“پێشه‌کی”
لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتناسان به‌تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتناسانی به‌ریتانی له سه‌رجه‌م بواره‌کانی ئابووریی و سیاسیی وسه‌ربازیی و ستراتیژی جێگه‌ی بایه‌خپێدان بوون که چه‌ندین به‌رهه‌میان له‌سه‌ر کورد و کوردستان نووسیوه، ئەونوسراوانە بۆته هۆی ئه‌وه‌ی به‌ریتانیا بایه‌خ به‌کوردستان بدات.
گرنگی توێژینه‌وه‌که؛ کوردستان بۆته جێگه‌ی بایه‌خی به‌ریتانیا بەتایبه‌ت له دوای دامه‌زراندنی کۆمپانیای هیندی ڕۆژهه‌ڵاتی، ئه‌م کۆمپانیایەوه چه‌ندین ئه‌فسه‌ر ودیبلۆماتکاری ناردووه به‌مەبه‌ستی لێکۆڵینه‌وه له کوردستان و ناوچه‌که، لایەنی ئابووریی گرنگترین هۆکار بوو بۆ به‌ریتانیا تاکو بایه‌خ به کوردستان بدات.
هۆکاری هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌که؛ هۆکاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته بۆ که‌می توێژینه‌وه و سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت به‌م بابه‌ته دەگەڕێتەوە، که کورد ته‌نها له نووسراوه بێگانه‌کان مێژووی نووسراوه‌ته‌وه، جا ئه‌و نووسینانه به شێوه‌ی ڕاست یان ناڕاست بوبێت، به‌ریتانیا دیاریترین هێز بوو له ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست گرنگی به کوردستان داوه. له سه‌رچاوه و به‌رهه‌مه‌کانی به‌ریتانیا پێش ڕودانی جه‌نگی یه‌که‌م جیهانی لەماوەی ساڵانی (١٨٠٠-١٩١٤)، بۆته به‌رچاو ڕوونییه‌ک بۆ ئاشنابوونی کوردستان.
ئامانجی هه‌ڵبژاردنی توێژینەوەکە؛ دیاریکردن و خستنه‌ڕووی به‌رهه‌مه‌کانی به‌ریتانیا له‌ڕێگه‌ی نوێنەر و گه‌ڕیده‌کان تۆمارکراوه، بەتایبەت له‌سه‌ده‌ی نۆزده کە له‌سه‌ر کورد نووسراوه ئامانج له‌و توێژینه‌وه زانینی ڕابردوی مێژووی کورده بۆ داهاتوو.
میتۆدی توێژینه‌وەکە؛ بۆ ئه‌وه‌ی له توێژینه‌وه‌کە بگه‌ین بە ئامانج په‌نامان بردۆتە بەر چه‌ندین میتۆد، به‌شێوه‌ی گشتی ئه‌و میتۆدانەی به‌کارمان هێناوه بریتیه له گێڕانه‌وه و تۆماری نوسراو ھەروەھا چەندین سەرچاوەی گرنگ.
ئاسته‌نگ و گرفته‌کانی توێژینەوەکە؛ یه‌کێ له‌و گرفتانه‌ی له کاتی توێژینه‌وه‌که‌دا هاته پێش نه‌بوونی سه‌رچاوه که زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌کان له تۆماری بێگانه کان وه‌رگێڕاوه. کورد خاوه‌نی سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ نییه، ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی هه‌یه هی ئەو زلهێزانه‌یه که هاتونه‌ته کوردستان به‌تایبه‌ت سه‌رچاوه بەریتانییەکان له پاڵی ڕووسی و فه‌ڕه‌نسی.
پێکهاته‌ی توێژینەوەکە؛ توێژینه‌وه‌که پێکهاتووه: له دوو به‌ش له‌گەڵ ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه‌کان، به‌شی یه‌که‌م باسی ڕۆڵی گه‌ڕیده‌کان ده‌کات لە گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە کوردستان، به‌شی دووه‌م له دوو با‌س پێکهاتووه، باسی یه‌که‌م بایه‌خی ئابووریی و ستراتیژیی و باسی دووه‌م باسی بایه‌خی سیاسیی و سه‌ربازیی ڕونکردوه‌ته‌وه، پێش ڕودانی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی لەماوەی ساڵانی (١٨٠٠-١٩١٤).
“بەشی یەکەم؛ ڕۆڵی گەڕیدەکان لە گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە گرنگی کوردستان”
سەرەتای سەدەی هەڤدەیەم بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە بواری ئابووریی و سیاسیی و فکرییەوە وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە، ڕۆژهەڵاتییەکان بوونە بەشێک لە لێکۆڵینەوە ڕۆژهەڵاتناسییەکان، هەریەک لە گەڕیدەکان و بازرگانەکان و جوگرافی ناسە ڕۆژئاواییانەی گەشتیان کردووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو گەشتانەی دەیانکرد بۆناوچەکان، کوردستانیش بەشێکی گرنگ بوو لە لێکۆڵینەوە و بیرەوەرییەکانیان تۆماریانکردوە، ئەمەش وای کردووە سەرنجی گەشتیارانیش رابکێشت وا‌بکات ژمارەیەکی تر لە گەشتیار سەردانی کوردستان بکەن(١). لە کۆتای سەدەی هەڤدە و سەرەتایی سەدەی هەژدەوە وردەوردە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا زیاتر بوولە رۆژهەلاتی ناوەراست و بەتایبەت کوردستان بەهۆی ئەوپەیوەندییە بازرگانییەی لەگەڵ دەوڵەوتی عوسما‌نی و ئێرانی هەیبوو بەتایبەت بە رێگای هیندستان بۆ کوردستان ئەویش رێگەی وشکانی بوو(٢)، یەکێک لەوگەریدانەی لەوماوەیە سەردانی ئەوناوچەیەی کردووە (آ.هاملتۆن) بوو، کاپتنێکی سکۆتلاندی بوو لە ساڵی (١٧٢١) باسی ئەو وردەکارییە دەکات لە کاتی گەشتەکەی سەردانی کوردستانی کردوە، باسی رێگا ئاوییەکانی کردووە، هەریەک لە دیجلە و فورات، هەروەها لە ساڵی (١٧٥٨) دکتۆرێک سەر بە (کۆمپانیای هیندی رۆژهەلاتی)(٣)، ئەویش (د.ئێڤز) گەشتێک بۆ کوردستان دەکات لە گەشتەکەی باسی باردۆخی کوردستانی کردووە، هەروەها هەریەک (ئیراهام پاسوتر) لە ساڵی (١٧٧٤) و ئیلیس ئاروین لەساڵی (١٧٧٦) هاتونەتە کوردستان باسی ئەوگەشتەیان کردوە تۆماریان کردووە(٤).
دواتر ساڵی ١٧٩٧ جا‌کسۆن یەکێکیتر بوو لەو فەرمانبەرانەی کۆمپانیای هیندی رۆژهەڵات کە سەرەتا دەیەوێت بچێتە هیندستان دواتر بەهەمان رێگای (لوتکەی ئاواتەباشەکان_رآس رجا‌ء صالح) بگەرێتەوە کە ڕێگەی فوڕات دەگرێتەوە بەناوچەکانی کوردستان تێدەپەڕێت بەشێک لە کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆباسکردن لە گرنگی کوردستان(٥). بەمشێوەیە تا کۆتایی سەدەی هەژدەیەم ئەو گەڕیدانەی سەردانی کوردستانیان کردووە نوسینەکانیان تۆمارکردووە ئەم نوسراوانەی تۆمارکراون لەو سەدەییە کەمتر بوون لەچاو سەدەکانی ترکە چەندین تۆمار هەبووە دەربارەی کورد کە لەژێردەسەڵاتی دەوڵەتی عوسما‌نی و ئێرانی دابوون. سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست گرنگی زیاتر دەبێت بۆ بەریتانیا وەکو ڕێگەی وشکانی گرنگی نێوان بەریتانیا و هیندستان لەهەمان کاتیش گرنگی بازرگانی ئەم ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسما‌نی سەفەوی وایکردبوو بەریتانیا گرنگی بە کوردستان بدات لەسەدەی نۆزدەیەم دا بنکەی بەریتانیا لە بەسرە و بەغداد کرایەوە بۆیە دەستیان کرد بە چالاکیەکانیان و کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی کوردستان لەو ماوەیە ڕوسەکانیش هاتبوونە ڕۆژهەڵات و هەڕەشە بوو بۆ سەر دەوڵەتی عوسما‌نی، بەریتانیا ترسی هەبوو لە لە دەستدانی ئەو ڕێگایانەی بەریتانیا بەرژەوەندی هەبوو لەلایەنی بازرگانیی و ئابووریی هەروەها بە مەبەستی دۆزینەوەی کورترین رێگا و ئاسانترین لە ئەوروپاوە بۆ کەنداوی فارس لە وشکانی بۆ هیندستان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عوسما‌نی. هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیای کوردستان وایکرد بوو ببێتە جێگەی بایەخ بۆ بەریتانییەکان(٦).
بەمەبەستی زیاتر ئاشنا بوونی بەریتانیا بەکوردستان لەو ماوەیە حکومەتی بەریتانیا لەناوخۆی وڵاتەکەی ئاسانکارییان دەکرد بۆگەڕیدەکان و نوێنەرانیان سەردانی کوردستانیان کردووە، زۆربەی کات بە بیانووی گەشتکردنەوە زانیاری‌یان کۆدەکردوە و ئەو نوسراوانەیان تۆمار دەکردو دەیاناردەوە بۆ وڵاتەکەیان ئەوانیش بە بایەخەوە دەیان ڕوانییە ئەم تۆمارانە(٧). سەدەی نۆزدەیەم کەسایەتیەک بەناوی (جۆن ماکدونالد کیری) سەرکردەیەکی سیاسی کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی بوو لەنێوان ساڵانی (١٨١٣-١٨١٤) بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری چەند گەشتێک دەکات بۆ ئێران دواتر بەرە و ئاسیای بچووک و ئەرمەنستان و کوردستان هەر بەهەمان ناونیشانیش بڵاویکردۆتەوەو، بەناوی (گەشتێک بۆئاسیای بچووک وئەرمەنستان وکوردستان) لەکاتی گەشتەکەی سەردانی چەند ناوچەیەکی کوردستانی کردووە و تۆمارەکانی دەداتە سەرۆکی کۆمانیاکە، نەخشەی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەریشی کێشاوە، ئەم بەرهەمە بەسەرچاوەیەکی گرنگی سەدەی نۆزدە دادەنرێت لە بارەی مێژووی گەلی کورد(٨). لە ساڵی (١٨١٦) (جیمس سێلک بەکگهام) ئەویش سەر بە کۆمپانیا هیندی رۆژهەڵاتی بووە هاتۆتە کوردستان و گەشتێک بە شارەکانی ئورفە وماردین لە باكووری کوردستان، موسڵ و ھەولێرو کەرکوک لە باشووری کوردستاندا دەکات. لەو گەشتەیدا باسی گرنگی کوردستان دەکات و سەربوردەی گەشتەکەی دەداتە کۆمپانیای هیندی رۆژهەڵاتی(٩).
یەکێکی تر لەو گەڕیدانەی سەردانی کوردستانی کردووە، (ولیەم هیودە) لە ساڵی (١٨١٧) بە ڕەگەز فەڕەنسی بووە، بەڵام لەگەڵ هەڵگریسانی شۆرشی فەرنسا دەچێتە بەریتانیا وەکو ئەفسەرێک لە کۆمپانیای هیندی رۆژهەڵاتی وەردەگیرێت لە ساڵی (١٨١٧) گەشتێک دەکات بۆ هیندستان دواتر بۆ بەغداد لەو گەشتەیدا سەردانی کوردستانیش دەکات لە ناوچەکانی قەرەتەپە و کفری دەست پێدەکات باسی ناوچەی شاخاوی کوردستان دەکات هەروەها باسی ناوچەکانی سلێمانی کۆیە وهەولێر و موسڵ دەکات، دواتر رۆیشتووە بۆ نەسیبەین دواتر بۆ جەزیرە و بەوردی باسی ئەم دوو شارە دەکات، لەوێوە بۆ ئەستەمبوڵ(١٠)، لەساڵی (١٨١٨) (د.ک پۆرتێر) یەکێکی تر بوو لەو گەڕیدە ئینگلیزانەی گەشتێکی کردووە بۆ جۆرجیا وئێران و ئەرمینیا و بەغداد و کوردستان لەکاتی گەشتەکەی بۆ بەغداد لەویلایەتی موسڵ سەردانی سلێمانی و کەرکوک دەکات، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی خۆی لەکوردەکانی ناوچەکە نزیک کردۆتەوە بەبیانوی یارمەتیدانی کوردەکان، دواتر بەرەو ناوچەکانی سابڵا‌غ و تەورێز و ناوچەکانی تری کوردستان گەشتی کردووە، بەمجۆرە دەبینین بایەخی کوردستان لەو گەشتانەی گەڕیدە و بازرگان و ئەفسەرەکان ئەنجامیان داوە نوسینەکانیان لەو بارەیەوە بۆتە جێگەی بایەخ بۆ بەریتانییەکان(١١).
لە ساڵی ١٨٢٠ کلۆدیوس جەمیس ڕیچ کاربەدەستی سیاسیی بەریتانی بوو لە بەغداد، گەشتێکی تایبەت بۆ کوردستان دەکات نزیکەی ساڵێک لە کوردستان دەمێنێتەوە لەمیانەی گەشتەکەی بەشێکی زۆری کوردستان گەڕاوە لەگەڵ چەندین سەرۆک هۆزو ئاغا میری مئرنشینی بابان چاوپێکەوتنی کردووە، زانیاری زۆری دەربارەی لایەنی جوگرافیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی وسەربازیی کۆکردۆتەوە، ئەو یاداشتانەشی ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە بۆ بەریتانیا دواتر ئەو گەشتەی لە ژێر ناونیشانی ( چیرۆکێک دەربارەی مانەوەی لە کوردستان و دەربارەی شوێنی کۆنی موسڵ) لەگەڵ بیرەوەریەکانی لە خواروی دیجلە بۆ بەغداد دوای کۆێ دوایی خۆی هاوسەرەکەی بڵاوی دەکاتەوە(١٢). لە ساڵی (١٨٣٠) بەدواوە هەوڵەکانی بەریتانیا بۆ میسۆپۆتامیا تادەهات لەزیاد بوون دابوو بەتایبەت دوای وەرگرتنی جیاوگی دەریاوانی لە ئاوەکان، لە ساڵی (١٨٣٤) دا بەریتانییەکان ئەنجومەنێکیان پێکهێنا بۆ خەمڵاندنی بەراوردکردنی تێچوونی ڕێگاکانی میسر‌و فورات بەرە و هیندستان بۆ ئەم مەبەستەش چەند زانیارییەکی زۆریان لەسەر ناوچەکە کۆکردەوە و چەندین گەڕیدە بازرگان و دیبلۆماسیان نارد بۆ ئەم ناوچانە(١٣). لە ساڵی (١٨٣٤) (جیمس بیللی فریزەر) گەشتێک دەکات بۆکوردستان بڵاوی دەکاتەوە بەناوی (چەند گەشتێک بە کوردستان و میسۆ پۆتامیادا) زۆر بەوردی باسی گەشتەکەی دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەتا لە ئەستەمبوڵ دەست پێدەکات دواتر سەردانی تەورێز و ناوچەکانی ئەردەڵان دەکات لەوێوەش بۆ ئورمیە و سابڵا‌غ و سەردەشت و لە وێوەش بۆ سلێمانی ماوەیەک لە وێ دەمێنێتەوە دواتر سەردانی کفری دەکات دواتر بۆ بەغداد. باسی لایەنی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و گرنگی کوردستان دەکات لە تۆمارەکاندا(١٤).
ساڵی (١٨٣٦) ئەفسەرێکی بەریتانی بەناوی (هێنری راولنسۆن) سەردانی کوردستانی کردووە باسی شوێنەوارەکانی کوردستان و بارودۆخی کوردەکانی کردووە، هەموو زانیارییەکی دەربارەی ئەو کات تۆمار کردووە ئەمەش گرنگی خۆی هەبووە بۆ کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی(١٥). یەکێکی تر لە گەڕیدەکان (جیمس برانت) بوو لەساڵی (١٨٣٨) هاتۆتە کوردستان سەرەتا لە ئەرزەڕۆمەوە دەسپێدەکات و دواتر بۆ وان و مووش ڕۆشتووە لە کاتی گەشتەکەیدا ئەفسەرەکی لەگەڵ بووە نەخشەی رێگاکەی کێشاوەو لەگەڵ چەندین سەرۆک هۆز و ئا‌غاکانی کورددا دانێشتووە و زانیاری وردی دەربارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی و سەربازیی و سیاسیی ناوچەکان تۆمار دەکات. هەروەها باسی سروشت و جوگرافیای کوردستان و داهاتی ئابووریی و ژمارەی دانیشتوان و ئایینی کوردەکانی کردووە، ئەم گەشتەی برانت لە گۆڤاری( لەندەن جورنال جوگرافی) بڵاوبۆتەوە وەکو وتار و دواتر وەک کتێب چاپکراوە(١٦). لە سالی (١٨٣٩-١٨٤٠) (کۆنت دوسێرسی) سەردانی کوردستانی دەکات لە خانەقینەوە بۆ کەرکوک، ئەو ناوچانە بە بایەخدار دەخاتە ڕوو بەتایبەت شاری کەرکوک لەو سەردەمە یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی کوردستان، باسی رووبارێک دەکات شارەکەی کردۆتە دوو بەش، باسی گرنگی خاکەکەشی دەکات دەڵێت ئەمە هۆیەکی گرنگە بۆ بەریتانیا(١٧). ئەو بایەخەی کوردستان هەیبوو لە ڕووی پێگەوە ئەمە وای کردووە بەریتانیا بە بەردەوام هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست بە گشتی و کوردستان بەتایبەت، بەریتانیا لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی بەڕادەیەکی فراوان چەندین گەڕیدە و ئەفسەر و بازرگانی و تیمی زانستیی نارد بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوچە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئەو تۆمارانەیان دواتر لە چەندین کتێب و گۆڤار بڵاوکردۆتەوە(١٨). چەندین ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی مستەر ڕیچ (ئوستن هنری لایارد) لەکاتی سەردانەکەی بۆ کوردستان، وەکو نوێنەری کۆمپانیای نەوتی ڕۆژهەڵات زانیارییەکی زۆری بەدەست هێناوە، بەمەش گەورەترین دەسکەوتی تۆمار کردووە، لایارد لە کاتی گەشتەکەی سەرەڕای پرۆسەکانی پشکنینەوە بەمەبەستی گەشت و گوزار سەردانی ناوچە شاخاویاکانی زاب دەست پێکردووە بۆ لێکۆلینەوەکانی لەو هۆزانەی لەو ناوچانە نیشتەجێبوون نووسینەکانی بە دوو بەرگ بڵاوکردۆتەوە لە ساڵی ١٨٤٩ بەناوی (نەینەواو شوێنەوارەکانی)، لایارد لەو تۆمارانەی زۆر بەوردی باسی ناوچەکانی کوردستانی کردووە ئەمەش سەرنجی چەندین گەڕیدەی رۆژئاوای بۆ لای خۆی راکێشاوە(١٩).
مەسیحییەکانی کوردستانیش هۆکارێک بوون بۆ هاتنی گەڕیدەکانی بەریتانیا لەساڵی (١٨٤٢) ماری شەمعون پێشەوای ئاشوورییەکان بوو، پێوابوو نەک هەر دەتوانێ سەرنجی ئینگلیزەکان بەڵکو دەتوانێ سەرنجی گەڕیدەکانیش بۆ لای خۆی رابکێشێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە کوردستان بە بیانوی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی، بۆ ئەو مەبەستەش ماری شەمعون داوای لە کەنیسەی پرۆستانتی ئینگلیزیی کرد بۆ ئەوەی نێردراوێکیان بۆ بنێرێت بۆ باشترکردنی بارودۆخیان. هەوڵەکانی ماری شەمعون بەردەوام بوو بۆ دروستکردنی کیانێک بۆ ئاشوورییەکان لەسەر بەرژەوەندی خاکی کوردستان، بەمەش چەندین جار لە گەڵ کوردەکان ڕووبەڕووبۆوە بۆ ئەم مەبەستەش پەنایان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبرد(٢٠). لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە کوردستان زۆر زیاتر دەبێت، بەتایبەت دوای دامەزراندنی کۆمپانیای (لینج و براکانی) بۆ کاری دەریاوانی لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات(٢١). لەو ماوەیەش کاریگەریی شۆرشی پیشەسازی بەسەر بازرگانەکانی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵات زیاتر دەبوو، کوردستانیش رێگایەکی گرنگی بازرگانی بوو بۆ ئینگلیز و ئەوروپییەکان(٢٢)، ئەمەش بووە هۆی ململانێ لەنێوان دەوڵەتە زلهێزەکان بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و روسیا دواتریش ئەڵمانیا، بە تایبەت روسیا بوو بوو بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا، چونکە لەو کاتەدا بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی روسیا لە کوردستان دەستی پێ‌کرد بوو، زیاتر بەرژەوەندییەکانی روسیا لە بەشی باکووری کوردستان بوو بۆیە بەردەوام هەوڵیان دەدا بۆچەسپاندنی دەسەڵاتیان لە ناوچەکانی کوردستان.(٢٣)
لە سەرەتای سەدەی بیست بایەخپێدانی کوردستان لەلایەن بەریتانیا زۆر زیاتر بوو بەهۆی دۆزینەوەی نەوت ئەم بایەخپیدانەی کوردستان تەنها لەلایەن بەریتانییەکان نەبوو بەڵکو هەریەک لە (روسیا‌و ئەڵمانیاو فەرەنسا) ململانیان هەبوو لەسەر گرنگی کوردستان، لەوسەردەمەدا یەکێک لەو گەڕیدانەی سەردانی کوردستانی کردووە (مارک سایکس)ە لە ساڵی١٩٠٧ هاتۆتە کوردستان و گەشتەکەی بەناوی (چەند گەشتێک بۆ باكووری میسۆپۆتامیا) بڵاودەکاتەوە، مارک سایکس یەکێک بوو لە کەسایەتییە ئینگلیزانەی ڕۆلیکی خراپی گێڕا لەسەر ئایندەی کوردستان شانبەشانی (جۆرج بیکۆی) فەرەنسی و سازانۆڤی) وەزیری دەرەوەی روسیا بەیەکەوە رێکەوتننامەی (سایکس-بیکۆ) یان لە ساڵی ١٩١٦دا مۆرکرد و خاکی کوردستانیان بەسەر چوار وڵات دابەش کرد (تورکیا، سوریا، ئێراق، ئێران)(٢٤). یەکێکی تر لە گەڕیدەکان (مێجەرسۆن) بوو، لە ساڵی (١٩٠٦-١٩٠٧) گەشتێک دەکات بە کوردستاندا یەکەمجار لە کرمانشانەوە دواتر بۆ کوردستانی خوارووی دەوڵەتی عوسما‌نی و دێتە کەرکوک و سلێمانی و کفری و هەڵەبجە، باسی بارودۆخی ئەوکاتی کوردستانی، دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش دەبێتە حاکم و نوێنەری ئینگلیزەکان لە شاری سلێمانی.(٢٥) (برترام دیکسۆن) جێگری باڵیۆزی ئینگلیز لە شاری وان چەند گەشتێک بۆ بەتلیس و دەوروبەی وان دەکات و بابەتێک بە ناوی (چەند گەشتێک بە کوردستاندا) لە ساڵی ١٩١٠ بڵاودەکاتەوە، چەندین زانیاری گرنگی لەبارەی جوگرافیا و سروشت و لایەنی کۆمەڵاتیی و کو‌لتوور و مێژووی کوردی لە خۆ گرتووە. هەر لەو ماوەیەش (س.د.دبلیو فاول) ئەفسەرێکی ئینگلیز بوو لە سوپای هیندی، هاتۆتە کفری و کەرکوک و سلێمانی و قەرەداغ بەهەمان ناوچەدا گەڕاوە ئەویش زانیاری لە بارەی ئەم ناوچانە کۆکردۆتەوە(٢٦).
“به‌شی دووه‌م؛ بایەخه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان له ڕوانگه‌ی بەریتانیا”
باسی یه‌که‌م؛ بارودۆخی ئابووریی و ستراتیژی:- باردۆخی ئابووریی کوردستان لەسەدەی هەژدەیەم به جۆرێک بوو کورده‌کان ژیانیان له‌سه‌ر به خێوکردنی مه‌ڕو ما‌ڵات بووه، سودیان له خوری و په‌نیره‌که‌ی وه‌رگرتووە و فرۆشتوویانه، ته‌نها ئه‌وەش نیه به‌ڵکو توانیویانه له پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌کانی ڕۆژانه‌یان کاری چنین و جۆڵاشیان کردووه ئه‌گه‌رچی ئه‌م کاره کارێکی ساده و ساکار بووه، به‌ڵام سەرەڕای ئەم دۆخە ئابوورییە توانیویانە ژیان بەسەر ببەن، جگه له‌وه‌ش که له‌و کاته‌دا ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی و سه‌فه‌وی به‌رده‌وام شه‌ڕیان کردووه و خاکی کوردستان بۆتە مەیدانی ململانێی ئەم دوو هێزە سه‌ره‌ڕای ئه‌م بارودۆخه زۆربه‌ی کات هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی و سه‌فه‌وی باجیان بە‌سه‌رخه‌ڵکی ناوچه کوردییەکاندا سه‌پاندووه، له‌و کاته‌دا ده‌ره‌به‌گەکان هه‌بوون ده‌سه‌ڵاتیان له ناوچه‌کانی کوردستان هه‌بوو باجیان به ئاره‌زووی خۆیان له دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتیان وه‌رده‌گرت(٢٧).
سه‌باره‌ت به بازرگانی زیاتر بازرگانی ناوخۆیی بووه، سه‌ره‌ڕای خراپی رێگای هاتووچۆ بازرگانی ده‌ره‌کیش که‌مبووه به‌هۆی گۆشه‌گیریی کوردستان، له‌لایه‌ن عوسما‌نی و سه‌فه‌وییەکان به‌رده‌وام کێشەی له‌سه‌ر بووه جگه‌له‌وه کوردستان له رێگه ئاوییه‌کان دووربووه، له ڕێگای وشکانی ڕۆڵێکی گرنگی هه بووه بۆ بازرگانی، بازرگان‌یش به‌شێکی گرنگی ئابووریی وڵات پێکده‌هێنێت، ئه‌و بازرگانییه‌ش شت به شت بووه، دراو بوونی کەمبووه ته‌نها له ناو شاره‌کان بووە بەرهەمە ناوخۆییه‌کان بریتیبوون له (مێووژ، گوێز، که‌تیره، دۆشاو، ڕۆن، زه‌یتون، هه‌نگوین، جلوبه‌رگ)(٢٨).کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیاکەی وەکو بەشێکی گرنگ و ستراتیژی لە ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە نەخشەی وڵاتانی ئەوروپا گرنگی تایبەتی هەبوو بۆ دەست بەسەرداگرتنی رێگاکانی کوردستان و چەسپاندنی دەسەڵاتیان هەموو هەوڵێکیان داوە لەسەرووی هەموویانەوە بەریتانیا بە پلەی یەکەم وەکو گەورەرترین زلهێز بوو لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست(٢٩)، چونکە کوردستان سەرە ڕێگای بازرگانی بوو لە نێوان ده‌ریای ڕه‌ش و ده‌ریای قه‌زوین و ده‌ریای سپی و دەریای ناوه‌ڕاست و که‌نداوی فارس، به‌شێک له بازرگانه ئه‌وروپییه‌کان له به‌غداده‌وه بۆ ئێران به خاکی کورستان تێپه‌ڕیووه، کوردستان سێ رێگای سەرەکی نێوان دەوڵەتی عوسما‌نی و سەفەوی بەیەکەوە دەبەستەوە لەنێوان ئەهواز و خانەقین هەولێر، وەکو خالێکی سنووری بوو لە نێوانیان ئەو رێگایانەی شادەماری ڕێگای هیندستان بوو(٣٠).
کوردستان له ڕووی ئا بوورییه‌وه زۆر دواکه‌وتوو بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی و سه‌فه‌وی داگیرکرابوو له هه‌مان کاتدا هه‌ریه‌که له‌و دوو ده‌وڵه‌ته له‌دۆخێکی ئابووریی خراپ‌دا بوو کارێکی ئه‌وتۆیان پێنه کرا بۆ پێشکه‌وتنی بار‌رودۆخی ئابووریی، به گشتی له کوردستان بەرهەمەکانی ناوخۆ شاده‌ماری ئابووریی کوردستان بوو دواتر مه‌ڕ و ما‌ڵات به‌خێوکردن دوای بازرگانی(٣١). لە سەدەی هەژدەیەم بایەخی ناوچەکانی کوردستان بۆ بەریتانیا لەزیادبوون دا بوو بەهۆی ئەوپەیوەندییە بازرگانیانەی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیی و ئێرانیی هەیبوو، لەلایەکی تریش بەرژەوەندییەکانی لە هیندستان زیاتر دەبوو، ئەمەش بایەخی ڕێگای وشکانی نێوان هیند و بەریتانیا بەناوچەکانی کوردستان تێدەپەڕی بۆ بەرژەوەندی ئابووری خۆی لەکوردستان(٣٢). لەکۆتایی سەدەی هەژدەیەمەوە له پێناو نزیکبونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له کوردستان ده‌ستیان کردوه بەگه‌ڕان لە ناوچەکانی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ماوەیەدا دوو پزیشک بەناوی (د.کامبێڵ و ت.هاول) سه‌ر به کۆمپانیای هیندی ڕۆژهه‌ڵات بوون چوونەتە ماردین و که‌رکوک، لەو گه‌شته‌یان بۆ ئەو ناوچانە باسی دۆخی ئابووریی و گرنگیی رێگاکەی کردووە کە پیایدا تێپەڕیوون گەشتەکەیان تۆمارکردووە، له ساڵی (١٧٩٧) گه‌ڕیدەیەکی تر به‌ناوی جەی جا‌کسۆن سه‌ردانی که‌رکوک و هه‌ولێر و موسڵ ده‌کات، باسی بارودۆخی ئابووریی ده‌کات له یاداشته‌کانیدا به‌شێوه‌ی ئاشکراو ڕوون ئه‌و باردۆخه با‌س ده‌کات دواتر ده‌یداته کۆمپانیای هیندی ڕۆژهه‌ڵات(٣٣).
کوردستان ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه شوینی ستراتیژی ناوچەی کوردستان وایکردووە ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان هه‌موو هه‌وڵێک بده‌ن بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناوچه‌کاندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕێک بۆ ساغکردنه‌وه‌ی که‌لوپه‌له‌کانیان به ده‌ستهێنانی که‌ره‌سته‌ی خاو یه‌کێک له‌و دەوڵەتە زلهێزانه به‌ریتانیا بوو چه‌ندین که‌سایه‌تی ده‌نارد بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی له‌سه‌ر کورد و نیشتیمانەکەی(٣٤). سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییەکانی ئینگلیز له‌گه‌ڵ کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و گەڕیدە و ئەفسەر دیبلۆماتکارانەی به‌رده‌وام سه‌ردانی کوردستانیان ده‌کرد له ساڵی (1806) نزیکبوونه‌وه‌یان له کورد و سه‌رۆک هۆزه کوردەکان بووە له سه‌ده‌ی نۆزده تا ده‌هات بەریتانیا کۆنسولگه‌ری له شاره‌کانی کوردستان ده‌کرده‌وه(٣٥)، هه‌رله هه‌مان ساڵدا به‌ریتانییه‌کان کۆمپانیایان له به‌غداد دامه‌زراند هه‌وڵیاندا له ڕێگه‌ی هاتنەناوەی بۆ ناوچه جیاجیاکانی کوردستان ده‌ستیان به هه‌موو شوێنه‌کان ڕابگات به سه‌دان که‌س له خه‌ڵکی ئاسایی و دپلۆماتکار سه‌ردانی کوردستان بکەن له ڕێگه‌ی پێدانی پارە هه‌وڵیاندا سه‌رنجی سه‌رۆکی میرنشینه‌کان بۆلای خۆیان ڕابکێشن(٣٦). به‌ریتانیا به‌رده‌وام ده‌یویست ململانێ بکات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌کانی تر یه‌کێ له‌وانه ڕووسیا بوو سوودی له ململانێی عوسما‌نی و سه‌فه‌وی ببینێ، هەروەها دەوڵەتی عوسما‌نی لەگەڵ رووسیا نزیک بووبۆوە، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت خۆیان له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان نزیک کرده به‌ریتانیا ده‌یویست ده‌سه‌ڵات له ناوچه کوردییه‌کان په‌یدا بکات بۆیه خۆی نزیککرده‌وه له کورد(٣٧).
یه‌کێک له‌و گەڕیدانە مستەر “ڕیچ”ە که له تۆماره‌کانیدا باسی دوزخورماتو دەکات ئاماژه به‌چه‌ند چاوگێکی نه‌وت ده‌کات له ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی دوزخورماتوو، ده‌ڵێت خه ڵکی ناوچه‌که به گۆزه نه‌وتیان ده‌رده‌هێنا و سودیان لێ وه‌رده‌گرت، هه‌روه‌ها باسی به‌رهه‌می خوێ ده‌کات له‌و ناوچه‌یه خوێ هه‌نارده ده‌کرا بۆ سلێمانی به‌شێوه‌یه‌کی زۆر باسی نه‌وتی کردووه که سه‌رچاوه‌ی سرووشتی لێیه بایه‌خی زۆری هه‌یە ئەمە جێگای سەرنج بووە بۆ به‌ریتانیا وا‌بکات زیاتر بایەخ کوردستان بدەن(٣٨). هه‌ر له باره‌ی گه‌شته‌که‌ی ڕیچ لایەنی بازرگانی له ناوچه‌ی سلێمانی له سه‌ردانەکه‌ی تۆماری کردووه له‌و ساڵانه‌دا با‌س له بازرگانی شاری سلێمانی کردووە زۆر فراوان نه‌بووه، ئه‌و بازرگانیه‌ی ده‌کرا به‌ند بوو له‌سه‌ر ئه‌و کاروانه بازرگانیه‌ی که بریتی بوو له (کوتاڵ، حه‌ریر، خوری، قاوه، میوه‌ی وشک، توتن، په‌نیر، هه‌نگوین، ئاسن، مس هتد …..)، لێره ڕیچ باسی ئه‌وه ده‌کات بازرگانانی شاری سلیمانی له‌گه‌ڵ که‌رکوک و موسڵ و به‌غداد به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام به‌رهه‌مه‌کانی بازرگانه‌کان ئاڵوگۆرکراوە، ئەو بەرهەمانەش له قاوه و توتن و په‌نیر و رۆن بوون، لەگه‌ڵ هاورده‌ی مه‌ڕ و ما‌ڵات پێکدەهات، له به غداد که‌لوپه‌لی هیندی و ئه‌وروپی ده‌هات بۆ شاری سلێمانی کوتاڵیشیان ده‌هێنا بۆ ناوچه‌که، هه‌روه‌ها باسی که‌رکوکی کردووە هاتوون بۆ شاری سلێمانی ئاڵوگۆری ئه‌و به‌روبوومانە‌یان کردووە(٣٩).
به گشتی ژیانی ئابووریی له کوردستان ژیانێکی ساده بوو کورد دووره په‌رێز بوو له ڕوداوو و به‌سه‌رهاته‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌هۆی شۆڕشی پیشه‌سازی و ته‌قینه‌وه‌ی بازرگانی له‌و وڵاتانه هه‌بوو، ژیانی ئابووریی کورد به ڕێژه‌ی سه‌دا هه‌شتا له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رووبومی کشتوکاڵی بوو له‌لایه‌ن ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆک هۆزه‌کان به‌ڕێوه چووه به‌شێوه‌ی زۆره‌ملێ و چه‌وساندنه‌وه‌ی جوتیار له زه‌ویه کشتوکاڵیه‌کان، هه‌رچی پیشه‌سازی بوو له‌سه‌ر کوتاڵ و ئیشی ده‌ست و پیشه‌ی سوک وه‌ستا بوو ئه‌ویش به‌هۆی دواکه‌وتوویی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیریی(٤٠). ناوچه‌کانی کوردستان به گشی له‌ڕووی بازرگانی ڕۆژ به ڕۆژ بایەخی زیاتر ده‌بوو بووه هۆی ئه‌وه‌ی به‌ریتانی له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده زیاتر گرنگی به ناوچه‌کان بدات ئامانجی سه‌ره‌کیش زیاتر پاراستنی هیند و ئه‌ورێگای بازرگانییه بوو که به ناوچه‌کاندا تێده‌په‌ڕێت(٤١). له‌کاتی سه‌ردانی گه‌ڕیده‌کان بۆ کوردستان به‌پی زانیاریه‌کانیان ناوچه‌یه‌ک هه‌بووە به‌ناوی (بابه گوڕگوڕ) زه‌وییەکه‌ی گه‌رم بووه ئاگری لێهه‌ستاوه له هه‌موویان گرنگتر یاداشتی (جیمس بیکنهام) بوو، هاتۆته که‌رکوک و‌ئەوەی تۆمار کردووە لە ناوچه‌که نه‌وت هه‌یه له زه‌ویه‌که‌ی ئاگری لێ هه‌ڵده‌سێت و زۆر گه‌وره‌یه له جیهاندا وێنای نییه(٤٢). کوردستان له سه‌ده‌ی نۆزده‌یەم له نێوان ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی و ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی(ئێران)ی داگیرکرابوو هه‌ر بۆیه هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت لاواز بوون، بووبوونه پاشکۆی ده‌وڵه‌تانی زلهێز ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر کورد، جگه‌له‌وه کۆمه‌ڵگای کوردی له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ر به سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان بوو، ژیانی ئابوورییان به‌خێوکردنی مه‌ڕ و ما‌ڵات بوو، (جیمس بیللی فرەیزه‌ر) له کاتی گه‌شته‌که‌ی بۆ ناوچه‌ی کوردستان باسی بارودۆخی ئابووریی سه‌رده‌شت ده‌کات که چۆن خه‌ڵکیان چه‌وساندۆتەوە به هۆی سیستمی باج باجێکی زۆریان سه‌پاند بوو له‌لایه‌ن قاجارە‌کان و ئازەربایجانییه‌کان، لەو کاتە موکریانه‌کان دەسەڵاتیان هەبوو لەو ناوچانە ده‌بوو خۆراک و شوێنی حه‌وانه‌وه بۆ له‌شکری قاجارەه‌کان دابینبکەن له وکاته‌ی په‌لاماری میرنشینی بابانیان دا موکریانه‌کان توشی بارودۆخێکی خراپ بووبوون، (فریزه‌ر) با‌س له‌وه‌ش ده‌کات زۆرێک له ناوچه‌کان چۆڵکرا بوون به‌هۆی ئه‌و باجه زۆرانه، کورده‌کان خۆشحاڵ بوون به هه‌بوونی میر محمد میری سۆران ئاواته خوازبوون چاکسازی بکات و بارودۆخی وڵات باش بکات بەهۆی تێکچونی باردۆخی ئابووریی بەتەواوی(٤٣).
جیمس برانت ساڵی (1838) گه‌شتی کردووه بۆ کوردستان و هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی داوە لەبواری چالاکی ئابووریی و باسی به‌رهه‌می خۆماڵی کردووه، وەک هه‌بوونی کارگه‌ی پێڵاو له ناوچه‌ی ئه‌رزەڕۆم له باکووری کوردستان و هەروەها باسی ناوچه‌یه‌ک ده‌کات بەناوی (بالۆ) خه‌ڵوزی تێدا بەرهەمهێنراوە و بەشی زۆری داهاتی خه‌ڵوزەکەش کۆده‌کرایه‌وه و ده‌درا به خاوه‌ن ده‌سەڵاتدارانی ناوچه‌که ئه‌مه‌ش گرنگی کوردستان بۆ به‌ریتانیا ده‌رده خات لەڕووی ئابووریی(٤٤). (دڕایڤه‌ر) یش لە نیوه‌ی یەکەمی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هاتۆتە کوردستان و ئاماژه‌ی به چه‌ن لایه‌نێک کردوه، گرنگترینیان لایه‌نی ئابووریی بووە بەتایبەتی پێشەی کانزاکاری ئەوەش بەهۆی بوونی کانزا له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، هه‌روه‌ها بوونی نەوتیش بەسەرچاوەیەکی گرنگی سامانی سرووشتی دادەنێت(٤٥). دەتوانین بڵێین بارودۆخی ئابووریی کوردستان لەو کاتەی دەوڵەتی عوسما‌نی دەسەڵاتدارابووە لە ناوچەکەدا زۆر پەراوێزخراوە، بەڵام بەریتانییەکان بەھۆی ئەوەی چەندین زانیاری دەستکەوتووە لە ڕێگەی گەڕیدە و نوێنەرەکانییەوە، وایکردووە بایەخ بە کوردستان بدات لە ھەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەت سەدەی بیست کە زانرا کوردستان نەوتی لێیە.
“باسی دووه‌م؛ بارودۆخی سیاسی و سه‌ربازی”
سەدەی نۆزدە باردۆخێک بوو سیاسەتی کوردستان لەسەر بنچینەی دەرەبەگایەتی و چەندین میرنشین بوو کە دەسەڵاتیان هەبوولەناوچەکەدا ئەویش میرنشینی (بابان و سۆران و بۆتان) دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆیان هەبوو(٤٦). کوردستان به هۆی ئه‌و بارودۆخه سیاسییه‌ی هه‌یبوو، به‌هۆی په‌رته‌وازه‌یی لایه‌نی سیاسیی بەشەکانی باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا سه‌ر به ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسما‌نی، ڕۆژهه‌ڵاتیش سه‌ر به ئێران بوو، به‌ڵام سنووره‌کانی نێوانیان وایکرد بوو به‌ئاسانی ئه‌و ناوچانه کۆنترۆڵ بکه‌ن، کوردستان بارودۆخی سیاسیی و سه‌ربازی باش نه‌بوو هه‌میشه بۆته جێگه‌ی ململانێی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته(٤٧)، ئه‌و کێشه‌یه له‌و کاته بووه که میرنشنه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه له ڕووی سیاسیی و ئابووریی و سه‌ربازیی و کۆمەڵایه‌تیی ئه‌گه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپیه‌کان نه‌بوایه له‌سه‌رووی هه‌مویان به‌ریتانیا زۆر به توندی ده‌ستی خستبووە ناو کاروباره‌کان، پشگیری زۆری هێزه عوسمانییه‌کانی دەکرد، لە ململانێی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه سیاسییه‌کان له ناوچه‌کانی کوردستان(٤٨). یه‌کێک له‌و پاڵنه‌رانه‌ی وایکرد به‌ریتانیا بایه‌خ به کوردستان بدات بارودۆخی سیاسیی بوو ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌کۆنه‌وه خاوه‌ن قه‌واره‌ی سیاسیی نه‌بووه چونکه هه‌میشه ڕووبه‌ڕووی داگیرکاریی بۆته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له‌نێوان سه‌ده‌کانی (١٦-١٩) هه‌رسێ ئیمپڕاتۆری عوسمانیی و ئێران و ڕووسیا چاویان بڕیوه‌ته کوردستان دواتریش به‌ریتانیا هات، ئه‌و بارودۆخه‌ی کوردستان هه‌یبوو بونی ده‌سه‌ڵاتە نیمچە سەربەخۆکانی میرنسینه‌کان بوو لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی و سه‌فه‌وی هه‌میشه خاکەکە‌یان له‌نێوان خۆیان دابه‌شکردووه(٤٩). به‌ریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی له ترسی زلهێزه‌کانی تر پێویست بوو ئه‌و ناوچانه به ته‌واوی بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه، لەڕووی سیاسیی سەربازییەوە کوردستان بۆ به‌ریتانیا گرنگ بوو چونکە پەیوەندی بە لایەنی ئابوورییەوە هەبوو لەبەرئەوەی کوردستان کورترین ڕێگای بازرگانی بووه بۆ به‌ریتانیا بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە هیندستان(٥٠). که‌واته به‌م شێوەیە ده‌بینین کوردستان به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی شوێنی جوگرافیی، گرنگی زۆری بۆ هێزه ئیمپڕالیسته‌کانی ڕۆژئاوا هه‌بووە بەتایبەت بەریتانیا(٥١).
له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده به‌ریتانییه‌کان گرینگ‌یان به کوردستاندا، هه‌وڵیاندەدا هه‌ژموونیان له‌نێوان خێڵه کوردییه‌کان بسەپێنن و ده‌ست بخەنه نێو کاروباره‌کانیان، ژماره‌یه‌ک به‌کرێ گیراو و دبلۆماتکار گه‌شتیان بۆ ناوچه‌کانی کوردستان کردووە بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی لەڕووی سیاسیی و لایەنی جوگرافیی ناوچه کوردییەکان و ڕێگای هاتووچۆ بازرگانییەکان(٥٢). بەریتانیا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکە لەکاتی بەهێزی میرنشیی سۆران یارمەتی ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی دا بەهۆی لاوازییەوە دەیناڵاند، به پێی قسه‌ی (فرەیزه‌ر) ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی زۆر لاواز بوو بوو، بەمەش بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەکەوتە مەترسییەوە(٥٣). له‌ساڵی(1834) دەوڵەتی عوسما‌نی بڕیار ده‌دات کۆتای به ده‌سه‌ڵاتی میر محمه‌د بهێنێت، له‌و کاته‌دا هێزی عوسمانییەکان لەلایه‌ن ئینگلیزه‌کان پشگیری لێ‌کرا بۆ میرنشینی ناوبراو‌و(٥٤). سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نیوان کورد و ئاشورییه‌کان له ساڵی (1839) هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی باش له‌نێوانیان نه‌بوو، بەهۆی ئه‌وه‌ی ماری شەمعون ئاڵای به‌ریتانیای له ناوچه‌کانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هه‌ڵکرد، چونکە (ماری شەمعون هه‌وڵیدا وڵاتانی ئه‌وروپی بە تایبەتی بەریتانیا نزیک بکاته‌وه لە خۆی(٥٥)، هەروەها لەساڵی (١٨٤٢) دەوڵەتی عوسما‌نی هەوڵی لەناوبردنی میرنشنی بۆتانیشی دا، ئەمەش وایکرد پێش هەڵگریسانی شەڕ دەوڵەتی عوسما‌نی هانی مەسیحە نەستورییەکانی دەدا بۆ نەدانی باج بە میرنشینی بۆتان ئەمەش بوە هۆی ئەوەی بەدرخان پاشا ناچار بە دانی باجیان بکات ئەوەش وا لە مەسییحەکان کرد پەیوەندی بە کونسوڵگەری بەریتانیا بکەن لە موسڵ بۆ ئەوەی بەریتانیا فشار بخاتە سەر سوڵتانی عوسما‌نی بۆ لەناو بردنی بەدرخان پاشا(٥٦).
(ئۆگست هێنری لایارد) له ساڵی (1843) نوێنەری ئینگلیز دێته موسڵ ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە و خه‌ریکی لیکۆڵینه‌وه دەبێت، شوێنه‌واری جیاوازی دۆزیوه‌تەوە و پێی وابوو شاری نه‌ینه‌وا له ناوچه شاخاوییه‌کانی نزیک موسڵ شوێنی پایته‌ختی ئاشورییه‌کانه، هه‌روه‌ها گه‌شتی بۆ ناوچه شاخاویه‌کانی (زاپ) کردووه لیکۆڵینه‌وه‌ی له هۆز و تیره‌ی کورده‌کان کردووه، لێکۆڵینه‌وه‌کانیشی وەک گه‌شتننامه‌یه‌ک بڵاویکردۆته‌وه.(٥٧) به‌هۆی ئه‌وه‌ی میرنشینی بابان لە قۆناغەکانی کۆتای دەسەڵاتی بوو، میرنشینی سۆرانیش بەتەواوی لاواز بووبوو(٥٨)، بۆیە میر بەدرخان پاشا دەسەڵاتی گەیشتە لوتکە، چەند چاکسازییەکی لەناو میرنشینەکەی ئەنجامدا بۆ ماوەیەک باردۆخی میرنشینەکەی ئارام بوو، لە ئەنجامی ئەمەش چەندین گەشتیار و گەڕیدە سەردانی کوردستان و سنووری دەسەڵاتی بەدرخان پاشایان دەکرد، بەڵام بەرامبەر مەسیحییەکان سیاسەتێکی توندی بەکار دەهێنا(٥٩)، بەمشیوەیە ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی هه‌موو هێزی خۆی کۆبکاته‌وه توانیان میرنشینه‌که له ساڵی (1847) بڕوخێنن و، هێزی زۆریان کۆکرده‌وه بۆ ڕێگه‌گرتن له‌هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخوازیی کوردەکان(٦٠). له ماوه‌ی ساڵی (1880)ز شۆڕشێک سه‌ری هه‌ڵدا له‌لایه‌ن شێخ عوبەیدوڵڵا‌ی نه‌هری دژی ده‌وڵه‌تی عوسما‌نی به‌ریتانیا لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی زۆر به‌توندی دژی ئەم شۆڕشە وەستاوەتەوەو هاوکاری دەوڵەتی عوسما‌نی کردووە.(٦١)
دەکرێت بڵێین بەریتانیا بەردەوام لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کوردستان دەستی خستۆتە ناو کاروبارە سیاسیی و سەربازییەکانی میرنشینە کوردەکانی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسما‌نی و نەیهێشتووە هیچ کاتێک سەقامگیریی بەخۆیەوە ببینێت.
“ئەنجام”
- لاوازی دەوڵەتی عوسما‌نی ھۆکارێک بوو بۆ ھاتنی ئەوروپییەکان بۆ ناوچەکانی ڕۆژھەڵات بەتایبەت بەریتانیا، بەھۆی ئەوەی دەوڵەتی عوسما‌نی ناوچەیەکی زۆری لە ڕۆژھەڵات لەژێر دەسەڵات دابوو، وایکرد دەوڵەتانی زلھێز چاو ببڕنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسما‌نی، بەتایبەت کوردستان.
- گرنگی ناوچەکانی کوردستان لە ڕووی ئابووریی و بازرگانی و سیاسیی وایکرد کە بەریتانیا چەندین گەڕیدە و ئەفسەرو گەشتیار بنێرێتە کوردستان، لەو کاتەشدا کوردستان بۆتە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانیان.
- سیستەمی سیاسیی و سەربازیی کوردستان لەو کاتە لەلایەن میرنشینەکانەوە بەڕێوە دەبرا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسما‌نی.ناکۆکی ناوخۆیی و بارودۆخی خراپی دەوڵەتی عوسمانیش ھۆکارێکی تر بوو بۆ ئەوەی بەریتانییەکان زیاتر سوود لەو بارودۆخە وەربگرن و بێنە کوردستان و ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێت.
پەراوێز و سەرچاوکان:-
- کامەران احمد حاجی، کوردستان لە بازنەی کێشەی ڕۆژهەڵاتناسی ،چ٣ ، چاپخانەی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری، هەولێر،٢٠٠٧، ل١٦.
- کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی، کۆمپانیایەکی ئینگلیزی بوو لە ساڵی (١٦٠٠) کۆمەڵێک بازرگان لەبەریتانا دایانمەزراند بەمەبەستی گەشەی پەیوەندییەکانی ئەوروپا لەگەڵ هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا‌و چین، دواتریش بنکەیەکیان لە هیندستان کردەوە، دواتر گەشەی کردوو لقی زیاتری کردوە لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست وە لەساڵی(١٧٨٤) بوو بەکۆمپانیایەکی نیشتیمانی سەر بە حکومەتی بەریتانیا ئەم کۆمپانیایە دەورێکی گرنگ و باڵای هەبوو لە فراوان بونی دەسەڵاتی بەریتانیا، هەر زوو بنکەیەکیشی کردەوە لە بەغداد، بروانە: سامان حسین احمد، مێژووی کورد لەدیدی رۆژهەلات ناسی بەریتانی(١٩٠٠-١٩٥٠)، زانکۆی راپەرین، بەشی مێژوو،٢٠١٠-٢٠١١، ل٢٢.
- هەمان سەرچاوە، ل٢٥.
- جاکسون، مشاهدات بریطانی عن العراق سنة ١٧٩٧، ترجمة: خالید فاروق عمر،الدارالعربیة الموسوعات، بیروت،٢٠٠٠، ص٥٦.
- ن.آ.خالفین، خەبات لەڕێی کوردستان، و:جەلال تەقی، چاپخانەی راپەرین، سلێمانی،١٩٧١،ل٣٦.
- کامەران آحمدحمەئەمین، کوردستان لەنێوان ململانێ نێودەوڵەتی ناوچەی ١٨٩٠-١٩٣٢، دەزگای سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٠، ل٣١.
- سامان حسین آحمد، سەرچاوەی پێشوو،ل٣٠.
- ولیەم هیود، سەفەرنامەی ولیەم هیود بۆ کوردستان لەساڵی١٨١٧، و:نەجاتی عبدلله، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر،٢٠١٢، ل١٧.
- سیسیل جۆن ئیدمۆنس، کورد تورک عەرەب، و:حامید گەوهەری،چ:سێیەم،چاپخانەی ئاودێر،هەولێر،٢٠٠٤،ل٤٤
- سامان حسین آحمد، سەرچاوەی پێشوو،ل٤٥.
- کلۆدیس جمیس ریچ، گەشتنامەی ریچ بۆکوردستان لە١٨٢٠، و:محمد حمە باقی،چاپخانەی ئاراس، هەولێر،٢٠٠٢،ل٥٩.
- زەکی صالح، ریشەی کاریگەرییەکانی بەریتانیا لەمیسۆپۆتامیادا، و:کامیل محمد قەرەداغی، چاپخانەی رەنج، سلێمانی،٢٠٠٩،ل١٣٤.
- جمیس بللی فریزر، رحلـة فریزر إلی بغدادسنة ١٨٣٤، ترجمة: جعفر الخیاط، مطبعة الدارالعربیة الموسوعات،بیروت-لبنان، ٢٠٠٦.ص ٣٤.
- آ.ن.خالیفین،م. س ،ص٩١.
- لمسترجیمس برانت، رحلة لمستر جیمس برانت الی امنطقةالکردیة عام١٨٣٨، ترجمة حسین احمد الجاف ،مطبعة الجاحط،ابغداد.ص28.
- کۆنت دوسێرسی، گەشتی کۆنت دوسێرسی بۆ کوردستان(١٨٣٩-١٨٤٠)و:کارزان محمد، چاپخانەی شڤان، سلێمانی،٢٠٠٣، ل٦٣-٧٩.
- نەجاتی عبدلله، بیلۆگرافیای کوردناسی(کوردوکوردستان لەسەرچاوەی ئینگلیزەکان)، ب.ن.چ. هەولێر،٢٠٠٩،ل٢٣٩-٢٩٩.
- گوینتەر دێشنەر، کورد گەلی لەخشتەبراوی غەدر لێکراو، و:حەمە کەریم عارف، چ:سێیەم ، ب.ن.چ. هەولێر،٢٠٠٤،ل٩٥.
- سەعید بەشیر ئەسکەندەر، سیستەمی میرنشین لە کوردستان، و:جەوهەر کرمانج، چاپخانەی دانەر، هەولێر،٢٠٠٤، ل٢٤٢.
- زەکی صالح، سەرچاوەی پێشوو،ل١٤١.
- کامەران ئەحمەد محمد امین، سەرچاوەی پێشوو،ل٣١.
- م.س.لازاریف، کێشەی کورد(١٨٩٦-١٩١٧)،و:کاوس قەفتان،بەرگی یەکەم،چاپخانەی جاحظ، بغداد،١٩٨٩،ل٧٠.
- مارک سایکس، القبال الکردیة فی المپراطوریة العثمانیة،ترجمة خلیل علی مراد،تقدیم ومراجعة و تعلیق عباالفتاح علی بوتانی،دارالزمان،دیمشق،٢٠٠٧،ص٢٧.
- مەیجەرسۆن، سلێمانی ناوچەیەک لە کوردستان، و:مینە، ب.ن.چ. سلێمانی،٢٠٠٧،ل٢٠.
- بەوەرگرتن: لە دکتۆرای سامان حسین احمد، ل٦٩.
- کامه‌ران مه‌حه‌مه‌د حاجی،سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ل30.
- هەمان سەرچاوە، ل٦٧.
- هەمان سەرچاوە،ل٣١.
- عەبدوڵا عه‌لیاوەیی، کوردستان له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه تی عوسما‌نی،چ:یه‌که‌م،چاپخانه‌ی سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وی ستراتیژی کوردستان،هه‌ولێر،2004،ل19-20.
- هه‌مان سه‌رچاوه ،ل16.
- کامەران محمد حاجی، سەرچاوەی پێشوو،ل١٦.
- جاکسون، مصدرالصابق،ص٩٩.
- که‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، چه‌رده‌یه‌ک له مێژووی کورد،چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، سلێمانی ،2006،ل153.
- ئاواره حسێن ،کورد و ده‌وڵه‌ت، چ:یەکەم، چاپخانه‌ی سیما، سلێمانی،2011،ل190.
- صاڵح ملا عمرعیسی، قه‌یران خولقێنی زلهێزه‌کان له کوردستانی ئێراق، و:سلێمان تاشان ،چ1،چاپخانه‌ی مه‌کته‌بی ناوه‌ندی دیراسات و پێگه‌یاندنی حیزبی، هه‌ولێر ، 2008،ل133.
- محمود ملا عززه‌ت،حکومه‌تی کوردستان له‌ناو مه‌ته‌ڵی سیاسی به‌ریتانیا،چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی،٢٠٠٦، ل50.
- سه‌عید عوسمان هه‌روتی ، چه‌ند لایه‌نێکی مێژووی ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری کوردستان له‌سه‌ردەمی ده‌وله‌تی عوسما‌نی، چاپخانه‌ی هاشم،هه‌ولێر،2013 ، ل200.
- کلۆدیوس جیمس ڕیج ،سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل390.
- محمد رسول هاوار،شێخ محمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خواروی کوردستان،به‌رگی یه‌که‌م، ب.ش.چ. له‌نده‌ن،١٩٩٠،ل36.
- ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د ئه‌مین، دۆزی کورد (له چه‌ند باسێکی مێژوویدا ) ،چاپخانه‌ی خانی ،دهۆک، 2008، ل18.
- سه‌عید عوسمان هه‌روتی ، سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل198.
- نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا ،سەرچاوی پێشوو،ل120
- سه‌عید عوسمان هه‌روتی ، سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل200.
- هه‌مان سه‌رجاوه ،ل128-129.
- جلیل جلیلی،کوردەکانی ئمپراتۆیەتی عوسما‌نی،و:کاوس قەفتان، بەغداد،١٩٨٧،ل٨٣.
- نه‌جاتی عه‌بدوڵڵه ،سەرچاوەی پێشوو،ل20.
- سیل جۆن ئیدمۆنس ،سه‌رجاوه‌ی پێشوو،ل166.
- عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، سه‌رچاوەی پێشوو،ل١٣١.
- ئاکۆ عبدولکریم شوانی، شاری سلێمانی (1918-1932)،چاپخانه‌ی زانست ،سلیمانی ،2002 ،ل80.
- م.س.لازاریف ،کوردوکوردستان ،و:هۆشیار عبدوللە سەنگاوی، چ:دووەم،چاپخانەی رۆژهەلات،هەولێر،٢٠١٢ ، ل20
- عبدولرزاق عبدولرحمان محمد، تێروانینێک بۆ دۆزی کورد، ب.ش.چ. سلیمانی2001،ل23.
- کاوس قه‌فتان ،سه‌رچاوه‌ی پیشوو،ل61.
- جه‌لیلی جه‌لیل، هه‌مان سه‌رجاوه، ل165-176.
- هه‌مان سه‌رچاوه،ل180.
- عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، سەرچاوەی پێشوو،ل٤٢.
- گوینته‌ر دیشنه‌ر، ل47.
- عەبدوڵڵا عەلیاوەیی سه‌رچاوه‌ی پێشوو ،ل73.
- کریس کۆچێرا، کورد لەسەدەی نۆزدەو بیسیدا،و:حەمە کەریم عارف،چ:دووەم،چاپخانەی شڤان،سلێمانی،٢٠٠٤،ل١٣.
- عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو ،ل73.
- م.س.لازاریف، کێشه‌ی کورد، سه‌ڕچاوه‌ی پێشوو، ل55.
- عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو ،ل١٣١.