“ڕەوشی ئێران و هاتنی لەشکری سوور”
ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانی، ئێرانی سەردەمی ڕەزاشا، خۆی لە وڵاتانی میحوەر دژ بە هاوپەیمانان نزیک خستبووەوە، پاوانخوازییەکانی ئەڵمانیای نازی و کارە سیخوڕییەکانیان لە ئێراندا تەواو گەشەی کردبوو، دەیانویست خاکی ئێران بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن، دەستیان بە کەنداوی فارس بگات و نەوتی ئێران و کەنداویش بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە. لە (٢٥ی ئابی١٩٤٥) سوپای سووری سۆڤیەت لە باکوورەوە و ئینگلیزەکان و ئەمریکییەکان لە باشوورەوە لە دژی ئەڵمانەکان ئێرانیان داگیرکرد، دەسەڵاتی ڕەزاشا لە بەرامبەر هێرشەکانیان خۆی بۆ ڕانەگیرا و نەیتوانی هیچ جۆرە بەرگرییەک بکات، دامودەزگای ڕەزاشا لەبەریەک هەڵوەشایەوە و ڕەزاشایان بۆ دوورگەیەکی ئەفریقا دوورخستەوە و کوڕەکەیان “محەمەد ڕەزاشا”یان لە جێی باوکی دانا. هاوپەیمانان مەبەستیان بوو بە داگیرکردنی ئێران ڕێڕەوی گواستنەوەی چەک و چۆڵی ئەمریکا بۆ سۆڤیەت ئاسان بکەن، چونکە سۆڤیەت لەبەر هێرشی هێزەکانی هیتلەر پێویستییەکی زۆری بە چەک هەبوو، هەروەها بەشێکی خاکەکەشی لێ داگیرکردبوون.
ناوچەکانی موکریان سوپای سووری سۆڤیەتی بۆ هاتن، “هێمن موکریانی” لە پێشەکی دیوانی تاریک و ڕووندا، “لە کوێوە بۆ کوێ”، دەڵێت:- “لە مانگی (خەرمانانی١٩٤١) ڕۆژێکی چوومە سەر خەرمانان کرێکارەکانمان خەریکی مالووسک زرینگاندنەوە و باڵەکەو بوون و منیش لە کنیان دانیشتبووم، لەپڕ دوو فڕۆکەی ڕەشی زەلام پەیدابوون و دیمان فرۆکەکان نزیک بوونەوە و کاغەزیان بەردانەوە. هەمووان ڕایانکرد بزانن چییە؟ ژنێک لە پێش هەموواندا گەڕاوە و کاغەزێکی دامێ و گوتی: ها قوربانت دەبم بیخوێنەوە و بزانە چییە و چی تێدا نووسراوە؟ ئەو بەیاننامەیە بۆنی شەڕی لێ دەهات، دیار بوو لەشکری سوور هاتبوونە ئێرانەوە، هەرچەندە لە بەیاننامەکەدا دڵخۆشی خەڵکیان دابوەوە و هەڕەشە و شتیوای تێدانەبوو، بەڵام ئێمە زۆر لە ڕووسان دەترساین.” ئەو ڕۆژەی لەشکری سوور هاتوونەتە نێو شاری مەهابادەوە، سەرکردەی سوپای سۆڤیەت لە کۆڵانی مزگەوتی سوور بەخەڵکی مەهابادی ڕاگەیاند: “لەشکری سوور بۆ یارمەتیکردن بە ئێوە هاتووە، بە ئازادی جل و بەرگی کوردی بپۆشن، چەک هەڵگرن و ئێمە دەست لە کاروباری ئێوە وەرنادەین.” ڕووسەکان ئەفسەرێکی ڕووسی بە بنەچە ئازەرییان کردبوو بە بەرپرسی سیاسی و ئاسایشی مەهاباد و چەند سەربازیشیان لە ژێر فەرمانی خستبوو.
“ژێکاف و جەوانانی کورد”
ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکە ڕوویاندا و سۆڤیەتییەکان لە ناوچەکەدا دەسەڵاتیان گرتە دەست، لە ناوچەی موکریان کەشێکی لەبار بۆ خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری بۆ ماوەی چەند ساڵێک ڕەخسا. لەو سەروبەندانەدا ژمارەیەک کەسایەتی دیار و ڕۆشنبیری شاری مەهاباد، بە ئامادەبوونی دوو نوێنەری پارتی هیوا، کە ئەوانیش میرحاج ئەحمەد و مستەفا خۆشناو بوون، لە(١٦ی ئابی١٩٤٢) لە باخی حاجی داود لە نزیک مەهاباد، کۆمەڵەیەکی سیاسی بە هەڵگری بیری نەتەوەیی بە ناوی (ژ.ک/ ژیانەوەی کورد)ەوە دامەزراند. وەک هێمن موکریانی دەڵێت: “بێجگە لەوەی کۆمەڵەیەکی سیاسی بوو، کۆمەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیش بوو. ئەندامانی کۆمەڵە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری پێکهاتبوون، کۆمەڵە هێندەی پێنەچوو سەرانسەری کوردستانی ئێرانی تەنییەوە و پەلی هاویشت بۆ پارچەکانی تری کوردستانیش.”
چەند مانگێک پێش دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف، ڕێکخراوێکی لاوان لە شاری مەهاباد دادەمەزرێت، کە غەنی بلوریان ڕەنگڕێژ و دامەزرێنەری دەبێت، کاتێک ئەفسەرێکی ڕووسی ڕۆژنامەی (ڕێیا تازە)، کە کوردانی ئەرمەنستانی سۆڤیەت دەریانکردووە، لەگەڵ دەستی خۆیا دەهێنێت بۆ مەهاباد و غەنی بلوریان لێیوەردەگرێت و دەیخوێنێتەوە، لە ناوەڕۆکی یەکێک لە بابەتەکانیدا باس لە ڕێکخراوێکی لاوان دەکات، ئەمە بیرۆکەی دروستکردنی ڕێکخراوێکی لاوانی لا دروست دەکات. دوای ڕاوێژ و کۆکردنەوەی ژمارەیەک خوێندکاری هاوڕێی لە “دەبیرستانی پەهلەوی” لە شاری مەهاباد، لە مانگی (ئازاری١٩٤١)دا “سازمانی جەوانانی کورد” بە بەشداری(١٣٠٠) لاوی خوێندکار دادەمەزرێنن و غەنی بلوریانیش وەک بەرپرسی یەکەمی سازمانی جەوانانی کورد دەستنیشان دەکەن. دوای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف، سازمانی جەوانانی کورد بڕیاری بوونە ئەندام لە کۆمەڵە دەدەن و تێکەڵ بە کاری ڕێکخستنەکانی دەبن و ناوەکەشی بۆ ( ڕێکخراوی لاوانی کۆمەڵەی ژێکاف) دەگۆڕن.
“دایکی نیشتمان و سەرچاوەی داهات”
کۆمەڵەی ژێکاف هیچ سەرچاوەیەکی دەوڵەتی و تەنانەت ناوچەیشی نەبوو، لەبەرئەوە داهاتی کۆمەڵەی ژێکاف لە ڕێگەی کۆکردنەوەی مانگانەی ئەندامەکانی، فرۆشتنی بڵاوکراوەکانی وەک گۆڤاری نیشتمان و چاپکردنی کتێب و نمایشی شانۆگەرییەوە دەستکەوتووە. وەک هێمنی شاعیر دەڵێت: “هەموو کەس بەوپەڕی دڵخۆشییەوە مانگانەی دەدا و چاپەمەنی کۆمەڵەی بە چەند هێندەی نرخی دیاری کراو دەکڕی. من خۆم دیومە ژمارەی (گۆڤاری نیشیمان)یان بە (٢٠٠) ئەوەندەی نرخەکەی کڕیوەتەوە.” یەکێک لەو ڕێگایانەی داهاتی بۆ کۆمەڵەی ژێکاف کۆکردەوە، پێشکەشکردنی شانۆییەک بوو بە ناوی “دایکی نیشیمان”، غەنی بلوریان بەرپرسی ڕێکخراوی لاوانی کۆمەڵەی ژێکاف لە بیرەوەرییەکانیدا بە ناوی (ئاڵەکۆک)، دەڵێت:- “سەرکردایەتی ژێکاف نومایشنامەیەکی دەستکەوتبوو بە ناوی “دایکی نیشتمان” کە من نەمزانی ئەو نومایشنامەیە لە کوێوە هاتبوو. ڕۆژێک خەریک بووم لە سکرتاریەتی ژێکاف کارم دەکرد، کە عەبدولڕەحمان زەبیحی و دڵشاد ڕەسوڵی سەری قسەیان کردەوە و گوتیان: ئەوە دەقی نومایشنامەیەکی سیاسی نیشتمانییە، کۆمیتەی ناوەندی لە ئێوە لاوانی دەوێ، ئەو نومایشنامەیە بۆ خەڵک بخەنە سەر شانۆ، ئەوە دەتوانێ یارمەتییەکی گرنگ بێ بۆ هاندان و ڕاکێشانی خەڵک بەرەو خەباتی سیاسی و کۆکردنەوەیان لەنێو ژێکاف دا. بەلای منەوە ئەوە ئەرکێکی دژوار بوو بۆ ئێمەی لاو، کە لە لایەک هیچکامەمان شارەزای کاری شانۆگەری نەبووین و لە لایەکی ترەوە خەڵکی مەڵبەندی موکریان لە نومایش و شانۆگەری دەپرینگانەوە و ئەوەیان بە دیاردەیەکی سوک و ناشایست دەزانی، هەرکە ناوی نومایشیان دەبیست لە فکری سەما و قەشمەرکردن دەکەون.” بلوریان دەقی شانۆییەکە دەبات بۆ سازمانی جەوانان و پاش گفوتوگۆیەکی چەند کاتژمێری بڕیاریان داوە، کە فەرمانی کۆمەڵە جێبەجێ بکەن و چەند لاویش بۆ کارکردن لەم شانۆییەدا هەرلەوێدا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە. دوای چەند ڕۆژ بۆ ڕاهێنان و کاری ئەزموونی لاوەکان و ڕۆڵ بینینیان، ئامادەکارییەکان بۆ ئەو مەبەستە دەستی پێکرد، ڕۆژانە دوای تەواوبوونی خوێندن لە حەوشەی دەبیرستان کاری ڕاهێنانیان کردووە. دواتر بۆ گەراژی ئۆتۆمبێلی کەسایەتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی عەبدولی کەریاسی گواستوویانەتەوە. قازی محەمەدیش بۆ هاندان و پشتگیری کاری لاوەکان، دەربارەی دەقی نمایشەکە پێیان دەڵێت: “ئەوە شتێکی تەبلیغییە بۆ میللەتی کورد، وەک ئەوە وایە ئەمن بچمە سەر سەحنە و قسە بۆ خەڵک بکەم، بەڵام نمایش دەتوانێ تەئسیری لە قسەکردنی کەسێکی وەک من زیاتر بێ، جا بۆیە دەبێ نمایشەکە زۆر جوان لەبەر بکەن و تەمرینی لەسەر بکەن.”
نووسەری دەقی شانۆی “دایکی نیشتمان” دیارنییە، هەرچەندە کریس کۆچێرا دەیداتە پاڵ قازی محەمەد، بەڵام وەک سوهەیلاخانمی کچی پێشەوا قازی محەمەد باسی دەکات، کە ئاگاداری کتێبخانە و نووسراوەکانی باوکی بووە، پێیوانییە ئەم شانۆنامەیە لە لایەن باوکییەوە نووسرابێت. غەنی بلوریانیش دەڵێت:- “وتیان ئەم دەقە لە گەرمێنەوە هاتووە، بەڵام من لام وابوو میرحاج ئەحمەد لە سلێمانییەوە هێناویەتی و داویەتی بە کۆمەڵە.” برایم فەرشی دەڵێت: “لەبەرئەوەی باشووری کوردستان کانگای ڕووناکبیری و هەناردنی دیاری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستاندا، زۆر کەسی بە توانای باشووری کوردستان لە مەهاباد بوون، هەروەها لەو سەردەمەدا لە شاری سلێمانی، هەولێر و کەرکوک شانۆ بە زمانی کوردی هەبووە.”
دەربارەی ڕۆژی نمایشی دایکی نیشتمان غەنی بلوریان دەگێڕێتەوە: “ئێوارەی ڕۆژێک لە ڕۆژانی سەرەتای (هاوینی١٩٤٥)، بەدوای چەند مانگ ڕاهێنان و خۆئامادەکردنمان، نومایشی دایکی نیشتمانمان هێنایە سەر شانۆ. حەوشەی گاراژ بەهۆی شانۆگەرەکانەوە ئاوپرژێن کرابوو، کورسی و سەندەلییەکی زۆریان لە چایخانەکانی شار بە ئەمانەت وەرگرتبوو، بەڕیز بە دوای یەکدا دایاننابوو. جەماوەرێکی زۆر بۆ کڕینی بلیت لەبەر دەرگای گاراژەوە تا چوارچرا ڕێچکەیان بەستبوو، بلیتەکان لە لایەن چاپخانەی کۆمەڵەوە چاپکرابوون و نرخیان لەسەر نەنووسرابوو، هەرکەس بە ڕادەی توانای خۆی نرخی لەسەر بلێتەکان دەنووسی و پارەکەی دەدا و پارەکەش بۆ ژێکاف بوو، سدیق حەیدەری و دڵشاد ڕەسوڵی چاودێری بلیت فرۆشتن بوون. خەڵک بەرەبەرە لە شوێنی نومایشەکە کۆبوونەوە، شوێنی قازی محەمەد و چەند ئەفسەری ڕووسی میوانی ژێکاف، لە تەنیشت یەکتر لە سەندەلییەکانی ڕیزی یەکەم دیاریکرابوون. دوای بەخێرهێنانی میوانەکان لە لایەن کاک عەبدوڵڵای نەهرییەوە، هەڤاڵێکی یاریدەدەرمان بە زمانی ڕووسی بەخێرهێنانی میوانە ڕووسییەکانی کرد و پاشان موزیکی نومایش لێدرا، ئێمە شانۆکاران سرودی تازە سازکراوی “نیشتمانم ڕەنگینە”مان خوێندەوە و پەردەی ئەوەڵی نومایش دەستی پێکرد”
ئەم شانۆیە لە پێنج پەردە پێکهاتبوو؛
پەردەی یەکەم/ فریشتەیەک باسی مرۆڤ، زێد و نیشتمان ئەکا، دایکی نیشتمان لە بەند و کۆت و زنجیر دایە و داوای ئازادی و ڕزگاری دەکا. بە جل و بەرگی سپی و دووباڵی ناوشانییەوە دێتە سەر شانۆ و ئەو شیعرەی حاجی قادری کۆیی دەخوێنێتەوە:-
“ئەی بێ نەزیر و هاوتا، هەر تۆی کە بەرقەراری
بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری
بوباغی مەردی باغی، سەرمایەکەی خەزانی
بۆ مەزهەعەی فەقیران، سەرمایەکەی بەهاری
تۆ پادشانیشانی بۆ هەر سەوادی ئەعزەم
بێ سەدر و شانیشینی، بێ پەردە پەردەداری
خەلاقی بێ فوتووری، سوڵتانی بێ قوسووری
ڕەزاقی مار و مووری، ئاودێری دێمەکاری
فەیروزە تەختی گەردوون، مەسنوعی نەقشی تۆیە
یاقوت و لەعلی ڕۆژە، ئەستێرەکان دەراری
هەرجێ و مەکانی تۆیە، بێ جێ و بێ مەکانی
لەیل و نەهاری تۆیە، بێ لەیل و بێ نەهاری
هەر ئەمری تۆ مەدارە، بۆ کاروباری عالەم
هەرچەندە بێ وەزیر و بێ سەدر و کاروباری.”
پەردەی دووەم/ دوژمن پیلان و نەخشەی سەرکوتکردن بەڕێوە دەبا. پەیمانی سەعدئاباد (١٩٣٧) لە نێوان ئێران، ئێراق، تورکیا و ئەفغانستان واژۆکراوە.
پەردەی سێیەم/ دایکی نیشتمان بەجل و بەرگی ڕەش و قژی سپی، پێ و بەدەن لە کۆت و زنجیردا بە دەنگی خۆش شیعری حاجی قادری کۆیی دەخوێنێتەوە.
پەردەی چوارەم/ ڕۆڵەکانی دایکی نیشتمان بە هاواری دایکی نیشتمانەوە دێن و پێشمەرگە و یاریدەدەرانی (سەربازانی ڕووس)، دایکی نیشتمان ڕزگار دەکەن.
پەردەی پێنجەم/ کورد بە ئاواتی خۆی دەگات و کۆماری کوردستان دادەمەزرێنێت، ئاڵا هەڵدەکات و سەرۆک کۆمار دادەنێت.
لە نێوان پەردەکانیشدا سرود و مۆسیقا بۆ ماوەی(١٠ بۆ ١٥) خولەک پێشکەش کراوە. هەمووی بەسەریەکەوە، نمایشی دایکی نیشتمان (٢ و نیو تا ٣) کاتژمێری خایاندووە.
ئەو کەسانەی وەک ئەکتەر بەشداری شانۆی دایکی نیشتمان بوون ئەمانەبوون:-
سیروسی حەبیبی
عەبدوڵڵای نەهری
محێدین ماوەرانی
غەنی بلوریان
عەبدوڵڵای حەکیم زادە
فەتاحی حامیدی
محەمەدی راتبی
سمایلی پیرۆزی
سوورەی خوسرەوی.
هەر جارەی نمایشیش (٦٠٠-٧٠٠) کەس ئامادەی تەماشاکردنی بوون. “ئەمە یەکەمین ئەزموونی شانۆیی بوو بە زمانی کوردی لە شاری مەهاباد و ناوچەی موکریان، کە بۆ خەڵک بێت. لە قوتابخانەکان نمایشی بچوک هەبووە، بەڵام یەکەمین شانۆ کە خەڵک بۆ دیتنی بەشدارییان کردووە دایکی نیشتمان بووە.” “نزیک بە(٤٠) ڕۆژ لە شاری مەهاباد نمایش بەردەوام بووە، زۆربەی دانیشتوانی مەهاباد و دەوروبەری هاتوون بۆ تەماشاکردنی، بۆ ژنان و قوتابیان و لادێیەکان بێ پارە بووە و بەلاش بوو، خەلیفە ئەمین قەمتەرەی، کە خەلیفەی شێخ مستەفای قزڵقەڵا بوو، ڕۆژانی چوارشەممە موریدەکانی بۆ خەتمە دەچوون لە ماڵی کۆدەبوونەوە، ناوبراو چوارشەممەیەک پاش تەواوبوونی خەتمە، گشت موریدەکانی بە کۆمەڵ هێنا بۆ دیتنی دایکی نیشتمان. خەلیفە ئەمین پاشان ژنانی شاری مەهابادی هاندا نومایشی دایکی نیشتمان ببینن.” دواتر لەسەر بڕیاری ڕێبەرانی کۆمەڵەی ژێکاف، نمایشیان بردووەتە شارەکانی نەغەدە و شنۆ، لە حەوشەی گاراژی نەغەدە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ و لە هۆڵی قوتابخانەیەک لە شنۆ چەند ڕۆژێک دایکی نیشتمانیان نمایش کردووە.
غەنی بلوریان: “نمایشی دایکی نیشتمان فرە دەنگی دایەوە و یارمەتییەکی زۆرمان کۆکردەوە و کارێکی بێوێنەی کردە سەر هەستی خەڵک، تەنانەت جەماوەرێکی مەزنی بەرەو کۆمەڵە ڕاکێشا، دوای گەڕانەوەمان بۆ مەهاباد ژمارەیەک کەسایەتی شنۆ هاتن و بوون بە ئەندام و لقی ژێکافیان لە شنۆ دامەزراند.هێمن موکریانی: “دایکی نیشتمان گەورەترین تەبلیغاتی بۆ کۆمەڵە کرد، زۆریش ساکار بوو و دەتوانم بڵێم لە باری هونەری و تەنانەت فیکریشەوە ناتەواو بوو. کەم کەس هەبوو نەچووبێ و هەرکەس چووبا دەگریا و هەستی کوردایەتی دەبزووت. بێجگە لە تەبلیغاتی سیاسی لە باری مادیشەوە داهاتێکی زۆری هەبوو و کۆمەڵەی دەوڵەمەند کرد.”







































































