لە هاوینی ساڵی ١٩٨٩ وتارێک بە ناوی “کۆتایی مێژوو؟” لە بڵاڤۆکی نەشنال ئینترێستی ئەمریکادا چاپ کرا کە دنیایەک بانگەشەی بێسەروبەری وتبوو. نووسەرەکەی “یانی فرانسیس فۆکۆیاما” ڕایگەیاند کە لیبراڵیزم توانیویەتی کۆمۆنیزم شکست بدات و سەردەمێکی نوێ لە گەشەسەندنی ئینسان دەستی پێ کردووە. (کاتێک کە کتێبی کۆتایی مێژوو و هەروەها دویەمین ئینسانی ئەم نووسەرە یەک ساڵ پاشتر چاپ کرا، نیشانەی پرسیارەکەی لە ناونیشانەکە سڕیبووەوە). فۆکۆیاما بە هێنانەوەی چەند ڕستەیەک لە “فریدریش هیگل” هەوڵی دابوو تاکوو ئەوەی وا لە پاش ڕووخانی دیواری بەڕلین ڕووی دەدا. وەکوو هاتنی کۆتایی مێژوو باس لێوە بکات.
لەگەڵ ڕووخانی حوکومەتی ستالینیستی، ئایدیای “نەزمی نوێی جیهانیی” کە جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا لە ناو لێدوانێکیدا ئاماژەی پێ دابوو، برەوی پەیدا کرد. ئەو زیاتر بەهۆی ئەمەوە شاگەشکە بووبوو کە ئەو ئاراستە تازەیەی کە جیهان گرتوویەتییە بەر، بایەخ و بەهاکانی خۆی لە شەڕی کەنداودا نیشان داوە. دەسەڵاتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە داکۆکیکردن لە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێراق، شێوازی هاوکاریی پێویستی لە نێوان زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتی لە پاش بونیاتنانەوەی یەکێتی سۆڤییەت، نیشان دەدا. ئەو جیهانی دڵنیا کردەوە کە: نەزمی نوێی جیهانیی ئایدیایەکی گەورەیە، ڕێگای نوێی تەعامول و دانوستانە لە گەڵ نەتەوەکانی دیکە، چارەسەرکردنی ئاشتیانەی گرژی و جەنگەکان، یەکێتی و یەکگرتوویی لە هەمبەر توندوتیژی، کەمکردنەوە و چاودێریکردن بە سەر چەک و جبەخانەکاندا و هەڵسوکەوتی دروست لە گەڵ نەتەوەلان.
هەر بۆیەش سەرۆکی پێشووی ڕیکخراوی سی ئای ئەی گرنگیی نەزمی نوێی جیهانیی بەو زمانە شیرین و ڕاکێشەرەی هەمیشەیی خۆیەوە شی کردەوە. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە هەزارن جووتیاری گەنجی ئێراقیش بە یارمەتیی دواهەمین دەسکەوتەکانی شارستانییەت! لەتوپەت دەکران و ئەنجن ئەنجن دەکران. ( بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری نیوزڤیک لە ٢٠ی مانگی ژانڤیەی ١٩٩٢، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەم شەڕەدا ٢٤٤ کەس بوو، لە حاڵێکدا قوربانییەکانی خەڵکی ئێراق شتێک نزیکە لە ١٠٠ هەزار کەس بوو، ئەمەش تەنها بەپێی خەمڵاندنێکی نادیار بەڵام بە دڵنیاییەوە پێدەچێت زۆر زیاتر بووبێت). کێشەی قۆناغی نوێی گەشەسەندن ئەمەیە کە تەنها لە چوارچیوەی کۆمەڵێک باسوخواسی کۆن فام دەکردێن و ئەو پێناسانەی لێیان پێشکەش دەکرێن، بە هیچ شێوەیەک بەس نین. شەڕی کەندا لە ڕوانگەی جۆراوجۆرە دراوەتە بەر شیکاری بەڵام هەموو ئەم شیکاری و لێکدانەوانە بەپێی چەند دەستەواژەیەکی وەکوو ئەمپریالیزم، دیموکراسی، “دابەشکردنی باکوور و باشوور” و هتد کە بەتووندی هەڵپێکراون بە ڕابردووەوە، بوونیاد نراون. بەڵام دەبێت بڵێین ناکرێت ئەوەی وا خەریکبوو ڕووی دەدا لە ڕێگەی ئەم دەستەواژانەوە بەدروستی فام بکرێن.
دەکرێت شەڕی کەندا وەکوو دەرفەتێک بۆ دەسپێکردنی چاخی نوێ لە مێژوودا حسێب بکەین، بەهۆی ئەوەی کە خهسڵەتی لایەنە جۆراوجۆرەکانی جیهان لە سەدەی بیستەم بە دروست و وردەکارییەکی شیاو دیاری دەکات. بۆ نموونە ئەم شەڕە لە گۆشەنیگای ئەو ڕۆڵەی کە ڕاپۆرتە تەلەڤیزیۆنییەکان لە سەرلێشێواندنی ڕای گشتیدا هەیانبوو، جێگەی سەرنجە. ئەمە خاڵێکی جێگەی وردبوونەوەیە کە هەم سەدام حسێن و هەمیش جۆرج بۆشی باوک لە ماوەی شەڕەکدا بە شێوەیەکی بەردەوام چاویان لەسەر هەواڵەکانی سی ئێن ئێن بوو کە لەبارەی شەڕەکەوە چی دەڵێت. وتەبێژی پێنتاگۆن لە هەر ژوورێکدا دەردەکەوت دەستی دەکرد بە بلاوکردنەوەی کاریگەریی کۆمەڵێک زانیاریی هەڵە و بە لووتبەرزییەوە ئاماژەی بە لایەنە سەرسووڕهێنەرە تەکنەلۆژییەکان کە بەشێکی زۆر گرنگی نەزمی نوێی جیهانیی پێک دێنن، دەدا.بۆ نموونە ئەم کەسانە بەتایبەت شانازییان بەم تواناییەی “سەختئامێرە جەنگییەکان” دەکرد و دەیانوت بۆ کوشتنی کۆمەڵێک ئینسان ئیتر پێویست ناکات زۆر لێیان نزیک بینەوە و هەر لە دوورەوە دەیانپێکین. بۆش لە کاتی لێدواندا، بە تامەزرۆییەوە باسی لە حەزی یەکێتی سۆڤییەت بە ڕێبەرایەتیی “میخائیل گۆرباچۆف” لە هاوکارییکردنی سیاسەتە جیهانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئافریقای باشوور دەکرد. بە دڵنیاییەوە ئەمە ڕاستە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی بە بێ هەبوونی ئاوەها دۆخێکی سیاسیی تایبەت نەیاندەتوانی ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی بیابان” ئەنجام بدەن. بەڵام لە ماوەی چەند مانگدا نەک تەنها گۆرباچۆف و دەوڵەتەکەی بەڵکوو خودی یەکێتی سۆڤییەتیش بۆ هەمیشە لە لاپەڕەی ڕۆژگار سڕایەوە.
لە گەڵ ئەوەی کە نەزمی نوێی جیهانیی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی خۆی زیاتر نومایش کرد، خەڵک بیریان کردەوە و لە خۆیان پرسی ئایا ئەمە جۆرێک بەلاڕێبردن نییە. بێگومان ئەم دیاردەیە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیهانیی هەبوو و زۆرێک لە خسڵەتەکانی تازە بوون، بەڵام ئایا ئەوەی وا خەریکبوو ڕووی دەدا، شیوازێک لە نەزم بوو؟ هەتا مانگی ژانڤییەی ١٩٩١ تەنانەت داگلاس هێرد وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسی لە “درێژبوونەوەی دۆخی بێ نەزمی” واتە شێواوی دەکرد و بە کەڵکوەرگرتن لە هەندێک وشەی وەکوو “بێ نەزمی و بشێوی و ئاڵۆزی” ئاماژەی بە ٢٥ شەڕی لە حاڵی قووڵبوونەوە و تەشەنەسەندن کرد و ناوی وڵاتانی سۆمالی، یۆگۆسلاوی، قەفقاز، ئانگولا و کامبۆجی هێنا. هێرد بەپێچەوانەی ڕوخسارە دەم بە پێکەنینەکەی سەرۆکی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە باسکردن لە نەزمی نوێی جیهانیی “گەمژەییەکی خەونبازانەیە” و هەر ئەمەش زوو بە زوو بووە هۆی لادانی. دەبێت ئەمە بزانین کە هەر کۆیەک بۆ هەبوونی نەزم و ڕێک و پێکی، پێویستی بە بنەمایەکەی یەکخستن و یەکانگیرکردنە. بەپێی بیروڕای شیکارانی سیاسی، نەزمی نوێی جیهانیی لەسەر دژوازیی نێوان دوو زلهێزی خاوەن چەکی ئەتۆمی بوونیاد نرابوو. ئەم شێوە ژیانە کە لەسەر بنەمایەکی مەترسیدا واتە هاوسەنگیی دووانەی وردوخاشبوونی ئەتۆمی (لەناوچوون و وێرانبوونی دوولایەنە یان وەکوو دەڵێن شێتیی دوولایەنە) دامەزرابوو، ئێستە گەیشتووەتە کۆتایی: تەنها یەکێک لەو دوو زلهێزەی پێشوو ماوەتەوە.
ئایدیای بۆش لەبارەی نەزمی نوێی جیهانیی لە سەر کۆمەڵێک چاوەڕوانیی بونیاد نراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ گەڕانەوەی پێگەی خۆی وەکوو تاقانە ڕیبەری جیهان قایلە. بەڵام زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشتر و لە پاش شکستی ڤییەتنام لە دوو دەیەی پێشوو، باسیان لەبارەی دابەزینی پێگە و ڕۆڵی ئەمەریکا دەست پێ کردبوو. ئەوان دەستیان بە بیرکردنەوە لەبارەی پێکهاتەی سێ جەمسەری جیهان کردبوو؛ جیهانێک کە تێیدا ئاڵمان حوکمڕانی ئەورووپا و ژاپۆن سەرپشکی ئاسیا-ئۆقیانووسی هێمن لەگەڵ ئەمەریکییەکان لەسەر ڕیبەرایەتیکردنی جیهان دەکەونە کێبڕکێوە.
بۆش باوەڕی وابوو کە کردەوەکانی ئەو لە ڕٶژهەڵاتی ناوین بە جیهانی نیشان دابوو کە چۆن دەتوانین ڕیبەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ دنیا بگەڕێنینەوە. (لە ئەنجامدا خۆمان لە گێچەڵی سەندرۆمی ڤییەتنام ڕزگار کرد)، ئەمە دەربڕینێکی ئەفسوونکارانە بوو. بە هەر حال شەڕی کەنداو وێنەیەک لەم تێڕوانینە بوو و ئەمەش لە حاڵێکدا بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ژاپۆن لە ئەنجامدا توانییان لەسەر نەبوونی ئارەزووی ژاپۆن بۆ پێدانەوەی ڕێژەیەکی زۆری پارەی نەخت بۆ شەڕەکەی بۆش بگەنە ڕێکەوتنێک. تەنها ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاوەها هێزێکی سەربازیی بۆ ئاوەها شەڕێک هەبوو. بەهەرحال ئاوەها شەڕێک لە لایەن دەوڵەتێک کە قەرزارترین وڵاتی جیهانی ئیدارە دەدا، تەنها بە یارمەتیی بانکە ماڵییەکانی گەورەترین قەرزپێدەری جیهان دەکرا. تایبەتمەندییەکی دیکەی نەزمی نوێی جیهانیی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سیاسییە ڕاستەکانە کە بەگشتی ڕوانگەیەکی نەتەوخوازانە و ڕەگەزپەرستانەی تووندئاژۆیان دەخستە ڕوو، ئەو بزووتنەوانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا جیهانیان تووشی سەرسووڕمان کردبوو. هەر لە دابەشکردنی یۆگۆسلاڤییەوە تاکوو نیوە کیشوەری هیند لە ڕیستۆک تاکوو ئەرمینییا، توندئاژۆیی و شەڕ و پێکدادان جیهان و زۆرێک لە هاوپەیمانەکانیانی تووشی حەپەسان کردبوو.
بەهەرحال لەگەڵ دیتنەوەی کۆمەڵێک لێکچوونی، ناکرێت ئەم جۆرە تەقینەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بەپێی دیاردە کۆنەکانی وەکوو فاشیزم بخوێنینەوە. لەم بزووتنەوە بێ هومێد و بێ داهاتووانە، ڕەشبینیی ڕێبەرەکان و سەرلێشێواویی هۆگرەکانیان نواندنەوەی تایبەتمەندیی دانسقەی چاخی ئێستەیە. دابەشبوونی یۆگۆسلاڤی هەموو ئەم تایبەتمەندییانە بەشێوەیەکی ترسناک پێکەوە گرێ دەدات. دابەشکارییە نەتەوەیی، ئایین و ئیتنیکییەکان کە ئاخێزگەکانیان سەردەمانێک پێش کوێر کرابوویەوە، لە شێوە توندئاژۆ و شێتانەکاندا دیسانەوە تەقیونەتەوە. ئەوان بە ئەمڕٶییترین چەکەکان شەڕ دەکەن. چاوداخستنی زلهێزەکان و موداخەلەنەکردنیان بۆ چارەسەری، دەرخەری هەوڵی هەر کام لەم زلهێزانەیە بۆ بەکارهێنانی تواناییەکانی خۆیان بە مەبەستی بەرژەوەندی خۆیان بەڵام بە شێوەیەکی بێ پلان و لێڵ و ناڕوون. نەزمی نوێی جیهانیی حوکومەتێکی نێودەوڵەتییە کە لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا تووشی سەرلێشێواوییە و لە هەر جۆرە تێگەیشتن، پێشبینی یان ککۆنترۆڵکردنێک خۆ گێل دەکات.
سەرچاوە؛
مارکس و هزارە نوین، سیریل اسمیت. فاتح رضایی. چاپ نشاط. بهار ١٣٨٧ تهران
نووسین: سیریل ئیسمیت
وەرگێڕ: موحسین عەلیڕەزایی