پرسیاری ئەوەی مرۆڤ چۆن تێدەگات و چۆن پێدەگات، تەنها پرسێکی دەروونناسانە نییە، بەڵکو گەشتێکی فیکریی قووڵ و فرەڕەهەندە بۆ نێو کرۆکی بوونی مرۆڤ؛ گەشتێکە کە لە یەکەم نیگای حەپەساوی منداڵێکەوە بۆ جیهان دەست پێدەکات و تا دوا هەناسەی مرۆڤی بیرمەند و پرسیارکەر، پرسیارساز درێژەی هەیە. ئەمە مەتەڵێکی دێرینە کە فەیلەسووفان لە ئەفلاتۆنەوە کە باوەڕی بە زانینی پێشوەختە هەبوو، تا جۆن لۆک کە زەینی بە لاپەڕەیەکی سپی (Tabula Rasa) دەشوبهاند، سەرقاڵ کردووە. ئایا زەینی مرۆڤ وەک لاپەڕەیەکی سپی وایە کە ئەزموونەکان بە سادەیی لەسەری دەینووسنەوە، یان وەک تۆوێکە کە توانستە شاراوەکانی بە شێوەیەکی بایۆلۆجی و حەتمی گەشە دەکەن و ژینگە تەنها ئاویاریی دەکات؟ لەم گەشتە فیکرییەدا، سێ ڕوانگەی پەروەردەیی سەدەی (٢٠ و ٢١)، (ژان پیاژێ، لیڤ ڤیگۆتسکی، و جیرۆم برونەر)، وەک سێ ڕووناکیی بەهێز دەدرەوشێنەوە کە هەر یەکەیان لە گۆشەیەکی جیاوازەوە تیشک دەخاتە سەر ئەم پڕۆسە ئاڵۆزە. ئەوان وەک سێ ڕێبەر وان کە هەریەکەیان نەخشەڕێگایەکی جیاواز پێشکەش دەکەن بۆ گەیشتن بە هەمان لوتکە. ئەوان بە سێ پرسیاری جیاواز وەڵامی هەمان مەتەڵ دەدەنەوە: ئایا پێگەیشتن سەفەرێکی ناوەکیی تاکەکەسییە کە لە قووڵایی زەینەوە هەڵدەقوڵێت و بەپێی نەخشەیەکی بایۆلۆجی دەچێتە پێش؟ ئایا بەرهەمی دیالۆگێکی کۆمەڵایەتییە کە لەگەڵ «ئەویتر»دا شێوە دەگرێت و لە دەرەوە بۆ ناوەوە بوونیاد دەنرێت؟ یان چیرۆکێکی كولتوورییە کە لە ڕێگەی زمان و گێڕانەوەوە مانا وەردەگرێت و ناسنامەمان بۆ دادەڕێژێت؟
ژان پیاژێ، لە ڕوانگەیەکی بایۆلۆجی و تاکگەراییەوە، بیردۆزەکەی کە بە (بوونیادنانی مەعریفی-Cognitive Constructivism) ناسراوە، پێی وایە کە پێگەیشتنی مەعریفی پڕۆسەیەکی ناوەکییە و لە زنجیرەیەک قۆناغی گەردوونی و حەتمیدا ڕوودەدات. لای ئەو، منداڵ وەک «زانایەکی بچووک»ـی گۆشەگیر وایە کە بە تەنیا و لە ڕێگەی کارلێککردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهانی فیزیکیدا، بە شێوەیەکی چالاکانە تێگەیشتنی خۆی بۆ جیهان بوونیاد دەنێت. ئەم بوونیادنانە لە ڕێگەی دوو میکانیزمی سەرەکیی (هەڵمژین-هاوشێوەکردن-Assimilation) و (گونجاندن-Accommodation)ـەوە ڕوودەدات. کاتێک منداڵ ڕووبەڕووی ئەزموونێکی نوێ دەبێتەوە، سەرەتا هەوڵ دەدات لە چوارچێوەی ئەو (سکیما-Schema) یان نەخشە زەینییانەی کە پێشتر هەیەتی، هەڵیمژێت. سکیماکان وەک فایلەکانی نێو کۆمپیوتەری مێشک وان کە زانیارییەکان پۆڵێن دەکەن. بۆ نموونە، منداڵێک سکیما بۆ باڵندە دروست دەکات (ئاژەڵێکە دەفڕێت و پەڕی هەیە). کاتێک فڕۆکەیەک دەبینێت، ڕەنگە سەرەتا بە باڵندە ناوی ببات، چونکە هەوڵ دەدات ئەم زانیارییە نوێیە بخاتە نێو فایلە کۆنەکەوە. بەڵام کاتێک ئەزموونە نوێیەکە لەگەڵ نەخشە کۆنەکاندا ناگونجێت، (ناهاوسەنگییەکی مەعریفی) دروست دەبێت. ئەمە وەک زلـلەیەک وایە کە منداڵ لە خەوی ئاسوودەیی زانینەکانی بەئاگا دێنێت و ناچاری دەکات نەخشە زەینییەکانی بگۆڕێت یان بیگونجێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی نوێدا بگونجێت. لێرەدا منداڵەکە فێردەبێت کە هەموو شتێکی فڕیو باڵندە نییە و سکیماکەی وردتر دەکاتەوە یان سکیماێکی نوێ بۆ فڕۆکە دروست دەکات. ئەم جووڵە بەردەوامە لەنێوان هاوسەنگی و ناهەوسەنگیدا، کە پیاژێ ناوی ناوە (هاوسەنگاندن-Equilibration)، بزوێنەری سەرەکیی گەشەی مەعریفییە. ئەم پڕۆسەیە، بە بڕوای پیاژێ، سەفەرێکی تاکەکەسییە کە لە ناخی زەینەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕۆڵی ژینگەی کۆمەڵایەتی تەنها دابینکردنی داتای خاو و ئەزموونی پێویستە بۆ ئەم پێڤاژۆ ناوەکییە؛ واتە، کۆمەڵگە تەنها کەرەستەکان دابین دەکات، بەڵام منداڵ خۆی ئەندازیار و وەستای بیناکردنی تێگەیشتنی خۆیەتی.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم دیدگا تاکگەرایەدا، لیڤ ڤیگۆتسکی وەک بیرمەندێکی کۆمەڵایەتی دەوەستێتەوە و ڕەخنەیەکی بنەڕەتی ئاڕاستەی پیاژێ دەکات. ڤیگۆتسکی، تیۆرییەکەی بە (بوونیادنانی کۆمەڵایەتیی-Social Constructivism) ناسراوە، پێی وایە کە پێگەیشتنی مەعریفیی مرۆڤ لە بۆشاییدا ڕوونادات، بەڵکو بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەرهەمی کارلێکی کۆمەڵایەتی و كولتوورییە. لای ئەو، منداڵ «زانایەکی بچووک»ـی بەدەربڕینە (ژان پیاژێ)کە گۆشەگیر نییە، بەڵکو «فێرخوازێکی کۆمەڵایەتی-Social Apprentice)یە کە لە ڕێگەی کارلێک لەگەڵ کەسانی شارەزاتر وەک دایک و باوک، مامۆستا، یان تەنانەت هاوتەمەنێکی زیرەکتر، تواناکانی گەشە پێدەدات. ڤیگۆتسکی جەخت لەسەر ڕۆڵی زمان و ئامرازە كولتوورییەکان دەکاتەوە وەک پردی پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵگە. زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ گوزارشتکردن لە بیرکردنەوەی پێشوەختە، بەڵکو خودی ئامرازی داڕشتنی بیرکردنەوەیە. بە بڕوای ئەو، سەرەتا کارکردە مەعریفییەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بوونیان هەیە و پاشان لەسەر ئاستی تاکەکەسی ناوەکی دەکرێن. قسەکردنی ناوەکی لای ڤیگۆتسکی، کە پیاژێ بە نیشانەی خۆویستی منداڵی دادەنا، لە ڕاستییدا دیالۆگە کۆمەڵایەتییەکانە کە ناوەکی کراون و بوونەتە ماتۆڕی بیرکردنەوەی ئاست بەرز و خۆڕێکخستن. گرنگترین چەمک لە تیۆرییەکەیدا بریتییە لە (ناوچەی گەشەی نزیک-Zone of Proximal Development). ئەم ناوچەیە بریتییە لەو بۆشاییەی نێوان ئەوەی منداڵ دەتوانێت بە تەنیا ئەنجامی بدات (ئاستی گەشەی ڕاستەقینە) و ئەوەی کە دەتوانێت بە یارمەتی و ڕێنمایی کەسێکی شارەزاتر ئەنجامی بدات (ئاستی گەشەی شاراوە). فێربوون و پێگەیشتنی ڕاستەقینە، بە بڕوای ڤیگۆتسکی، هەر لەم ناوچەیەدا ڕوودەدات، کاتێک فێرکردن کەمێک لەپێش گەشەی سرووشتی منداڵەکەوەیە. واتە، پێگەیشتن بەرهەمی فێرکردنە، نەک مەرجی فێربوون؛ فێربوون گەشە ڕادەکێشێت و بەرەو پێشی دەبات.
لێرەدا، جیرۆم برونەر وەک بیرمەندێکی ئاشتکەرەوە و پردساز دێتە مەیدانەوە، کە هەوڵدەدات باشترینەکانی هەردوو جیهانی پیاژێ و ڤیگۆتسکی تێکەڵ بکات. برونەر دان بە گرنگی قۆناغە بایۆلۆجییەکانی پیاژێدا دەنێت، بەڵام هاوکات بە قووڵی باوەڕی بە ڕۆڵی بنەڕەتیی بەستێنی کۆمەڵایەتی و چاندیی ڤیگۆتسکی هەیە. برونەر چەمکی (ئەسکەلە-داربەست-Scaffolding) دادەهێنێت، کە بە کوردی دەتوانین بە «ئەسکەلە، داربەستی فێرکاری یان پشتیوانیی کاتی» ناوی ببەین. ئەم چەمکە وەرگێڕانێکی کردارییە بۆ (ناوچەی گەشەی نزیک)ـی ڤیگۆتسکی و میکانیزمەکەی ڕوون دەکاتەوە. ئەسکەلە (داربەست) بریتییە لەو پشتیوانییە ورد و کاتییەی کە کەسی شارەزا (مامۆستا یان دایباب) پێشکەشی فێرخوازی دەکات تا کارێک ئەنجام بدات کە لە توانای خۆی بەرزترە. ئەم پشتیوانییە دەکرێت لە شێوەی سادەکردنەوەی ئەرکەکە، پێدانی ئاماژە، هاندان، یان نیشاندانی نموونەیەکدا بێت. ئەم پشتیوانییە وەک ئەو داربەستە وایە کە کرێکارێک بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەک بەکاریدەهێنێت؛ کاتێک دیوارەکە تەواو بوو و دەتوانێت خۆی ڕابگرێت، داربەستەکە لادەبرێت. بە هەمان شێوە، مامۆستا وردە وردە ئەم پشتیوانییە کەم دەکاتەوە تا فێرخواز خۆی سەربەخۆ دەبێت و تواناییە نوێیەکە دەبێتە بەشێک لە ئاستی گەشەی ڕاستەقینەی. برونەر لەوەش زیاتر دەڕوات و جەخت لەسەر (گێڕانەوە- Narrative) دەکاتەوە وەک شێوازی سەرەکی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە جیهان و بوونیادنانی مانا. ئەو پێی وایە مرۆڤ دوو شێوازی بیرکردنەوەی هەیە: شێوازی لۆجیکی-زانستی (paradigmatic) کە پیاژێ جەختی لێدەکردەوە، و شێوازی گێڕانەوەیی (narrative) کە تایبەتە بە تێگەیشتن لە کردار و مەبەست و هەستەکانی مرۆڤ. ئێمە لە ڕێگەی چیرۆکەوە مانا بە ژیانی خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان دەبەخشین. ئەم چیرۆکانەش بەرهەمی كولتوورن. کەواتە، لای برونەر، پێگەیشتن تەنها گەشەیەکی بایۆلۆجی یان کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی كولتووریی-زمانەوانییە کە تێیدا تاک فێر دەبێت چۆن ئەزموونەکانی لە چوارچێوەی گێڕانەوەیەکی ماناداردا دابڕێژێت و ناسنامەی خۆی دروست بکات.
لەم سۆنگەیەوە، ئەم سێ دیدگایە وەک سێ ڕەهەندی یەک حەقیقەتی ئاڵۆز و یەکگرتوو وان. ئەوان بەرهەڵستکاری یەکتر نین، بەڵکو تەواوکەری یەکترن لە وێناکردنی تابلۆی گەورەی پێگەیشتنی مرۆڤدا. پیاژێ بناغە بایۆلۆجی و ئامادەیی ناوەکیی زەینمان بۆ ڕوون دەکاتەوە؛ ئەو کەرەستە خاوەکان و نەخشەی سەرەتایی باڵەخانەکەمان پێدەدات و پێمان دەڵێت کە مێشک بە شێوەیەکی سرووشتی مەیلی بوونیادنانی هەیە. ڤیگۆتسکی دێت و ڕۆڵی ژیانی ئەویتر و کۆمەڵگە لە چالاککردنی ئەو توانستەدا نیشان دەدات؛ ئەو کرێکار و ئەندازیارە شارەزاکان دێنێتە سەر کارەکە و داربەستەکان دادەمەزرێنێت، جەخت دەکاتەوە کە بەبێ دیالۆگ و ئامرازە كولتوورییەکان، ئەو بینایە هەرگیز بەرز نابێتەوە. پاشان برونەر دێت و ئەو دووانە لەناو چوارچێوەی چاند و گێڕانەوەدا یەکدەخات و پێمان دەڵێت کە ئامانجی کۆتایی ئەم باڵەخانەیە تەنها بینایەک نییە، بەڵکو ماڵێکە کە چیرۆک، مانا و ناسنامەی تێدا نیشتەجێ دەبێت. ئەو تێماندەگەیەنێت کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ماناسازە و لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی و ئەوانی ترەوە، جێگەی خۆی لە جیهاندا دەدۆزێتەوە. کەواتە، پێگەیشتنی ڕاستەقینە نە تەنها سەفەرێکی ناوەکی تاکەکەسییە و نە تەنها بەرهەمی ژینگەی دەرەکییە، بەڵکو دیالێکتیکێکی بەردەوامی نێوان ئەم سێ هێزەیە: توانستی بایۆلۆجی (ئەوەی لە ناخماندایە)، پاڵپشتی کۆمەڵایەتی (ئەوەی لەگەڵ ئەویتردا دەیکەین)، و چوارچێوەی كولتووریی (ئەو چیرۆکانەی کە پێی دەژین). مرۆڤی پێگەیشتوو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت لەم سێ ڕەهەندەدا هاوسەنگی دروست بکات و لە زانایەکی بچووکەوە ببێتە فێرخوازێکی کۆمەڵایەتی و لە کۆتاییشدا ببێتە نووسەر و پاڵەوانی چیرۆکی بوونی خۆی و دواتر سوود بە ژینگە و کۆمەڵگاش بگەیەنێت.






































































