یەکەمین سەردانی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری کاتی سوریا بۆ تورکیا، بناغەی پڕۆژەی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتی داڕشت.
یەكێک لەو کاریگەریانەی که دەتوانرێت له سەردانەكەو ئەنجامەكانی وەربگیرێت، ئەوەیە كە ئەم هاوبەشە سیمایەکی تایبەتی هەیه کە جیای دەکاتەوه له هاوبەشییەکانی تر.
شەرع هەوڵدەدات لەگەڵ زلهێزه ناوچەییەكانی وەک سعودیه پەیوەندیەكی بەهێز دروست بكات. ئەم جوڵانەی بەرەو ڕوی سعودیە و توركیا مامەڵەیەكی ژیرانەیە بۆ وەرگرتنی شەرعیەتی ناوچەیی و پشتیوانی كردنی لەلایەن ئەو دوو زلهێزەوە، چونكە لە ئێستادا پەیوەندی نێوان ڕیازو ئەنقەرە هاوتەریبن.
ئەنقەرە بە چەكی سوك و قورس هاوكاری دامەزراندنی سوپای سوریا دەدات و جگە لە هاوكاری هێزە میلیشیاكان، توركیا دەیەوێ لە ڕێگەی ڕێكەوتن لەگەڵ شەرع چەندین بنكەی سەربازی لە ڕۆژئاوا دابمەزرێنێت، بەڵام وەك ئەوەی میدیاكانی جیهان باسی دەكەن شەرع تا ئێستا بە چەند داوایەكی توركیا ڕازی نەبووە ئەوەش گەلێك هۆكاری خۆی هەیە كە دیارترینیان بوونی هێزەكانی هەسەدە یە لەو سنورانەی كە تورکیا نیەتی هەیە هێزەكانی لێجێگیر بكات.
ئەوەش ڕوونە ماوەیەکی دەوێت تا ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان توركیا و سوریا ڕوون ببنەوە، بەڵام ئەنقەرە ئاواتە بەرفراوانەکانی خۆی لە پەیوەندییە نوێیەکاندا نیشان دەدات جگە لە هاوکاریی بەرگری و ڕێكخستنی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق لە بەرامبەر ئەو مەترسییەی کە هەسەدە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا و بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروستیکردووە، ئەنقەرە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوی لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکە بۆ دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی نێوان هەردوو وڵات. ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە کاریگەری گەورەی لەسەر ململانێی جیۆپۆلەتیکی فرەلایەنە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەبێت.
جگە لەوەش، پڕۆژەی هاوبەشی ستراتیژی، هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەڕێژێتەوە و بوونی تورکیا وەک هێزێکی چالاک لە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەدا قووڵتر دەکاتەوە.