كۆماری ئیسلامی ئێران كۆمەڵێك دەرفەتی زۆر گەورەی بۆ هاتە پێش لەدوای كۆتایی جەنگی ئێراق – ئێران كە هاوكار بوون بۆ ئەو وڵاتە ببێتە هێزیكی ئیقلیمی لە ڕۆژهەلاتی ناوڕاستدا ووڵاتانی دەوربەری ، هەر لە داگیر كردنی كوێت لە لایەن ئێراقەوە ولاوازبوونی ئێراق ووڵاتە عەرەبییەكان و ڕۆخانی یەكێتی سۆڤێت ودابوشبوونی بۆ چەندین وڵات كە ژمارەیەكیان دراوسێ ئێران بوون ، وداگیر كردنی ئەفغانستان لە لایەن ئەمریكاوە، بەڵام گەورەترین ڕووداو كە دەرفەتێكی زیڕین بوو بۆ ئێران لەساڵی 2003 كاتێك ئەمریكا عێراقی داگیر كرد، كە ئێراقی سەردەمی سەدام حسین وەكو بەربەستێك وابوو لەبەردەم كۆماری ئیسلامی ئێران، وپاشان ڕووداوی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011،كە بووە هۆی كۆمەڵێكی گۆڕانكاری لە سیستمی حوكمڕانی چەندین وڵات لەناوچەكە كە دیسان بە قانزانجی ئێران تەواو بوو.
ئەم ڕووداوانە بەگەشتی بوونە هۆی دروستبوونی دەرفەتێكی گەورە بۆ بەهیزبوونی وفراوانبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەكە دا بەهۆی دروستبوونی بۆشاییەكی گەورە لە ئاسیای ناوڕاست ولە ئێراق ولە سووریا ویەمەن وئەفغانستان كە ئیران توانی ئەو بۆشایە پڕ بكاتەوە سەرئەنجام بوون بە گۆڕەپانێك بۆ هەژموونی كۆماری ئیسلامی ئێران، و بەرمەبنای ئەو گۆڕانكاریە گەورانە كە سەرجەمیان لە دەوروبەری ئێران ڕوویاندا ولاوازبوونی زۆرینەی دراواسییەكانی دەرفەتێكی گەورەی بۆ دروستبوو كە بتوانیت خۆی بەهێز بكات وهەژموونی بڵاوبكاتەوە تا ئاستی سەپاندنی هێزی خۆی لەو ناوچانە، وتوانی وسەركەوتوو بێت لە سوود وەرگرتن لەلاوازبوونی وڵاتانی دەوروبەری، وكۆماری ئیسلامی ئێران پلانێكی ستراتیژی دوور مەودای دارشتبوو لە ڕێگای جێبەجێ كردنی پرۆژە ستراتیژی كە ئێران ببێتە بەهێزترین وڵاتی ناوچەكە.
بەڵام كۆمەڵێكی ڕووداوی دیكە ڕوویاندا كە پێدەچێت خۆری بەهێزبوونی ئێران ئاوا بكات وهەوڵەكانی ئێران ڕووبەرووی گرفت ونەیار وبەربەستی نوێ بۆ دروست بێت.
یەكێك لە گرفتە نوێەكان كە ڕووبەروی ئێران بۆتەوە بەهێزبوونی ڕووسیایە كە ڕاستە هاوپەیمانی ئێرانە بەڵام لە ئێستادا بووە بە ڕكابەری ئێران وهەنگاوەكانی چڕكردۆتەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤێتی پیشوو بەمەبەستی ئەوەی خۆی خاوەن هەژموونی بێت لەو ناوچانە، وكۆمەڵێكی هەنگاوی ستراتیژی نا بێ گویدان بە خواستەكانی وبەرژەوندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەتی سەبارەت بە ناوچەی زەنگزوور لە ئەرمینیا كە دەبێتە هۆی دابڕاندنی ئێران لەئەورپا وئەرمینیا بەتەواوەتی.
ڕووداوی دووهەم كشانەوەی ئەمریكا بوو لە ئەفغانستان وگەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات بەڵام تاڵیبانێكی نوێ گەرایەوە جیاواز لە تاڵیبانی پێشوو تاڵیبانێك میانڕەوتر، وكۆمەڵێكی پڕۆژەی ئابووری وستراتیژی دروست دەكات بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیكە كە گورزی كوشندەی لە خەونەكانی ئێران دا ببێتە ڕێڕوێكی بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی وگواستنەوەی بازرگانی لەنێوان وڵاتان.
ڕووداوی سێهەم ئێران نەیتوانی بەرگری لە هاوپەیمانەكانی بكات لە هەریەك لە كەرتی غەززە وبزووتنەوەی حەماس لەبەردەم هێرشەكانی ئیسرائیل، وباشووری لووبنان وحزبووڵلا كە هەردووكیان دوو هاوپەیمانی سەرەكی ئێرانن لە ناوچەكە تا ئاستێك كە پێدەچیت حزبووڵا تووشی هەممان چارەنووسی حەماس وكەرتی غەززە ببێت، لە لایەكی دیكەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووسیا جێگای ئێران دەگەرێتەوە لە سووریا ،وڕووسیا قۆناغ بە قۆناغ دەبێتە جێگرەوە بۆ ئێرانییەكان ئەمەش ئێرانییەكانی نیگەران كردووە.
سەبارەت بە ئێراق هەموو ئاماژەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە حكومەتەكەی سوودانی كە پاش ململانیەكی زۆر گەورە لەگەڵ موقتەدا سەدەر دروستبوو بەوە تۆمەتبار دەكرێت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی كە سیخوڕی دەكات بۆ ئەمریكا وئاسانكاری بۆ ئەمریكیەكان دەكات هێزەكانیان لە ئێراق نەكشَیننەوە، وسەركردە شیعەكانی نزیك لە ئێران بەفەرمی هۆشدارییان داوە بە سۆدانی كە ئەگەر لێسەندنەوەی متمانە لە ئارادایە وهەڵبژاردنی پێش وەخەت ئەنجامبدریت لە ئێراقدا، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی ترسی ئەوەشی هەیە ئەگەر هەڵبژاردنی پێش وەخت ئەنجامبدرێت لەوانەیە ووبارە شەقامی شیعی دەنگ بداتەوە بە موقتەدا سەدەر وجاریكیتر سەدرییەكان زۆرینەی پەرلەمان بهێننەوە وكۆنترۆڵی پەرەلەمان بكەنەوە، وئەگەر هەڵبژاردنی پێش وەختەش نەكرێت ئەوا تەنها ساڵێكی ونۆ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئێراق وئەو مەترسیە بۆ چوارچیوەی هەماهەنگی دروست دەبێتەوە.
لە لایەكی دیكەوە سوونەكانی مانگی دوانزەییان دیاری كرد بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەسەر دروستكردنی هەرێمی سوونە كە پارێزگای ئەنبار ونەینەوا وسەڵاحەدین ودیالە وبەشێك لە بەغدا لە خۆ دەگرێت ،ئەمەش مەترسیدارترین هەنگاوە دژی ئێران جونگە جێبەجێ كردنی ئەو هەنگاوە ڕێگای وشكانی لە نێوان ئێراق وسوریا دەبڕێت وكۆتایی پێ دەهێنێت كەخەونیكی مێژوویی ئێرانە، سەبارەت بە كوردیش هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر وتوندبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران وپارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندیەكانی هەردوولای گەیاندە ئاستێكی زۆر خراپ.
بەمەش ئێران كێشەی هەیە لەگەڵ سەرەكیترین لایەنی سوونە وشیعە وكورد لە ئێراقدا، ولەئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێكی چاوەڕاننەكراوە ئاوا لەدەستدانی ئێراق مەحاڵ نیە.
وتاكە هاوپەیمانی ئێران كە بارودۆخی باش بێت تەنها یەمەنە كە حوسییەكانی توانیوانە بەشێكی لە خاكی یەمەن كۆنترۆڵ بكەن ومەترسی دروست بكەن بۆ سەر ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی كە بە تەنگەی بابولمەندەبدا تێپەر دەبێت، كە بۆتە هۆی بارهەڵگەرەەكان ڕێگای دیكەی بەكاربهێنن كە سەڵامەتتر بێت.
بۆیە ئەوەی دەبینرێت وپێشبینی دەكریت لەم قۆناغەدا ئێران سیاسەتێكی نەرمتر لە جاران پەیڕۆ بكات بەمەبەستی پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی كە هیشتای لە ژێر كۆنترۆڵیدا ماوە، ئەمەش لە سەردانەكەی سەرۆكی ئێران بۆ ئێراق ڕەنگیدایەوە بەتایبەتی لەكاتی سەردانەكەی بۆ هەولێر ولێدوانەكانی سەبارەت بە كورد وكاك مەسعود ودانانی پارێزگارێكی كوردی سوونە بۆ پارێزگای كوردستان لە ئێران كە یەكەمجارە لە ساڵی 1979وە كوردیكی سوونە پۆستی وا وەربگرێت، كە وا نیشانی دەدات سیاسەتی ئێرانی لە سایەی پزیشكیان جیاوازترە لە سەرۆكی پیشوو بەڵام لە ناوەڕۆكدا هەستكردنی ئێرانە بە مەترسییەكانی كە ئێراق لەدەست بدەن.
بۆیە واچاوەڕوان دەكرێت خۆری ئێرانی بەهێز لەناوچەكەدا ئاوابێت وئێران بەكردەوە خۆی ئامادە كردووە بۆ قۆناغی پاش لەدەستدانی هەژموونی لە ئەفغانستانی وئاسیا ناوڕاست وكەرتی غەززە ولەوانەیە لوبنانیش ،وهەوڵەكانی لە ئێستادا چڕكردۆتەوە بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆی لە ئێراق وسوریا ویەمەن.
بۆیە پیویست دەكات وەكو گەلی كورد خۆمان ئامادە بكەین بۆ مامەلەكردنی لەگەل ئێرانیكی نوی وستراتیژیكی نوی ، ئێرانیكی هەول دەدات دۆستایەتی لەگەل كورد دروستبكات وەكو دواین بژاردە وهەول بۆ ریگریكردن لە لەدەستدانی ئێراقیش .