“دەستپێک؛ کورد وەک ئەندامێک لە خێزانی نەتەوەکانی ئاریايی نەژاد”
ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی ژیانییە ناوی هەندێک دەوڵەتی نەتەوەیی تەنها پەیوەندییەکی زمانی هەیەو بەمانای ناساندنی نەژادێک نییە. بۆ نموونە، سۆدان ناوی دەوڵەتێکی نەتەوەییی عەرەبییە و ئەندامی یەکێتیی عەرەبە، بەڵام لەوێدا عەرەب، نووبی، کورد، حەبەشی و ڕەشەکانی ئەفریقا دەژین و بەزمانی عەرەبی قسە دەکەن. ئەمەش واتای ئەوە نییە هەموویان لە بنەڕەتدا نەژادی عەرەبن یان لەناو سیستەمی زمانی عەرەبییەوە یەکسان بوون، بەڵام وشەی «کورد» هەردوو مانای هەیە:- هەم ناوی نەتەوەیەکە و هەم ناساندنی نەژادێکی مرۆڤە. لەهەر شوێنێک لەجیهان کوردێک هەبێت، ئەو کەسە دەتوانێت خۆی وەک ئەندامی نەتەوە و نەژادی خۆی بناسێنێت، تەنانەت ئەگەر زمانی کوردی نەزانێتیش. لێکۆڵینەوە پزیشکییە نوێکان لەسەر هاپلوگرووپەکانی خوێنی کورد و هەندێک نەتەوەی هاوسێ، بەشێوەیەکی زانستی پەیوەندیی نێوانیان ڕوونکردووەتەوە. بۆ نموونە، تیمێک لە توێژەران لەدامەزراندنی (PLOS) لەلێکۆڵینەوەیەکی زانستیی جێنتیکی (HLA) لەسەر کوردانی ئێراق، ئێران و کافکاسیا (گورجستان) ئەم ئەنجامانەیان بڵاوکردووەتەوە:-
- بە ئەگەری زۆر، کورد بەشێکن لە ناوچەیەکی جێنتیکی کۆن ئەویش ناوچەی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کافکاسیا دەگرێتەوە.
- تایبەتمەندی جێنتیکی کورد پێکدێت لە هەردوو ڕەگەز:- ناوچەی دەریای ناوەڕاست و کافکاسیا.
- کورد لە سەردەمانێکی زۆر کۆنەوە “پێش دیرۆک” لەناوچەی کوردستان نیشتەجێ بوون.
- پەیوەندیی جێنتیکی کورد نزیکە لەگەڵ نەتەوەکانی وەک جوو، لوبنانی و فارس.
- ئەم لێکۆڵینەوانە نیشان دەدەن زمان و ژن “جێنتیک” هەمیشە هاوشێوەنیین، چونکە زمان دەتوانێت لەلایەن کەمینەیەکی دەسەڵاتدارەوە بسەپێندرێت.
هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی دیکە لە لایەن توێژەرانی زانکۆی شیرازەوە نیشانیداوە پەیوەندییەکی جێنتیکی بەهێز لەنێوان کورد و ئازەرییەکانی ئێران هەیەو زۆر جیاوازیی گرنگ لەنێوان ئەم گرووپانە و نەتەوە سەرەکییەکانی دیکەی ئێراندا نەبینراوە، هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی تر بەبەراوردکردنی هەزاران کرۆمۆسۆم ئەنجامدراوە، نیشانیداوە کورد لەڕووی جێنێتیکییەوە نزیکن لەگەڵ گەلانێکی ناوچەی دەریای ناوەڕاست، ئێرانی، ئەوروپی و کافکاسی.
“یەکەم؛ نەخشەی زمان لە ڕووی مێژوویی و ئەفسانەییەوە”
شانامەی عوسمانیی دامەزرێنەرانی دەوڵەتی پێشدادی وەک کورد ناساندووە (شانامە، ل. 224-225). هەروەها کوردگالنامەک شوێنەواری یەکەمی کوردانی «ماد و پارس» لە ناوچەکانی ئازەربایجان و کوردستانی ئێستادا پیشان دەدات (کوردگالنامەک، ل. 42). جگەلەوەش کتێبی (جوبیلیانی تەوراتی) هەمان زانیارییە مێژوویی و ئەفسانەییانەکان پشتڕاست دەکاتەوەو دەڵێت: -“مادای لەگەڵ کچی شەم (سام) هاوسەرگیری کردبوو و لەگەڵ خێزانەکەی ژنەکەیدا دەژیا؛ ئەو نەیدەویست وەک میراتگری یافەسی لەکەنارەکانی دەریای ڕەش نیشتەجێبێت. بۆیە داوای لەخێزانەکەی کرد لە (ئیلام، ئاشور، ئەرخەفشاد) شوێنێکی بۆ دابینبکەن. ئەو خاکەی پێیاندا، دواتر بەناوی ئەوەوە بە “مادیا” ناسرا”. (جوبیلیان 10:35-36). ئەمە پیشانی دەدات کوردان — لەسەردەمە یەکەمەکانی مرۆڤایەتییەوە تائێستا — بەشارسەتانیەتی تایبەتی خۆیان هەبوون. سنوورەکانی گەلانی ئاریايی لەسەردەمی داریای یەکەمدا گەیشتنە زۆرترین فراوانی:- لە لیبیا و مەکەدۆنیاوە تا خوارزم و ڕووباری ئیندوس و لەکافکاسیاوە تا بابلیستان و حەبەشە.
هەروەها ڕاستییەکی مێژووییە ئەم سنوورە فراوانانە هەمیشە تووشی هێرش بوون:-
- لە ڕۆژئاواوە: ڕۆمییەکان.
- لە ڕۆژهەڵاتەوە: هیندی – سیندییەکان.
- لە باکوورەوە: تورکەکان.
- لە باشوورەوە: عەرەبەکان.
دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، چەندین میرنشینی سەربەخۆی کورد دروستبوون لە کافکاسیا، لە ئەناتۆلیا و میسر (وەک شەدادییەکان، مەندەشاییەکان، ئەیوبییەکان…، هتد). هەروەها لەناوەندی کوردستانیش میرنشینەکانی وەک مەڕوانییەکان، حەسەنوییەکان…. هتد هەبوون. لەدوای پەرەسەندنی جیاوازیی مەزهەبی (سوننی و شیعە):-
- میرنشینە سوننییەکانی کورد هاوپەیمان بوون لەگەڵ عوسمانییەکان.
- میرنشینە شیعەکانیش هاوپەیمان بوون لەگەڵ سەفەوییەکان.
ئەم دابەشبوونە بەهۆی شەڕی چاڵدێرانی ساڵی (1514) زیاتر قووڵبووەوە، بەفەرمی کوردی لەیەکدی جیاکردەوە و شەڕێکی بەردەوامی لە ناوچەکەدا درووستکرد. لەم پڕۆسەیەدا، گەلی ئازەریی ئاریايی نەژاد زمانەکەی خۆی گۆڕی بۆ تورکی، بەهۆی کاریگەریی داگیرکەرەکان. دواتر لە سەدەی 19دا هێرشی ڕووسی (قەیسەری و سۆڤیەتی) بووەهۆی جۆرێک لە “پاکسازیی ئیتنیکی”، تا سەرەتای سەدەی 20 تەنها کەمینەیەکی کوردی ئێزیدی لە ئەرمەنستان و گورجستان مایەوە. زۆرێک لە کوردانی موسڵمانیش ڕاگوازران و دابەشکران بۆ ئاسیای ناوەڕاست. نووسەری ناوداری کورد “مەعروف خەزنەدار”؛ ئەم قۆناغە بەکورتی وەسف دەکات و دەڵێت:- “دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیی و گۆڕانی دەسەڵاتی قاجارییەکان، کورد هەوڵیاندا دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکەن، بەڵام ئەنجامەکانی شەڕی جیهانی یەکەم (١٩١٤ – ١٩١٨) و شەڕی جیهانی دووەم (١٩٣٩ – ١٩٥٤) هەموو ئەو هەوڵانەیان شکاند، دوای شەڕی جیهانی یەکەم:- کوردستان بەسەر “تورکیا، ئێران، ئێراق، سوریا و یەکێتیی سۆڤیەت” دابەشکرا، لەگەڵ ئەوەشدا، لەڕووی جوگرافییەوە کوردستان هێشتا یەکپارچەیە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە چوارچێوەی نییە”.
“دووەم؛ زمانی کوردی وەک بەشێک لە خێزانی زمانە ئاریايیەکان”
چەمکی “زمانە ئاریايیەکان” چەمکێکی مەجازییە و بۆ دابەشکردنی بەشێک لەزمانەکانی جیهان بەکاردەهێندرێت. ئەم زمانانە لەناوچەیەکی فراواندا قسەیان پێدەکرێت “ئێران، ئەفغانستان، پاکستان، هیندستان، ئێراق، سوریا، تورکیا…هتد.”
زمانزانەکان وەک Geoffrey Haig) و (Ergin Opengin زمانە ئاریايیەکان دابەش دەکەن بۆ:-
- ڕۆژهەڵاتی.
- ڕۆژئاوا.
- بەشی ڕۆژئاواش دابەش دەبێت بۆ:-
- باکوور- ڕۆژئاوا (کوردی).
- باشوور – ڕۆژئاوا (فارسی).
هەروەها لە سەردەمی کۆندا:-
- ڕۆژهەڵات:- ئاڤێستایی و ساکایی.
- ڕۆژئاوا:- پارسی کۆن و مادی.
دواتر لە سەردەمی ناوەڕاست:-
- ئاڤێستایی → باختری و ئۆسێتی.
- ساکایی → سۆغدی، خۆتنی، خوارەزمی.
- مادی → پارتی.
- پارسی کۆن → پارسی ناوەڕاست.
ئەمە پیشانیدەدات هێزو دەسەڵاتی سیاسیی کاریگەریی زۆری لەسەر یەکگرتنی زمان هەیە، هەروەها زمانەکانی ئاڤێستایی و سانسکریت زۆر لە یەکترنزیکن، بەتایبەتی لەڕووی ڕێزمان و دەنگسازییەوە، پیشانی پەیوەندییەکی کۆنیان دەدات.
“سێیەم؛ ڕوانینێکی گشتی لە سەردەمەکانی زمانی ئاریايی”
سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوەدەدەن، شوێن و بنەمای گەلانی ئاریايی «ئاران» بووەو چیای «ئارارات»یش بە مانای “سەرچاوەی ئاریاکان” دێت. ناوی «ئاران» لە دەوری ئەم چیاوە بەردەوام بەکارهاتووەو وشەی «لان»یش لە کوردیدا واتای “شوێن” یان “شوێنەوار” دەدات (وەک لە وشەکانی موزەلان، ئەردەلان)، بەپێی ئەم تێڕوانینە، دەبێت زمانناسیی کوردی «ئاران» بەناوچەی سەرەکیی پەیدابوونی زمانە ئاریايیەکان بزانێت و زمانەکانیش دابەش بکرێن بۆ:-
- ئاریايی ناوەندی (کوردی).
- ئاریايی ڕۆژهەڵاتی (هندو – پارسی).
- ئاریايی ڕۆژئاوا (ئەوروپی- ئەمریکی).
هەروەها مێژووی زمانی ئاریايی دابەشدەکرێت بۆ چوار قۆناغ:- “پێشدادی، ماد-پارس (کیانی)، ئەشکانی و ساسانی”.
١. سەردەمی پێشدادیان، سەرەتای ئاریايی و گەشەی دەنگسازی:- زانیارییە ئارکۆلۆژییەکان نیشاندەدەن هۆزە ئاریايیە سەرەتاییەکان نزیکەی 2000 پ.ز لەهۆزە هندو- ئاریايیەکان جیابوونەوە. پاشان، گەلانی مادی، پارسی و ساکایی بە شێوەی موج – موج کۆچان بۆ ناوچەی ناوەندی ئاسیا کردووە. لە سەدەی 6 پ.زدا، زمانی ئاریايی دەستی بەگۆڕان کرد، بەڵام سیستەمی دەنگیی هاوبەش بەردەوام مایەوە. جیاوازییە دەنگییەکان لەنێوان زاراوەکاندا لەم دەنگانەدا دیار بوو:-
(/k, g, x/ — /ç, c/ — /p, b, f/ — /t, d/ — /ş, j/ ):
بۆ نموونە:دەنگی (ش) لەزاراوەیەکدا دەبێتە (ژ)،(/k, g/ → /s, z/) دەگۆڕێت. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە:-
- وشەی سەد:
- هندو- ئەوروپی kmto
- هندو- ئاریايی sata
- ئاڤێستایی sata
- وشەی ئەسپ
- هندو- ئەوروپی ekuo
- هندو- ئاریايی asva
- ئاڤێستایی/مادی aspa
ئەم گۆڕانانە نیشان دەدەن زمانی ئاریايی بە شێوەیەکی سرووشتی پەرەی سەندووە. هەروەها کاریگەریی زمانە هاوسێکان (وەک زمانە کافکاسییەکان) هەندێک دەنگی نوێیان دروستکردووە، بە تایبەتی لە زمانی ئۆسێتی، هۆکاری سەرەکیی گۆڕان؛ هێرشەکانی تورانی و سلاڤی، لە ئەفسانەکانداش وەک شەڕی فەرەیدون و کوڕەکانی (تور، سەلم، ئیرەج) باس دەکرێن.
٢. سەردەمی ماد-پارس/کیانی، نووسینەکانی بێستون و فەرمیبوونی زمان:- بەپێی بۆچوونی زمانناسان، سەردەمی زمانی ئاریايی کۆن (1350–350 پ.ز) بووە. ئەم زمانە لەناوچەیەکی زۆر فراواندا بڵاوبوو:- لەکافکاسیاوە تا ڕووباری ئیندوس و لە کەنداوی فارسەوە تا میزۆپۆتامیا.
دوو زمان بەنووسین پارێزراون؛
- ئاڤێستایی.
- پارسی کۆن.
سەرچاوەکان ئەم قۆناغە بە “سەردەمی ماد – پارس” ناودەبات و دەڵێت:دوای پێشدادیان، دەسەڵاتی مادی و پارسی دەستی پێکردو کەی قوباد وەک پاشایەکی دادپەروەر هەڵبژێردرا، هەروەها لەو سەردەمەدا، زمانی فەرمی، بەپێی ئەم سەرچاوەیە، جۆرێک لەکوردی بووە (یان ئەوەی ئێمە ئێستا بە زمانی ئاریايی کۆن دەناسین).
نووسینی بێستون (داریۆش یەکەم) گرنگترین بەڵگەی ئەم سەردەمەیە، بەسێ زمان نووسراوە:-
- ئاریايی (پارسی کۆن).
- ئیلامی.
- بابلی.
ئەمە نیشان دەدات زمانی ئاریايی تەنها زمانی فەرمی نەبوو، بەڵکو بۆ کارە ڕۆژانەکانیش بەکاردەهاتووە.
هەروەها وشەی “iyam” (ئەمە) لەو نووسینانەدا هاتووە، لە زاراوەکانی کوردیدا هێشتا وەک “ئێمە/ ئیمە” ماوەتەوە.
٣. سەردەمی ئەشکانی، کاریگەریی ڕۆمییەکان و زیادبوونی زاراوەکان:- دوای مردنی ئەسکەندەری مەقدۆنی (323 پ.ز)، دەسەڵات لە نێوان سەرلەشکەرەکانی دابەش بوو. ناوچەی ماد و پارس کەوتە دەست سەلۆکوس، دوای ماوەیەک، لەساڵی 245 پ.ز، مەلیک ئەشک لە باختریا (بەلخ) دەوڵەتی ئەشکانی دامەزراند.
لەم قۆناغەدا:-
- زمانی ئاریايی کەمێک لاواز بوو.
- زاراوەکان زیاد بوون.
- کاریگەریی زمانی ئەرەمی و ئیلامی زیاتر بوو.
هەروەها هێرشی ڕۆمییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکان بوونە هۆی گۆڕانی زمانی.
کورتەی ئەم بەشە:-
- “ئاران” بەناوچەی سەرەکیی ئارییاکان دەزانرێت.
- سەردەمی پێشدادی بنەمای دەنگسازیی زمان بوو.
- سەردەمی ماد- پارس زمانی فەرمی و نووسینی درووستکرد.
- سەردەمی ئەشکانی بووەهۆی زیادبوونی جیاوازیی زمانی.
ئەمانە پێکەوە وێنەیەکی گشتی دەدەن لە گەشەی زمانی ئاریايی تاپێش سەردەمی ساسانی.
“چوارەم؛ سەردەمی ئەشکانی، کاریگەریی ڕۆمییەکان و گۆڕانی زمان”
کاتێک دەگەینە سەردەمی ئەشکانییەکان (247 پ.ز – 242 ز)، دەبینرێت زمانی دیوانی و فەرمیی دەسەڵاتداریی بووە زمانێکی پێشکەوتوو، ڕەگەزی زمان (جێندەر) ی تێدا نەماوە. هەرچەندە لەڕووی وشەوە نزیکە لەزمانی کوردی، بەڵام لە ڕووی ڕێزمانەوە زۆر لەپارسیی ناوەڕاستی ساسانی دەچێت.
بەڵگەی ئەمەش ئەم بەرهەمانەن:-
- (Dirext-ê Asûrîg )دارەکەی ئاسور/دارەکەی بابل.
- بەشێک لە داستانی (Ayadgarê Zerîran ).
- و چەند دەقێکی تر.
“داری ئاسور” چیرۆکی دیالۆگێکە لەنێوان دارێکی خورما و بزنێکدا، لە سەرەتا دارەکە سوودەکانی خۆی باس دەکات، پاشان بزنەکە سوودەکانی خۆی دەژمێرێت و لەکۆتاییدا بزنەکە سەرکەوتوو دەبێت.
لە ناو ئەم دەقەدا، زۆر وشەی نزیک بەزمانی کوردیی دەبینرێن، وەک:-
- شاخ (شاخ).
- برز (بەرز).
- کێج (کێژ).
- ماست.
- کەشک.
- مەشک.
- دەستەخوان.
ئەمە نیشاندەدات پەیوەندییەکی وشەیی بەهێز هەیە لەنێوان زمانی ئەو سەردەمەو زمانی کوردیدا، بەڵام، ئەم زمانە هێشتا بەشێوەیەکی تەواو لەلایەن زمانناسانی کوردەوە نەخراوەتە ژێر لێکۆڵینەوەی قووڵ، بەتایبەتی بەبەراورد لەگەڵ زاراوەکانی کوردی وەک: “سۆرانی، کەڵهوری، لەکی، لوڕی، بلوچی، فەیلی”، هەندێک توێژینەوە (وەک کاری ئەلی پاکسیڕشت) پێشنیاردەکەن پەهلەوی ئەشکانی ڕەنگە بنەمای ئەم زاراوە بێ جێندەرانەی کوردی بێت، بەڵام ئەمە هێشتا پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە. هەروەها (یادگارێ زەریران) یش داستانێکی ئایینییە پەیوەندی بەسەرەتای ئایینی زەردەشتییەوە هەیە تێیدا:-
- ویشتاسپ دینی مەزدەکیی قبووڵ دەکات.
- دوژمنی تورکی (ئەرجەسپ) هێرش دەکات.
- زەریر و کوڕەکەی بەئازایەتی شەڕ دەکەن.
لە ڕوانگەی زمانناسیی ئەوروپی- ئەمەریکییەوە، ئەم قۆناغە بە (زمانی ئاریايی ناوەڕاست) ناسراوەو ئەم زمانانەی تێدا دێن:-
- پارتی (زمانی فەرمیی ئەشکانیان).
- باختری.
- سۆغدی.
- توخاری.
- خوارەزمی.
- هتد.
بەڵام ئەم زمانە نووسراوانە زۆرجار بەناوی (پەهلەوی) یان (مانەوی) یش ناسراون، بەهۆی دەقە ئایینییەکانی مانی.
“پێنجەم؛ سەردەمی ساسانی: زیندووکردنەوەی زمانی ئاریايی”
سەرچاوە مێژووییەکان چیرۆکی دامەزراندنی دەوڵەتی ساسانی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە؛ ساسان لەدەسەڵات دووردەخرێتەوە و دەچێتە ناوچەی کوردستان، پاشان نەوەکانی (وەک بابەک و ئەردەشیر) دەگەنە دەسەڵات و دەوڵەتێکی بەهێز دادەمەزرێنن، ئەردەشیر دوای شکاندنی دوا پاشای ئەشکانی “ئەردەوانی پێنجەم”، دەوڵەتی ساسانی دامەزراند و ناوچەکانی کۆکردەوە.
لەم سەردەمەدا:-
- زمانی ئاریايی ناوەڕاست (پارتی/پەهلەوی) بووە زمانی فەرمی.
- لە سەدەی 3 تا 8 ز بەکارهاتووە.
- هەتا دوای داگیرکاری عەرەبەکانیش تا سەدەی 10 ز بەردەوام بوو.
دەقەکانی ئەم سەردەمە نیشاندەدەن، زمان گەیشتووەتە ئاستێکی پێگەیشتوو، هەروەها:-
- دەقە مانییەکان بەپارتی و سۆغدی نووسراون.
- ئەدەبی زارەکی لەلایەن گۆسان (گۆرانیبێژ) و چیرۆکبێژان پارێزراوە.
لەئەنجامدا؛
- سەردەمی ئەشکانی، زمان گۆڕانێکی ڕێزمانیی گەورەی کرد (لەدەستدانی ڕەگەز).
- پەیوەندیی وشەیی لەگەڵ کوردی زۆر بەهێز مایەوە.
- سەردەمی ساسانی بووە قۆناغی پێگەیشتنی زمانی ئاریايی.
- پەهلەوی بووە زمانی فەرمی و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زمانەکانی دواتر داناوە.
“شەشەم؛ گرنگی شانامەی فیردەوسی لەناساندنی زمانی کوردی”
مێژوونوسان زۆر گرنگییان داوە بە شانامەی فیردەوسی، چونکە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ ناساندنی:-
- ڕووداوەکان.
- کەسایەتییەکان.
- و جوگرافیای گەلی ئاریايی.
ئەم کتێبە لەسەر بنەمای:-
- چیرۆکە زارەکییەکان.
- سەرچاوە عەرەبییەکان.
نووسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ تێگەیشتن لەسەردەمە کۆنەکان، مێژووناسان و زمانناسان بەوردی لێی دەکۆڵنەوە، بەپێی زانیارییەکانی “د. مستەفا کوگو”، ئەم شانامەیە لە سەدەی ١٥دا (ساڵی 854 ی کۆچی / 1450 زاینی) لە فارسییەوە بۆ زمانی تورکی عوسمانی بەشێوەی پەخشان وەرگێڕدراوە. وەرگێڕەکەی دیارنییە، بەڵام بۆ سوڵتانی عوسمانی مورادی دووەم (1421–1451)، باوکی فاتح، پێشکەشکراوە. لە کتێبخانەکانی تورکیا سێ وەشانی وێنەدار هەیە، لەکتێبخانەی مۆزەی سەرای توپقاپی پارێزراون، هەروەها وەشانێکی دیکەی لەکتێبخانەی نەتەوەیی ئۆستریا هەیە. دەستپێکی (ل.14) و کۆتایی (ل.853)ی شانامەکە زۆر گرنگن. لە دەستپێکدا باسێکی گرنگ لەسەر بایەخی مێژووناسی و باوەڕپێکراوی زانیاریی هاتووە: مرۆڤێکی نەزانای مێژوو نابێت بەڕابردوو دڵنیا بێت و هەرگیز پێی متمانە نەکات؛ هەروەها نابێت لە دوژمنی کۆن هیوابخوازێت” هەروەها وتەیەک دەڵێت ئەم شانامەیە لەلایەن فیردەوسی تووسییەوە لە ساڵی 400 ی کۆچی بۆ سوڵتان مەحمودی غەزنەوی نووسراوەو لە ساڵی 854 ی کۆچی بەفەرمانی سوڵتان موراد بۆ تورکی وەرگێڕدراوە، گومان و پرسیار درووستدەکات لەسەر ئەوەی ئایا دەستکاری لە دەقەکانی شانامە کراوە بۆ ئەوەی ناوی کورد وەک دامەزرێنەرو دەسەڵاتدار نەهێنددرێت یان نا.
“حەوتەم؛ شیکردنەوەی جوگرافیای شانامەی فیردەوسی بەپێی زانیارییە مێژووییە هاوچەرخەکان”
شانامە تەنها باس لە پاشایەتییەکانی ئاریایی ناکات، بەڵکو باس لە ڕووداوو و کەسایەتی، سیاسەت، ئەخلاق، ئابووریی و دیپلۆماسیش دەکات. بۆیە پێویستە وێنەیەکی فراوان لە جوگرافیای ئاریایی لەبەرچاو بگیرێت:-
- ١٠٠ هەزار ساڵ پێش زایین: شوێنەوارەکانی ئەشکەوت لە چیاکانی زاگرۆس دۆزرایەوە، نیشان دەدات مرۆڤ لەو ناوچەیە ژیاوە.
- ٨٠٠٠ پ.ز: لە زاگرۆس و شوێنەکان وەک سەراب و گۆران، بەڵگەی سەرەتایی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دۆزرایەوە.
- ٥٥٠٠ پ.ز: شوێنەواری سیەلک لە نزیک کاشان دۆزرایەوە.
- ٤٥٠٠ پ.ز: لە گەری حەجی فیروز کوپێکی شەراب دۆزرایەوە، بەکۆنترین ئامراز دادەنرێت.
- ٤٢٠٠ پ.ز: شاری سوسا دامەزرێندرا.
- ٣٢٠٠ – ٢٧٠٠ پ.ز: سەرەتای شارستانییەتی ئیلام.
- ٢٠٠٠ پ.ز: گۆرانییە کۆنەکانی ڕیگ – ڤێدا نووسران.
- ١٥٠٠ پ.ز: شارستانییەتی هەڕاپا پاشکشەیکرد بەهۆی هاتنی ئارییەکان.
- ١٠٠٠ پ.ز: زەردەشت بە پێی هەندێک گومان لەم سەردەمەدا لەدایک بوو.
- ٧٠٨ پ.ز: دیاکو دەوڵەتی ماد دامەزراند.
- ٦١٢ پ.ز: ماد و بابلیەکان نەینەوایان داگیر کرد و دەوڵەتی ئاشووریان تێکشکاند.
- ٥٥٠ پ.ز: کۆرشی گەورە ناوچەی مادی داگیرکرد و یەکگرتووی ماد – پارسی درووستکرد.
- ٥٣٩ پ.ز: کۆرۆش بابیلۆنی داگیر کرد.
- ٥٢١ پ.ز: دارا یەکەم دەسەڵاتی گرتەدەست.
- ٥١٨ پ.ز: پێرسپۆلیس (تەختی جەمشید) درووست کرا.
ئەم ڕیزبەندییە مێژووییەی سەرەوە درێژەی هەیە بۆ ڕووداوەکانی دیکە تا سەردەمی یونانییەکان.
“هەشتەم؛ لەسەر بنەمای شانامەی فیردەوسی، سەیرێک بۆ ئاریای کۆن”
پێش هەموو شتێک، ئەم وەشانەی شانامە دەڵێت مێژووی پاشایەتییەکانی ئاریایی، مێژووی خێزانە کوردییەکانە، نەک تەنها پارسی. بەپێی دەقەکە، هەموو پاشاکانی (پیشدادی، کەیانی، ئەشکانی، ساسانی) لە یەک ڕەچەڵەک و نەژاددان و هەموویان کوردن، لە نەوەی فەرەیدونن. لە گفتوگۆیەکدا لەنێوان ڕۆستەم و ئیسفەندیار، ئیسفەندیار دەڵێت:- “من ئیسفەندیارم، کوڕی گۆشتاسپ، کوڕی لوهراسپی شایەو ئەوانیش تادەگەن بە فەریدوون. دایکیشم کچی قەیسەرە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ فەرەیدون.” هەروەها شانامە باس دەکات، دوای کوشتنی دارا لەلایەن ئەسکەندەری مەکدۆنی و داگیرکردنی ناوچەی ئارییەکان، پاشای گەورە نەماو وڵات دابەش بوو بۆ دەستوپێوەندەکانی. ئەم دۆخە نزیکەی 200 ساڵ بەردەوام بوو و ناویان لێنرا “سەردەمی پەرەگەندە”. پاشان کوڕی دارا بەناوی ئەشک دوای مردنی ئەسکەندەر دەسەڵاتی وەرگرت و بوو بەشای ئارییەکان. دوای ئەو شاپوور، بەهرام، بلاش، هورمزد و کۆتایی بە ئەردەوان گەیشت. لە سەردەمی ئەردەواندا دەوڵەتی ئەشکانی کۆتایی هات. هەروەها باس دەکرێت ماوەی پاشاکانی ئەشکانی کورت بوو، بۆیە ناویان لە “دیوانی شاکان”دا تۆمار نەکراوە.
“نۆیەم؛ شانامە سەردەمی ئەشکانی و ساسانی، هەروەها گۆڕانی دەسەڵات و دەستپێکی سەروەری ساسانیان بەمشێوەیەی خوارەوە دەخاتەڕوو”
“کاتێک ئەردەوانی دوایی بوو بەشای ئارییەکان، ناو و پلەی شاکانی دووبارە بەرزکردەوەو سیستەمی پاشایەتی زیندووکردەوە؛ سەرکردەو کاربەدەستانی پارێزگاکان دەهاتن بۆ دەرباری ئەو، لەناوچەکانی وەک بەغدا، پارس، ئیسفەهان و کوهستان نێردراوان دەهاتن و دەچوون. بەفەرمانی ئەو، بابەکی کوڕی ساسان بوو بە پارێزگاری ئیستەخر. ئەو دەیگوت لەنەوەی بەهمەنی کوڕی ئیسفەندیارە. بەهمەنی کوڕی ئیسفەندیار لەکاتی خۆیدا پاشایەتی نەدا بەکوڕی خۆی ساسان، بۆیە ساسان هەڵگەڕایەوەو بەرەو نیشابوور چوو و لەوێ مرد. دوای ئەو، ناوی ساسان لە نەوەکەدا مایەوە، تاهەشت پشت هەمان ناو دەدرێت بەکوڕان، ئەم بنەماڵەیە کاری شوانی دەکرد. بابەکیش پێش ئەوەی ببێتە پارێزگار، خۆی شوان بوو.” هەروەها قەلقەشەندی دەڵێت: “یەکەم شای ساسانی ئەردەشیرە، کوڕی بابەک، کوڕی ساسان، کوڕی ئەردەشیر بەهمەنی، و لە نەوەی دارایە.”
“دەیەم؛ ڕەنگدانەوەی مێژووی شاکانی ئارییان لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا”
دوای ئەم زانیارییانە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە عەرەبییەکان، چونکە عەرەبەکان دەوڵەتی ساسانیان تێک شکاند و مێژوویان تۆمار کرد.
قەلقەشەندی (1355–1418) مێژووی ئاریان دابەش دەکات بۆ دوو بەش:-
- پێش دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام.
- دوای دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام دابەشیدەکات بۆ: پیشدادی، کەیانی، ئەشکانی، ساسانی.
نابراو دەڵێت:- “لە کۆنەوە شاکانی ئارییان گەورەترین پاشاکانی جیهان بوون. یەکەم خێزان پیشدادیەکان بوون، واتە دەستپێکی دادپەروەری. یەکەم شایان هوشەنگ بوو، سیستەمی دەوڵەتی دامەزراند. دوای ئەو تەهمورەس و دوای ئەو جەمشید هات. جەمشید سنووری وڵاتەکەی فراوانکرد و جەژنی نەورۆزی دامەزراند، بەڵام دواتر لە دادپەروەری دوورکەوتەوە و کوژرا. دوای ئەو زوحاک (دەهاک) هات زۆری زۆرداریکرد. دواتر کاوە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو هێناو فەرەیدوون دەسەڵاتی وەرگرت. فەریدوون جیهانی دابەشکرد بەسەر سێ کوڕەکەیداو لەهەمان سەردەمدا پێغەمبەرییەکەی ئیبراهیم بوو”. هەروەها (دەینەوەریش)زانای کورد هەمانشت دەڵێت: ” فەرەیدون و پێغەمبەران لەهەمان سەردەمدا بوون و جیهان دابەشکرا بەسەر نەوەکانی فەرەیدوندا”. لەکۆتاییدا قەلقەشەندی ڕیزبەندی شاکان بەردەوامدەکات:- دوای فەرەیدون، ئیرەج و براکانی، دواتر مەنوچەهر، و پاشان فەراسیاب، تا دەگات بە کۆتایی خێزانی پیشدادی.
“یازدەیەم؛ ئێستا کوردان”
- لە کوردستان.
- لە ناوخۆی تورکیا (وەک ئەنقەرە، کۆنیا…هتد.)
- لە خۆراسانی ئێران.
- لە سوریا (حەڵەب).
- لە کافکاسیا و ئاسیا ناوەڕاست.
- لە ئەوروپا و ئەمەریکا.
بە میلیۆنان کورد دەژین.
“ئەنجام”
- کورد خۆی وەک نەتەوە و نەژادێکی تایبەتی دەناسێت، هەرچەندە هەموو کورد بەزمانی کوردی قسە ناکەن.
- توێژینەوە جێنتیکییەکان نیشاندەدهن کوردان لەناوچەی دەریای ناوەڕاست و کافکاسیا پەیوەندییان نزیکە بەنەتەوەکانی فارس، لوبنان و جووەکان.
- زمانی کوردی بەشێکە لەخێزانی زمانی ئاریاییەکان، دابەشدەکرێن بۆ دوو بەش:- ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوا.
- زاراوەکانی کوردی (سۆرانی، کەڵهوری، لەکی، فەیلی) رەگەزی ناوەڕاستی و مادییان هەیە.
- پێشدادیان: سەرەتای یەکگرتنی دەنگی و دروستبوونی سیستەمی زمانی.
- ماد و پارس: نووسینی بێستون و بەکارھێنانی پارسیی کۆن.
- ئەشکانیان: زیادبوونی زاراوەکان، دەقەکانی وەک دارەکەی ئاسور وشەی نزیک بە زمانی کوردییان ھەیە
- ساسانیان: زمان پەهلەوی بووە زمانی فەرمی و بەشێک لە بنەمای کوردیی ئەمڕۆ بووە.
- شانامەی فیردەوسی: سەرچاوەیەکی تایبەتیە بۆ ناساندنی مێژووی نەژادی گەلی ئاریايی.
- وتراوە زۆر لە پاشاکانی “پێشدادی، کەیانی، ئەشکانی، ساسانی” نەوەی فەرەیدونن و بەکورد پەیوەندیدارن.
- مەبەستی ناوچەی سەرەکی “ئاران” و چیای “ئارارات” وەک مێژووی زمانەکانی ئاریايی.
- سنوورەکانی ئاریاییان لە زاگرۆس تا بابل و ئەفریقا درێژەی هەبووە، بەڵام بەهۆی هێرشی ڕۆم، تورک، عەرەب و هیند گۆڕانی بەسەرداهاتووە.
- ئێستا کوردان لەچەندین وڵاتی جیاواز “کوردستان، تورکیا، ئێراق، ئێران، سوریا، ئەوروپا و ئەمەریکا” بە میلیۆنان بەناوی نەتەوەی خۆیان دەژین.






































































