لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکانی بەغدا، بەتایبەت “چوارچێوەی هەماهەنگی”، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانن، واشنتۆن لە ڕێگەی دۆلارەوە خەریکی چەسپاندنی “نەخشەڕێگایەکی دارایی” نوێیە. جووڵەکانی ئەم دواییەی بانکی فیدراڵی نیشانەی ئەوەن کە شەرعییەتی هەر کابینەیەک، چیتر تەنها لە سندوقی دەنگدانەوە نایەت، بەڵکو بەندە بە ڕادەی پابەندیی بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
دۆلار؛ کەرەستەی تاقیکردنەوەی “نیازپاکی“
ڕێگریکردن لە ناردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری نەختینە بۆ بەغدا لەم کاتەدا، تەنها ڕێکارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسیی ڕاشکاوە: “سەقامگیریی سیاسی بەبێ شەفافییەتی دارایی مەحاڵە.” ئەمریکا دەیەوێت بە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت بڵێت، کە هەر لادانێک لە شەفافییەت، ڕاستەوخۆ لە نرخ و بژێوی خەڵکدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە فشارێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ سەر هێزە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەو لایەنانەی واشنتۆن وەک مەترسی بۆ سەر سیستەمی دارایی دەیانبینێت، تا لە کابینەی نوێدا دەستوەردانیان سنووردار بکرێت.
گەمارۆدانی “ئابووریی تەریب“
ئەمریکا لە ڕێگەی سزادانی زیاتر لە 14 بانکی ئێراقی، پەیامی ئەوەی نارد کە سەردەمی “شتنەوەی پارە” کۆتایی هاتووە. ئێستا پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی چاودێرییەکان لانی کەم بە ڕێژەی 90% توندتر کردووە. حکومەتی داهاتوو دەبێت لە نێوان “مانەوە لەناو سیستەمی جیهانی” یان “پاراستنی بەرژەوەندیی گروپە ئابوورییە سێبەرەکان” یەکێکیان هەڵبژێرێت.
مەرجی وزە و تەڵەی کورتهێنانی دارایی
واشنتۆن دۆسیەی دۆلاری بەستووەتەوە بە دۆسیەی وزەوە. ئێستا ئێراق بۆ وێستگەکانی کارەبا، پشت بە هاوردەکردنی ڕۆژانە نزیکەی 40 بۆ 50 ملیۆن مەتر سێجا غازی ئێران دەبەستێت، کە تێچووەکەی ساڵانە دەگاتە 4 ملیار دۆلار. لە لایەکی ترەوە، ئەگەری دوباره پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئێراق دەخاتە بەردەم مەترسیی کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان. لە کاتێکدا داهاتە نانەوتییەکان پاشەکشەیان کردووە و خەرجییەکانی حکومەت لە ئاستێکی پێوانەییدان، ئێراق ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورەی نەختینەیی دەبێتەوە. واشنتۆن مۆڵەتە کاتییەکانی هاوردەی غاز وەک کارتی گوشار بەکاردێنێت تا بەغدا ناچار بکات هەنگاوی کردەیی بەرەو سەربەخۆیی وزە بنێت، ئەگەرنا “شۆکی نرخ” و بێبازاڕی تەواوی جەستەی ئابووریی ئێراق دەهەژێنێت.
هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان چەکوشی واشنتۆن و دژایەتی بەغدا
ئەم فشارە داراییە تەنها لە سنوورەکانی بەغدا ناوەستێت، بەڵکو هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەکاتەوە. هەرێم کە ئابوورییەکەی بەستراوەتەوە بە هاوردەکردن، لەگەڵ توندکردنی چاودێرییەکان تووشی کەمیی نەختینە دەبێت. ئەمە فشارێکی سیاسیی ترە بۆ سەر هەولێر تا سیستەمە داراییەکەی لەگەڵ ستانداردە نوێیەکان بگونجێنێت، چونکە هەر دواکەوتنی مووچە و بودجە لە بەغداوە، پەیوەستە بەو “چرا سەوزە داراییەی” کە کلیلەکەی تەنها لای واشنتۆنە.
دۆلار لە ئێراق چیتر تەنها دراو نییە، بەڵکو گەورەترین “ڤیتۆ”ی سیاسی و ئابوورییە کە داهاتووی هەر کابینەیەک دیاری دەکات.







































































