“ڕووخانی ئەسەد و ئاڵنگاری نوێی بەردەم گرووپە چەکدارەکان لە ئێراق”
لە یەکەم چرکەساتەکانی ڕووخانی ئەسەد، میدیاکانی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی ئێراق کە نزیک و بەشێک لە بەرەی مقاوەمە هەژماردەکرێن، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی گومان و نیگەرانی کرد دەربارەی هەیئەی تەحریر شام و وایان نیشاندا کە سوریا بەرەو ڕووی قۆناغێکی دیکەی پڕ لە ململانێ و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ دەبێتەوە، ئەمە لەسەر زاری بەرپرسانی تارانیش بەدیکراوە بەتایبەت وەزیری دەرەوە کە دووپاتی لەوە کردەوە کە قۆناغێکی سەخت چاوەڕێێ پێکهاتەکانی سوریا دەکات. ئەوەی لە گوتاری میدیای ئەو گرووپانە بەدیکرا بریتیی بوو لەوەی گۆڕانکارییەکانی سوریا و دۆخی دوای نەمانی ئەسەد خۆی لە کردنەوەی دەرگا بەڕووی بەریەککەوتنی ناسنامە جیاوازەکان دەبینێتەوە.
لەم بارودۆەخەدا، گرووپە چەکدارەکانی ئێراق هەوڵدەدەن خۆیان دووبارە ڕێک بخەنەوە بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی ڕۆڵێکی ناوخۆیی و ناوچەییان. ئەم دووبارە پێناسەکردنە پشت بە دووبارە دەستپێکردنی ڕۆڵی پێشوویان لە سوریا دەبەستێت بە شێوەیەکی جیاواز لە ژێر گۆڕینی ڕۆڵەکان و بارودۆخەکان کە بە ڕووخانی ئەسەد دەرکەوت. لە سەردەمی ئەسەددا، هۆکاری سەرەکی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی ئێراق لەگەڵ هێزە حکومییەکانی سوریا بوو بۆ ڕێگریکردن لە کۆنتڕۆڵکردنی سوریا لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکان، و بەم شێوەیە ڕێگریکردن لە هەڕەشە دڵنیاکەرەکەیان بۆ ئێراق لە کاتی گرتنە دەستی دەسەڵات لە دیمەشق. دوای ڕووخانی ئەسەد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەم گرووپانە، کە لەلایەن “هەیئەی تەحریر شام”ەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، بەپێی ئەم چیرۆکە، گواستنەوەی تیرۆریزم بۆ ئێراق و لاوازکردنی دەسەڵات لەوێ ئامانجی داهاتوویان دەبێت، بەپێی ئەو لێدوان و بەیاننامانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بڵاوکراونەتەوە.
“گرووپە چەکدارەکان لە داهاتوودا چۆن خۆیان ڕێکدەخەنەوە؟”
ئەم ڕوانگەی گرووپە چەکدارەکان لە چەند کردارێک جیابۆتەوە کە ئەم گرووپانە ئەنجامیانداوە دوای ڕووخانی ئەسەد بۆ لاوازکردنی ڕێکخستنە سیاسییەکانی داهاتوو لە سوریا و ڕێگریکردن لە سەقامگیری ڕژێمی دەسەڵات، وەک قاچاخکردنی چەک بۆ سوریا، کە واشنتۆنی ناچار کرد داوای لە حکومەتی ئێراق بکات ئەم قاچاخکردنە بووەستێنێت. لە ژێر هەواڵەکانی بڵاوبوونەوە لەبارەی شاردنەوەی ماهر ئەسەد، براکەی بەشار ئەسەد، لە باکوری ئێراق، وێنای سەرەکی لای گرووپەکان ئامادەبوونە بۆ ساتێکی داهاتوو کە تێیدا هەوڵ بۆ لاوازکردنی ڕژێمی دەسەڵاتی داهاتوو لە سوریا دەدەن.
هەرچەندە بەردەوامبوون لەم ئاراستەیە، بە شێوەیەکی فراوان و سیستەماتیکی، پێویستی بە بڕیارێکی تاران هەیە کە تا ئێستا بێدەنگە، بەڵام ناوەڕۆکی قسەکانی سەرکردەی ئێران، عەلی خامنەئی، دوای چوار ڕۆژ لە ڕووخانی ئەسەد، ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئێران سوریا بەجێناھێڵێت، بە گوتنی “ئەمریکا ناتوانێت شوێنێک لە سوریا دابنێت و لەلایەن هێلی بەرگرییەوە لە ناوچەکە دەر دەکرێت.” دوای چەند ڕۆژێک، خامنەئی بە شێوەیەکی ڕوونتر و ڕاستەوخۆتر قسەی کرد و گوتی دۆخێکی نوێ لە سوریا دێتە پێش کە هیچ سەلامەتی و ئاسایشی تێدا بەرقەرار نابێت، ئەمەش وا دەکات خەڵک بەرامبەر بەم دۆخە بوەستنەوە. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی لە سوریا ئاسان نابێت. دواتر وەزیری دەرەوەی ئێران، عەبباس ئێراقچی، ڕایگەیاند کە “ئەوانەی باوەڕیان بە سەرکەوتن لە سوریا هەیە، دەبێت لە بڕیارداندا خۆڕاگر بن، چونکە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو زۆرن”، لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی نوێی سوریا، ئەسعەد شەیبانی، ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی وەک هەڕەشەیەک بۆ سوریای نوێ لێکدایەوە، وەڵامی دایەوە گوتی “دەبێت ئێران ویستی خەڵکی سوریا و سەربەخۆیی و سەلامەتی وڵاتەکە لەبەرچاو بێت ڕێزی لێ بگرێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە لێدوانانە ڕەتدەکەینەوە”. ئەوەی ڕوونە کە ئێران هەست دەکات شەڕەکەی لە سوریا تەواو نەبووە، هەوڵدەدات هەندێک لە کاریگەرییەکەی لەوێ بەدەستبهێنێتەوە یان شکستەکانی کەمبکاتەوە. گرووپە چەکدارەکانی ئێراق ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە هەر سیناریۆیەکی ئێرانی لەم بارەیەوە.
“ڕوانگەی جیاوازی حکومەتی ئێراق و گرووپە چەکدارەکان بۆ دۆخی سوریا”
ئەو لێدوان و قسانەی سەرۆکی دیفاکتۆی سوریا ئەحمەد شەرع دەربارەی ئێراق، جۆرێک لە دڵنیاکردنەوەی تێدا بوو کە لە بەرژەوەندی گرووپە چەکدارەکانی ئێراق نەبوو کە دەیانویست تۆنی قسەکانی بەرامبەر ئێراق توند بێت وەک کارتێکی هەڕەشە و نا سەقامگیریی دۆخی نوێی سوریا سوودی لێوەر بگرن. لەگەڵ هەنگاوەکانی دواتری هەیئەی تەحریر شام لەبارەی خۆبەدوورگرتن لە کردارە تۆڵەسەندنەوەکان، دڵنیاکردنەوەی کەمینەکان لەسەر داهاتوویان، و پشتڕاستکردنەوەی گواستنەوەی دەسەڵات بە ئاشتی، بەشداریکردنی گرووپە جیاوازەکانی سوریا، بانگەشەی سەرەتایی گرووپەکان بۆ ئامادەبوون و هاندان زۆر لە توانای خەڵکی کەمکردەوە، بەتایبەت لەنێو خەڵکی شیعەدا کە ئەم گرووپانە زۆر پشت بە ڕەوایەتی خەڵک دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی خۆیان. ململانێیەکی تر کە گرووپە چەکدارەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە بریتییە لە فاکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتی کە بەخێرایی ڕێکدەکەون لە گۆڕانکارییەکانی سوریا. ئەمە لە ڕێگەی ئامادەبوونی وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتە ئەوروپییەکان، وڵاتە عەرەبییەکان، بۆ مامەڵەکردن بە شێوەیەکی ئەرێنی بە لەبەرچاوگرتنی وریایی لەگەڵ بارودۆخی نوێ لەوێ، لەوانەش ئامادەبوون بۆ لابردنی “هەیئەی تەحریر شام” لە لیستی تیرۆریزم، وا دەکات کە ئەم گرووپانە بەرەو ئاڵنگارییەکی دیکە ببنەوە دەربارەی دۆخی سوریای دوای ئەسەد.
لە ژێر ڕۆشنایی ئە دۆخە نوێیەی کە بۆ سوریا هاتۆتە پێش دوای ئەسەد زۆر قورسە بۆ گرووپە چەکدارەکانی ئێراق کە ڕۆڵێکی “تێکدەر” بگێڕن بۆ لاوازکردنی ئەم پرۆسەیە، چونکە لەو کاتەدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری نێودەوڵەتی دەبنەوە، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەروەها، ئەم ڕۆڵە ڕووبەڕووی حکومەتی ئێراق دەکاتەوە کە بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە بەشداری لە هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان دەکات بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە سوریا، لەلایەکی دیکەشەوە ئێراق لەسەر ئاستی باڵا ڕایگەیاندووە کە دەست لە کاروباری سوریا وەرنادەن و لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ وەفدێکی ئەمنی ئێراق سەردانی سوریای کرد و لەلایەن دەسەڵاتی نوێ پێشوازی لێکرا، لەمیانی گفتوگۆیەکاندا قسە لەسەر پاراستنی سنوورەکان و هاوکاری و هەماهەنگی دژی داعش و هەر جۆرە هاوکارییەکی دیکەی پێویست بۆ ئیدارەی نوێی سوریا.
بەڵام ململانێیەکی گرنگتر کە گرووپە چەکدارەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە بریتییە لە ململانێ ناوخۆیییەکانی ئێراق کە بەردەوام لە ئاڵۆزتر بوونەوە بۆ ئەوەی هەڕەشە لە گرووپەکان بکات. لە ئێستادا یەکێک لە پرسەکانی نێوان ئێراق و ئەمریکا بریتییە لەوەی کە چۆن حکومەتی ئێراق کار لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەم گرووپانە بکات. بۆ نموونە، لە بڵاوکراوەکەی سەرکردەی دەسەڵاتی دینی لە نەجەف، عەلی سیستانی، بە ئاشکرا دیارە کە داوای سنووردارکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کرد، بە زمانێکی ڕوون و ڕاستەوخۆ کە پێشتر سیستانی بەکاری نەهێنا بوو.ئەمە زۆر جێگەی سەرنج بوو بۆ گرووپەکان، تەنانەت نوری مالێکی سەرکردەی دیار و باڵادەست لەنێو شیعەکان ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕەتی ئەوەی کردووە کە حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ئەوەی کە هەوڵ و ویستی هەڵوەشانەوەی ئەم گرووپانە و تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ سوپای دەوڵەت هەیە.
“گرووپە چەکدارەکان لەبەردەم ترس و نیگەرانی ئیدارەی نوێی ئەمریکادا”
گرووپە چەکدارە ئێراقییەکان کە خۆیان وەک بەشێک لە بەرەی مقاوەمە هەژمار دەکەن ئەوە ناشارنەوە کە ترس و نیگەرانی زۆریان هەیە دەربارەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ، چونکە ئەزموونی ئیدارەی پێشووی ناوبراو لەبەرچاو دەگرت کە بە چ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ ئەم گرووپانە کردووە، دوو سەرکردەی دیار و کۆڵەکەی سەرەکی بەرەی مقاوەمە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە کرانە ئامانج ئەوانیش ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی بوو.
ئیداری ترامپ؛ ئێراق وەک بەشێک لە کاریگەریی ناوچەیی ئێران دەبینێت و پێویستە بە تووندی لەگەڵدا مامەڵە بکرێت بۆ دەرکردنی لە بازنەی ئەم کاریگەرییە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت تیمی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی نوێ، کە ناسراوە بە دوژمنایەتییەکی تووند لەگەڵ ئێران و گومانی لەسەر حوکمی حیزبە ئیسلامییە شیعییەکانی ئێراق، ڕووبکاتە سەر زنجیرەیەک کرداری سزادەر و فشار لەسەر ئەوەی وەک پایەکانی کاریگەریی ئێران لە ئێراق دەبینێت. ئەگەرچی تا ئێستا دیاری نییە کە ئەم سزایانە چۆن دەبن، بەڵام لە هەر ئەگەر و سیناریۆیەکدا، گرووپە چەکدارەکان ئامانجی سەرەکی سزاکانن. سزایەکی ئەمریکی دەبن، لەژێر ڕۆشنایی ئەزموونی رابردوو و هەروەها لێدوانەکانی ئێستای ئەو کەسایەتیانەی کە وا بڕیارە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا بەرپرسیارێتی وەربگرن.
ئەم هاوکێشەیە پەیوەندی بە فاکتەرێکی دیکەوە هەیە کە بریتییە لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر گرووپە چەکدارەکان بەهۆی بەشداریکردنیان لە هێرشە مووشەکییەکان بۆسەر ئیسرائیل، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی “هێلی بەرگری” بۆ پشتگیریکردن لە ڕێکخراوی حەماس دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣. بەپێی سەرچاوەکان، سەرۆک بایڵدن بووە هۆی دواخستنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم گرووپانە ئەگەرنا لە لیستی ئەو ئامانجانە دابوون کە ئیسرائیل دیاریکردبوون. پێچەوانەی ئیدارەی بایدن، ئیدارەی نوێ بە گشتی تێگەیشتنی لە بارودۆخی ناوخۆیی ئێراق هەیە کە ڕێگە بە کاریگەریی بەهێزی ئێران دەدات لە ناو دەوڵەتی ئێراق، تیمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەی نوێ ناسراوە بە دوژمنایەتی توند لەگەڵ ئێران و حکومەتی ئێراق بە هۆکاری سەرەکی بە هێزبوونی دەسەڵاتی تاران دەزانن لە ئێراق. ئەمەش مانای وایە کە ئەم تیمە دەستی ئیسرائیل دەکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەم گرووپانە لە هەر شوێنێک بێت، بۆ کەمکردنەوەی بە کاریگەریی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەکە و ئێراق.
“کۆبەند”
هێزی حکومەتی ئێراق بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە لە بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان بە پشتگیری ویستی خەڵکی بەرامبەر گرووپەکان و پشتگیری دەسەڵاتی نەجەف بۆ سنووردارکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، فاکتەری نوێ و گرنگ کە بریتییە لە کەمبوونەوەی بەرچاوی کاریگەریی ئێران لە ناوچەکە دوای شکستی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیل و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد. ئەم دوو فاکتەرە ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە کەمکردنەوەی بازنەی فراوانی دەسەڵاتی گرووپەکان. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە حکومەتی ئێراق چۆن بە چ میکانیزمێک ئەم هەنگاوە دەگرێتەبەر بۆ لە قاڵبدان و سنووردارکردنی هەژموونی ئەم گرووپانە. ئەگەر هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە یارمەتیدانی مەرجەعیەتی دینی دەکەن بۆ حکومەت لە ڕێگەی فەتوایەکەوە کە بتوانێت ئەم گرووپانە هەڵبوەشێنێتەوە. پشتگیریکردنی دەسەڵاتی دینی لەم دابەشکردنە دەبێتە هۆی زاڵبوون بەسەر ڕوانگەی ئێران کە دەتوانێت بەڕاستی ڕێگری لە هەر بڕیارێک بکات کە نوخبەی سیاسیی ئێراق دەیدات بۆ دابەشکردنی گرووپەکان. هەروەها لە کۆتاییدا، فشارەکانی ئەمریکا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لەم پرسەدا کە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەمە زیاتر ڕوون دەبێتەوە.