هانتینگتۆن خوێندنەوەیەکی هەمەگیر لەبارەی فاکتەرە جەوهەرییەکانی پەیوەست بە گەشەی دیموکراسی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەخاتەڕوو؛ لە ساڵانی ١٩٦٠دا، “لیپسێت” بە خۆشبینییەوە، پابەندی ئەم گریمانەیەی بوو کە پێشکەوتنی ئابووری دەبێتە هۆی هێنانەدی دیموکراسی. لە ساڵانی ١٩٧٠دا، شکستی زۆرێک لە رژێمە دیموکراسییەکان، بووە هۆی رەشبینی توێژەرانی قوتابخانەی مۆدیرنیزاسیۆن لەبارەی ئاسۆی دیموکراسی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا. بەهەرحاڵ، لە ساڵانی ١٩٨٠دا، وەها دەردەکەوت کە سەر لە نوێ ئەم ئاسۆیە رووناک بووەتەوە و ئاراستەیەک لە توێژینەوەکاندا سەبارەت بە ئەگەری گوزار بەرەو دیموکراسی هاتە کایەوە. هانتینگتۆن لە ساڵی ١٩٨٤دا، ئەم پرسیارەی خستەڕوو: ئایا وڵاتانی زۆرتر دەبن بە دیموکراسی؟ بۆ توێژینەوە لەبارەی ئەم پرسیارە، هانتینگتۆن دوو کۆمەڵە فاکتۆر لێکتر جیا دەکاتەوە:-
- ئەو پێشمەرجانەی کە بە سوودی گەشەی دیموکراسین.
- ئەو پرۆسە سیاسییانەی کە لە میانەیدا گەشەسەندنی دیموکراتیک دێتەکایەوە.
“پێشمەرجەکانی بەدیموکراسیکردن”
بە بەراورد لەگەڵ شیکردنەوەی تاک-بگۆڕ (one-variable)ی لیپسێت، هانتینگتۆن دوای دوو دەیە لە توێژینەوە، شیکارییەکی ئاڵۆزتری لەبارەی پێشمەرجەکانی دیموکراسی خستەڕوو. هانتینگتۆن سەرەڕای گرنگی رۆڵی سامان و یەکسانی لە گەشەی دیموکراسیدا، جەختی لەسەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی، ژینگەی دەرەکی و بەستێنی کولتووری کرد.
یەکەم:- فاکتەری سامانی ئابووری، توێژینەوە پێشەنگەکانی لیپسێت (١٩٦٣) پشت بەو گریمانەیە دەبەستن کە گوایە هەر چەند وڵاتێک ئاستی گوزەرانی بەرزتر بێت، شانسی بوونی بە وڵاتێکی دیموکراتیک زۆرترە. روونکردنەوەی پەیوەندی نێوان سامان و دیموکراسی بریتییە لەوەی کە ئابوورییهکی دەوڵەمەند دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری، پەروەردە و بەکارهێنانی ئامرازەکانی راگەیاندن؛ گشت ئەمانەش دبنە هۆی هێنانەدی دیموکراسی. هەروەها ئابوورییهکی دەوڵەمەند لە رێگەی پێشنیارکردنی دەرفەتە بەدیلەکان بۆ سەرکردە سیاسییەکان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تەنگەژە سیاسییەکان. زیاد لەمەش، ناکرێت لە رێگەی ئامرازە دەسەڵاتخوازەکانەوە بە کارامەیی ئابوورییهکی پێشکەوتوو، ئاڵۆز و بەپیشەسازیی بوو بەڕێوە ببردرێت. لەم جۆرە ئابوورییەدا پێویستە بڕیاردان بە شێوازی نا-ناوەندی بێت، دەسەڵات هاوبەش بێت و هەروەها دەبێ رێساکان بە رەزامەندی ئەو کەسانە دەربکرێن کە دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم رێسایانە، زیاد لەمەش، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێکی هەژار، وڵاتێکی خاوەن ئابووری دەوڵەمەند، مەیلی بۆ بە یەکسانی دابەشکردنی داهات هەیە. هەر بۆیەش ژمارەی هەژارەکان لەم وڵاتانە کەمترە. بەڵام هانتینگتۆن ئەو پرسیارەی گەڵاڵەکرد کە چ ئاستێک لە پێشکەوتنی ئابووری بۆ گوزار بەرەو دیموکراسی پێویستە، چەندین وڵاتی جۆراوجۆر بە جیاوازی ئاستی گەشەی ئابووریی بوونەتە وڵاتی دیموکراتیک، لەلایەکیترەوە، ژمارەیەکی زۆر وڵاتان بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکای لاتین لە گەشە ئابووری دەرباز بوونە، کەچی پشتیان لە دیموکراسی کردووە. بە پێچەوانەی تیوریەکەی لیپسێت، واتە تیۆری سامان-دیموکراسی، ئۆدۆنێل (O’Donnell, 1978) تیۆری دەسهڵاتخوازی بوروکراتیک (bureaucratic authoritarianism)ی خستەڕوو، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کاتێک وڵاتێک رووبەڕووی دۆخی هاوردەکردنی کاڵا جێگرەوەکان دەبێت، لەم وڵاتەدا شێوازێکی نوێ و بەهێزتر لە دەسەڵاتخوازی سەرهەڵدەدات.
هانتینگتۆن بۆ پێکەوە گرێدانی ئەم بەڵگە دژ بەیەکانەی ئەدەبیاتی مۆدێرنیزاسیۆن، چەمکێکی نوێی بە ناوی زۆنی گوزار (zone of transition) یاخود بژاردەی گەڵاڵەکرد. بە گوێرەی ئەم چەمکە، بە پێشکەوتنی وڵاتێک لە رووی ئابوورییەوە، وڵاتەکە دەچیتە ناو زۆنی گوزاردا. لەم قۆناغەدا زۆر سەختە پارێزگاری لە دامەزراوە سیاسییە تەقلیدییەکان بکرێت، گەشەی ئابووری بە تەنیا ناتوانێت بڕیار لەوە بدات کە چ جۆرە سیستەمێکی سیاسی جێگەی ئەم دامەزراوانە دەگرنەوە، لەبری گرتنەبەری شێوازی راستەهێڵی بەرەو دیموکراسی رۆژئاوایی، وڵاتان لە زۆنی گوزاردا، لەوانەیە لە نێوان چەندین بەدیلدا بەدیلێک هەڵبژێرن. بەمجۆرەش گەشە ئەم وڵاتانە لە داهاتوودا پشت بەو بڕیارە مێژوویییەوە دەبەستێت کە نوخبەی سیاسی لەم قۆناغە وەرچەرخانەدا دەیگرنەبەر. بە کورتی، ئەگەرچی سامانی ئابووری پێشمەرجێکی زەرورییە بۆ دیموکراسی، بەڵام تەنیا فاکتەر نییە. هەر بۆیەش لە خوێندنەوەکانی گوزار بەرەو دیموکراسی پێویستە رەچاوی فاکتەرەکانیتریش بکرێت.
دووەمین فاکتەر کە هانتینگتۆن تیشکی دەخاتەسەر بریتییە لە ستراکتۆری کۆمەڵایەتی، ئەگەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی تا رادەیەکی بەرز لێکجیا کرابێتەوە و چەندین گرووپی سەربەخۆی کۆمەڵایەتی بوونیان هەبێت (بۆ نموونە گرووپگەلی بازرگانی، پیشەیی، ئایینی و نەژادی) کەواتە ئەم گرووپانە دەتوانن ببن بە بناغەیەک بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەستێنی سەرهەڵدانی دامەزراوە سیاسییە دیموکراتیکەکان بێنەکایەوە. ئەگەر گرووپی ناوبژیوانی سەربەخۆ بوونیان نەبێت “کە دەوڵەت و کۆمەڵگا پێکەوە گرێ بدات” ئەو کات کۆمەڵگا دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێک دامەزراوەی بەهێزی ناوەندگەرا کە دەتوانێت شێوازەکانی پاشایەتی رەها، ستەمکاری رۆژهەڵاتیانە یاخود دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتخواز و تۆتالیتار بێت. لە نێوان گشت ئەم گرووپە ناوبژیوانانەدا، هانتینگتۆن جەخت لەسەر بوونی بۆرژوازی سەربەخۆ دەکات و بە گرنگترین فاکتەر هەژماری دەکات. هانتینگتۆن بە پشتگیریی کردن لە بۆچوونەکەی مۆر (Moore, 1966) ئاماژە بەوە دەدات کە ”بە بێ بوونی بۆرژوازی، دیموکراسی بوونی نابێت”. کێشەی وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە خاوەن چینی بۆرژوازی بەهێز و سەربەخۆ نین. ئەگەرچی رادەیەک لە بوژانەوەی ئابووری لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا دەبینرێت، بەلام ئەم بووژانەوەیە زۆرتر لەلایەن دەوڵەت و کۆمپانیا فرە-نەتەوەکانەوە بووە. کاتێک لەم وڵاتانەدا گەشەی ئابووری وەپێش گەشەی سەرهەڵدانی بۆرژوازی دەکەوێت، کەواتە دیموکراسی تووشی شکست دەبێت.
فاکتەرێکی تر لە ناو ستراکتۆری کۆمەڵایەتیدا کە هانی دیموکراسی دەدات، بریتییە لە بوونی ئابووری بازار-تەوەڕ. گشت دیموکراسییە سیاسییەکان، پشت بە ئابووری بازار-تەوەڕ دەبەستن. سەرەڕای ئەمەش، گشت ئابوورییەکانی بازار-تەوەڕ نابنە هۆی هێنانەدی سیستەمی سیاسی دیموکراتیک. هانتینگتۆن هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕینێتەوە کە ئابووری بازار پێویستی بە دابەشکردنی هێزی ئابوورییە، کەواتە ئەم ئابوورییە هێزێک بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت دروست دەکات (کە بریتییە لە چینی بۆرژواز). ئابووری بازار-تەوەر ئەو هێزە بە چینی بۆرژواز دەدات کە بتوانێت دەسەڵاتی دەوڵەت سنووردار بکات و سوود لە ئامرازە دیموکراتیکەکان بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی خۆی وەرگرێت. زیاد لەمەش ئابووری بازار لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بووژانەوەی ئابووری و دابەشکردنی یەکسانی داهاتەکان، کە ئەمەش بناغەی سەرهەڵدانی دیموکراسییە.
سێیەمین فاکتەر کە هانتینگتۆن تیشکی دەخاتە سەر؛ بریتییە لە ژینگەی دەرەکی. هانتینگتۆن بە کورتی دەڵیت، بەدیموکراسی کردن زۆرتر بە هۆی بڵاوبوونەوەی دیموکراسییە نەک لە دەرەنجامی گەشەسەندن و بەشێکی زۆریشی بۆ دەستڕۆیی ئەمریکا و بەریتانیا دەگەرێتەوە، ئەویش لە میانەی پرۆسەکانی نیشتەجێبوونی بریتانی و ئەمریکییەکان (لە ناوچەکانی جیهانی سێیەم)، فەرمانڕەوای ئیستعمار، شکست لە جەنگەکان یاخود فەرمانڕەوایی راستەخۆی ئەم دوو دەولەتە بەسەر ئەم وڵاتانەدا. لە جەنگی دووەمی جیهانیدا سوپای ئەمریکا بۆ هەر شوێنێک چووبێت دیموکراسیش بەدوایدا چووە، هەروەها هەر شوێنێک کە سوپای سۆڤییەت بۆ دەچووی کۆمۆنیزمیش بەدوایدا دەچوو، بەم جۆرەش، سەرهەڵدان و داتەپینی دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهاندا بەندبوو بە کارکردی سەرهەڵدان و داتەپینی وڵاتە دیموکراسییە بەهێزەکان. لە سەدەی نۆزدەیەمدا، بڵاوبوونەوەی دیموکراسی شان بە شانی بڵاوبوونەوەی پاکس-بریتانیک بوو و دوای جەنگی دووەمی جیهانیش پەرەسەندنی دیموکراسی رەنگدەرەوەی زلهێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جیهاندا بوو. بەپێچەوانەوە، لە ساڵانی ١٩٧٠دا، داتەپینی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکای لاتین رەنگدانەوەی کەمبوونی دەستڕۆیی ئەمریکا لە جیهاندا بوو. ئەم دەستڕۆییە دیموکراتیکە هەر وەک هانتینگتۆن ئاماژەی پێدەدات، ”راستەخۆ، هەم لە دەرەنجامی هەوڵەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ کاریگەری نواندنە سەر پرۆسە سیاسییەکان بوو لە کۆمەڵگاکانیتردا، هەمیش ناراستەخۆ لە دەرەنجامی فەراهەمکردنی مۆدێلێکی بەهیز و سەرکەتوو (لە دیموکراسی بوو تا ئەم وڵاتانە) پەیڕەوی لێبکەن”.
زیاد لەمەش هانتینگتۆن تێبینی کردووە کە لە هەندێ ناوچە، لەوانەیە مەیلێکی هەرێمایەتی بوونی هەبێت، بە گشتی لە کۆتاییەکانی ١٩٥٠کان و سەرەتای ١٩٦٠کان، حکومەتەکانی ئەمریکای لاتین مەیلیان بۆ دیموکراسی هەبوو و دواتر لە کۆتایی ١٩٦٠ەکان و سەرەتای ١٩٧٠کان، مەیلیان بۆ دەسەڵاتخوازی هەبوو. دواتر سەر لە نوێ لە کۆتایی ١٩٧٠کان و سەرەتای ١٩٨٠کان، مەیلیان بۆ دیموکراسی هەبوو. لەوانەیە ئەم وەرچەخانە هەرێمایەتییە لە دەرەنجامی گەشەی ئابووری، کاریگەریی وڵاتانی دراوسێ و هاندانی ئەم وڵاتانە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گرتنەبەری دیموکراسی بووبێت.
چوارەمین فاکتەر کە هانتینگتۆن باسی دەکات؛ بریتییە لە بەستێنی کولتووری. هانتینگتۆن بە لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەری ئایین لەسەر کولتووری سیاسی بەو دەرەنجامە دەگات کە پرۆتستانتیزم نزیکی زۆی لەگەڵ دیموکراسی هەیە. کاسۆلیزم کاریگەرییەکی ناوەند و درەنگ وەختی بەسەر گەشەی دیموکراسیدا هەبووە. کولتوورەکانی هیندۆس و شینتۆ لەهەمبەر بەدیموکراسیکردندا لەمپەر دروست ناکەن. ئیسلام، کۆنفۆشیۆس و بودیزم دەبنە هۆی هێنانەدی حکومەتێکی دەسەڵاتخوازانە. ئەم جیاوازیانە چۆن روون دەکرێنەوە؟ بۆ ئەم مەبەستە هانتینگتۆن دوو جۆرە کولتووری ئایینی لێکجیا دەکاتەوە. یەکەم، کولتووری ئایینی بەکاربەرانە (consummatory). لەم جۆرە کولتوورەدا ئامانجەکانی ئەم جیهانە و جیهانیتر لە نزیکەوە پێکەوە گرێدراون و کەمتر بۆلای دیموکراسی دەشکێنەوە. بۆ نموونە لە ئیسلامدا، هیچ لێکجیاکردنەوەیەک لە نێوان سیاسەت و ئاییندا نییە (یاخود لە نێوان کردەی روحی و دونیایدا)؛ هەروەها لە رووی میژووییەوە، لە ئیسلامدا بەشداریی سیاسیی چەمکێکی نامۆیە. دووەم، کولتووری ئایینی ئامرازانە (instrumental) کە تێدا ئامانجەکانی ئەم جیهانە و جیهانیتر لێکجیا کراونەتەوە. بۆ نموونە، لە داب و نەریتی هیندودا جیاوازی و پێکدادان لە نێوان گرووپەکاندا رێگە پێدراوە، موساڵحە کارێکی مەشروع و دانپێدراوە. هەر بۆیەش ئەم جۆرە ئایینە بەربەست لەبەردەم بەدیموکراسی بووندا دروست ناکات. بە کورتی، هانتینگتۆن بەو دەرەنجامە دەگات کە پێشمەرجەکانی بەدیموکراسیکردن بریتییە لە سامانی ئابووری، فرەیی ستراکتۆری کۆمەڵایەتی (بوونی بۆرژوازی سەربەخۆ و ئابوری بازار-تەوەڕ)، کاریگەری دەوڵەتە دیموکراتیکەکان بەسەر کۆمەڵگادا، بوونی کولتوورێک کە رێگە بە جیاوازیی و موسالحە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکان دەدات. هانتینگتۆن باس لەوە دەکات کە بە پەرەسەندنی ئابووری بازار، یەک پێشمەرج بە تەنیا ناتوانێت ببیتە هۆی هێنانەدی ئەم جۆرە گەشەسەندنە. بۆ سەرهەڵدانی رژێمێکی دیموکراتیک، جۆرە تێکەڵکردنێک لە نێوان ئەم پێشمەرجانەی سەرەوە پێویستە. بەلام جۆری ئەم تێکەڵکردنە لە دۆخێک بۆ دۆخێکیتر جیاوازە.
“پرۆسەکانی بەدیموکراتیزەکردن”
هانتینگتۆن سەرەرای تیشک خستنەسەر پێشمەرجەکانی دیموکراسی، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو پرۆسە سیاسیانەی کردووە کە لە میانەیدا گەشەی دیموکراسی بەدیهاتووە. ئەو سێ مۆدێل لە بەدیموکراتیزەکردن دەخاتەڕوو. مۆدێلی یەکەم، مۆدێلێکی راستەهێڵییە (linear) کە لە ئەزموونی بریتانیا و سوید سەرچاوە دەگرێت، سەبارەت بە حاڵەتی بەریتانیا، بەدیموکراتیزەکردن لە مافە مەدەنییەکانەوە بەرەو مافە سیاسییەکان و دواتر بەرە و گەشەیەکی لەسەرخۆی زاڵبوونی سیستەمی پەرلەمانی و حکومەتێکی وەزاری و دواجار بەرەو بەرفراوانبوونی مافی دەنگدان بە درێژای یەک سەدە پەرەی سەند. سەبارەت بە حاڵەتی سوید، بەم شێوەیەی خووارەوە بووە:- یەکێتی نیشتیمانی، ناکۆکی سیاسی درێژخایەن و بێ دەرەنجام، بڕیاردانێکی هۆشیارانە سەبارەت بە پەسەندکردنی گرتنەبەری رێساکانی گەمەی دیموکراسی و دواجار کارکردن بەم رێسایانە.
دووەمین مۆدێلی بەدیموکراتیزەکردن بریتییە لە مۆدێلی بازنەیی (cyclical). لەم مۆدیلەدا دوو شێوازی حوکمڕانی دیموکراسی و دەسەڵاتخوازی بە بەردەوامی جێگەی یەکتر دەگرنەوە. ئەم مۆدێلە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین زۆر باوە. لەم مۆدێلەدا، نوخبە دان بە مەشروعییەتی شێوازەکانی حوکمڕانی دیموکراسیدا دەنێت. جار ناجار هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچن، بەڵام زۆر بە دەگمەن حکومەتەکان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بە دەسەڵات دەگەن. حکومەت لەم وڵاتانەدا زۆرتر لە دەرەنجامی دەستێوەردانی سوپا و لە دەرەنجامی هەڵبژاردنیش دەبێت. هەر کاتێک پارتێکی رادیکاڵ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بووبێت یاخود دۆخی ئابووری پەشۆکاو بێت (بۆ نموونە روودانی هەڵاوسانێکی بەرز یاخود بێکاری) یاخود کاتێک کە نائارامی بەربڵاوی سیاسیی بوونی هەبێت، سوپا دەست لە کاروباری سیاسی وەردەدات. هەر کاتێک تاقمی سەربازی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووبێت، بەڵین دەدات کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەسەڵات بۆ خەڵکی مەدەنی بگەرێنێتەوە. سوپا کاتێک ئەم کارە دەکات کە رووبەڕووی ناڕەزایەتی جەماوەی ببێتەوە یاخود نەتوانێت بە کارامەیی دەسەڵات بەڕێوە ببات. هانتینگتۆن لە دۆخێکی فەوزەوی (praetorian) هاوشێوەی ئەم دۆخە، ئاماژە بەوە دەدات کە لەم دۆخەدا نە دامەزراوە دەسەڵاتخوازەکان و نە دامەزراوە دیموکراسییەکان بە کارامەیی بەدامەزراوەیی نەکراون، هەر کاتێک کە وڵات بچێتە ناو دۆخەی بازنەیی لە جێگۆڕکێ نێوان دیموکراسی مەدەنی و دەسەڵاتخوازیی سەربازی، سەختە ئەم وڵاتە بتوانێت ئەم بازنەیە بشکێنێت.
سێیەمین مۆدێل کە هانتینگتۆن باسی دەکات؛ بریتییە لە مۆدێلی دیالێکتیکی (dialectical). لەم مۆدێلەدا، گەشەی چینی ناوەندی شارنشین دەبێتە هۆی گوشار خستنەسەر رژێمی دەسەڵاتخواز و داوای بەشداری و رکابەریتی سیاسی دەکات. لەوانەیە لە ساتەوەختێکی مێژوویدا وەرچەرخان مەدەنی (urban breakthroug) رووبدات و رژێمی دەسەڵاتخوازی بەرقەرار بۆ رژێمیکی دیموکراتیک بگۆڕدرێت. بەڵام رژێمی نوێی چینی ناوەند، ناتوانێت بە کارامەییەوە حکومەت بەرێوە ببات، لەم باردۆخەشدا رژێمی دیموکراتیک دەروخێت و سیستەمی دەسەڵاتخواز دەگەڕێتەوە. بەهەرحاڵ، رژێمی دەسەڵاتخوازی بەرقەراریش دەروخێت و گوزار بەرەو سیستەمێکی دیموکراسی درێژخایەن دێتەکایەوە. ئەزموونی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، یۆنان و سپانیا لە چوارچێوەی ئەم مۆدێلەدا جێدەگرن. سەرەڕای خستنەرووی مۆدێلەکانی راستەهێڵی، بازنەیی و دیالێکتیکی، هانتینگتۆن تیشک دەخاتەسەر پرسی باشترین جۆر لە پرۆسەی گەشەی دیموکراتیک. ئەو پرۆسەی کە بە بۆچوونی هانتینگتۆن لەسەرووی پرۆسەکانیترەوە دێت بەم شێوەیەی خووارەوەیە:-
١. پێناسەکردنی شوناسی نەتەوەیی.
٢. گەشەپێدانی دامەزراوە سیاسییە کاراکان.
٣. بەرفراوانکردنی بەشداریی سیاسی.
هانتینگتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشداریی سیاسی دەبێ دوایین قۆناغ بێت لەم زنجیرە گۆڕانەی سەرەوەدا و لە دوای جێگیرکردنی دامەزراوە سیاسییە کاراکانی وەک سیستەمی هەڵبژاردن و حزبایەتی بێت. ئەگەر لەم زنجیرەیەدا بەشداریی سیاسی زۆر زوو دەست پێبکات، دەبێتە هۆی هێنانەدی ناسەقامگیریی سیاسی و تووندوتیژی، هانتینگتۆن بۆ بەهێزکردنی ئەم بۆچوونەی خۆی پێداگری لەوە دەکات کە ئەو رژێمە دیموکراتیکانەی تا ئێستا بەردەوامن زۆر بەدەگمەن لە رێگەی کردەی جەماوەری و دەستەجەمعییەوە جێگیر بوونە. لەبری ئەمەشدا دیموکراسی زۆرتر لە سەرەوە بۆ خووارەوە گەشەی کردووە نەک لە خووارەوە بۆ سەرەوە. تەنیا لە دوای ئەوەی کە نوخبەی سیاسی لێکدانەوەی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی کرد و بڕیاریدا لەگەڵ یەکتری دانوستاندن و سازش بکەن، ئەو کات دامەزراوە دیموکراتییکەکان بە بوون هاتوونە.
هانتینگتۆن بە پێداگریکردنە سەر نوخبە وەک سەرچاوەی دیموکراسی، رەتی ئارگیۆمێنتی بارینگتۆن مۆر (١٩٦٦) دەکاتەوە کە گوایە شۆڕشێکی خوێناوەی دەتوانێت دەستپێکەری دیموکراسی بێت. ئەگەرچی گشت سەرهەڵدانێکی پارتیزانانە و رژێمە شۆڕشگێرەکان خۆیان بە دیموکراسی ناو دەبەن، بەڵام هەر کاتێک لە رێگەی تووندوتیژییەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست، بە بەراورد لەگەڵ ئەو رژێمەی کە لەناویان بردووە، خۆیان رژێمێکی زۆر سەرکووتکارانەتر بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن. هانتینگتۆن پێداگری لەوە دەکات کە دیموکراسی لە دەرەنجامی پرۆسەیەکی لەسەرەخۆی کامڵبوون و کەمترین تووندوتیژییە، نەک لە دەرەنجامی هەڵچوونێکی شۆڕشگێرانە بێت لە نێوان هێزە بەرقەرارە زاڵەکاندا.
هانتینگتۆن دوای خوێندنەوەی پێشمەرج و پرۆسەکانی بەدیموکراتیزەکردن، ئەم پێوەرانەی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەزموونی دیموکراسی لە ساڵانی ١٩٨٠دا بەکار برد. ئەو هیوایەکی زۆری بە پرۆسەی بەدیموکراتیزەکردن لە ئەمریکای لاتین هەیە، ئەویش بە هۆی کولتووری سیاسی رژێمی بەرقەراق، ئاستی گەشەی ئابووری، ئەزموونی رابردووی ئەم وڵاتانە لە سیستەمی دیموکراسی، پلۆرالیزمی کۆمەڵایەتی و هەروەها حەزی نوخبەی سیاسی بۆ گرتنەبەری مۆدێلی باکوور ئەمریکا و ئەوروپا سەبارەت بە دیموکراسی. بەڵام هانتینگتۆن سەبارەت بە داهاتووی رژێمەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا خۆشبین نییە. ئەگەرچی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا ئاستێک لە گەشەی ئابووریان تۆمار کردووە و بە هۆی گوشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاستێک لە ئەزموونی دیموکراسیان بەخۆوە بینیووە، بەڵام داب ونەریتی کولتووری، ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و لاوازی بەها دیموکراتیکەکان، بەربەست لەهەمبەر گەشی دیموکراسی دروست دەکەن. هانتینگتۆن ئاماژە بەوە دەدات کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا باس لەوە دەکەن کە ئایا ئابووری یاخود کولتوور کاریگەریی زۆرتری بەسەر گەشەی دیموکراسیدا هەیە. سەبارەت بە وڵاتە ئیسلامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی وڵاتانی ئەفریقیا، بە هۆی ئایینەکەیان، هەژاری و سرووشتی تووندوتیژاوی سیاسەتەکەیان، ئاسۆی دیموکراسی تێدا لاوازە. ئەگەری گەشەی دیمۆکراسی راستەقینە لە ئەوروپای رۆژهەڵاتیش لاوازە. بوونی یەکێتی سۆڤییەت لەم وڵاتانەدا بە بەربەستێکی جیددی لەهەمبەر گەشەی دیموکراسی هەژمار دەکرێت. بە بڕوای هانتینگتۆن تا ئێستا هیچ وڵاتێکی کۆمۆنیستی لە رێگەی فاکتەرە ناوخۆییەکانەوە نەبووە بە وڵاتێکی دیمۆکراتیک.
لە دەرەنجامدا، هانتینگتۆن پێشنیاری ئەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت بەم شێوەیەی خوارەوە لە برەودان بە گەشەی دیموکراسی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بەشدار بێت: یارمەتیدانی گەشەی ئابووری لەم وڵاتانەدا، برەودان بە ئابووری بازار و گەشەی چینی بۆرژوازی بەهێز، کاریگەری نواندنێکی زۆرتر لە کاروباری جیهانیدا، یارمەتیدانی نوخبەی ئەم وڵاتانە تا بتوانن بۆ زۆنی گوزار بەرە و دیموکراسی هەنگاو بنێن.
ئالڤین. ی. سو، ١٩٩٠
وەرگێڕانی: هیوا مەجید خەلیل