+ دوای ئەزموونێکی درێژ لە بواری ئەدەبیدا و بە تایبەت نووسینی شیعر، پێناسەی تۆ بۆ شیعر چییە؟
خۆسییە ساریا:- فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا دەڵێت: “نە من دەزانم شیعر چییە، نە هیچ شاعیرێکی دیکەش.” هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوە و پێناسەکردنی ئەم چەمکە کە مەبەستم شیعرە، کارێکی دژوارە. شیعر لە شوێنێکەوە دێت کە کەس حوکمی ناکات. تەنیا ئەوانەی شیعر دەنووسن، دەزانن کە بوونەوەرێکی هەتیو و دەستەپاچە و جیهێڵدراوین و ئەوە شیعرە بە دوای ئێمەدا دەگەڕێت، بڕیاری ئەم هاتنەش دەگەڕێتەوە بۆ خوودی شیعر و ئێمە نازانین کەی و لە کوێ بەرەو ڕوومان دێت. وەکوو پێشتریش ئاماژەم پێدا گەر پێویست بکات پێناسەی شیعر بکەم، دەڵێم: هێزێک یان دەنگێکی کپکرا و شاراوەی نێو وشەکانە و لەڕێگەی سۆز و خوودەوە پێمان دەگات.
+ گەر چاو لە ئەزموونی ئەدەبیت بکەین، شیعر و ڕەخنە پێکەوە دەبینین، تا چەندێک دەکرێت ئەم دووە ملاقاتی یەکتر ببن؟ کامەشیان لێتەوە نزیکە؟
خۆسییە ساریا:- توانای بنەڕەتی من شیعرە، هەر بۆیە پێش هەر شتێک خۆم بە شاعیر دەزانم. سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی و لێکۆڵینەوە، بەشێکی بچووکە لە کارگەیەک، یان تەنیا کارێکی دەستییە. هیچ شتێک بەبێ ئەو ئیلهامە ڕوونادات کە بە هەوێنی سەرەکی شیعر دادەنرێت. هەروەک پێشتر وتم، تۆ ناتوانی بە دوای شیعردا بگەڕێیت، ئەوە شیعری ڕاستەقینەیە کە بە دوای شاعیردا دەگەڕێت.
+ سەلمە متەوکل کتێبەکەت “سەردەمی چاوەڕوانی”ی وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی و تۆش بایەخێکی گرنگت بەم زمانە داوە. بۆچی بە دیاریکراوی ئەم زمانەت هەڵبژارد؟
خۆسییە ساریا:- ئەزموونی من لەگەڵ وەرگێڕاندا ئەرێنییە، چون وەرگێران زەمینەیەکی باشی بۆ ناساندنم لە هەر یەک لە وڵاتەکانی: فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕەخساندووە. سەبارەت بە وەڕگێرانی بەرهەمەکانیش بۆ زمانی عەرەبی، خۆشبەختانە گەشتووەتە وڵاتەکانی: مەغریب و تونس و میسـر و گەشتنی بەرهەمەکانم بەم وڵاتە، خۆشییەکی ئێجگار زۆری پێ بەخشیووم. بە هۆی ئەو کاریگەرییەی ئەندەلووس لەسەر من و ناوچەکە جێییهێشت، هەمیشە ڕۆژهەڵات لە شیعر و ڕەخنەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە.
+ شیعر قەدرێکی تایبەتی هەیە؟ لە گوزارشتکردندا چۆن دەکرێـت لە بوارەکانی تر جیاوازتر بێت؟
خۆسییە ساریا:- ئەم فیکرە بە ڕوونی لە پەیامەکەی هایدیگەر لەبارەی مرۆڤایەتییەوە دەردەکەوێت، کە دەڵێت: “نشینگەی مرۆڤ: زمانە و مرۆڤ لەنێویدا دەژی. پاسەوانی ئەم نشینگەیەش: فەلسەفە و شیعرە.” شیعر، تەنیا گوزارشتکردنێکی هونەری پەیوەست بە چێژ نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە ڕامبۆ فێری کردووین. شیعر مەرامی لەوە نییە کە وەکوو جوانیناسەکان ژیان جوانتر بکات، وەکوو فەلسەفە و ئەخلاقییەکانیش نییە هەوڵی ئەوە بدات دادپەروەرتر و چاکتری بکات، بەڵکوو زۆر لەمانە دوورترە. ئەزموونی مرۆڤ، لە شیعردا ڕەنگدەداتەوە. تەقەڵای شیعریش بۆ ئەوەیە جیهان پیرۆز بکات.
+ لە ڕێگەی شیعرەکانتەوە پرسیاری زۆر دەوروژێنیت، دەپرسی: “چەند ڕووبار لە وشەی فورات هەیە؟” لە شوێنێکی تردا دەپرسیت: “کێشـی سەردەم چەندە؟” بێشک ئەم پرسیارانە ڕۆحێکی شیعریان لە خۆ گرتووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا فەلسەفیشە، ئەمە چۆنە بەلای تۆوە؟
خۆسییە ساریا:- مرۆڤایەتی بە کامڵی و ئامادە نایەتە بەردەستت، بەڵکوو پێوستە وەکوو دەسکەوتێک و بەرپرسیارێتییەک و لە کۆتایشدا وەکوو ئەرکێک لێی بڕوانین. شاعیر شتەکە دڵنیا ناکاتەوە، بەڵکوو دەگەڕێت و دەپرسێت و وەڵامیش دەداتەوە.
+ دەبینین شیعری عەرەبی گرنگییەکی بەرچاوی لەلایەن وەرگێڕەکانەوە هەیە و وەرگێڕانی زۆرێک لە شاعیرە کۆنەکانی عەرەبی دەبینین، بەڵام هەمان بایەخدان بە شیعری هاوچەرخ نابینین، هۆکاری ئەمە چییە؟
خۆسییە ساریا:- لەڕاستیدا ئیسپانیا شارەزایی لە ئەدەبی عەرەبییدا نییە. ئیسپانیا چەندین سەدە ژیاوە، کەچی ئاگاداری ئەدەبی ڕۆژهەڵات نییە. لەگەڵ وەرگێڕانەکانی ئیمیلۆ گارسیا گۆمێز لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، بایەخێکی بەرچاو بە شیعری عەرەبی سەری هەڵدا، بەڵام ئەم بایەخەش بە مۆدێرنەکان نەبوو، تەنیا لە بازنەی شاعیرە کلاسیکییەکانی وەکوو: عەمر خیام، ئیبن ڕۆمی، ئیبن عەرەبی، ئیبن زەیدوون و ئیبن ڕوشد دەسووڕانەوە و لەمە زیاتر تێنەپەڕی. بۆیە شارەزابوون بە ئەدەبی هاوچەرخی عەرەبی کەمە و سنووردارە. بە فەرمانی سیاسی، زیاتر گرنگی بە ئەدەبی ئەوروپا درا، وەک لە ئەدەبی عەرەبی.
+ پێوانەی تۆ بۆ ڕۆڵی ڕەخنە لە ئێستادا چییە؟ ڕات چییە لەسەر دەنگی گەنج؟
خۆسییە ساریا:- لە لایەک ڕەخنەی ئەدەبی ڕۆڵێکی دیاری لە دۆزینەوەی دەنگی شیعری و بەهای ئەدەبی هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە دامەزراندنی ئەدەبێک کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن سوودی لێوەربگرن. سەبارەت بە دەنگی هاوچەرخیش، باس لە ئیسپانیا دەکەم و دەڵێم: زۆری و بۆرییەکی زۆر هەیە، کە قوتابخانەکانی داپۆشیووە. بە جۆرێکی لێهاتووە جۆرەکانی شیعر بە ژمارەی شاعیران دەناسینەوە. نازانم ئەمە باشە، یاخوود نا، بەڵام لە تێگەشتنی شیعر یارمەتیدەر نین.
+ چالاکییە کولتوورییەکانی ئیسپانیا و ڕادەی بەشداریکردنی لەم بوارە چۆن دەبینی؟
خۆسییە ساریا:- بە گوێرەی ئەوەی کە دەیبیستم، لە ئیسپانیا و شارەکانی تر چالاکی کولتووری و ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵی زۆر ئەنجام دەدرێـت. نیگەرانی من ئەوەیە: کە کولتوور و چێژ تێکەڵ بەیەک بکەن. زۆرێک لەو چالاکییە کولتوورییانەی ڕێکدەخرێـت، ئەوەندەی دەیانەوێت خەڵکی سەرقاڵ بکەن و چێژیان پێ ببەخشن، ئەوەندە بە تەنگ ئەوەوە نین ڕۆحێکی ڕەخنەگرانەیان لا بخوڵقێنن، ئەمە لەکاتێکدایە ڕەخنە بە ئامانجی سەرەکی و حەتمی کولتووری ڕاستەقینە دادەنرێت.
+ لە چەندین پڕۆژەی شیعری نێوان ئیسپانیا و مەغریب بەشداریت کردووە، ئایا دەکرێـت شیعر پردێکی هەماهەنگی و لێک تێگەشتن لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا دروست بکات؟
خۆسییە ساریا:- بێگومان. ئیبن ڕوشد ئەمەی فێرکردووین: “نەفامی بەرەو ترس مل دەنێت، ترس بەرەو ڕق، ڕق بەرەو توندوتیژی.” لە ڕێگەی وشە و شیعرەوە دەتوانین بێ فیزە و کۆت و بەند و سنوورێک بگەین بە کیشوەر و وڵات و شارە جیاوازەکان.
+ زیرەکی دەستکرد چۆن کاریگەری لەسەر گۆڕانی ئەدەبی و بەتایبەت شیعر هەیە؟
خۆسییە ساریا:- ئەمە پرسیارێکی گرنگە. ئێمە پێویستە تێبگەین لە گرنگی زیرەکی دەستکرد و ئەوەی چیمان پێ دەبەخشێت، دواتریش بە کارهێنانی لە بەرژەوەندی ئەدەب و شیعر و گوزارشتکردنی ئەدەبی.
+بۆ گوزارشتکردن لە فەلسەفە و دیدگات، چی وایلێکردی شیعر هەڵبژێری؟
خۆسییە ساریا:- وەک وتم: ئەوە شیعرە بە دوای مرۆڤدا دەگەڕێت، نەک مرۆڤ بەدوای شیعردا بگەڕێت. بە منداڵی بە گوڕ و تینەوە شتم دەخوێندەوە، بەڵام تا نەبووم بە سی ساڵ هەستم بە پێویستی گوزارشتکردنی ئەوەی لە ناخمدایە نەکرد. ئەم هەستی پێویستییەشەم دەگەڕێتەوە بۆ کۆڕێکی شیعری بۆریسا کانیلۆ. ئەوکات ئیتر هەستم بەوەکرد، پێویستە هەموو ئەو هەستانەی چەندین ساڵە لە ناخمدان دەرببڕم. لێرەشدا، من بە تەواوی هاوڕام لەگەڵ ڕیڵکە کە دەڵێت: “دەبێت چاوەڕێ بکەین و هەموو ژیان هەڵلوشین. گەر کرا؛ با ژیانێکی درێژ و پڕ چیرۆک بێـت. دواتر دەتوانین، لەوانەیە دواتریش بتوانین دە دێڕێک کە خراپ نەبن بنووسین. دەقەکان وەکوو ئەوەی هەندێک پێیانوایە هەستەکان نین و بەڵکوو ئەزموونی زیندوون” خۆسییە ساریای شاعیری ئیسپانی، یەکێکە لەو شاعیرانەی بەدوای نوێخوازی شیعر و قوڵبوونەوە لە هونەری شیعردایە. شاعیر بە تایبەتی بایەخی بە شیعری عەرەبی داوە و ئەمەش دەگەڕێـتەوە بۆ عەشقی ئەندەلووس.
پهراوێز:-
- ڕەخنە بەلای خۆسییەوە بۆ دۆزینەوەی بوون و مرۆڤ پێویستییەکی شیعرییە.
- خۆسییە ساریا، سی بەرهەمی لە بوارەکانی شیعر و ڕەخنە و گێڕانەوە هەیە. بەرهەمەکانی وەرگێڕدراوە بۆ هەر یەک لە زمانەکانی: عەرەبی، ئیتاڵی، فەڕەنسـی، ئینگلیزی و ڕۆمانی. دەسکەوتەکانی زیاتر لە پەنجا گۆڤاری: ئیسپانیا، ئیتاڵیا، تونس، مەکسیک، ئەرجەنتین، ئیسرائیل، ڕۆمانیا، پورتوگال، بەلژیکیا، چیلی، پیرۆ، ئینگلتەرا، لوبنان و قەتەر خراوەتە ڕوو.
- چەندین خەڵاتی ئەدەبی نێودەوڵەتی و نیشتیمانی بەدەست هێناوە و ناویـشیی خراوەتە نێو ئینسکلۆپیدیای گشتی ئەندەلووسەوە.
سهرچاوه؛ أنباء اكسبریس
وەرگێڕان: مەدینە ئەحمەد