خێزان، دەوڵەتێکی بچووکە لەناو کایەیەکی فراوانتر کە ناوی سیستەمی دەوڵەتە، خێزانی بەهێز و سەرکەوتوو یەکسانە بە ژیاریی بەهێز و سەرکەوتوو، کە وڵات بەرەو ئاقاری خۆشبەختی دەبات.
خێزان، یەکەم وێستگەی چاوکرانەوەی مرۆڤە بە ڕووی دونیا لەوێوە مرۆڤ فێری ئەلف و بێی ژیان دەبێت و هەست و بیرکردنەوەکانی نەشونما دەکات، تاک لە خێزاندا فێری بەهاکان و نەریتەکان و یاساکانی ژیان دەبێت.
خێزان، ڕۆڵی زۆر گرنگ دەبینێ لە گەشەی زمان و بەقسەهاتنی مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە، لە خێزاندا مرۆڤ فێری ناسینی وشەکان و چەمکەکانی ژیان و گوزارشت و مانا و دەستەواژەکان دەبێت، گفتوگۆی خێزانی بەشێکی گرنگی دروستبوونی کەسایەتیی تاکە لەڕووی تێگەیشتنی بۆ ژیان و عیشق و خودا و ئایین و بەها و نۆڕمە کولتوورییەکان. خێزان لەڕێی گفتوگۆوە باشتر دەچێتە ناو ناخی ئەندامەکانی و گرێکوێرەکان دەکاتەوە.
مرۆڤ بوونەوەرێکی قسەکەرە، لەڕێی زمان و گفتوگۆوە پەیامەکانی، یان خواست و داواکارییەکانی بە ئەوانی دیكەی دەوروبەری دەگەیەنێت، بەمەش خێزان ڕۆڵی گەورەتر دەبێت لە گەیاندنی ئەو پەیامانەی ئەندامەکانی، لە ڕێگەی ئەنجامدانی گفتوگۆی بەرهەمداری خێزانییەوە.
لە دونیای جەنجاڵی ئێستادا، خێزان لە ئاستێکی لاوازی ئەو گفتوگۆیەدایە، ئەوەش هۆکاری زۆری لەپشتە وەکوو (کەمیی کات و سەرقاڵیی ئەندامانی خێزان بە کار، کەمیی یەکتر بینین لە ماڵدا، نەمانی متمانە، کەمیی گوێگرتن لە یەکتر، دەستوەردان لە ئازادیی یەکتر…هتد)، ئەمانە و چەندان هۆکاری دیكە کاریگەرن لە نەمانی، یان کەمبوونەوەی ڕۆڵی خێزان لە پێکەوەبوون و گفتوگۆی پڕ سۆز لەنێوان یەکتردا.
هەر بۆیەشە تاکێك كە بە دڵپڕی و کەڵەکەبوونی کێشەکان لە دەروون و هزریدا دێتە ناو ژیان و کۆمەڵگە، دواتر تووشی هەڵە و هەڵچوون و کاردانەوەی خێرا دەبێت و ڕووداوی ماڵوێرانکەر دەخوڵقێنێ.
بۆیە ئەگەر خێزان ڕۆڵی پیرۆزی خۆی جێبەجێ نەكرد، کە گوێگرتنە لە ئەندامەکانی، بەتایبەتی دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان، ئەوا تاک بەرەو بارگرژیی دەروونی دەچێت و ئینتیما و هەستی بۆ خێزانەکەی نامێنێت و هەوڵ دەدات دڵ و دەروونی بۆ خەڵکانی دیكە لەدەرەوەی ماڵ بەتاڵ بکاتەوە، کە بە هۆکاری جیاواز دێنە ناو ژیانی، وەکوو هاوڕێ، پەیوەندیی کار، یان پەیوەندیی خۆشەویستی.
بۆیە پێویستە خێزان کەشی لەبار بۆ گوێگرتن لە یەکتر بڕەخسێنێت، تا ئەندامەکانی هەست بە شوناس و گرنگیی خۆیان بکەن و وەکوو مرۆڤ بەیەکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ ببنەوە و گوزارشت لە خۆیان بکەن.
بەمەش خێزان ڕۆڵی گرنگی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، لە پەروەردەکردنی تاکدا، بە مەرجێك ئەگەر تونرا بە ژیری و هۆشیارییەوە کار لەسەر نەمانی هۆکارەکانی لاوازیی گفتوگۆی خێزانی بکرێت لە ئێستا و داهاتوودا، کە ئاماژەمان بۆی کرد.