لە زانستە ڕامیارییەکاندا، هەمیشە جیاوازییەکی جەوهەری دەکرێت لە نێوان ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی هەیە. زۆربەی هاووڵاتیان وا ڕاهاتوون کە دەوڵەت وەک کۆمەڵێک دامەزراوەی فەرمی ببینن کە لە ڕێگەی دەستوور و یاساوە بەڕێوە دەچن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا، ئەم دامەزراوانە تەنیا ڕووکارێکی فەڕمین بۆ پەردە پۆشکردنی دینامیکییەتی ناوەندە بڕیاردەرەکان . ئەو بزوێنەرەی کە لە کایە ناڕەسمییەکانی دەرەوەی دامەزراوەکاندا بڕیارە چارەنووسسازەکان دەدات. ئەم دیاردەیە سیستەمێکی ئاڵۆزە کە لە ناو جومگەکانی دەسەڵاتی فەرمیدا ڕەگ دادەکوتێت و بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی نوخبە کەمینەکان . کاتێک هاووڵاتی سەیری شاشەکان دەکات، دەموچاوی سیاسییەکان دەبینێت، بەڵام کاتێک دەچێتە ناو واقیعی بڕیارەکان، هەست بە بوونی هێزێکی نادیار دەکات کە هەموو یاساکان تێدەپەڕێنێت. ئەمە دەوڵەتی سێبەرە کە پێی دەوترێت: “دەوڵەتی قووڵ.”
“چەمک و بنەماکانی دەوڵەتی قووڵ”
بۆ ئەوەی بە وردی لەم بابەتە تێبگەین، دەبێت سەرەتا پێناسەی چەمکی (دەوڵەتی قووڵ) بکەین. ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ (تۆڕێکی ئالۆزو و پەیوەست لە بەرپرسانی باڵای دەزگا ئەمنییەکان، فەرماندە سەربازییەکان، بیرۆکراتە هەمیشەییەکان، و خاوەنکارە نافەڕمییەکان، گروپە چەکدارەکان، کە سەربەخۆ لەو دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەی خەڵک کار دەکەن. ئەم پێکهاتەیە تایبەتمەندییەکی هەیە کە پێی دەوترێت؛ کاریگەری بێدەنگ. ئەوان پێویستیان بەوە نییە لە پانتایی گشتییدا دەربکەون، چونکە کلیلی دەروازە ڕاستەقینەکانی دەسەڵاتیان لە دەستدایە. ئەم دەوڵەتە لەو شوێنەدا دروست دەبێت کە یاسا تێیدا لاوازە و دامەزراوەکانیش وەک ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان دەستەڵاتخوازی بەکاردێن.
لە ڕووی فەلسەفییەوە، ئەم دۆخە بە تێپەڕاندنی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ناو دەبرێت؛ چونکە دەوڵەت نوێنەری ڕاستەقینەی گەل نییە، و دەبێتە نوێنەری ئەو گروپە نافەڕمییانە کە دوور لەچاوی چاودێری گشتی کار دەکەن.
“زاراوەی دەوڵەتی قووڵ لە بنەڕەتدا لە مێژووی تورکیای مۆدێرنەوە سەرچاوەی گرتووە”
ئەم چەمکە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا گەیشتە لووتکەی بەکارهێنان، کاتێک دەرکەوت کە تۆڕێکی نهێنی لە ناو سوپا و هەواڵگری و تۆڕە تاوانکاریە ڕێکخراوەکانی تورکیادا هەیە کە بڕیارەکان دەدات. ئەوان خۆیان بە (پاسەوانی ڕاستەقینەی نیشتمان) دەزانی و هەر سیاسییەکیان بە دڵ نەبووایە، پاکتاوی جەستەیی یان لە ڕێگەی کودەتاوە لایان دەبرد. ئەم مۆدێلە دواتر لە زۆرێک لە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دووبارە بووەوە. لە هەندێک شوێن، ئەم دەوڵەتە ڕەنگی ئایدیۆلۆژی وەردەگرێت و لە هەندێک شوێنی دیکە تەنیا وەک پێکهاتەیەکی دارایی قۆرخکار دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئامانجی یەک شتە: کۆنترۆڵکردنی بێسنووری دەسەڵات و سامان.
“کەرەستەکانی دەوڵەتی قووڵ”
دەوڵەتی قووڵ بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، پشت بە چەند میتۆدێکی زانستی و ڕێکخراو دەبەستێت کە دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین:-
١. بەکارهێنانی (حاڵەتی ناوازە): ئەمە مەترسیدارترین چەکی ئەوانە. دەوڵەتی قووڵ هەمیشە پێویستی بە دروستکردنی مەترسییەکی بەردەوام هەیە. بەم پاساوە، دەتوانن دەستوور پەک بخەن و کارە نایاساییەکانی خۆیان بە ناوی ئاسایشی نیشتمانی شەرعی بکەن.
٢. کۆنترۆڵکردنی بیرۆکراسی: ئەوان دەزانن کە وەزیرەکان دێن و دەچن، بەڵام (بریکاری وەزارەت) و (بەڕێوەبەرە گشتییەکان) دەمێننەوە. بۆیە، کەسانی دلسۆزی خۆیان لەم پۆستە هەمیشەییانەدا دادەنێن. ئەمە دەبێتە هۆی بەربەستێکی گەورە لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا. کاتێک حکومەتێکی نوێ دێت و دەیەوێت خزمەتگوزارییەکان چاک بکات، ئەم تۆڕە کارگێڕییە بە شێوەیەکی نادیار کارەکان پەک دەخات تا ئەو حکومەتە لە بەر چاوی خەڵک دەشکێنێت.
٣. دروستکردنی ئابووریی سێبەر: دەوڵەتی قووڵ بە بێ پارە بونیاد نانرێت. ئەوان دەست دەگرن بەسەر گرێبەستە زەبەلاحەکان، دەروازە سنوورییەکان، و سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و گاز. ئەم پارە بێشوومارە بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی وەلائی سیاسی و بەدەستهێنانی پشتیوانی میدیایی و دادوەری. لەم دۆخەدا، دەوڵەت چیتر ئەرکی چاودێریکردنی بازاڕ نییە، هێندەی خۆی دەبێتە لایەنێکی بازرگانیی قۆرخکار.
٤.بەکارهێنانی گوشاری میدیایی ئاراستە کراو: لە سەردەمی نوێدا، ئەوان خاوەنی سوپایەکی ئەلیکترۆنی و دەزگای میدیایی گەورەن. کارەکەیان ئەوەیە کە ڕای گشتی بشێوێنن و ڕاستییەکان تەمومژاوی بکەن. هەر کەسێک بوێری ئەوەی هەبێت پەردە لەسەر ڕاستییەکان لاببات، خێرا ڕووبەڕووی تیرۆری کەسایەتی یان مەترسی جەستەیی دەبێتەوە .
دەوڵەتی قووڵ لە ئێراق
دیاردەی دەوڵەتی قووڵ، لە ئێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشە سیاسی و یاساییەکانی ناوچەکە دەردەکەوێت. ئەم دیاردەیە لە واقیعدا بریتییە لە دروستبوونی تۆڕێکی ئاڵۆز لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان کە لە پشت پەردەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە کار دەکەن و بڕیارە ستراتیژییەکانی وڵاتەکە ئاڕاستە دەکەن.
ئەوەی ئەم سیستمە لە دەوڵەتی ڕاستەقینە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی ئەو کەس و لایەنانەدایە کە لە ڕووی دەستوورییەوە بەرپرسیار نین، بەڵکو لە ڕێگەی هەژموونی سەربازی و داراییەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە هەستیارەکانی حکومەتدا سەپاندووە.
کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم دەوڵەتە سێبەرە لە هەژموونی گروپە چەکدارە نادەولەتیەکان بەرجەستە دەبێت، کە زۆربەی کات خاوەن ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی هەرێمی و سنووربەزێنن. ئەم گروپانە توانیویانە بنەمای (قۆرخکاریی بەکارهێنانی هێز) کە تەنها مافی دەوڵەتە، تێکبشکێنن و ببنە خاوەن بڕیار لە کێشە چارەنووسسازەکانی وەک شەڕ و ئاشتی. مەترسیی ئەم دۆخە کاتێک زیاتر دەبێت کە دەبینرێت ئەم هێزانە بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، هێرش دەکەنە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و وڵاتانی دراوسێ و ناوچە نیشتەجێبوونەکان، ئەمەش وای کردووە کە سەروەریی دەوڵەت تەنها وەک ڕواڵەتێکی یاسایی بمێنێتەوە و ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی لەدەست بدات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەژموونە سەربازییەدا، لە ئێراق ئابووریی سێبەر وەک مەکینەی دارایی دەوڵەتی قووڵ کار دەکات. ئەم سیستمە داراییە لە ڕێگەی سپیکردنەوەی پارە، کۆنترۆڵکردنی مەزادی دراو و دەستبەسەرداگرتنی گرێبەستە گەورەکانی وەبەرهێنانەوە گەشە دەکات. ئەم داهاتانە تەنها بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی سەربازیی گروپە میلیشیاکان بەکاردێن. دەرەنجامی ئەم ڕەفتارانە ڕاستەوخۆ لە داڕمانی بەهای دینار و تێکچوونی بژێوی هاووڵاتیاندا ڕەنگ دەداتەوە، چونکە سامانی گشتی لەبری ئاوەدانکردنەوە، دەخرێتە خزمەت ئەجێندا هەرێمییەکانەوە.
قووڵایی ئەم تەنگژەیە کاتێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە دەبینین دەوڵەتی سێبەر توانیویەتی هەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەر سیستمی بیرۆکراسی و دادوەریی وڵاتەوە. دروستکردنی تۆڕێکی فراوان لە بریکارە هەمیشەییەکان و فەرمانبەرانی باڵا لە ناو وەزارەتەکاندا، وایکردووە کە هەر هەوڵێکی چاکسازی یان لێپرسینەوەیەکی یاسایی پەک بخرێت. کاتێک دەزگا چاودێرییەکان و دادگاکان دەکەونە ژێر هەڕەشەی سەربازی یان فشاری سیاسی، سەروەریی یاسا دەبێتە دروشمێکی بێمانا و گەندەڵی دەبێتە سیستمێکی ڕێکخراو کە کەس نەتوانێت لێی بپرسێتەوە.
بۆ پاراستنی ئەم ئیمپراتۆرییەتە نادیارە، دەوڵەتی سێبەر پەنا دەباتە بەر ئامرازە توندەکان، لەوانە پاکتاوکردنی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی نەیارەکان و چالاکوانان، لەگەڵ بەکارهێنانی سوپای ئەلیکترۆنی و میدیای ئاڕاستەکراو بۆ شێواندنی ڕاستییەکان. ئەم جەنگە دەروونی و میدیاییە ئامانجی ئەوەیە کە شەرعییەت لە دەنگی نیشتمانی وەربگرێتەوە و هەر ڕەخنەیەک وەک خیانەت پێناسە بکات. لە کۆتاییدا، ئێراق وەک قەوارەیەکی سیاسی لەبەردەم هەڕەشەیەکی وجوودیدایە؛ چونکە تا ئەو کاتەی “دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا” هەبێت و چەک و پارە لە دەرەوەی یاسا بێت، نە ئارامیی ناوخۆیی و نە سەروەریی نێودەوڵەتی بەدی نایەت







































































