لە میسۆلۆگیای یۆنانیدا ”ئێرۆس”ـی خواوەندی خۆشەویستی و عەشق تیری لە دڵان دەدا، دڵی ئەنگاوتەش شەیدای ئەو کەسە دەبوو، کە یەکسەر دوای بەرکەوتنی تیرەکە دەیبینی. لەدیدی فەیلەسووفە ڕەشبینەکەمانەوە، ویستی ژیان ”ئێرۆس”ئاسا عاشقمان دەکات، ئەم ویستە کە تەنیا چاوی لە بەردەوامی ژیان بڕیوە، شەیدای لەبی میم و قەدی ئەلف و زوڵفی چیمی ژنانمان دەکات، دەمانخاتە تابووتی هاوسەرگیرییەوە، زارۆکمان پێدەخاتەوە، بەمشێوەیە ئەوەی ویستی ژیان لێمانی دەویست، بەوەهمی ئازادییەوە دەیکەین، دوای بە ئەنجامگەیاندنی ئەم ئەرکەش، کە پاراستنی رەگەزی مرۆڤە لە ڕێگەی زاوزێوە، ڕەنگە بگەینە ئەو باوەڕە شۆپنهاوەرییەی کە عاشق کەسێکە ڕۆحی جۆر حوکمی دەکات.
عەشق لە نمایشێکی سەر شەقام دەچێت، ئەو نمایشانەی کە ئەکتەرەکان پێشوەخت دەقەکەیان نەخوێندۆتەوە، هەڵبەت مەبەستمان ئەوە نییە کە ئەکتەرەکان سەرپێیانە نمایش دەکەن، بەڵکوو هەر یەکەو هێدفۆنێکی لە گوێدایە، ئەوە دەکەن و دەڵێن کە دەرهێنەر لە دوورەوە بە بێتەلەکەی پێیان دەڵێت، لەم نموونەیەدا، ئەکتەرەکان عاشقەکانن، دەرهێنەرەکەش کەڵکەڵەی پاراستنی جۆری مرۆڤە. کەواتە نووسینی نامە سۆزدارییەکان، چڕینی گۆرانییە عاشقانەکان، هۆنینەوەی قەسیدە ڕۆمانسییەکان، تاسە و بێداری و چاوەڕوانی و ژوانەکان، گشتیان درۆی گەورەن، لەهەموو ئەمانەدا، بووکەڵەیەکین و ویستی ژیان و ئارەزووی پاراستنی جۆری مرۆڤ و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئینســــــــــــــــــــــــان بە دەزووەکانیان دەمانجوڵێنێنن. پاش وەچەخستنەوە، واتە ئەوکاتەی ئەم ویستە ئەهریمەنییە بە مەرامی خۆی دەگات، جۆش و خرۆش و کەف و کوڵی جارانمان بۆ دڵبەر نامێنێت. لە عاشقێکی سەوداسەرەوە دەبینە باوکێکی بەمشوور، هەموو جووڵەیەکمان لە پێناوی پاراستنی ئەوانەدان کە لێمان بوون، مەلۆتکەکانمان بە شیرەخۆرەیی و نانەبەریدا تێدەپەڕێنین و بە جاحێڵییان دەگەیەنین، ئەوجاکە تەماشایەکی ئاوێنە دەکەین، دەبینین خۆشمان نێوساڵکەتین، بەمجۆرە ئەو ڕۆڵەمان گێڕا کە ویستی ژیان پێیدابووین، ئیتر کاتی ئەوە دێت بۆ ئەبەد شانۆی وجوود جێبهێڵین.
تێکڕای ئەوەی وتمان دەمانگەیەنیت بەوەی، کە یەکەمین نیگای نێوان دڵدار و دڵبەر، چەخماخەی لەدایکبوونی ئینسانیکی نوێیە، تەقینی ئەو تەڵەیەیە کە ویستی ژیان بۆی ناوینەتەوە، کڵپەی ئەو ئاگرەیە کە جۆری مرۆڤ لە سینەماندا دایدەگیرسێنیت و زارۆک دایدەمرکێنیتەوە و خـــــامۆشی دەکــــات.
هەڵبەت وێناکردنی دیکە بۆ خۆشەویستی هەن، دەربڕینەکانی ”تۆ من تەواو دەکەیت، تۆ نیوە ونبووەکەی منیت” وێردی سەر زمانی عاشقەکانن، ڕیشەکانی ئەم تاسەیە بۆ بەکەماڵ گەیشتن لە یۆنانی کۆندایە، ئەفڵاتۆن لە دیالۆگی ”خوان”دا لەزاری ئەرستۆڤانسەوە هێما بۆ ئەفســــــــــــانەی هیـــرمافرۆدیتە ”Hermaphrodite”دەکــــــات، بــــــــــــە گوێرەی ئەرستۆڤانس لەسەرەتادا سێ ڕەگەز هەبوون، نێر، مێ، هیرمافرۆدیت کە نێر و مێیە، لەو سەردەمەدا مرۆڤەکان چوار دەست و چوار قاچ و دوو ڕووخساریان هەبووە، سەریان بە هەموو لایەکدا دەخولایەوە، ڕەگەزی سێیەم هێندە ئازاو عەجوول بوون، مەترسییان بۆ سەر عەرشی خواوەندەکان دروستکردبوو. بۆ لاوازکردنی ڕەگەزی مرۆڤ، زیۆس بیرۆکەیەکی هەبوو، کەرتکردن، هەموویانی کرد بە دوو پارچەوە. بەمپێیە ئێمە نیوەی بوونەوەرێکی تەواوین، ئامانجمان گەڕانە بەدوای نیوە ونبووەکەی خۆمان. جگە لەم هەوڵە، چەندانی دیکە هەن کە عەشق و خۆشەویستییان بە کۆمەڵێک ڕەهەندی ئاسمانی و ڕۆحی و ترانسدێنتاڵی بارگاویکردووە، بەداخەوە لێرەدا بواری ئەوەمان نییە ئەم هەوڵە فەلسەفی و ئایینی و ئەدەبییانە شەنوکەو بکەین، تەنیا ئەوە دەڵیین، بۆچوونەکەی شۆپنهاوەر، کە دواتر لەلایەن فرۆیدەوە هەڵدەگیرێتەوە، ئەوەی کە عەشق و سێکس دوو ڕووی دراوێکن، شوێنی بەهەموویان لێژ کردووە. تەنانەت چەمکاندنی خۆشەویستی لە پەیوەندیدا بە سێکسەوە، لە گەلێک شوێندا بە باشی هاتۆتە نێو زوانەوە، بۆ نموونە دەربڕینی ”Let us make love” کە دەکاتە ”با عەشق بکەین”ـی کوردی، واتای ”با سێکس بکەین” دەبەخشێت.
بەچاوپۆشین لەوەی کە زانست لەم بارەیەوە چی دەڵێت، ڕەنگە ویستی ژیان و پاراستنی جۆر وەڵامێک بێت بۆ ئەو پرسیارەی کە ژبەرچی جڤات ئەو تاکانە فڕێدەداتە دەرەوەی خۆی کە عاشقی هاوڕەگەزی خۆیان دەبن؟ ئاخر ویستی ژیان وادەخوازێت کە هەموو عەشقێک چاو لە سێکس و هەموو سیکسێکیش چاو لە خستنەوەی منداڵی ساغڵەم ببڕێت، لەسەر هەمان نەغمە، بە شێوەیەکی تۆتۆلۆگییانە وەڵامی ئەو پرسیارەشمان داوەتەوە کە بۆچی هاوڕەگەزبازەکان لە چاوی جڤاتدا کەسانێکن سووک تەماشا دەکرێن، بەکورتی ویستی ژیان وادەخوازێت عاشقی ژنان بین، عاشقی بوونەوەرێک بین کە نەک هەر توانستی کاری بازووی دژوار و ئاستەمی نییە، بەڵکوو لە ڕووی زەینیشەوە تاوەکو کۆتایی ژیانی هەر بە ساوایی دەمێنێتەوە.
بە تێگەیشتنی شۆپنهاوەر، تاکە شتێک ژنان تییدا کارامەبن هونەری فرت و فێڵە. لە وتاری -لەبارەی ژنانەوە On women دا هاتــــــــــــووە: ”هەروەکچۆن سروشت شێرەکانی بە چنگ و ددانی تیژ و فیل و یەکانەکانی بە شفرە و کەڵەگاکانی بەشاخ و کاتەڵ فیشی بە پەڵەی شـــــــــــلی مەرەکەبی ئامادەکردووە، ئاوهاش ژنانی بە هونەری تەفرەدان بۆ بەرگریکردن و پاراستنی خۆی ئامادەکردووە”.
چونکە ویستی ژیان ژنانی بە هونەری فریودان بۆ پارێزگاریکردن لەخۆی پڕچەککردووە، پیاوانی ئاسایی تەفرەدەخۆن و دەکەونە داوی خۆشەویستیانەوە، هەرچی مرۆی بلیمەتە، خۆیان لەم داوە قوتاردەکەن و بە زگورتیتی دەمێننەوە، بەڵگەنەویستە مەخلووقێک کە ئاسۆ هەرە دوورەکانی ئایندە بە ڕوونی ببینێت، ناکرێت و نابێت لەتەک مەخلووقێکدا بژی کە لە باشترین دۆخدا، تەنیا بەرپێی خۆی دەبینێت.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە هەروەک لە سووککردنی ژیان و ستایشکردنی مەرگدا بینیمان، گووفتاری شۆپنهاوەر لەبارەی ژنانیشەوە تەواو پێچەوانەی ڕەوتاری بووە، ئەو ڕقەی لە تافی لاوییەوە لەهەمبەر ژنان هەیبوو، ڕێگر نەبوو لەوەی کە عاشقی کچە ئەکتەر ”کارۆلین باجمن”، دۆستی ”کاڕل ئۆگۆست”ی میری ڤایمار و لە ”ڤنیسیا”ش ئاشوفتەی ”تێرێزا” ناوێک بێت.