“پێشەکی”
بۆ تێگەشتن لە ژیری دەستکرد، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە ئەرکە سەربازیەکاندا لە ماوەی چەند دەیەدا بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو پەرەی سەندووە، ئەم پەرەسەندنە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای توێژینەوەکان لە بواری کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا، ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ بناغەیەکی گرنگ بوو بۆ ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی ئێستا لە بواری تەکنەلۆژیای سەربازیدا هەیە و شۆڕشێکی نوێ بوو لە ڕەهەندی سەربازیدا. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ ئەمریکا دەستپێشخەری بەرگری ستراتیژی دەستپێکرد کە بە “جەنگی ئەستێرەکان” ناسراوە، ئامانجەکەی پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری مووشەکی پێشکەوتوو بوو بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد و تەکنەلۆژیای نوێ و پێشکەوتوو.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆبۆتەکانیش پێشەنگی ئەو پێشکەوتنە بوون لە ئەرکە سەربازییەکاندا، ئەم سیستەمانە دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ یان بە کەمترین دەستێوەردانی مرۆڤ کاربکەن هەر بۆیە دەتوانرێت بڵێین ژیری دەستکرد گۆڕانکاریەکی بەرچاوی لە فۆڕمی مۆدێرن دا کردووە. جەنەڕال “جۆن ئی هیتن”، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، لە سیپۆزیۆمێکدا دەربارەی هاوبەشی ژیری دەستکرد ئاماژەی بەوە دا کە “ئەگەر بیر لە زیرەکی دەستکرد بکەینەوە، ئەو پرسیارەمان لێ بکرێت ئایا ژیری دەستکرد دەبێتە هێزێکی چاکە یان هێزێکی خراپە؟ ئەوە هەمووی پەیوەستە بە ئێمەوە. ئێمە دەگەینە ئەوەی ئەو بڕیارە بدەین، چونکە بە سادەیی ئەوە تەنها تەکنەلۆژیایەکە و جیهان لێی تێدەگات، ئەوە مانای ئەوەیە کە ڕکابەرەکانمان، نەیارەکانمان، تێدەگەن کە توانای بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە ئەرکە سەربازییەکانی داهاتوودا، گرینگ دەبێت بۆ سەرکەوتنی ئەرکەکان بۆیە دەتوانرێت بڵێین هەنگاو نان بەرەو سەرکردایەتی ژیری دەستکرد لە هێزە سەربازیەکان لە پێشینەی ئەرکەکانی ئەمریکادایە. بەڵام ڕاستییەک هەیە کە ئەو پێشەنگییە بەبێ ئاستەنگی نییە و ژیری دەستکرد لە ئێستادا دوچاری چەندان ئاڵەنگاری بۆتەوە لە ئەرکەکانیدا بە هۆی ئەوەی پرسی مرۆیی و دەسەڵاتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و ڕای گشتیش لەسەر ژیری دەستکرد لە بواری سەربازیدا بەرەو نەرێنی دەڕوات، بە هۆی ئەو شەڕە هەنوکەییەی “حەماس و ئیسارئیل” کە بۆتە هۆی قەیرانیی مرۆییی لە غەززە.
“یەکەم؛ باسێکی ژیری دەستکرد لە ڕەهەندی سەربازیی دا”
ژیری دەستکرد لە جیهانی ئەمڕۆدا پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و لەزۆرترین بوارەکاندا پشتی پێدەبەسترێت و بە سەرهەڵدانی چوارەمین شۆڕشی پیشەسازی دادەنرێت، بە تایبەت لە بوارە سەربازیەکاندا، مێژووی ژیری دەستکرد لە بواری سەربازیدا هاوتەریبە لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەكان. بە تایبەت سیستەمی ژیری دەستکرد لە بواری سەربازی دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر داتای زیاتر لە سیستەمەکانی پێشوو پۆرسێسس بکات ئەمەش بەهۆی توانا ناوەکییەکانی لە بواری کۆمپیوتەر، هەروەها “بڕیاردان، خۆکۆنتڕۆڵکردن، خۆڕێکخستن”. مێژووی ژیری دەستکرد لە ئەرکە سەربازییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، لەگەڵ پێشکەوتنی بەرچاو لە کاتی جەنگی سارد دا، ڕۆڵە سەرەتاییەکانی ژیری دەستکرد لە ئەمریکادا بریتی بوو لە بەکارهێنانی لە هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا و دەزگای ئاسایشی ناوەندی بۆ شیکاری هەواڵگری. لە ساڵانی نەوەتەکاندا، لایەنە سەربازییەکانی ئەمریکا ژیری دەستکردیان بۆ ئەرکە لۆجستییەکان بەکاردەهێنا، بەڵام ئەمڕۆ ژیری دەستکرد بەردەوامە لە پەرەسەندن، لەگەڵ لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان کە سەرنجیان لەسەر باشترکردنی کاریگەریی سەربازی و کارایی بوونە، لە هەمان کاتدا پێشکەوتنە بەرچاوەکانی ژیری دەستکرد کۆمەڵێک نیگەرانی مرۆیی سەبارەت بە بەکارهێنانی لە جەنگدا دروستکردووە. دەتوانین بڵێین کە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەهۆی پێشکەوتن لە فێربوونی ئامێر و شیکاری داتاکان ڕوویداوە.
بە تایبەت فرۆکە بێ فرۆکەوانەکان یاخود درۆنی سەربازی بووهتە ئامرازی سەرەکی بۆ چاودێری و سیخوڕی، کە ئێستا توانای ژیری دەستکردی بەهێز کردووە. هەروەها وڵاتە زلهێزەکانی جیهان هەوڵی زیاتر بۆ پەرەسەندنی تواناکانیان دەدەن بۆ دەست گەشتن بەو ئامێرە پێشکەوتوانەی ژیری دەستکرد، یەکێک لەو وڵاتانەش هیندستانە کە باڵێکی گرنگی ئەم ڕەوتەیە و ئێستا چالاکانە هەوڵی هاوبەش دەدات نەک تەنها بۆ بەشداریکردن لەم گۆڕانکاریە جیهانییە بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕۆڵی سەرکردایەتی تێدا دەگێڕێت و لە پێشەنگی وڵاتانی جیهان دایە. هەروەها ئەمریکا ساڵانێکی زۆرە ژیری دەستکرد بەکاردەهێنێت و بەردەوامە لە وەبەرهێنانێکی زۆر لە پەرەپێدانی سیستەمی پێشکەوتووی زیرەکی دەستکرد، کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیای سەربازی ئەمریکا وەک “لۆکهید مارتن، نۆرثۆپ گرەومن، ڕایتۆن” لە پێشەنگی یەکخستنی ژیری دەستکردن لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکاندا. هەروەها چین یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە هەوڵێکی زۆری خستۆتە گەڕ بۆ پێشخستنی ژیری دەستکردی سەربازی، بەڵام چین تواناکانی سنوردارن بە هۆی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی بونەتەوە وەک پشتبەستن بە نیمچە گەیەنەری دەرەکی و کەمیی کارمەندانی سەربازیی شارەزای تەکنەلۆژی. هەروەها نابێ ئاماژە بە ئیسرائیل نەدەین کە بەشێکی گرنگە لەو هاوکێشەیە، بە تایبەت سیستەمی بەرگری پێشکەوتووی “ڕافایل” کە پەرە بە بەهێزکردنی ژیری دەستکرد دەدات بۆ ئەرکە سەربازیەکان. نابێ لەو ڕاستیەش لابدەین کە وڵاتانی تازە پێگەیشتووش تادێت ژیری دەستکرد زیاتر دەبێتە سەرچاوەی بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگریکردنیان، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت جیهانی ژیری دەستکرد لە بازاڕی سەربازیدا بە ڕێژەی ١٢.٤ ٪ گەشە بکات و تا ساڵی ٢٠٣٢ بگاتە ٢٤.٧ ملیار دۆلار.
“دووەم؛ ڕۆڵی سیستەمی ژیری دەستکرد لە ئەرکە سەربازییەکاندا، شەڕی ئیسرائیل و حەماس بە نموونە”
“ماریک ئۆین جۆنز”، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەمید بن خەلیفە، ئاماژەی بەوەداوە کە ”خەریکە ڕوون دەبێتەوە ئیسرائیل سیستەمی ژیری دەستکردی تاقینەکراوە بەکاردەهێنێت لە ئەرکە سەربازییەکانی لە غەززەدا، بە تایبەت لە بڕیاردان سەبارەت بە ژیان و مردنی خەڵکی مەدەنی. جێگای ئاماژە پێدانە کە ئیسرائیل چەندین سیستەمی ژیری دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ ڕێنماییکردنی چالاکییە سەربازییەکانی دژی حەماس لە شەڕە بەردەوامەکەی لە غەززەدا. بە دڵنیایەوە بەکارهێنانی ئەو سیستەمانەی کە بە ژیری دەستکرد کار دەکەن کار ئاسانیەکی زۆریان بۆ ئیسرائیل کردووە لەو ململانێیەدا کە بە شێوەیەکی خێرا ئامانجەکان دیاری دەکەن بەدەر لە توانای مرۆڤ. بەڵام ئەمە دۆخی مرۆیی بە شێوەیەکی کارەساتبار داڕماندووە بە تایبەت بە هۆی ئەو ڕێژە بەرزەی کوژراوانی مەدەنیی لە غەززەدا.
ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەم سیستەمە پێکهاتە سەرەکییەکانییان بۆ دیاری دەکات و بە ئاسانی زانیاری دەبەخشێت بۆ دیاری کردنی ئامانجەکانیان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کە (دۆزینەوە، چاککردنەوە، بەدواداچوون و بە ئامانجگرتنی ئەو کەسانەی کە گومانلێکراون و چەکدارن) لە خۆ دەگرێت. ئەم سیستەمە بڕێکی زۆر لەو زانیاریانە شیدەکاتەوە لە ڕێگەی چاودێریکردنی ٢.٣ ملیۆن دانیشتووانی غەززە، کە ئامانجە ئەگەرییەکان دەستنیشان دەکات بە پشتبەستن بە تایبەتمەندیەکانی وەک “ڕەگەز، تەمەن، دەرکەوتن، شێوازی جووڵە”، هەروەها بۆ دانیشتوانی غەززە، بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازار و زیانێکی بێ ئەندازەی بەدوای خۆیدا هێناوە بۆیان چونکە هۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی مەدەنیین، هەر بۆیە مەرگەساتێکی قووڵی لەسەریان بەجێهێشتووە . ئەو سیستەمانەی ژیری دەستکرد کە ئیسرائیل لە میانی ئەرکە سەربازییەکانی دژی حەماس و خەڵکی مەدەنی بەکاریهێناوە، ئەمانەن:-
1.(Lavender) ئەم سیستەمەی ژیری دەستکردە کە پرۆسێسی داتای بەرفراوان دەکات لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، دەتوانێت زیاتر لە ٣٧،٠٠٠ ئامانج دیاری بکات کە پەیوەستن بە حەماسەوە ئەوانەش لە ڕێگەی، چاودێری کردنی سۆشیال میدیا و پەیووەندیە تەلەفۆنیەکان، بەڵام گەورەترین ئاستەنگی ئەم سیستەمە پرۆسێسکردنی داتای هەڵەیە بە ڕێژەی ١٠٪ کە بووەتە هۆی قوربانیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی لە غەززە کە پێک هاتوون لە ڕێژەیەکی بەرچاوی منداڵ و ژن.
2.(Where’s Daddy) سیستەمی دووەمی ژیری دەستکردی ئیسرائیلە، دەتوانێت بە شێوەیەکی کارا شوێنی فەلەستینییەکان دیاری بکەن لە ناو خودی ماڵ و شوێن و خێزانەکانیاندا. “یوڤاڵ ئەبراهام”، ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلیە و ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم سیستەمە یارمەتی دەری یەکەمی ئیسرائیلە لە بۆردوومانکردنی فەلەستینیەکان لە ناو ماڵەکانیاندا.
3.(Gospel) یەکێکی تر لە سیستەمەکانی ئیسرائیل بۆ یارمەتیدان لە هەڵبژاردنی ئامانجەکان لە کاتی ئەرکە سەربازییەکانیدا دژی حەماس لە غەززە بەکاریدەهێنن ناسراوە بە گۆسپێل، سیستەمی گۆسپێل بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پێداچوونەوە بە داتاکانی چاودێری دەکات بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانیان، لەوانە “بینا و ئامێرەکان و ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە حەماس بن”. ئەم سیستەمە ئەرکی بەئامانجگرتنی بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر کردووە. لەم لایەنەوە ئەڤیڤ کۆهاڤی، سەرۆکی پێشووی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە کە “گۆسپێل” دەتوانێت ڕۆژانە ١٠٠ ئامانج بپێکێت و بۆردوومانی زۆر ئامانج بکات.
ڕای گشتی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەم سیستەمانە بە تایبەت (لاڤێندەر و گۆسپێل)لە غەززەدا توشی ڕەخنە و جەمسەرگیری زۆر هاتووە، ئەمەش وای لە زۆرێک لە پسپۆڕان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کردووە کە تووشی نیگەرانی زۆر ببن و بە “کارگەی تیرۆرکردنی بەکۆمەڵ ناویدەبەن” زۆرێکیش لە ڕای گشتی بە “جینۆساید” ناوی دەبەن. لە ڕاستیدا ئەم سیستەمانە قەیرانیی مرۆیی خوڵقاندووە بە هۆی بە ئامانجگرتنی تاکەکان بەبێ جیاوازی، ئەمەش وای کردووە فەڵەستینیەکان هەست بکەن کە ژیانیان لە ژێر دەستی سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە، هەروەها دوور لە کارەساتە ناوخۆییەکان، ئەم سیستەمە دەتوانێ دوور مەوداش کاریگەری هەبێت، کوشتنی “ئیسماعیل هەنیە” بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ پێشکەووتووی هەواڵگری مۆساد بە هۆی ژیری دەستکردەوە کە لە ناو خودی ئێران یاخود هەر دەوڵەتێکی ترت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.
“سێیەم؛ کاریگەرییە بەرچاوەکانی ژیری دەستکرد لەسەر ئاسایش و سەقامگیری جیهانی”
دەسەڵاتداری بەسەر تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد لە ڕەهەندی سەربازیدا کاریگەری بەرچاوی هەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی، سیستەمە پێشکەوتووەکانی ژیری دەستکرد دەتوانێ کاریگەری بەسەر سەقامگیری هەبێت نەک لە ناوخۆ بەڵکوو لە جیهانی دەرەوەش، بیروباوەڕی داڕێژەرانی سیاسەت سەبارەت بە ژیری دەستکرد کاریگەریی بەرچاوی لەسەر تێڕوانینی زلهێزە ئەتۆمییەکان هەیە. بۆ نموونە ئەمریکا و ڕووسیا کێبڕکێی فراوان دەکەن لەسەر تواناکانیان بۆ پەرەسەندنی ژیری دەستکرد لە لایەنی سەربازیدا و ڕێژەی بێ متمانەیی بەرز بۆتەوە لە نێوانیاندا. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەمریکا بەردەوام جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی سەرکردایەتی خۆی لە داهێنانی ژیری دەستکردی سەربازی کردووەتەوە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵات و هەژموونە جیهانییەکانی. هەر بۆیە لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا، بەرپرسان دەستیان کرد بە بەستنەوەی ژیری دەستکرد بە داینامیکی دەسەڵاتی جیهانی، ئەم تەوەرەش لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ و بایدن بەردەوام بوو بە تایبەتی لە بواری “هەواڵگری، چاودێری، سیخوڕی، فەرماندەیی، کۆنترۆڵکردن و سیستەمی چەک”. لە بەرامبەردا، گوتاری فەرمی ڕووسیا سەبارەت بە ژیری دەستکرد لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، بەڵام دوای داگیرکاری ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢، گوتارەکە بەرەو دۆخێکی بەرگری گۆڕا، بەرپرسان ئاماژەیان بە پێویستی بەکارهێنانی چاڵاکترانەی ژیری دەستکرد کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. هەرچەند کە بە ڕوونی جەختیان نەکردۆتە سەر زیانەکانی ژیری دەستکرد بۆ سەر سەقامگیری جیهانی بەڵام ڕووسیا دانی بە مەترسییەکانی پەیوەست بە ژیری دەستکرد ناوە بە هۆی ئەگەری هەڵەکردن لە ململانێیە سەربازیەکاندا.
بە گشتی، هەردوو گوتاری ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر ژیری دەستکرد لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، جەختکردنەوەیەکی زۆریان لەسەر گەشەسەندن و بەکارهێنانی سەربازیی ژیری دەستکرد کردووە. بەڵام کاریگەرییەکانی ژیری دەستکرد بۆ سەر سەقامگیری ستراتیژی بە ڕوونی چارەسەر نەکراون،وڵاتان بە پلەی یەکەم سەرنجیان لەسەر سوودە ئەگەرییەکانی ژیری دەستکردە بۆ سەر دەسەڵات و کاریگەریە سەربازیەکان. بەڵام دەکرێت بڵێن زیانەکانی ژیری دەستکرد لە بواری جەنگ و سەربازیدا زیاترە وەک لە سودەکانی بە هۆی ئەوەی مەترسی بەرچاو دەخاتە ڕوو بەسەر چەند لایەنێکدا لەوانەش:-
- سیستەمەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی مرۆڤ:- سیستەمی چەکی سەربەخۆ کە بەبێ چاودێری مرۆڤ کاردەکات، نیگەرانیی لەبارەی لەدەستدانی کۆنترۆڵی مرۆڤ دەوروژێنێیت بە هۆی ئەوەی دەبێتە هۆی دەرەنجامێکی کوشندە. زیانێکی تری ئەم سیستەمە ئەوەیە ڕوون نابێتەوە کە کێ لێپرسینەوەی لەگەڵ دا دەکرێت ئەگەر هاتوو سیستەمەکە هەڵە بکات یاخود بە هەڵە خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج، دەتوانین بڵێن ئەم سیستەمە زیانێکی زۆری بە خەڵکی مەدەنی غەززە گەیاندووە لە بەهەڵە ئامانج گرتنی نەخۆشخانە و کەمپی ڕێکخراوەکان و ناوچەی سەلامەت.
- سیستەمەکە دووچاری دووڕیانێکی مرۆییی دەبێتەوە:- بەکارهێنانی سیستەمی ژیری دەستکرد لە ڕەهەندی سەربازیدا تووشی دووڕیانێکی قوڵی ئەخلاقی و مرۆی دەکات بە هۆی ئەوەی لەو جۆرە ئۆپراسیۆنانەدا بڕیاری ژیان و مردن دەکەوێتە دەستی سیستەمی ئەلیکترۆنی، هەر بۆیە جێگای نیگەرانی دەبێت کە بپرسین ئایا ژیری دەستکرد دەتوانێت بنەما بنەڕەتیەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بپارێزیت.
- هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی:- سیستەمی سەربازی ژیری دەستکرد زۆر پشت بە داتا دەبەستێت، هەر بۆیە خودی داتاکان دەتوانن ببنە خاڵی لاوازی بۆ سیستەمەکە ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو نەپارێزرێت. هەر بۆیە هەر کاتێک سایبەر ئەتاک یاخود هێرشی ئەلیکترۆنی دەستکاری سیستەمەکە بکەن ، دەتوانن ژیانن بخەنە مەترسیەوە.
- کوالێتی داتا و لایەنگری بوونی سیستەمەکانی ژیری دەستکرد:- ئەم سیستەمانە بەقەد ئەو زانیاریانەی کە لەسەری ڕاهێنراون باشە و دەتوانێ ڕۆڵ بگێڕن، هەر بۆیە دەکرێ بڵێین ئەگەر ئەو داتایانەی پێی ڕاهێندراون لایەنگریان پێوە دیار بێت یان کوالیتی ڕاهێنانیان خراپ بێت، ئەوا دەتوانرێت ببێتە هۆی ڕەفتاری نەخوازراو، وەک “سێکسیزم، ڕەگەزپەرستی، یان تەنانەت تووندوتیژی”، وەک لە هەندێک لە چاتبۆتەکاندا دەبینرێت.
- سیستەمەکانی ژیری دەستکرد لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا دەبێتە هۆی کێبڕکێ و ململانێ لە نێوان زلهێزەکاندا:- بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بۆ مەبەستی سەربازی دەتوانێت گرژییە جیهانییەکان و ئەگەری ململانێکان زیاد بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەلان هەوڵدەدەن باڵادەستی لە تەکنەلۆژیا بەدەست بێنن. هەروەها نیگەرانیی ئەم سیستەمەش سەبارەت بە خودی بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردە بە تایبەت لە نێوان ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان و نەتەوە شەڕانگێزەکان.
“پوختە”
- لە ڕاستیدا، ژیری دەستکرد دەتوانێت توانا سەربازییەکان لە زۆر ڕووەوە بەرز بکاتەوە، بەڵام زۆر گرنگە بە وردی بیر لە زیان و مەترسییە ئەگەرییەکان بکەینەوە بۆ سەر لایەنی مرۆڤایەتی. دامەزراندنی ڕێنمایی و ڕێسا و چوارچێوەی ئەخلاقی ڕوون بۆ بەکارهێنانی ژیری دەسکرد لە چوارچێوە سەربازییەکاندا زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسیانە و دڵنیابوون لە پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی بەرپرسیارەتی و جێگیرکردنی ئەم تەکنەلۆژیایانە.
- زلهێزەکان، بە تایبەتی ئەمریکا و ڕووسیا، تواناکانی ژیری دەستکردی نەیارەکانیان وەک هەڕەشەیەک دەبینن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەی خۆیان کە دەبێتە سوڕێکی بێ متمانەیی و کێبڕکێکاری. ئەم تێڕوانینەش دەتوانێت پەیوەندییە ستراتیژییەکان ناسەقامگیر بکات و هاوسەنگی هێزی جیهانیش تێکدەدات.
- لە کۆتایدا؛ گەورەترین مەترسی سیستەمی ژیری دەستکرد بریتیە لە هەرەشە جدییەکانی بۆ سەر ژێرخان و کۆنترۆڵکردنی هێزی ئەتۆم و هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان. هەر بۆیە وەها پێویستە کە کەمکردنەوەی ئەو ئاڵەنگاریانە ڕێککەوتنێکی جدی نێودەوڵەتی بۆ دامەزرێ، کە تێیدا چەندین نۆرم و بنەما و بەرپرسیارەتی دەربکرێت کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردنی ئەو مەترسیانە و دامەزراندنی سەقامگیری لە نێوان زلهێزە ئەتۆمییەکان و کەمکردنەوەی هەرەشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.