“پێشەکی”
“ئیسماعیل عەبدولسەلام ئەحمەد هەنییە”، سیاسەتمەداری فەڵەستینی، لە ساڵی ٢٠١٧ بوو بە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و لە شوێنی خالد مەشعەل بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرا. هەنییە وەک سەرکردیەکی باڵا بانگەشەی بۆ هەڵوێستی گرووپەکە دەکرد چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. حەماس لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا کۆنترۆڵی بەسەر غەززەدا پاراست، چونکە هەڵبژاردنی هەنییە وەک بەرپرسی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی حەماس هاوکات بوو لەگەڵ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەڵەستین لە هەمان ساڵدا، کە بووە هۆی ئەوەی بزوتنەوەی فەتح لە کەناری رۆژئاوا و بزوتنەوەی حەماسیش لە کەرتی گەزە کۆنترۆڵی حکومەت بکەن، واتە بە کرداریی دوو ئیداریی لە فەلەستن سەریهەڵدا کە تا هەنۆکەش بەردەوامە، سەرەڕای دابڕانی نێودەوڵەتی و دووبارە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل و ئاستەنگە ناوخۆییەکان، بەڵام هەنییە پێگەیەکی سەرەکی هەبوو لە دانوستان بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل هەروەها بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزکانی تری ناوچەکە وەک میسر و ئێران و قەتەر.
لەماوەی دەسەڵاتەکەیدا حەماس چەندین ئاڵۆزی لەگەڵ ئیسرائیل پەیداکرد بەڵام ھێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ گرنگترین هێرشەکانە کە بووە هۆی بەرپابوونی جەنگی غەزە-ئیسرائیل. دوای ھێرشەکەی حەماس ئیسرائیل نیازی خۆی بۆ تیرۆرکردنی ھەموو سەرکردەکانی حەماس ڕاگەیاند. لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ کەریم خان، داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، نیازی خۆی بۆ دەستگیرکردنی ھەنییە و سەرکردەکانی دیکەی حەماس ڕاگەیاند، بەھۆی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکانی فەلەستین. لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٤، میدیای دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە کە ئیسماعیل ھەنییە لە تاران تیرۆر کراوە، کە ڕۆژی پێشتر لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئێران بەشداریی کردبوو.
“کاریگەرییەکانی کوشتنی ئیسمائیل هەنییە لەسەر ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمەریکا”
كوشتنی “ئیسماعیل هەنییە” لە تاران کاریگەری قووڵی دەبێت لەسەر دانوستانە بەردەوامەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی. لە ناوەڕۆکی ئەم دانوستانانەدا پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن سەبارەت گەیشتن بە دۆسیی ئەتۆمی ئێران بوونی هەیە کە بە (JCPOA) ناسراوە، کە ڕێککەوتنێکە ئامانجی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانە لە بەرامبەر کەمکردنەوە یان نەهێشتنی سزا ئابووری، دارایی و سیاسییەکانی سەر ئێران. ئیدارەی بایدن بە پەرۆشەوە کاردەکات بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ پابەندبوون بە JCPOA دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ساڵی 2018دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دانوستاندنەکان کە بە گفتوگۆی ٥+١ ناودەبردرا، بە تەواوەتی وەستا تا ئەو کاتەی کە جۆبایدن بوو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و دووبارە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران دەستیپێکردەوە، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی بەدینەهاتووە، بەڵام پێش کوشتنی ئیسمائیل هەنییە، میدیا جیهانییەکان ئەو دەنگۆیەیان بڵاو کردەوە کە جۆ بایدن داوای لە ئێران کردووە، دووبارە دەست بە گفتوگۆکانی ٥+١ بکرێتەوە بەلام کوشتنی ئیسمائیل هەنییە ئەم هەوڵەشی لەبار برد.
هەر بۆیەش کوشتنی هەنییە ئەگەری هەیە بەرەوپێشخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان قورستر بکات چونکە ئێران، بزوتنەوەی حەماس وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی و درێژکراوەی دەسەڵاتی ناوچەیی خۆی دەبینێت و کوشتنی کەسایەتییەکی دیار وەک هەینییە لە سنوورەکانیدا دەتوانرێ وەک پەیامێک سەیر بکرێت کە سەروەری ئێران لە ژێر هەڕەشەدایە لە لایەن نەیارەکانییەوە لەوانەش ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەم تیرۆرکردنە دەتوانێ بوێری بەولایەنە توندڕەوانەی ناو ئێران بدات کە لە ئێستاوە گومانیان لە JCPOA هەیە و متمانەیان بە ڕۆژئاوا نییە چونکە ئەم ڕووداوە بێهودەیی پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕۆژئاوا دەسەلمێنێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی تاران هەڵوێستێکی سەرپێچیکارانەتر لە دانوستانەکاندا بگرێتەبەر و داوای ئیمتیازاتی زیادتر بکات ڕەنگە ئێران بڕیار بدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوە بەکاربهێنێت بەوەی خێراتر دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە کە بەپێی JCPOA سنووردار کرابوو و دەبوایا لە ئاست ٢٠٪ پیتاندن دەرباز نەکرێت، بەڵام بەپێی هەواڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم، پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ سەرووی ٦٣٪ بەرز بووەتەوە. کوشتنی هەنییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە فشارە ناوخۆییەکان بۆ راگرتنی پرۆسەی دانوستاندنەکانی ٥+١ زیادتر بکات، چونکە قورسە سەرکردە میانڕەوەکانی ئێران پاساو بۆ بەردەوامی دانوستانەکان بهێننەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە پێشخستنەکان لەسەر ڕێککەوتنەکە بوەستێنێت.
“هەڵوێستی هێزە پڕۆکسیەکانی سەر بە ئێران”
بانگێشتکردنی هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی سوێندخواردن و دەستبەکار بوونی پزیشکیان، چواردەیەمین سەرۆککۆماری ئێران، بۆ پەرلەمانی ئەم وڵاتە، ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان حەماس و حکومەتی ئێران. تیرۆرکردنی هەنییە لەسەر خاکی ئێران دەبێتە جێی گومان و پرسیار ئەگەر ئێران هیچ وەڵامێکی نەبێت. جگە لەوەش، گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران وەک حزبوڵای لوبنان و حزبوڵای ئێراق و حوسییەکانی یەمەن بە تەواوەتی لە ژێر کۆنترۆلی ئێراندان. خامنەیی ڕایگەیاند کە ئێران ئەوە بە ئەرکێک دەبینێ تۆڵەی مردنی هەنییە بکاتەوە ئەمەش ئەوە پێشاندەدات کە ئێران ڕەنگە هەست بە ناچاری بکات وەڵام بداتەوە، دەکرێت ئەم وەڵامدانەوەیەش لە ڕێگەی پرۆکسیەکانیەوە بێت. ئێران زۆر پشت بە هێزە پرۆکسییەکانی دەبەستێت لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەنگە ئەم گرووپانە بیانەوێت زۆر بەخێرای وەڵامێکی تووند بدەنەوە بەڵام ئێران ڕێنماییان پێدەدات کە لە سەرەتادا خۆیان ڕابگرن لە پێناو تەشەنە نەکردنی شەڕێکی گەورەتر. هەر بۆیەش لە ئیستادا ئێران دروشمی ئەوەی بەرزکردوەتەوە کە مەرجی تۆڵە نەکردنەوە لە کوشتنی هەنییە، راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەییە لە نیوان ئیسرائیل و حەماس. ئەمەش هەڵوێستیەکە کە خوازیاری وڵاتانی عەرەبی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. هەر بۆیەش قەتەر بە فەرمی داوای لە ئێران کردووە کە هیچ پەرچەکردارێک لە تۆڵەی کوشتنی هەنییە ئەنجامنەدات تا بەربەست لەبەردەم پرۆسەی گفتوگۆکان بۆ راگرتنی جەنگ لە غەزە دروست نەکات.
“لێکەوتەکان بۆ سەر پێگەی ئێران لە ناوچەکە”
کوشتنی سەرکردەیەکی دیاری حەماس لەسەر خاکی ئێران پرسیار لەبارەی توانای ئێران بۆ پاراستنی هاوپەیمانانی دەوروژێنێت؛ کوشتنی هەنییە لە سەر خاکی ئێران و لە شوێنی هەوانەکەی کە لە بنکەیەکی سەربازیی سەر بە سوپای پاسداران بووە، دوو ئەگەر هەڵدەگرێت، یەکەم، نوخبەی باڵای سوپای پاسداران و بەرپرسە هەواڵگرییەکانی ئێران سیخوری ئیسرائیلن، کە ئەمەش لە رابردوودا رویداوە. دووەم، دەزگای هەواڵگریی ئێران لاوازە و بە ئاسانی لەلایەن ئیسرائیلەوە خەرقدەکرێت. لە راستیدا هەر دوو ئەگەر دروستن، هەم دەزگایی هەواڵگریی ئێران لەهەمبەر موسادی ئیسرائیل زۆر بەهێز نییە، هەمیش بەشێک لە دەزگای هەواڵگریی ئێران سەر بە موسادن. لەلایەکیترەوە، کوشتنی هەنییە لەسەر خاکی ئێران، ئەو مەترسییە لەلایەن سەرکردەکانی هێزە چەکدراکەنی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا دروست دەکات، کە ئیران، بەتایبەتیش لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، هیندە بەهێز نییە کە بتوانێت وەک پێویست ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئەم هێزانە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم هێزانە تا رادەیەک بە سەربەخۆیانە لە ئێران لەگەل پێشهات و روداوەکان مامەڵە بکەن.
“پوختە”
تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە کۆمەڵێک لێکەوتەی دەبێت بەهۆی زیادبوونی تووندوتیژی و ناسەقامگیری لە غەززە و گۆڕانکاری لە داینامیکی ناوخۆیی حەماسدا بە تایبەتی سەبارەت بە داهاتووی پرۆسەی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل. لەدەستدانی کەسایەتییەکی لەو جۆرە ڕەنگە حەماس پاڵ بە هەڵوێستێکی توندترەوە بنێت و دەرەنجامەکانی ئەم هەڵوێستەش بەندە بە هەڵوێستی لایەنەکانیتری بەشدار لە جەنگی حەماس-ئیسرائیل.