لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەسەر دەستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا و دامەزاندنی ئەنجومەنی حوکم، بڕیار وابوو ئێراق ئێراقی هەموان بێت و زۆرینە و کەمینە نەبێتە بەربەست لە سەرکەوتنی پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی ئێراق و هەموو ئاستەنگەکان بۆ یەکخستنەوەی وڵات و ڕێكخستنەوەی ژێرخان و سەرخانی ئێراق بن بە سازان و زۆرینە لەپێناو یەکخستنەوەی ئێراق وەلا بنرێت، بۆ ئەم ئامانجە دەستوورێكی ریكوپێك داڕیژییا و زۆرینەی ئێراقیەكانیش لە راپرسییدا پەسەندیان كرد.
بەڵام بەداخەوە ئەمە درێژەی نەکێشا و هەر لەگەڵ ئەوەی هێز و سەرکردە عەرەبە شیعەکان خۆیان ڕێک خستەوە، ئەو سەرکردە و هێزانەی ساڵانێکی زۆر کوردستان ببووە پەناگە و لانکەی تێکۆشانیان بە هاوکاریی هێزە کوردییەکان، کورد لە دژ بە ڕژێمی بەعس، وەک قەڵایەکی بەهێز پشتی گرتبوون، هەر زوو سەرەڕای ناکۆکیی نێوانیان و ئاڵۆزیی نێوماڵی خۆیان، كەچی هەموو ئەو بەڵێنانەی بە کوردیان دابوو لێی پاشگەز بوونەوە و لەجیاتی ئەوەی پەند لە ڕژێمی سەرکوتکەری بەعس وەربگرن، کەچی هەمان سیاسەتیان پەیڕەو كردەوە، سیاسەتی زۆرینەی خۆیان و دەسەڵاتیان و هەوڵی پەراوێزخستنی كورد و پێكهاتەكانی دیكە، بە عەرەبی سوننەشەوە.
بۆیە دەبینین میلیشیا و گرووپ و سیاسییە عەرەبە شیعەکانی دەسەڵات، ڕۆژ بە ڕۆژ ئێراق لە فیدڕاڵی و دیموکراتییەوە بەرەو دیکتاتۆرییەت دەبەن ئەو بنەما و پرەنسیپانە پێشێل دەكەن، كە ئێراقی نوێ و ئێراقی دوای بەعس و سەدامیان لەسەر بنیات نرایەوە، كە سازان و هاوبەشی و هاوسەنگی بوون.
زۆرینەی لایەن و گرووپەكانی عەرەبی شیعە رێچكەی دیكتاتۆرییەتیان گرتووە و سیاسەتی پاکتاوکردنیان گرتووەتە بەر و بە خراپترین شێوە لە هەوڵی ئاوتکردنی هەرێمی کوردستاندان، بۆیە لەسەر تێكڕای چین و توێژەكانی گەل و حزبە کوردستانییەکان پێویستە قووڵ لەم بابەتە بڕوانن و لەوە زیاتر ئەم مەترسییە پشتگوێ نەخەن و جموجۆڵ و لێدوانە ژەهراوییەکانی سەرکردە و فراکسیۆنەكانی عەرەبی شیعە بەهەند وەربگرن، كە بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان ئەكەن، لە كاتێكدا خۆیان وڵاتەكەیان لەناو گەندەڵی و بێدادیدا وێران كردووە و تەنانەت حیساب بۆ یاساكانی دادگا و حكوومەت و پەرلەمانەكەشیان ناكەن، بەتایەت ئەو گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچوانەی بە بودجە و سامان و چەك و تفاقی دەوڵەت، لە خزمەت ئەجێندای دەرەكیدان و لە شەڕفرۆشتنیش بە هەرێمی كوردستان درێغی ناكەن، بۆیە پێویستە کورد بە یەک تیم، یەكدەنگ و یەكهەڵوێست، له هەر ئەگەر و پێشهاتێك، کوردانە ڕووبەڕوویان ببنەوە و دەسكەوتەكانی كوردستان بپارێزن و زیاتر گەشەیان پێ بدەن