“خوێندنەوەیەک بۆ کورتە رۆمانی”نامەکانی فێرناندۆ” گێڕانەوەی تراژیدیا لە خەونەوە بۆ خەون”
“شوناس لە ئاوێنەیەکی خاڵخاڵۆکەیی دا”
گرینگترین باس لە مەڕ شوناسەوە پێناسەی”خود” و “ئەویدی”یە. ئەوەی کە پێوەندییەکانیان چۆن دەبێت و دانوستان و سنووریان لەگەڵ یەکدی چۆناوچۆن دەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە چۆن ئەو دوو زاراوە و تێرم (term) ە پێناسە بکەین. لێرەدا نایەمە سەر باسە فرۆیدی و لاکانییەکان. ئەگەرچی لەم رۆمانە بە دۆزینەوەی ئاوێنە لە یەکێک لە زبڵدانەکانی شار دالە لایەن سوورمێوە دەمانباتەوە سەر بیردۆزییەکانی ژاک لاکان و قۆناغی ئاوێنەیی، بەڵام لەم رۆمانە دا ئاوێنە و دەلالەتەکانی و هەڵسوکەوتی سوورمێ لەگەڵ ئاوێنە ئەو واتایە ناگەیەنێت. شتێک کە قەد نابێت لە بیری بکەین ئەمەیە کە لەهەموو نامەکان دا و تەنانەت لە دانیشتن و دیالۆگەکانی ئەحلام و دۆراسیش دا (وەکوو دوو وەگێڕی هێزەکی و کارلێکەری ناو رۆمان و رووداوەکە)لەحن و زایەڵەی منداڵکارانە و پاکیزەئامێز و بێگەردی وتە و وشە و دەربڕین و هەستەکان زاڵە و بەدی دەکرێت، گێڕانەوەی ئەم رۆمانە لەم لایەنەوە دەشێت خاڵە سەرەکی و زێڕینەکەی بە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی”خود” و فامی خود و دواتر پێناسەی مانای خود لەپێوەندی لەگەڵ ئەویدی دا پێناسە بکەین کە ئەم هەوڵ و بزرۆکییەش هەر لە ساتی لەدایکبوون و بێدەنگی سوورمێوە دەست پێدەکات تاکوو دۆزینەوەی ئاوێنەیەکی خالخاڵۆکەیی و نوختەنوختە کە تەنها تۆزێک جیوەی بە پشتەوە ماوە و خودێکی دیار و رێکی تێدا نابینرێت.
ئاوێنەیەک کە لە زبڵدانی شار دەیدۆزوێتەوە و پاش ئەوەی کە دەیەوێت لە رێگەی ئەو ئاوێنەیەوە خۆی باشتر ببینێت، سوورمێ، ئاوێنەکە بەرزدەکاتەوە تاکوو خۆی باشتر ببینێ، سەری خۆی باشتر ببینێت، کەچی یەکێک دەست دەخاتە سەر شانی و دەیگرێت و دواتر “زهكهر”دەخاتە ناو دەمییەوە، ئەمە خاڵی دەسپێکی گەڕانی سوورمێیە، سوورمێیەک کە لە سەرە تادا ئاوێنەی ماڵەکەیان بەرزتر لە باڵای داکوترا بوو بۆیە خۆی نەدەبینی و ئاوێنەیەکی نزمی دەویست، ئەو لە “ئاوێنە”ی برا و خۆشکەکانی دا کە لەو بەرزتر بوون و خۆیان لە ئاوێنەکەدا چاک و باش دەکرد، پرسیاری ئاوێنە چییە و من کێمی بۆ هاتە ئاراوە، ئەم رەوتی شوناس دۆزییە بە درێژایی رۆمانەکە درێژەی دەبێت، تاکوو ئەزموونی سوورمێ لە رێگەی میکانیزمێکی وەکوو”بۆن” کە کوڕێکی ئەفسووناوی بە ناوی هێمنی تێدا تاقی دەکاتەوە و ئاشقی دەبێت، تاکوو تەمەنی زانکۆ و باڵقبوونی سێکسی و ئاڵۆشی جەستەی بۆ پیاو و هاوسەرێک کە لەوانەیە مامۆستا بێکەس بێت، تاکوو ئۆنتۆلۆژیای بیستن و گوێڕاگری بۆ مۆسیقای پیانۆکەی زاگرۆس، تاکوو هەڵهاتنی لەگەڵ زاگرۆس بۆ دەرەوە تاکوو، ئاشق بوونی بە کوڕەی ناو رادیۆی بەشی کەش و هەوای سوێد واتە فێرناندۆ ئەرییاس و… هتد. تا کاتێک کە دەکەوێتە نەخۆشخانەیەکی دەروونی و براکەی بە کۆڵێک ریشەوە بە دوای دا دێت و دەڵێت:- قەدەری ئیلاهییە کە من هاتم سوورمێ زمانی بەر بوو، تاکوو ئەو جێگەیەی کە سوورمێ دەگەڕێتەوە و شێت و لێوە دەبێت و داوا لە ئەحلامی ناوی چیرۆک دەکات ئیدی بیکوژێت و درێژە بە چیرۆکەکە نەدات، تاکوو ئەوەی کە لە رێگەی منداڵێک و بە داخوازی خۆی بە دەرزییەک گوڵی ژاڵە لە سەر دڵی رزگار دەبێت لە ئازار و رەنج و دەمرێت، دەکوژرێت، خۆی دەکوژرێنێت، هەموو ئەم هێڵە یەک لە دوای یەک و پەراگەندانە لە کۆی رۆمانە کەدا و بە چەند دەنگەوە بەدی دەکرێت و بەجوانی و سادەیی دەگێڕدرێتەوە، ئەو شتەی کە لە کۆتایی ئەم گەڕانە دا بۆ”خود”ێکی مێینە لە کۆمەڵگایەکی تا سەر ئێسقان نێرسالار دا بە هەموو نیشانەکانی نێرایەتی وەکوو کەڵەشێر، بەرهەم دێت چەشنێک لە جوانیناسی کوژرانمان بۆ پێناسە دەکەن، کوژرانێک کە چێژی نییە، بەڵکوو بۆ هەڵهاتن و دەربازبوون لە ئازار دەکرێت، دەربازبوون لە ئازار لە رێگەی کوژران خۆی چێژێکە. ئەگەرچی ئەم کوژرانە بەمانای نەمان نییە و هەڵهاتنە لە قوربانی بوون و داپڵۆسانی رۆحی سوورمێ بەر لەوەی بە تەواوەتی لە هەسارەی زەوی دا بمرێت و لە هەسارە بێڕەنگەکان نیشتەجێ بێت، رۆحی ئەحلام و دۆراسیش بۆ ئەوێ دەچن و دەڕۆن و رۆشتوون و لەوێن، پەیوەست بەم باسەمەوە چەند لایەنێک لە رۆمانەکە وەکوو ئەپیزۆد دەخەمە بەردەست.
“ئەپیزۆدی یەکەم”
سوورمێ، تۆ هەر لە چەند مانگی ئەوەڵی تەمەنتدا،جیاوازتر بووی لە هەموو منداڵانی تری نێو خانەوادەکەت.مەمکی هیچ یەکێک لەو ژنانەت نەدەمژی، جگە لە هیی دایکت، هەموو منداڵانی تر لەگەڵ لایلایەی دایکیاندا، زۆر بەریئانە خەندە دای دەگرتن، تەنیا تۆ نەبێت، گریانێک دای دەگرتی، ئەوسەری دیار نەبێت. هەر بۆیە بۆ ڕابواردن، ژنان گەر کەیفیان هەڵسابا،لایلایەیان بۆت دەکرد، تۆش وەک بەلووعەی ئاو، تنۆک تنۆک، فرمێسک لە چاوه کانت دەهاتنە خوار. ئەم گریانەی تۆ، هەموویانی سەرسام کردبوو، هەریەکێکیش لەخۆیەوەنازناوێکی بۆت دادەنا، سورمە سوور، نازلیخان، سوورمێ ئاغا،
هەر وەکوو لەم ئەپیزۆدەدا دەردەکەوێت بە هۆی ئەوەی کە سۆرمێ لە بنەماڵەیەکی خانزادە و ئاغاواتی لە گوندی شەرەبۆتی باشووری کوردوستان لە دایک بووە، هەر لەیەکەم ساتی لە دایکبوون و باڵاکردنییەوە نازناوگەلی وەکوو سوورمێ سوور، نازلیخان، سوورمێ ئاغا و…هتد یان پێوە لکاندووە واتە دۆخی کولتوورەکە تەنانەت لە رێگەی خودی مێینەکانەوە واتە دایک و نەنک، کە لەژێر نێر سالاری دا بوونە بەو شێوە شوناسی بەسەر مێینە دا سەپاندووە، ئەگەرچی لە رووی فەلسەفیشە تەنانەت خودی “ناو”یش هەنگاوێکە بۆ درووست کردنی شوناسێکی ساختە و دواتریش دەشێت دوو ئەوەندە دوورکەوتنەوە بێت لە”شوناس” بە واتا ئینسانییەکەی، بەڵام ئیدی چارە چییە، ئەو کورد بووە، ئەحلامیش هەروا!دۆراس بە رەچەڵەک فەرەنسی، یودێت خەڵکی هەسارە ئەمریکا، دەشێت بوون خۆی راز و موعەمایەک بێت، بوون شوناسێک بێت کە لە “ناو”ی دا گیرمان خواردووە، بەڵام ئەمە باسێکیترە و من لە سەری ناڕۆم.
“ئەپیزۆدی دووەم”
نامەی دووەم، لە سوورمێوە
یودت گیان، بیرمە، باشم بیرە…هەمیشە هەستم بە شەرمەزارییەکی زۆر دەکرد لەنێو خەڵک دا، چونکە هەستم دەکرد لە هەموو منداڵانی تر ناشیرینتر و قێزەونتر دەنوێنم، ئەزانی من بەشوێن ئاوێنەیەکدا دەگەڕام،حەقیقەتی خۆمم نیشان بدات، ئاوێنەکانی ماڵی ئێمە ئەوەندەبەرز هەڵوەسرابوون، من تا تەمەنم بووە حەوت ساڵ، خۆم لە ئاوێنەدا نەبینی. بەدیار گەورەکانەوە دەوەستام، کاتێک لە ئاوێنەیەکی بەرزهەڵواسراوەوە سەیری خۆیان دەکرد، خوشک و برا گەورەکانم، ئەوانەی باڵایان دەگەیشتە ئاوێنەکە، زۆر سەیر لە خۆیان دەڕوانی. من هەمیشە پێم وا بوو لە خۆیان دەترسن، وا دەهاتنە بەرچاو، لەنێو ئاوێنەکەدا شتێکی تۆقێنەریان بینیبێت، کە دەیانبینی من سەیریان دەکەم و تێیان دەڕوانم، ڕێک دەریان دەکردم. نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین، ئەو کاتەی خەڵکی دوای نانخواردنی نیوەڕۆ وەکوو مێشی مردوو بە دیار سفرەی نانخواردنەوە خەو دەیبردنەوە، من وێڵ بووم بەدوای دۆزینەوەی ئاوێنەیەکدا. لە ڕاستیدا، لەم نیوەڕۆ گەرمانەدا، من بەدوای زۆر
شتدا دەگەڕام، من منداڵی سەر زبڵدانەکان بووم، منداڵی وڵاتێک بووم، بۆنی باروت و خوێی لێ دەه ات، لەو منداڵانە بووم، كه لە گەرمەی جەنگ دێنە دونیا و جەنگ منداڵی و گەنجێتییان دەسووتێنێت. لەو منداڵانە بووم، لە هر زبڵدانەکان یاریمان دەکرد، ئێمە نەوەیەک بووین، لە زبڵدانەکانەوە زۆر شتمان دۆزییەوە و لێوەی فێر بووین. هەر لەناو زبڵدانەکانیشدا،هەزاران خەونمان بۆگەنی کرد و لەناو چوون. لەنێو زبڵدانەکان، ئاشنا بووم بە ئاوێنە، کۆندۆمی بەکارهاتوو، ئەوکاتە تەمەنم حەوت ساڵان بوو، دوای ئەوەی هەموو ماڵەوەمان بەدەم قسەی بێماناوە خەو دەیبردنەوە، من بەپێخاوسی و بەهێمنی، وەک مار دەخزیمە کۆڵان. خۆشترین شوێنێک بۆ منداڵ لە وڵاتی جەنگدا،
کۆڵانە وشک و سەر زبڵدانەکانێتی. لەنێو ئەو زبڵدانەدا، ڕۆژێک زۆر بە تاسەوە بۆ پارچە ئاوێنە دەگەڕام، ژێر پێیەکانیشم لەگەڵ ئەو ئەرزە گەرم و سووتاوە، سووتابوون. بەڵام هەر خۆشترین شتێک بۆ ئەو کاتەی من، گەڕان بوو بەدوای بینینی خۆم لەنێو ئاوێنەیەکدا.
لێرەش هەر وەکوو دیارە هەوڵ و تێکۆشانی جیدی و لاسارانە بۆ بینینەوەی “خود” دەکەوێتە روو، لە دۆخ و وڵاتێکی تا سەر ئێسقان سیخناخ لە جەنگ و بارووت و گوو و کێر و کاندۆم…نیشانەناسییەک کە دەشێت لەم ئەپیزۆدە دا و لە درێژەی دا باس بکرێت وێنەیەکی سەدام حوسینە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ناو ئەو زبڵدانە مێژووییە!
… هیچ نەیترساندم، جگە لە وێنەیەکی سەددام حوسێن و خانەوادەکەی، کە لە کاتی جەژنی لەدایکبوونی سەددامدا گیراب وو. ئەم وێنەيه بەسەر دار و بەردی ئەوسای عێراقه وه هەڵواسرابوو. ئه گەرچی سەددام حوسێن لە وێنەکەدا پێدەکەنی،بەڵام من ئەوەندە لەو هەیبەتە ترسام، کە بۆ ئەو پیاوە دروستکرابوو، لە ترسا قاچی ڕاستم بەقایمی لەو عەرزە سووتاوەکوتا و بە دەستی ڕاست، ساڵوێکى سەربازيم بۆ کرد و وتم،“نعم سیدی”، وەکوو ئەوەی سەربازەکان دەیکەن. ئەوەندە ئەو
دیمەنەم له تەلەڤزیۆندا بینیبوو، ئیتر وام دەزانی هەموو کەس لەسەر ئەم زەمینە، ئەبێت بۆ ئەو پیاوە وا بکات.
لێرەدا بە روونی کاریگەری لایەنی دەسەڵات و دیکتاتۆرییەتی پیاوانە لە سەر سمێڵ زلێک وەکوو سەددام نیگار دەکرێت، ئەو کاریگەرییەی لە قووڵایی رۆح و هەناوی منداڵیی ئێمە دا جێی دەهێڵێت و شوناسمان دەخاتە قوماری شەهوەتی بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژییە سیاسییەکانەوە. بەڵام گەڕان بە دوای شوناس لە ئاوێنەیەکی رووشاوی ناو زبڵ دا سوورمێی حەوت ساڵان بەرەو کوێ دەبات:-
بەڵام من هەر بەردەوام بووم لە گەڕان، تا پارچە ئاوێنەیەکی تەنکم دۆزییەوە. ئاوێنەکە ئەوەندە کۆن وتەڕ ببوو، بە تۆزقاڵێک جیوەی پێوە مابوو، کە بۆ یەکەم جاردوای حەوت ساڵی تەمەنم، سەیری خۆمم کرد، یەکەم جارترسام و ئاوێنەکەم فڕێ دا، دوایی جارێکی تر هەڵم گرتەوە و یەکەم شوێن کە سەیرم کرد، لووتم بوو. زۆر داخم خوارد،چونکە لە هیی کچە بچووک و بەنازەکەی سەددام حوسێن نەدەچوو. تۆزێک دەمم دەجووڵاند و خوارم دەکردەوە، سەیری لچ و لێوی خۆمم دەکرد، چاوەکانم زۆر گوناح دەیاننواند، وەک چاوی هەر منداڵێکی پێ خاوس و برسیی مەیدانی جەنگ. له بیرمە دەموچاوم لەبەر کۆنیی ئاوێنەکە، خاڵخاڵ دەینواند،چونکە لەنێ و ئاوێنەکەدا، ئەودیو ئاوێنەکە بە دیار دەکەوت.
“ئەپیزۆدی سێیەم؛ بوونی ژن وەکوو جەستە و رۆح”
لە سووڕی مانگانەوە بۆ ئەشقی”ناکەس”٣، سێکوچکەی ئەشق لە نێوان هێمن، زاگرۆس و ئەریاس دا، یەکێک لەو رووداوانەی کە لە سەرەتا دا وا دەردەکەوێت کە رەنگە شوناسی سوورمێ ئازاد بکەن و لە گەرداوی “ناخود” دا دەری بێنێت، رووداوێکە کە لەرێگەی بۆن دا ئااشکرا دەبێت، بۆنی پیاوێک لە بەهارێک دا کە بۆن مانا و بوونی سرووشتە ئەو تەنها بۆنێک بەری لووتی دەکەوێت بۆنی پیاوێکە، کوڕێکی ئەفسووناوی و ئارام بە ناوی هێمن، ئەم دۆخ و رووداوە لە نامەی چوارەم دا بە زەقی بەرجەستە دەبێت:-
یودت گیان، سڵاوی ئهشقت لێ بێت.
بۆچی ئهشق ئەوەندە جوانە، بۆچی ئەوەندە ئەفسووناوییە هەستکردن بە ڕووح؟ یودت گیان، لە پێنج هەستدا، هەستێکم تێرە. ئێواران چاوەڕوانی هێمنم. کە لەوسەری کۆڵانەوە دێت،بۆنی دەکەم. کچەکان پێم دەڵێن، دیسان دڵی خەبەری دا،بەڵام ئەوە دڵم نیيە. من بۆنی دەکەم، بۆن. بەداخەوە، دایکم دەرگاکانی بەرز کرده وە و بۆمان نیيە بچینە بەردەرگاش.بەڵام لەنێو و ئەو دەرگا بەرزەوه، من کونێکم دۆزیوەتەوە،کونێکی زۆر بچووک، هەموو ئێوارە یەک،لەو کونه وه سەیری هێمن دەکەم. لەو کونە بچووکەوە بۆنی گەورەترین ئەشق دەکەم.
ئەگەر بە پێی وتەی “ئالێن بادیۆ” ئەشق یەکێک لەو رووبەرانە بێت کە ئەگەری دەرکەوتنی حەقیقەتی تێدایە…سوورمێ لەم ئەگەرەش دا بەرەو تراژیدیا و ناکامی دەچێت، هۆی دابڕان و جوێ بوونەوەی لە هێمن هۆیەکی دەرەکی بوو، شەڕی ناوخۆ و نەریتی سواو و دوگمی کۆمەڵگا، بەڵام پاشان خوێندنەوە دەست پێ دەکات و دەچێتە زانکۆ، لە زانکۆیە کە پیاو وەکوو نێر دەناسێت، هەڵبەت ئەم ناسینەی جیایە لەو ناسینەی کە پێشتر لە حوجرەی شێخ زانا دا لە سۆنگەی ئەتک کرانەوە بۆی هاتە پێش، لێرەدا ئەو بە رۆحێکی باڵقەوە بێکەس وەکوو مامۆستا و پیاو و هاوسەر دەناسێت، دواتر ئەو هەر گەڕانی ئاشقانەی خۆی بۆ شوناس دۆزی و رزگارییەکی بەرزەڕۆ درێژە پێ دەدات ولە رۆژێکی ئیش کردن دا کە سەردانی پۆلی راهێنانی موزیک دەکات ئەمجارە بە “بیستن” رۆحی یەخسیر و شەیدای کوڕێک بە ناوی زاگرۆس دەبێت، لەم بەسە دا کە خاڵی بەرز و بریقەداری گێڕانەوەکەیە بە داخوازی دۆراس لە ئەحلام کە ئیدی ئەم هەموو کارەساتەی سوورمێی پێ ققت ناچێت و بەرگەی ناگرێت، ئەحلام دێتە شوێن کارەکەی سوورمێ واتە وۆرکشۆپی رۆژنمەوانییەکەی و ئەرکێک بە سوورمێ دەسپێرێت، ئەرکێک کە لە وشیاری و هاوخەمی هاوبەشی ئەحلام و دۆراس دا دەیەوێت بەرە ئەشقێکی تازە و شوناسێکی رزگارکەر پاڵ بە سوورمیوە بنێن، سوورمیش هەلدەستە بە ئەنجامدان و سەردانی بۆ پۆلی مۆسیقاکەی زاگرۆس بە ناوی قوتابخانە مۆزارت کە لە پاریسەوە هاتۆتەوە، ئەو دەچێت و دەپرسێت:-
سڵاو، کوڕینە. ببورن، قوتابخانەی مۆزارت لەکوێیە؟هەر هەموو بە یەک جار دەستیان بۆ قوتابخانەکە درێژکرد، ئەوەتا… ئا لێرەوە. ئێمە هەموومان لەلای مامۆستازاگرۆس، لەو قوتابخانەیە میوزیک دەخوێنین.زاگرۆس، زاگرۆس، لەبەر خۆمەوە دەمگوت، زاگرۆس ناوێکی تایبەتە. بە تێپەڕبوونم بە نێو ساڵۆنەکەدا، گوێم لە میوزیکێک بوو، دەستی پێ کرد. لەگەڵ دەستپێکی ئەو میوزیکەدا، ئیترگوێم کرایەوە، هەستم کرد هەموو ساڵەکانی تەمەنم، گوێم کەڕ بووه .ئێستا، بۆ یەکەم جار، گوێم لە ژیان دەبێت. یودت، گوێچکەم کرایە وە، من گوێم لە دونیایە، گوێم لە فەزایە. من ئێستا گوێم لە تۆیە، گوێم لە گریانی مناڵە برسییەکانی ئەفەریقایە، گوێم لە هاواری جەنگە، گوێم لە هەموو شتێکە. وەک ئەوەی ڕۆژانێک بۆنی خۆشترین کوڕی دونیام کرد، ئێستاش بە هەمان شێوه، گوێم لە هەموو دەنگە لەنێو ئەو هەموو دەنگە پەرجووئاسایانەوە، کوڕێک بە ڕیتمێک، کە پێشتر لە دەنگی هیچ مەخلوقێک نەمبیستبوو، بە چەشنی نەی لە ئێوارەیەکی زەرددا، وەک ڕیتمی تنۆکەئاوێک بەسەر گەڵای گوڵەزەمبەقه وه ، وەک چرپەی کەنارییەک بەدەم خۆرئاوابوونه وه ، وتی، “خاتوو سوورمێ، بەخێر بێیت.”کە ئاوڕێکم دایەوە، کورێکی باڵابەرزی شیرین، خواخوام بوو چیی تر قسە نەکات. چوون ئەو دەنگە سیحراوییەی منی ڕفاند، منی وێران کرد.
بەهەرحاڵ ئەم زاگرۆسەی کە لێرەدا وێرانی ئەشق بۆ سوورمێ دێنێت پاش ئەوەی کە دەچنە دەرەوە و لە دۆخی کولتووری ئەوێش دەحەسینەوە، بە قیڕە و شەپ و شۆق و جنێو سوورمی ئاوارەی نامۆیی ناو شار و شەقام دەکات…بە هەر حاڵ نەک ئەم ئەزموونە و نە ئەزموونی دواتریش کە ئەریاسە هیچ کامیان ئەو رێگەیەی کە سوورمێ دەشێت”خود”ی تێدا ببینێتەوە نین. کۆی ئەم رووداوانە سوورمێ بەرەو دۆخێک لە”خۆکوژی” دەبەن کە تەنانەت وەگێڕە کاریگەرەکانی ناو دەقیش واتە ئەحلام و دۆراسیش هیچیان پێ ناکرێت و تەنها کچێکی منداڵکار بە ناوی “هانا” بە هانایەوە دێت و لە ژیان رزگاری دەکات. بۆیە دوا رستەکانی کۆتایی رۆمانەکە دەستەوسانی و ئاخ و ئوفی ئەحلام و دۆراسە.
مارگرێتە دۆراس سەرێکی لەقاند و وتی، ئای ئەحام، ئای!
سوورمێ دڵی خۆی پڕ کرد لە ژەهری گوڵەژاڵە. ئاخ ئەحلام، ئاخ!
هەمووی ئەوە بوو…
رەنگە بۆ ئەحلام و سوورمی و دۆراس و فێرناندۆ و شێخ زانا یودێت و…”هەمووی هەر ئەوە بوو”بێت، بەڵام بۆ من هەمووی هەر ئەوە نییە
“چەند خاڵێکی گشتی و کۆتایی”
لە راستی دا ئەم رۆمانە پڕە لە جەمسەری تازە و کۆن بۆ خوێندنەوە و باسکردن لە سەر هەموو ئەو جەمسەرانەی لە بابەتێکی وا کورت دا ناگونجێت، لام وایە نامیلکەیەکی رەخنەیی لەسەر ئەم کتێبە بنووسم باشترە، هەڵبەت لە دەرفەتێکی تر دا. بەڵام ئەوەی دەشێت وەکوو هێڵە گشتییەکانی ئەم رۆمانە وەکوو خاڵ دیسانەوە ئاماژەیان پێ بکەم بریتین لە:-
١-ململانێی شوناس لە کولتووری خوێن و واقیعی قوربانیکردنەوە بۆ کولتووری ئەشق و رۆحی ئازاد.
٢-شوناس لە گێژەنی مێژوو و کەلتوورێکی بارگاوی بە مێژوویەکی نەریتی و ئایینی.
٣-جەنگ و پیاو رێگەیان بۆ شوناس دۆزیی رەگەزی مێ نەهێشتۆتەوە.
٤-بێشەرمی و رۆکبێژیی زمانی لەم رۆمانە دا لە ئاستێکی هەرە باش دایە کە وەکوو وەگێڕ(راوی) مێینە کەم نووسەر هەیە وای کردبێت، ئەگەرچی لە زۆر شوێن دا لەحن و شێوازی دەربڕینی کارئەکتەرەکان جیاوازییان نییە و ئەمەش وا دەکات بەرەو ئەو بۆچوونە بمانبات کە کۆی کارئەکتەرەکان یەکێکن، چوون فۆرمی دەربڕینیان یەکە، نەک دیسکۆرس و وێژمانیان.
٥-بە جوانی پێکهات لەگەڵ ناوەرۆک دا بە ئامادەبوونی دوو وەگێڕ و نووسەری ناوجیهانی واقیع “ئەحلام مەنسوور و مارگارێت دۆراس” لایەنی مێژوویی و قووڵی کێشەی شوناسی مێ باشتر چڕ کراوەتەوە.
٦-هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بڵێین کۆی ئەم گەڕان و پشکنینە بۆ شوناس لە لایەن میتافۆڕێکی مێوە و کەوتن لە گێژەنی قەیرانەکان و…هەمووی هەڵە و تاوانی جیهانی نێر و پیاوسالارە.
٧-رۆمانەکە لە هەمان کات دا کە تێم و مۆتیفی جیهانگیری پێوەیە بە زەقیشی توخم و لایەنە خۆماڵییەکەی رەنج و ئازار و خوێنی پێوە دیارە.
٨-دەشێت باس لە سیستەمی ناو و ناونان تێیدا بکرێت کە لە ناوە کوردییەکان دا بڕێک کڵێشە دیارە بەڵام هاوتەریبی “ئانا” کە لە سوێد دەرگاکەی بۆ دەکاتەوە و داڵدەی دەدات لە گەڵ “هانا”یەک کە دواتر بە دەرزییەکە و لە وڵاتی خۆی و بە یارمەتی دەستی خۆی رزگاری دەکات و دەیکوژێت!دەشێت چەشنێک لە وردبینی لە بەکارهێنانی ناو دا بێت.
“سهرنج”
١-لەم رۆمانە دا لە ئەپیزۆدی خەتەنە کردن دا، ئەگەرچی سوورمێ هەڵدێت لەوەی کە خەتەنە بکرێت…کاتێک ئەو دەبینێت گۆشتی ناوگەڵ و بەلۆکی کچان کەڵەشێرەکانی دراوسێ دەیبن و دەیخۆن…هەڵدێت..لە پەنایەک دا دەخەوێت و دواتر دەچێتەوە..و ماڵەوەشیان واتە دایک و نەنک و پوور و خاڵۆژنی لە بیریان دەچێت کە ئەو ماوە خەتەنە بکرێت…ئەم لە بیر کرانە بەو واتایە نییە کە سوورمێ سامناکی و تۆقینی”خەتەنەکردن”ی ئەزموون نەکردبێت…بەڵکوو بە پێچەوانەوە و بگرە خراپتریش…لە نێوان “کردن” و “نەکردن” دا لە هاتوو چۆ دەبێت، ئەگەرچی دواتر لە گێڕانەوەی رۆمانەکە دا بە کەمترین حاڵەت دێینەوە سەری.
٢-کە بێگومان لە رووی “زەمەن و کات”ەوە دەتوانێت باسێکی وجوودی -زانستی هەلبگرێت، ئەوەی کە ئەنیشتاین دەڵێت کە ئەگەر بە خێرایی تیشک بتوانیین بڕۆین زەمان مانای نامێنێت واتە فورمولی فیزیایی M=C2کە ئەم رەهەندە لای هایدیگەر و بە فۆرمێکیتر لە رووبەری بوون و لای دازاین واتای قووڵ وەردەگرێت. لەو تێڕوانینانەی ئەنیشتاین بۆ زەمان سەدان فیلم و دراما درووست کراون نێزیکترینیان کە ناوەرۆکەکەی لە”نامەکانی فێرناندۆ” بچێت و من ئاگام لێ بێت سینەمایی “بەریەک کەوتن” یان contact ە کە پاڵەوانی فیلمەکە خانمی جودی فاستێرە و دەچێتە ئەستێرەیەکی بێڕەنگ و دایکە مردووەکەی دەبینێت و بۆ ماوەی ٧کاژێرێک لەگەڵی دەبێت کە دواتر دەزانێت و دێتەوە بۆ جیهانی واقیع! تێدەگات کە مووشەکەکەی تەنها ١خولەک رۆشتووە و هەر لە سەر زەوی بووە…دواتر بەرەو لای چەشنێک میتافیزیکی مەسیحی بای دەداتەوە و فیلمەکە کڵێشە دەکاتەوە…و لەگەڵ نوێنەرێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە ئەندامی لێژنەی فەزاپێوەکان بوو و تیۆلۆژی و ئاین ناسی خوێندبوو وەکوو شتێک دەبێت بە هاوسەر و دەیکڵێشێنێت!بەهەر حاڵ!.
٣-ناکەس لێرەدا بە دوو واتا دێت یەکەمیان بە واتای عاشقی کەسانی بە رواڵەت جیاواز بەڵام لە بنەڕەتدا هەر هەمان پیاوی نەریتی گانچی”بەپێی دیسکۆرسی ئەم رۆمانە” و هەم بە واتای هیچ کەس دێت واتە عەشقێکی ئازاد و جیا لە پیاو و ناپیا و ناژن …عەشقێک لە هەسارەیەکی دیکە …لە لای ئیدیت.
سەرچاوەکان؛
1-راهنمای نظریەی ادبی، پیت ویدسون/رامان سلدن، ترجمر عباس مخبر
2-مجلهی ارغنون، مرگ(مجموعه مقالات) تهران، سازمان چاپ و انتشارات، 1388
3-نامهکانی فێرناندۆ، ئهژین عهبدولخالق، چاپی ئهندێشه، سلێمانی، 2015