆڕستانەکاندا سورەتی ڕەحمانیان دەخوێندەوە.
کوڕێکی قژ زەردی دەمارگیر بوو، کە بۆ ئەوە نەدەشیا لە ماڵەوە بمێنێـتەوە. هەرکە لە خەو هەڵدەستا دەچووە دەرەوە و تووشی شەڕ و توندوتیژی دەبووەوە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بوو بە شوان، سەرینەکەی بە گوڵە گەنم پڕ کرابوو و جلی دەستی دووشی دەپۆشی. لەو کاتەدا سڵاوی لە کەس نەدەکرد، نەدەچووە ماڵی هیچ یەکێکی گوندەکەش. ڕقی لە قوتابییەکان دەبووەوە، لەبەرئەوەی هەموویان باوکیان فەرمانبەر بوون. هەر کەسێکیش گاڵتەی بە هەژاری باوکی بکردبایە، لەگەڵیدا بە شەڕ دەهات. لەو گوندەی کە تیایدا دەژیا هەستی بە ستەم و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکرد، ئاخر گوندەکە بەسەر دوو بەشدا دابەش بووبوو؛ نیوەی دەوڵەمەند بوون، نیوەکەی دیکەشی جووتیار و شوان بوون. ماغوت لەگەل سنیە ساڵەحی شاعیردا هاوسەرگیری کرد و دوو کچی لێ بوو. بەڵام پەیوەندییەکان تێکچوو و پڕ بوو لە شکست و توندوتیژی، ماغوت ئەوەندە توندوتیژ بوو لەگەڵیدا، کە سکێکی نۆ مانگی پێ لەبار بردبوو.
“ئەزموونی ئەدەبی”
ماغوت لە سەرەتای کاریدا چەندین وتار و قەسیدەی ونبووی نووسی، دواتر ژان دارییەی بگەڕی لوبنانی توانی ٣٤ وتار و ١٦ قەسیدە کۆ بکاتەوە، یەکێک لە وتارەکان بە ناونیشانی “یادەوەرییەکانت بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەمێننەوە” لە ساڵی ١٩٥٠ لە دونیای دیمەشق بڵاوبووەوە؛ وتارەکە بۆ یەکەم یادی لە سێدارەدانی ئەنتۆن سەعادە بوو، دامەزرێنەری حیزبی قەومی. لە ساڵی ١٩٥٣ وتارێکی بەناوی “شەرابی تاڵ” و قەسیدەیەکی بەناوی “غادة یافا”، کە نازناوی دکتۆری لەگەڵ ناوەکەیدا دانا، لە گۆڤاری ئەدەبی بەیروتی بڵاوبووەوە. ڕۆمانی “غرام فی سن الفیل” بە ناوی سۆمەر لە چەند زنجیرەکەیدا بڵاوبووەوە. قەسیدەی “السیوق العربیة’ لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاوبووەوە. قەسیدەکانی سەرەتای تەمەنی لە ڕۆژنامەی “الناقد الدمشقیە” بڵاوبووەوە. سەرنووسەری ئەو کاتی ڕۆژنامەکە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە دەرخستنی توانا و بەهرەکانی ئەم شاعیرە.
گەشتی ئەدەبی ماغوت لە زیندانی “المزة” لەسەر کاغەزی بچووکی جگەرە دەستیپێکرد، ئەوکات وەکوو یاداشتەکانی زیندان دەیهۆنییەوە، توانی یەکەم قەسیدەی تەواوی خۆی بە ناوی “القتل” کە پانزە پەڕەی دیوانەکەی لە خۆ دەگرت بنووسێت. لە زیندان دیسانەوە دەستیکرد بە نووسین و شانۆییەکی بە ناوی “العصفور الأحدب” نووسی. پێیوابوو قەسیدەیەکی درێژە و باسی دۆخی دەکا، تاکوو ئەوەی ژنەکەی هەواڵی پێدا لەبەر ڕیاڵیزمی شانۆییەکە، ڕەخنەگرەکان ناوی “عروس المسرحیات”یان لێ ناوە.
“خشتەی قەسیدە”
ماغوت کاغەزەکانی زیندانی خستە گیرفانی و ڕایکرد بەرەو بەیروت. ئەدۆنیسیش لە یەکێک لە دانیشتنەکانی گۆڤاری “شعر”دا پێشکەشی کرد. قەسیدەی “القتل”ی ماغوت کە دواتر ڕەخنەگرانی هاوچەرخی عەرەب ناوی “قصیدة النثر”یان لێ نا، یەکەم شت بوو لە ژمارە پێنجی ساڵی ١٩٥٨ی گۆڤارەکەدا بڵاوبووەوە. دواتر خەڵاتی گۆڤاری “النهار اللبنانیة”ی بۆ قەسیدەی “احتضار” بردەوە، ئەمەش بڕیاردانێکی پێشوەختە بوو لەسەر توانا تاکەکەی. سەڕەڕای دژایەتی ڕەخنەگران و شاعیرانی ئەو سەردەمی وەکوو مەحموود عەباس ئەلعقاد، بەڵام پێیان دەگوت؛ “ڕێگای خۆی لە پێشکەشکردنی شیعردا دۆزیوەتەوە”.
لە ساڵی ١٩٥٩ یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بەناوی “حزن فی ضوء القمر” بڵاوکردەوە. ساڵی دواتر توانی دووەم دیوانی بە ناوی “غرفة بملایین الجدران” بڵاوبکاتەوە. دواتر و پاش دە ساڵ، دیوانی سێیەم و کۆتا دیوانی لە ساڵی ١٩٧٠ بە ناوی “الفرح لیس مهنتی” بڵاوکردەوە. ماغوت گرنگی بە ڕای ڕەخنەگران نەدەدا. کاتێک لە نێوان ساڵانی ١٩٥٩ بۆ ١٩٧٠ سێ دیوانەکەی، کە خۆی لە ٧٢ دەقی شیعری دەبینییەوە بڵاوکردەوە، دیدگا و بۆچوونی خۆی لەبارەی شیعرەوە فەرز کرد. شیعرەکانی بێ کێش و سەروا و ئاواز و زمانێکی سادەی بێ گرێ بوون، دوور بوو لە وشەی کۆن و ڕێکخراو. ڕێکخستنی وشەکانی لە ژیانی ڕۆژانەوە بوو. تەنانەت خودی ماغوت گوتبووی بەبێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت شیعرەکانی نووسیوە و نەیزانیووە نموونەیەکی جیاوازی شیعری دێنێتە ئاراوە. هەر ئەوکاتیش گوتبووی؛ “خەمەکانی ئەوکاتم ڕێگەیان نەدا بەدوای سەروادا بگەڕێم.” هەڵهاتوو و برسی و بێ لانە بوو و بەدوای شوێنێکی مانەوەوە بوو.
“ئاڵوودەبوونی تەنیایی”
ماغوت بەوە ناسراو بوو لە پشت مێزی جوانەوە حەزی بە نووسینی شیعر نەبوو، تەنانەت حەزی بەوەش نەبووە لە شوێنێکی ئاسوودەدا بخوێنێـتەوە. بیرۆکەکانی لە پارچە کاغەزێکی بەردەستدا دەنووسی و دواتر نەشیدەزانی لەکوێ دایناوە. دادەنیشت و بەیەکجار هەموو شیعرەکانی دەنووسی و دواتر دەیانجار پێداچوونەوەی دەکرد. ژنەکەی بە مامۆستا و یەکەم خوێنەر و ئیلهام بەخشی شیعر و ژیانی دەبینی. خوشکەزاکەی کە دکتۆری کۆتا ڕۆژەکانی بوو، گوتی؛ بەوپەڕی بەختەوەرییەوە شیعرەکانی سەردەمانی کۆنی دەخوێندەوە. دەیخواردەوە و دەیکێشا و بە کەمی دەجووڵا و گرنگی بە خواردن نەدەدا.
سەرچاوە؛ موقع الکتابة الثقافی
وەرگێڕان؛ مەدینە ئەحمەد







































































