کۆڵۆنیالیزم وشەیەکی لاتینییە، لە ڕەگی “کۆڵۆنیا”وە هاتووە، کە بە مانای جووتیار یان کشتیار دێت یان ئەو کەسەى کاری کشتوکاڵی دەکات، یاخود هەندێکجار بە واتای کێڵگەیەک دێت کە بۆ یەکەمجار کشتوکاڵی لەسەر دەکرێت، مێژووی بەکارھێنانی وشەى کۆڵۆنیالیزم دەگەڕێتەوە سەردەمی ئۆمپراتۆرییەتی ڕۆمانی لەسەدەی دووەم، بە تایبەتی ئەو کاتەى ڕۆمانەکان دەستیان بە فراوانخوازی لە ناوچەکانی دەوروبەریان كرد و توانیان بەشێكی فراوانی ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست داگیربکەن، لێرەوە سەرباز و سەرکردە ئازا و بە ڕەگەز ڕۆمانییەکان لە ناوچە تازە داگیرکراوەکە پارچەیەک زەوی بە پیتیان پێدەدرا، کە زیاتر بە کۆڵۆنیا ناوییان دەركردبوو، لێرەشەوە ئاوەدانیان کردووەتەوە و پێ بە پێ پارێزگاریان لە خوێنی ڕۆمانییەتی خۆیان کردووە، بەشێك لەم ناوچە داگیركراوانەش لەگەڵ فراوانی ڕووبەڕوو بە پیتی زەوییەكەیدا دەبووە ناوچەیەكی داگیركرا و داگیرگەیەكی دەست بەسەردا گیراو.
پاشان ئەم ڕووە لە فراوانخوازیی و داگیركاریی ڕۆژئاواییەكان لە ١٢ بۆ ١٣ سەدە پاشترو بە دیاریكراوی لەسەدەى حەڤدەدا و دوای دۆزینەوە جوگرافیاکان و گەشەکردنی وڵاتانی ئەوروپا لە قۆناغی ڕێنیسانسدا، كۆڵۆنیا بووە جێناوێكی ئاشكرای ڕووخساریی داگیركاریی ڕۆژئاواییەكان، بەتایبەت كاتێك نووسەرێکی ئیتاڵی بە ناوی (لۆزان) بۆ یەکەمجار چەمكی كۆڵۆنیای دووبارە دایەوە بە گوێی خوێنەرانی بابەتەکانیدا و لە نووسینەکانیدا بە کاری دەهێنا بۆ سەرجەم ئەو ناوچە و زەوییانەی لەلایەن هێزە ئەوروپییەکانەوە لە زەوییە تازە دۆزراوەکان و وڵاتانی دیکەی ئاسیا و ئەفریقا داگیركرابوون، هەر بۆیە ڕوانگەی فەرهەنگی ئۆکسفۆرت دەنوسێت: کۆلۆنیا (مستوتنە، داگیرگە) لە وڵاتێکى نوێ ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک خەڵک کە لە شوێنێکى نوێی داگیرکراودا نیشتەجێ دەبن و گرووپێک پێکدەهێنن کە ملکەچی دەوڵەتە دایکەکەیانن. بەم پێیە کۆڵۆنیالیزم بە واتای داگیركردنى شوێنێک یاخود ناوچەیەكە لەلایەن كەسان و شوێنێكی ترەوە کە خاوەن سەروەرییە بۆ شوێنێکى نزم و ژێردەستە کە خاوەنی سەروەری نییە، واتە ئەو هێز و دەوڵەت و لایەنانەی بەهۆی باڵادەستییانەوە کاری داگیرکاریی بەرانبەر بە ژینگەیەكی جیۆسیاسیی و جیۆ ئیكۆمۆنیی ناوچەیەكی دەرەوەی سنووری خۆیان دەكەن. ئەمە لە كاتێكدا وشەى “ئیستیعمار” لە زمانی عەرەبیدا بە واتای ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان دێت وەک ئەوەی لە قورئاندا هاتووە ( هُوَ أَنْشَأَكُمْ مِنَ الْأَرْضِ وَاسْتَعْمَرَكُمْ فِيهَا) ، بەڵام لە ڕووی واتای سیاسی و ئابوورییەكەیەوە واتای هێرشی وڵاتانی بەهێز بۆ سەر وڵاتانی لاواز و داگیرکردنی دەبەخشێت.
“کۆڵۆنیالیزم لە گوزارشتێكی فراوانتردا”
سەرباری ڕاجیایی مێژوونوسان لەسەر واتای کۆڵۆنیالیزم، بەڵام دەکرێت وەها پێناسەبكرێت، كە بریتییە لە زەوتکردنی خاکی گەڵان و دەوڵەتانی تر و دەستگرتن بەسەر سامان و سەروەییەکەیاندا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەى هێزی سەربازییەوە، پاشان سەپاندنی دەسەڵات و لكاندنی بە دەوڵەتی دایکەوە لە ڕووی کارگێرییەوە، بەم پێیە کۆڵۆنیالیزم بە واتای تەنیا پەلهاویشتنى هێزە ئەوروپییە جیاوازەکان لە ئاسیا و ئەفریقیا یان هەردوو ئەمریکاکە لەسەرەتای سەدەی ١٦ بۆ سەرەوە نییە، بەڵكو کۆڵۆنیالیزم سیمایەکی دووبارە و بەربڵاوبووە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا، وەك ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە لوتکەى هێزی خۆیدا و لە سەدەی دووەمی زاینیەوە لە کەنارەوەکانی دەریای ناوەڕاست تاكو ئۆقیانوسی ئەتلەسی کشاوە، هاوشێوەش دەسەڵاتدارێتی مەغۆلەکان لە سەدەی ١٣دا لە ئاستێكی فراوانی فراوانخوازییدا گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و چین، ئەمەش بەو واتایە دێت، كە ڕیشەى کۆڵۆنیالیزم بە قوڵی چووەتە هەناوی مێژووەوە.
بەڵام جیا لەو پێناسە گشتیی و مێژووییەی لە پاڵ كۆڵۆنیالیزمدا دەكرێت، دەشتێت بوترێت کۆڵۆنیالیزم ڕوانینێكی مێژوویی و سیاسییە و پەیوەندی بە دۆرزینەوە جوگرافییەکان و نیشتەجێبوونی ئەوروپییەکانەوە هەیە لە هەردوو ئەمریکاکە و ئوستورالیا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و دورگەکانی ناو ئۆقیانوسەوە هەیە لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ و ١٨ دا، یاخود بە مانایەکی دیکە، دەستەواژەیەكی کۆمەڵایەتی، سیاسیی و سەربازییە بۆ بەکارهێنانی بەرژەوەندی و كەڵكخوازیی ئابووریی و سەپاندنی هەژموونی سەربازی بەکاردێت، لەم گۆشەنیگایەوە بەو کۆمەڵە هێرش و پەلاماردانە مێژووییانەی هەر یەك لە وڵاتانی وەک: (پرتوگال، ئیسپانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، …هتد) دەوترێت، بۆ سەر ئەو ناوچە دیاگركراوەكان و داڕشتنەوەی پەیكەربەندی ئابووریی ئەو ناوچە نا سەرماییەدارییانە لە پێناو پاڵپشتى سەرمایەداری ئەوروپی، لەسەر ئەم تێڕوانینە ڕەهەندە سیاسی، ئابووریی و مێژووییەكەی كۆڵۆنیالیزم لە بەم شێوەیە لە سییەکانی سەدەی بیستەدا گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەییی ئەوتۆ كە ٨٤% ڕووبەری خاکی وشكانی و ئاویی لەسەر ڕووی گۆی زەوی دادەپۆشیووە.
“رەهەندە جیاوازەكانی کۆڵۆنیالیزم لە ئیمپریالیزم”
لە مێژووی نوێی ئەوروپا و جیهاندا چەمکەکانی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم تا ڕادەیەكی زۆر لە یەکەوە نزیکن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین ئاماژە بەچەند خاڵێکی جیاوازی نێوانیان بکەین.
- جیاوازییەکی جەوهەری نێوان کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم ئەوەیە کە کۆڵۆنیالیزم لە رێگەى ھێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی وڵاتان داگیردەکەن و، تێیدا دەمێننەوە و پاشان لە رێگەى حاکمێکى سەربازییەوە ناوچەکان بەڕێوەدەبەن، بەڵام لەنێو پڕۆسەی ئیمپریالیزمدا زیاتر وڵاتان هەوڵدەدەن هەژموونی سەربازی، سیاسی و ئابووری خۆی بسەپێنێت بەسەر وڵاتانی داگیرکراودا، بەو واتایەی داگیرکاری ڕاستەوخۆ ناکات و لە ڕێگەى دروستکردنی حکومەتە دەستکەلاکانەوە کۆنترۆڵی ناوخۆی وڵاتەکان دەکات.
- کۆڵۆنیالیزم لە ڕووی زەمەنەوە پێش ئیمپریالیزم کەوتووە، بە شێوەیەک دەتوانین بڵێن کۆڵۆنیالیزم لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ و ١٨ لەلایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە بەرانبەر بە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و هەر دوو ئەمریکا پەیڕەوكرا، لە کاتێکدا ئیمپریالیزم نوێترە و لە کۆتای سەدەی ١٨ و بە درێژای سەدەی ١٩ و نیوەی بیست لە جیهاندا پەیڕەو کراوە. بەم پێیە ئیمپریالیزم چەمکێکى تەواو نوێیە و ڕیشەى لە مێژوودا نوێ نییە و زیاتر لە سەدەكانی ١٩ و ٢٠ سەری هەڵداوە، بەڵام کۆڵۆنیالیزم زۆر لەوە کۆنترە و ڕیشە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە سەردەمی ڕۆمانەکان.
- سنووری کاری کۆڵۆنیالیزم تەنها ئەو وڵاتانەیە کە بە هێزە سەربازییەکەی داگیرکردووە و ڕاستەوخۆ ئابووری و سیاستەکەی بەکاردەهێنێت و سنورەکە کەم و دیاریکراوە، بەڵام سنوری کاری ئیمپریالیزم تا ئەندازەیەكی بەرچاو فراوانە بە حوکمی ئەوەی کار لەسەر هەژموونی ئابووری خۆی دەکات بە سەر سەرجەم وڵاتانی جیهان، بەشێوەیەک دەکرێت چەندین وڵات کە داگیریشنەکرابن بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە ئیمپریالیزمی وڵاتانی گەورەیان بەسەردا سەپێنرابێت. بە شێوەیەک تەواوی وڵاتانی جیهانی سێیەم ئیمپریالیزمیان بە سەردا سەپێنراوە لە کاتێکدا تەنها چەند ناوچە و وڵاتێک کۆلۆنیالیزمیان بەسەردا سەپێنراوە.
“بایەخی سیاسەتی دژە كۆلۆنی هاوچەرخ”
هەژموونی كۆلۆنیالیستی و ئەو ململانێیانەی کە دروستی دەکات، تاكو ئێستاش ژیانی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا ئاڕاستە دەکات، ئەگەر چی تاكو ئێستاش هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتەکان و خواستی بنیاتنانی دەوڵەتی نوێ بە ئاشكرا دەبینرێت، بەڵام سەرەڕای لاوازبوونی پڕۆسەی کۆلۆنیالیزم، هێشتا نایەکسانییەکی گەورە لە جیهاندا هەیە. نزیکەی دوو لەسەر سێی خەڵک لە وڵاتانی بەناو گەشەسەندوودا دەژین، کە پشت بە وڵاتانی دەوڵەمەندتر دەبەستن. دەوڵەمەندترین وڵاتان لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە زاڵن بەسەر جیهاندا. زیاتر لەوە بە ئاشكرا دەیبینین کە ئەم وڵاتانە چۆن هەژارترین و لاوازترین ناوچەکان لە ڕووی سەربازییەوە دەکێشنە ناو شەڕەکانەوە، زۆرجار بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی داگیریان بکەن و حکومەتی وابەستەی تیادا دابمەزرێنن و کەرەستەی خاوەکانیان تاڵان بکەن یان کۆنترۆڵ بکەن. هەر بۆیە ئیمپراتۆریەتەکانی کۆلۆنیالیزمی کۆن بە سیستەمێکی وابەستەیی کۆلۆنیالیزمی نوێ لە بەرژەوەندی وڵاتانی دەوڵەمەند و زلهێزدا جێگەیان گرتەوە. لەژێر ئەو هەلومەرجەدا هەمیشە بزووتنەوەگەلێک سەرهەڵدەدەن کە داوای سەربەخۆیی و چارەی خۆنووسین دەکەن و دژایەتی ئیمپریالیزم و نیوکۆلۆنیالیزم دەکەن، ئەمە ئەركی ڕەتدانەوە و پەرچەكدارانەش لە ڕابردوو ئێستاشدا بایەخێكی هەمیشەیی و نەبڕواەی تیادا بەدەیدەكرێت.
سەرچاوەكان:-
محمود حیدر: نحن و ازمة الاستعمار ، الجزء الاول ، سلسلة استراتيجيات معرفية.
د.جمال حمدان : الاستراتيجية الاستعمار والتحرير ، دار الشروق ، الطبعة الاولي ، 1983
محمد الغزالي : الاستعمار احقاد و اطماع ، الطبعة الاولي ، 2005
أدوارد أتكینسون: المناهض الأمبریالیة، مكتبة النور، 2012،
ئانيا لومبا : کۆڵۆنیالیزم و پۆست کۆڵۆنیالیزم ، و:عومەر عەلی غەفور ، چاپخانەی تاران ، 2018 .
جیمیس مۆریس بڵاوت: مۆدێلی كۆلۆنیالیستی جیهانی، چاپی یەكەم، 2014.
ئامادەكردنی: د.ژیلوان لطیف یارأحمد