لەم وتارەدا دەمەوێت بەراوردکارییەک لەنێوان دوو کارەساتی “هۆلۆکۆست” و “ئەنفال” بکەم؛ چۆن جووەکان ڕەنجی هۆلۆکۆستیان گواستەوە بۆ ئەو هێزەی ئەمڕۆ دەیبینین و بۆچی کورد لەو ئەزموونەدا سەرکەوتوو نەبوو؟ هۆکارەکان چی بوون؟ یان بەڕاستی مەجالمان هەیە ئێستا شتێک بکەین (هەرچەند زۆریش درەنگە؟) “هۆلۆکۆست” وەک یەکێک لە بەئازارترین کارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی نەبوو، بەڵکوو برینێکی قووڵی دەروونی بوو کە شوێنەوارەکانی تا ئەمڕۆش لە هزر و ڕەفتاری نەوەکانی دوای خۆیدا دەبینرێت. هۆلۆکۆست ئەو کۆمەڵکوژییە سیستماتیکە بوو کە دەرهەق بە جووەکانی ئەورووپا لەلایەن ڕژێمی نازیی ئەڵمانیاوە لە سەردەمی جهنگی دووهمی جیهاندا ئەنجام درا. ئەم کارەساتە لەنێوان ساڵانی ۱۹۳۳ تا ۱۹۴۵، بە ڕێبەرایەتیی “ئەدۆڵف هیتلەر” و حکوومەتی نازی ڕوویدا و تێیدا نزیکەی شەش ملیۆن جوو کوژران. لە کاتی هۆلۆکۆستدا، ملیۆنان مرۆڤ بەدڕندانەترین شێوەکان کوژران، هەروەها هەستی ئاسایش، متمانە بە جیهان و تەنانەت مانای ژیانیش لەلای ڕزگاربووان گۆڕانی بەسەردا هات. ئەوانەی زیندوو مانەوە، زۆربەی کات لەگەڵ یادەوەریگەلێکدا ژیان کە هەرگیز لە کۆڵیان نەدەبووەوە: لەدەستدانی بنەماڵە، ژیانی نێو ئۆردوگاکان، برسێتی، سووکایەتی و ترسی بەردەوام لە مردن.
ئەم ترس و نائارامییە تەنیا لەنێو ئەو نەوەیەدا قەتیس نەمایەوە. منداڵان و نەوەکانی ڕزگاربووانیش بە جۆرێک ئەم دڵەڕاوکێیەیان بۆ گوازرایەوە. لە دەروونناسیدا ئەم دیاردەیە بە “گواستنەوەی نێوان-نەوەیی تراوما (Intergenerational Trauma) ناو دەبرێت. ئەگەرچی نەوەکانی دواتر، بۆ خۆیان ئەو کۆمەڵکوژییەیان نەبینیوە، بەڵام لەنێو خێزانگەلێکدا گەورە بوون کە یادەوەریی ئازار هەمیشە لەگەڵیاندا بووە؛ هەم لە شێوەی گێڕانەوەدا و هەمیش لە شێوەی بێدەنگییەکی قورس و تاقەتپڕووکێندا. ئەنجامی ئەمە دەبێتە دروستبوونی جۆرە هەستیارییەکی تووند بەرانبەر بە مەترسی و هەڕەشە لە کەسایەتیی تاکەکاندا. لەو کۆمەڵگەیەی دواتر لە ئیسرائیلدا پێکهات، ئەم ئەزموونە بوو بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ناسنامەی نیشتمانی. پەیامێکی سادە بەڵام زۆر قووڵ لە دەروونی بەکۆمەڵدا نەخشا؛ “ئەگەر لاواز بین، لەوانەیە دیسان قڕ بکرێینەوە.” ئەم باوەڕە بەرهەمی ئەزموونێکی مێژووییی زۆر تاڵە، بۆیە چەمکی “هێز” بۆ زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان هاوتایە لەگەڵ “مانەوە”. هەبوونی سوپایەکی بەهێز، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، ئامادەیی هەمیشەیی و تەنانەت سیاسەتە تووندەکانیش لەم چوارچێوەیەدا لێک دەدرێنەوە. بێگومان لە نێوخۆی ئەو کۆمەڵگەیەشدا ڕوانگەی جیاواز هەیە، بەڵام ئەم ڕوانگە گشتییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەت و کولتوور داناوە. لە ڕاستیدا تروما لێرەدا تەنیا برین نییە، بەڵکوو گۆڕاوە بۆ “وزەیەک”؛ وزەیەک کە وای کردووە کۆمەڵگەیەک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕابردوو، بەرەو ڕێکخستن، پێشکەوتن و هێز هەنگاو بنێت. لێرەدایە کە ئازارێکی مێژوویی دەبێتە پڕۆژەیەکی سیاسی و نیشتمانی.
ئێستا ئەگەر سەیری ئەزموونی خۆمان بکەین (وەک کورد)، هاوشێوەیییەکی گرنگ دەبینین. لە دەیەی ١٩٨٠دا، ڕژێمی بەعسی ئێراق بە سەرۆکایەتیی سەدام حسێن، ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی دژی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەست پێ کرد کە بە “ئەنفال” دەناسرێت. ئەمە یەکێکە لە تاڵترین کارەساتەکانی مێژوومان. لە پرۆسەی ئەنفالدا، هەزاران گوندی کوردستان وێران کران، سەدان هەزار کورد ئاوارە بوون و ١٨٢ هەزار کەسیش شەهیدکران و بێسەروشوێن کران. زۆرێک لە پیاوان دەستگیر و شەهید کران، ژنان و منداڵانیش بۆ کەمپە زۆرەملێیەکان ڕاپێچ کران. ئامانجی ئەم کارە تەنیا سەرکوتکردنی شۆڕشی کورد نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ لەنێوبردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی نەتەوەیەک.
یەکێک لە ئازاربەخشترین بەشەکانی ئەم کارەساتە، کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بوو لە ساڵی ١٩٨٨دا. لەو هێرشە دڕندانەیەدا، ٥ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی، بە ژن و منداڵ و بەساڵاچووەوە، تەنها لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە مادەی کیمیاییی قەدەغەکراو شەهید کران. وێنەی قوربانییەکان لەنێو شەقام و ماڵەکاندا، هێشتاش یەکێکە لە هەژێنەرترین وێنەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان و جیهان. ئەم هێرشە تەنیا تاوانێکی جەنگی نەبوو، بەڵکوو هێمایەک بوو بۆ بێپەناهیی ڕەهای نەتەوەیەک لە بەردەم تووندوتیژیی دەوڵەتدا. ئەنفالیش هاوشێوەی هۆلۆکۆست، “ترومایەکی بەکۆمەڵ”ی قووڵی خوڵقاند. خێزانەکان ئازیزانیان لەدەست دا، لادێکان خاپوور بوون و هەستی ئاسایش بەتەواوی هەرەسی هێنا. تەنانەت ئەمڕۆش زۆرێک لە ڕزگاربووان لەگەڵ شوێنەوارە دەروونییەکانی ئەو کارەساتە دەژین: مۆتەکە، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و هەستکردن بە بێدادی. ئەم ئەزموونانە بۆ نەوەکانی دواتریش گواستراونەتەوە و بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کوردی. بەڵام پرسیارێکی گرنگ لێرەدا سەر هەڵدەدات:- “بۆچی ئەم تروما و برینە، لە تاکی کورددا بە هەمان ڕادە نەبوو بە پڕۆژەیەکی بەهێزی سیاسی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانی؟ بۆچی ئەزموونێکی بەم تووندییە نەیتوانی وەک نموونەی ئیسرائیل، ببێتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ دروستبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ؟
لە وڵامی ئەم پرسیارانەدا، وەک خۆم چەند هۆکارێکی گرنگ دەبینم:-
دوای جهنگی دووهمی جیهان، جیهان خەریکی داڕشتنەوەی خۆی بوو و جۆرە هاوسۆزییەکی جیهانی بۆ قوربانییانی هۆلۆکۆست دروست ببوو. زلهێزەکان لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و مرۆیی، پشتیوانییان لە دروستبوونی ئیسرائیل کرد. بەڵام کورد لە دۆخێکی وادا نەبوو. ئێمە و خاکەکەمان بەسەر چوار وڵاتی جیاوازدا “ئێراق، ئێران، تورکیا و سووریا” دابەش ببووین کە هەر چواریان دژی ناسنامە و مافی دیاریکردنی چارەنووسمان بوون. ئەم پێگەیەی کورد، هەر هەوڵێکی بۆ مافە نەتەوەیییەکانی، لەگەڵ بەربەستی زۆر قورس ڕووبەڕوو کردووەتەوە. شتێکی تری گرنگ ئەوە بوو، جووەکان پێش دروستبوونی ئیسرائیل، سەرەڕای پەرتەوازەیییان، توانییان پڕۆژەیەکی سیاسیی تا ڕادەیەک یەکگرتوو پێک بهێنن. بەڵام ئێمەی کورد نەک هەر لەڕووی جوگرافییەوە دابەش کراوین، بەڵکوو لەڕووی سیاسیشەوە تووشی ململانێی ناوخۆیی بوویین. حیزب و لایەنە جیاوازەکان زۆرجار لەبری هاوکاری، تووشی ململانێ و تەنانەت براکوژیش بوونەتەوە. ئەمەش وای کردووە گۆڕینی “ئازارێکی هاوبەش” بۆ “ستراتیژییەکی هاوبەش” ئەستەم بێت. کە وەک خۆم پێم وایە، فرەچەشنیی سیاسی و حزبی، زیاتر لەوەی بۆ کورد قازانج بێت، زیان بووە و ئێستاش بەردەوام کورد و کوردستان بەم هۆیەوە قوربانی دەدات.
لەلایەکی ترەوە، هۆلۆکۆست بوو بە بابەتێکی جیهانی؛ لە کتێبەکانی قوتابخانە و زانکۆکان، فیلمەکان، مۆزەخانەکان و میدیاکاندا بە فراوانی کاری لەسەر کرا. بەڵام ئەنفال و هەڵەبجە، سەرەڕای گرنگییە گەورەکەیان، لە ئاستی جیهانیدا کەمتر ناسراون. ئەمەش وای کردووە کەمتر بتوانین ئەم کارەساتە وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەکار بهێنین. هۆلۆکۆست لە قۆناغێکی دیاریکراودا کۆتایی هات و دوای ئەوە دەرفەتێک بۆ بنیاتنانەوە و ڕێکخستن دروست بوو. بەڵام کورد لە دەیەکانی جیاوازدا، هەمیشە لەنێو قەیرانی یەک لە دوای یەکدا بووە؛ لە سەرکوتی سیاسی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بگرە تا جەنگ و ناسەقامگیریی ناوچەیی. ئەم بەردەوامییەی قەیران، دەرفەتی چڕبوونەوە لەسەر پڕۆژەیەکی درێژخایەنی سنووردار کردووە.
بەڵام دەبێ بە وردی سەیری ئەم بەراوردکارییە بکەین. ئامانج لەم باسە تێگەیشتنە لەوەی چۆن کۆمەڵگە جیاوازەکان لەگەڵ برینە مێژوویییەکانی خۆیاندا ڕووبەڕوو دەبنەوە. هەندێک کۆمەڵگە وەک ئیسرائیل دەتوانن ئەم برینانە بکەنە هێزێک بۆ یەکگرتوویی، لە کاتێکدا هەندێکی تر وەک کورد ڕووبەڕووی بەربەستی ئاڵۆزتر دەبنەوە. ئەگەر بوترێت نەتەوەیەک “بۆ مانەوە هەموو کارێک دەکات”، ئەگەر بەبێ ڕەچاوکردنی بەستێنەکان بێت، دەکرێت چەواشەکارانە بێت. ڕاستی ئەوەیە کە ڕەفتاری نەتەوەکان ئەنجامی تێکەڵەیەکە لە مێژوو، سیاسەت، جوگرافیا و دەروونناسی. هەم لەبارەی ئیسرائیلییەکان و هەم لەبارەی کوردەوە، تروما ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە، بەڵام ئەمە تەنیا فاکتەر نییە. هۆلۆکۆست و ئەنفال، هەردووکیان بیرهێنەرەوەی ڕاستییەکی تاڵن: ئەوەی کە بێدەسەڵاتی، دەکرێت ببێتە هۆی کارەسات. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم دوو ئەزموونە نیشانی دەدەن کە گۆڕینی ئازار بۆ هێز، پێویستی بە هەلومەرج، ڕێکخستن و دەرفەتگەلێکە کە هەمیشە بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموو نەتەوەکان نایەتە پێش.
ئەگەر بمانەوێت لە دڵی ئەو بەراوردکارییەی نێوان ئەزموونی “هۆلۆکۆست” و “ئەنفال” بگەینە ئەنجامگیرییەکی کردەیی، دەبێ واقیعبین بین: هیچ ڕێگەچارەیەکی سادە و یەک قۆناغی بوونی نییە. بەڵام چەند ڕێڕەوێکی سەرەکی هەن کە دەتوانن یارمەتیدەری ئێمەی کورد بن بۆ ئەوەی “ڕەنجی مێژوویی” بگۆڕین بۆ “هێزێکی بەردەوام” بەر لە هەر شتێک، بەبێ پرسی یەکڕیزی و کۆدەنگیی ناوخۆیی، تەنانەت گەورەترین کارەساتەکانیش نابنە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی. مەبەست لە یەکڕیزی، سڕینەوەی جیاوازییەکان نییە، بەڵکوو گەیشتنە بە “خاڵی هاوبەش”؛ وەک ڕێککەوتن لەسەر مافە نەتەوەیییەکان، پاراستنی دەستکەوتەکان و لەپێشینەدان بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بەرانبەر ململانێی حزبی. لەلایەکی ترەوە، هۆلۆکۆست بوو بە یادەوەرییەکی جیهانی، نەک تەنیا لەبەر خودی کارەساتەکە، بەڵکوو لەبەر شێوازی گێڕانەوەکەی. سەبارەت بە ئەنفال و هەڵەبجە، هێشتا دەرفەتێکی گەورە بۆ دۆکیۆمێنتکردن، بەرهەمهێنانی فیلم، کتێب، مۆزەخانە و بەشداریکردن لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا ماوە. ئەگەر جیهان لە ئازاری نەتەوەیەک “بگات”، ئەگەری پشتگیریی سیاسی و ئەخلاقی زیاتر دەبێت.
بەپێچەوانەی ڕوانگەی باو لە کوردستان، هێز تەنیا لە چەکدا نییە؛ بەڵکوو لە پەروەردە، ئابووری، میدیا، دیپلۆماسی و یاساشدا مانا پەیدا دەکات. لە هەر شوێنێک ئێمەی کورد توانیبێتمان دامەزراوەی تا ڕادەیەک جێگیر دروست بکەین – بۆ نموونە لە بەشێک لە ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا-ئەنجامەکان بەرجەستەتر بوون. بەبێ دامەزراوە، تەنانەت هەستە بەهێزەکانیش ناگەنە ئەنجامێکی بەردەوام. ئەگەر تروما تەنیا وەک “ئازار” بگوازرێتەوە، دەبێتە هۆی نائومێدی یان تووڕەیی. بەڵام ئەگەر وەک “هۆشیاری و پاڵنەر” بگوازرێتەوە، دەکرێت بوونیادنەر بێت، وەک ئەوەی لە ئیسرائیل ئەزموون کراوە. نابێ لەبیرمان بچێت، بارودۆخی ئێمەی کورد لەگەڵ دۆخی دوای جهنگی دووهمی جیهان جیاوازە؛ نە پشتگیریی جیهانی وەک یەکە و نە پێکهاتەی ناوچەیی ڕێگە بە جووڵەی خێرا دەدات. کەواتە، جووڵەکان دەبێ قۆناغ بە قۆناغ، ژیرانە و لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز بن. هەندێک جار گەشەپێدانی ئابووری و چەسپاندنی دەستکەوتەکان، لە کورتخایەندا گرنگترن لە دروشمە گەورە بەڵام ناپراکتیکییەکان. بۆ نموونە لە ئێستادا پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەزموون و دەستکەوتەکانی، زۆر گرنگە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوومان.
لە کۆتاییدا؛ ڕەنگە گرنگترین خاڵ ئەمە بێت: ڕەنجی مێژوویی بۆ خۆی هێز بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو “شێوازی بەکارهێنانی ئازارە” کە بڕیار دەدات. هەندێک کۆمەڵگە توانیویانە لە “ترس”ەوە پاڵنەرێک بۆ بوونیادنان دروست بکەن؛ هەندێکی تریش لەنێو بازنەی دووبارەبوونەوەی ژانەکەدا گیریان خواردووە. بۆ ئێمەی کورد، چالێنجی سەرەکی هەر ئەم “گۆڕین”ەیە: گۆڕینی یادەوەریی ئەنفال لە برینێکی کراوەوە بۆ هێزێکی هۆشیار، ڕێکخراو و داهاتووبین. ئەگەر ئەم ڕێگەیە بە سەبر، بەرنامە و هاوکاریی نێوخۆیی ببڕین، ئەو کات مێژوو-لەبری ئەوەی تەنیا بارێکی قورسی ڕابردوو بێت-دەبێتە ئامرازێک بۆ بوونیادنانی داهاتوومان.







































































