حكومەتەكەی ئەلشەرع بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكان لەگەڵ هەسەدە بڕیاری داوە شەڕ بكات، بەڵام لە سوریای نوێ پێویستە چەک لە هەر پرسێکی ناوخۆ دووربخرێتەوە، هەرچەندە ئەنجامی درەنگ دەركەوێت،لێ دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە بەدوای چارەسەری پرسە ئاڵۆزەکاندا بگەڕێن، چونکە توندوتیژی کۆتایی بە ناکۆکییەک ناهێنێت، هەروەها دیدگایەک بەهێزتر ناکات ئەوەندەی کێشە دروست دەکات بە تێپەڕبوونی کات دۆخەكە خراپتر دەبێت و دەگۆڕێت بۆ قەیرانی تەقینەوە و دەرگای داهاتوو دەکاتەوە بەڕووی زنجیرەیەک دوژمنایەتی و شەڕدا، كە زەرەر مەندی گەورە حكومەتەكەی ئەلشەرعە.
یەکێک لە دەنگە دلێرەكانی شۆڕشی ٢٠١١، دەنگی كوردان بوو لەهەمان كاتدا ناڕەزایەتی دەربڕین بوو بەرامبەر بە سەرکوتکردنی ترسناک و دەمکوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئازادی ڕادەربڕین، سەرەتا دەبێت سەردەمی حكومەتی نوێ لەگەڵ ڕژێمی پێشوو جیاواز بێت و وەک هاووڵاتییەک مامەڵە لەگەڵ كوردان بکات بە مافی تەواو لە دەوڵەتی نوێدا، نەک وەک هاوڵاتی پلە دوو.
بەم شێوەیە دەبێت هۆشیارییەکی قووڵ هەبێت بۆ ئەو فایلە ئاڵۆزانەی کە سیستەمی تاک حزبی و بنەماڵەی ئەسەد بەجێیان هێشتووە، کە ئەوەش پێویستی بە بیری فراوان و حیکمەتە، بەبێ پەلەکردن.
بەکەم سەیرکردنی پرسی کورد لە سوریا چارەسەری كێشەكان ناکات و ئەگەر بە وردی كێشەكان دەستنیشان نەکرێت، مامەڵەکردن لەگەڵیدا کێشەی زیادە دروست دەکات و نابێتە هۆی کۆتایی هاتنی ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە زیاد لە پێكهاتەیەك دەگرێتەوە و پێكهاتەی هێزەكەش هەروەها، جیا لەوەش ئەگەر حكومەتەكەی ئەلشەرع بیەوێ بەهێز كێشەكان لەگەڵ هەسەدە چارەسەر بكات واتە كردنەوەی دەرگای شەڕی ناوخۆ و بواردان بە دەوڵەتان بە دەست خستنە ناو كاروبارەكانی سوریا و كۆتایی هاوكاری وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتە.