بە درێژایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی وەک سەرۆکی باشووری ئەفریکا، لە ساڵی ١٩٩٩وە بۆ ٢٠٠٨، سابۆ مبێکی (Thabo Mbeki) ئەو کۆدەنگییە زانستییەی ڕەت کردەوە کە نەخۆشیی نەمانی بەرگریی مرۆڤ (HIV) بە هۆی ڤایرۆسی (HIV)ـیەوەیە، لەو باوەڕەشدا نەبوو دەرمانە ئەنتی ڕیترۆڤایراڵەكان (Antiretroviral) بتوانن ژیانی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ڕزگار بکەن. لەبری ئەوە، بۆچوونی گرووپێکی بچووکی زانایانی دژبەری هەڵگرتبووهوە کە هۆی دیکەیان بۆ تووشبوون بە ئایدز خستبووه ڕوو. مبێکی سەرسەختانە پێداگیریی لە هەڵوێستەکەی دەکرد، تەنانەت دوای ئەوەی بەڵگەکان دژی وی زۆر زیادیان کرد. هەر کەسێک، بە نیلسۆن ماندێلای پاڵەوانی خەباتی دژ بە جیاکاریی ڕەگەزی و یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی باشووری ئەفریکاوە، ئەگەر بە ئاشکرا گومانی لەسەر بۆچوونەکانی مبێکی دابنایە، لایەنگرانی بە تووندی ئیدانەیان دەکرد.
لە کاتێکدا بۆتسوانا(Botswana) و نامیبیا(Namibia)، دوو وڵاتی دراوسێی ئەفریکای باشوور، ئەنتی ڕیترۆڤایراڵیان بۆ زۆربەی ئەو هاوڵاتییانەیان کە تووشی HIV بووبوون دابین کردبوو، ئەفریکای باشوور لە سایەی دەسەڵاتی مبێکیدا نەیتوانی ئەو کارە بکات. تیمێک لە توێژەرانی زانکۆی هارڤارد لە دەرەنجامەکانی ئەم سیاسەتەیان کۆڵیوەتەوە و مەزەندەی ئەوەیان کردووە ئەگەر حکومەتی ئەفریکای باشوور دەرمانی گونجاوی بۆ نەخۆشانی ئایدز و ئەو ژنە دووگیانانە دابین کردبا کە مەترسیی ئەوەیان لێ دەکرا نەخۆشییەکە بۆ کۆرپەکانیان بگوازنەوە، ئەوا ڕێگریی لە مەرگی پێشوەختەی ٣٦٠٠٠ نەخۆش دەکرد.
ئەم ژمارەیە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەو باجە قورسەیە کە دەشێت لە ئەنجامی ڕەتکردنەوە و پشتگوێخستنی زانستەوە بیدەین. ژمارەکە تا ڕادەیەک یەکسانە بە ژمارەی ئەو کەسانەی لە جینۆسایدی دارفۆردا کوژران، نزیکیش دەبێتەوە لە نیوەی تێکڕای ژمارەی ئەوانەی ساڵی ١٩٩٤ لە کوشتاری توتسییەکان لە ڕواندا تێدا چوون. لە گرنگترین ئەو ڕووداوانەی بیروباوەڕی جیهانی دژ بە ڕژێمی ئاپارتاید (Apartheid)ی ئەفەریکای باشوور ئاڕاستە کرد، كوشتاری “شارپفیل”ی ساڵی ١٩٦١ بوو کە تێیدا پۆلیس تەقەی لە ئاپۆرای خۆنیشاندەرە ڕەشپێستەکان کرد و ٦٩ کەسی لێ کوشتن و لەو ژمارەیە زیاتریشی لێ بریندار کردن. مبێکی وەک ماندێلا دژی ئاپارتاید دەجەنگا، بەڵام لێکۆڵینەوەکەی هارڤارد دەری دەخات مبێکی بەرپرسە لە مردنی ژمارەیەک ڕەشپێست کە ٥٠٠٠ جار لە ژمارەی ئەو ڕەشپێستانەی بە فیشەکی پۆلیسە سپیپێستەکان لە خۆنیشاندانەکەی شارپفیلدا کوژران، زیاترە.
“ئێمه چۆن پیاوێكی ئاوا ههڵبسهنگێنین؟”
وەک بەرگرییەک لە مبێکی، دەشێت بڵێین ئەو نیازی کوشتنی کەسێکی نەبووە، پێ دەچێت ئەو بە ڕاستی لەو باوەڕەدا بووبێت کە ئەنتی ڕیترۆڤایراڵەکان ژەهراوین، ڕەنگە ئێستاش هەمان باوەڕی هەبێت. پێویستە ددان بەوەشدا بنێین مبێكی هیچ کینەیەکی بەرانبەر ئەوانەی تووشی ئایدز بوون، لە دڵدا نەبووە. ئارەزووی ئازاردانیشیانی نەبووە، بۆیە دەبێت جیاواز بڕیار لەسەر کەسایەتیی ئهو بدرێت، جیاواز لەوانەی زیان بە کەسانی دیکە دەگەیەنن، جا لە ڕقەوە بێت یان لە سۆنگەی پەرەپێدانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانەوە بێت. بەڵام نیازی چاک بەس نییە، بە تایبەت ئەگەر مەترسییەکە گەورە بێت. مبێكی سووچبارە، نەک لەبەر ئەوەی لە سەرەتادا بۆچوونی گرووپێکی کەمی زانایانی پەسەند کردووە، بەڵکو بە هۆی مکووڕبوونی لەسەر بۆچوونەکەی بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات لە دیبەیتێکی کراوە و دادپەروەرانەی نێوان شارەزایاندا تاقی بکرێتەوە. کاتێکیش پرۆفیسۆر مالیگاپۆرۆ ماكگوبای گەورە بەرگریزانی (Immunologist)ی ڕەشپێستی ئەفریکای باشوور هۆشداریی ئەوەی دا کە سیاسەتەکانی مبێكی ئەفریکای باشوور لە جیهانی زانستدا دەکات بە گەپجاڕ، نووسینگهی مبێكی تۆمەتی بەرگریکردن لە بیرۆکە رۆژئاواییە ڕەگەزپەرستییەکانی دایە پاڵ.
دوای لادانی مبێكی، كگالیما مۆتلانتێی جێنشینی خێرا ڕێکارگەلێکی کاریگەری بۆ قەڵاچۆکردنی ئایدز گرته بهر. وەزیری تەندروستیی حکومەتەکەی مبێكی کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد نەخۆشیی ئایدز بە سیر و شەربەتی لیمۆ و چەوەندەر چارە دەکرێت، دەستبەجێ دەرکرا. بە داخەوە کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریکا، پارتی سیاسیی باڵادەست لە ئەفریکای باشوور، ئەوەندە ملکەچی مبێكی بوو، نەیتوانی چەند ساڵێک زووتر لەسەر کار لای بدات. دەبێت مبێکی زانیبێتی ئەگەر بۆچوونە ناباوەکانی لەبارەی هۆی نەخۆشیی ئایدز و کارایی ئەنتی ڕیترۆڤایراڵەکان هەڵە بن، ئەوا ژمارەیەکی زۆر مەرگی ناپێویست لە سیاسەتەکەی دەکەوێتەوە. ئەم زانینە دەیخاتە ژێر قورسترین پابەندبوونەوە بەوەی ڕێگە بدات هەموو بەڵگەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخرێنە ڕوو و بەبێ ترس و خاترگیری تاقی بکرێنەوە. مادام ئەم کارەی نەکردووە، ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتیی مردنی سەدان هەزار کەس بدزێتەوە.
وانەکانی ئەم چیرۆکە بۆ هەر شوێنێکی دیکەش کە تێیدا زانست لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا فەرامۆش کراوە، بەکار دێن. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجوومەنی پیرانی بەرازیل سەبارەت بە وەڵامدانەوەی حکومەت بۆ پەتای کۆڤید ١٩، پێشنیازی تۆمەتبارکردنی سەرۆک جەیر بۆلسۆنارۆ (Jair Bolsonaro) و کەسانی دیکەی ئیدارەکەی کرد، چونکە دژی هەموو بەڵگەکان، بازاڕیان بۆ بەکارهێنانی هایدرۆکسیکلۆرۆکوین (hydroxychloroquine) و ئیڤەرمێکتین (Ivermectin) وەک چارەسەری کۆڤید ١٩ گەرم کردبوو. هەروەتر، لێکۆڵینەوەکە بە پاساوی دواکەوتن لە کڕینی ڤاکسین، پێشنیازی تۆمەتبارکردنی بۆلسۆنارۆ و ئەوانی دیکەشی بە تاوانی (کوشتن بە نەکردنی کارێک) بەرباس دابوو، بەڵام پێشنیازەکە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا نەبوو. چاوەڕوانیش نەدەکرا پێشنیازەکان ببن بە تۆمەتی ڕاستەقینە، چونکە داواکاری گشتی هاوپەیمانی سیاسیی سەرۆک بوو.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا -تاکە وڵاتێک لە جیهاندا کە ژمارەی مردوانی بە هۆی کۆڤید ١٩وە لە بەرازیل زیاترە- سیاسەتی نیشتمانی لە سەردەمی سەرۆک ترامپ و سەرۆک بایدندا پشتگیریی پەرەپێدان و گەیاندنی ڤاکسینەکانی کرد. بەڵام زۆر کەس بە بانگەشەی ئەوەی ڤاکسین بەشێکە لە پیلانێکی ناپاکانە بۆ کۆنترۆڵی دانیشتوان یان بۆ نەزۆکردنیان، بە لاڕێدا بران. لەبری لەبەرچاوگرتنی بەڵگە زانستییەکان، زۆر کەس کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری فۆڵۆوەرن لە سۆشیالمیدیادا، ئەم زانیارییە هەڵەیان بڵاو کردەوە.
ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، بوون بە هۆی مردنی خەڵکی بێتاوان. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی خێزانی کایسهر (Kaiser Family foundation)، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا، تەنها لە ماوەی شەش مانگدا، لە ١ی جونی ٢٠٢١ـهوە تا ٣٠ی نۆڤەمبەری هەمان ساڵ، بەراورد بەو دۆخەی ئەگەر تێکڕای دانیشتوان کوترابان، ١٦٣٠٠٠ کەس زیاتر گیانیان لە دەست داوە.
من ناڵێم هەر بۆچوونێک لە لایەن زۆرینەی زانایانەوە پاڵپشتی کرا، دروستە. مێژووی زانست به ئاشكرا پێچهوانهی ئهوه دهردهخات. زاناکان مرۆڤن و هەڵە دەکەن، هەر وەک کەسانی دیکە، دەشێت بکەونە ژێر کاریگەریی مێنتاڵیتیی حەشامات و ترسی پهراوێزخستنەوە. دەکرێ لەتەک زانایاندا کۆک نەبین، بەڵام نابێت بە هیچ جۆرێک زانست وەک میتۆدێکی کۆڵینەوە ڕەت بکەینەوە. سەرکردەی حکومی بین یان سەرۆکی کۆمپانیا، یانژی کەسێکی کاریگەری نێو سۆشیاڵ میدیا، بەبێ هەڵسەنگاندنی بەڵگەگەلێکی زانستی، لە زۆر بواردا نازانین پێویستە چی بکەین؛ بە تایبەت ئەو کاتەی ژیان لە مەحەکدایە، هەر کردەیەک ئەگەر بەوپەڕی وریایی و بابەتیبوونەوە نەکرێت، کارێکی یەکجار زۆر نابەرپرسیارانەیە.
سەرچاوە:
Ethics in the Real World: 90 Essays on Things That Matter – A Fully Updated and Expanded Edition.
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش