ئێران بە وڵاتێک لە جیهانی دوو جەمسەریدا (Iran: in a bipolar world) ناو هێنراوە. لەم بەشەدا لێرنێر ئاماژە بە ڕۆڵی جیهانی دوو جەمسەری لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا کردووە. بە بڕوای ئەو، چونکە ئێران لە نێوان دوو زلهێزی کۆمۆنیستی و سەرمایەداریدا بووە، کەوتووتە ژێر بار و کاریگەریی ڕاستەوخۆی ململانێی ئەم دوو زلهێزە. لێرنێر لەبارەی پرسی نەوت، ئاماژە بە ململانێی نێوان حکومەتی ئێران و بەریتانیا دەدات کە چۆن بەریتانیا لەمپەر بووە لەبەردەم بە نیشتیمانیکردنی نەوت. سەرەڕای ئەمەش خودی نەوت بووەتە هۆکاری دواکەوتوویی ئێران، چونکە هەم تاکە سەرچاوەی داهاتی ئێران بووە کە بەم جۆرەش کەرتەکانیتری ئابووریی پشتگوێ خران و لە هەمان کاتیشدا خودی داهاتی نەوت بەشی ئەوەی نەدەکرد کە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن وەگەربخات. ئەمەش بە یەکێک لە لەمپەرەکانی بەردەم مۆدێرنیزاسیۆن لە ئیران هەژمار کراوە. گرفتێکیتر، کە گرفتی ناوخۆیی بووە، بریتی بووە لە ململانێ لە نێوان شای ئێران و بەرنامەکانی مۆدێرنیزاسیۆن لە لایەک و بەرپەرچدانەوەی پیاوانی ئایینی و وەستان لە دژی ئەم پرۆسەیە لە لایەکیترەوە.
بە بڕوای لێرنێر، کۆمەڵگای ئێران لە نائەمنیەکی بەردەوامدا دەژیت. ئەم نائەمنیەش لە دەرەنجامی ترس لە دەسەڵاتی سیاسییە. دەسەڵاتێک کە لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن (terror) هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات. ئەمەش بووتە هۆی نەبوونی متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵات. لێرنێر، ئەم خەسڵەتە سیاسییەی کۆمەڵگای ئێرانی-شیعی بە خەسڵەتی ‘تەقیە’ی شیعەکان گرێ دەدات. خەسڵەتێک کە بۆ خۆ پاراستن، ڕەوا دەبینێت کە تاک پەنا بۆ نا-راستگۆیی (mendacity) یا خود درۆکردن ببات. بە بڕوای لێرنێر، کۆمەڵگای ئێرانی لە دۆخی ناراستگۆیدا دەژیت. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە لێرنێر کاتێک کە باس لە ئێران دەکات، زۆرتر باس لە نەتەوەی فارس دەکات نەک نەتەوەکانیتر.
بە بڕوای لێرنێر، بۆ دەست پێکردنی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن، گرنگە وڵات لەبارەی تواناییەکانی خۆی و سەرچاوەکان و پێداویستییەکانی، داتای لەبەر دەست بێت؛ لە کاتێکدا ئێران وڵاتێکە تەنانەت زانیاری سەبارەت بە ڕێژەی دانیشتووانیشی نییە، کەچی لە خۆلیای ئەوەدایە، بە خێرایی ببێتە وڵاتێکی مۆدێرن. ئێرانی ئەو کات وڵاتێکە بووە کە نزیکەی ٦٠٪ی دانیشتوانی لە گوندەکان دەژیان، ١٠٪ چادرنشین (کۆچەریی) بوون و ئەوەیتریش لە شارەکان دەژیان. کۆچ بۆ شارەکان لە ئێران هەر وەک میسر، بە هۆی پێداویستی شار بۆ دەستی کار نەبووە، بەڵکو بەهۆی خراپی دۆخی گوندەکان بووە. ئەم کۆچە نە تەنیا بوژانەوەی ئابوری دەستەبەر نەکرد، بەڵکو ڕێژەی هەژاری لە شارەکاندا بەرزکردەوە و بووە هۆی هێنانەدی ناسەقامگیریی سیاسیی.
سەبارەت بە دۆخی گوندەکان، گوندەکان لێک پەرتن. ڕێگا وبان یان بوونی نیە یان زۆر خراپن. هەر بۆیەش پێکەوە گرێدان و پەیوەندی (communication) لەگەڵ جیهانی دەرەوەی گوند کەمە. بەمجۆرەش ئەم کۆمەڵگا گوندییە نە لە ڕووی جوگرافی، نە لە ڕووی جەستەیی و نە لە ڕووی زەینییەوە، کۆمەڵگایەکی بزۆک نەبووە. نوخبەیەکی بچوکی شارنشین و پیاوانی ئایینی ئەکتەری سەرەکی گۆڕەپانی سیاسیین.
لێرنێر، کۆمەڵگای ئێران بە کۆمەڵگایەکی وەسف دەکات کە خوێندنی باڵا بە دەست ‘زۆر بەرهەمی ڕۆشنبیریی’ (over-production of intellectuals) دەناڵێنێت. واتە ئێران کۆمەڵگایەکە کە ٩٠٪ی نەخوێندەوارن، کەچی ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامە دەردەچێت. کۆمپانیای زۆری بەرهەمهێنانی فیلمیان هەیە کە تەنانەت هەندیکیان هەر فیلمیش بەرهەم ناهێنن. ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژنامە خوێندن پێویستی بە خوێندەواری هەیە. ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک خەسڵەتێک لە کۆمەڵگای مۆدێرنی بەشداریکەر لە کۆمەڵگایەکدا دەبوژێتەوە، کە تاکەکانی توانای خوێندنیان هەبێت و ئەو مەیلەیان هەبێت فێری ئەزموون وەرگرتن لە گەڵانیتر بن. لە ئێران ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بە دەست کەم خوێنیەوە (واتە نەبوونی خوێنەر) دەناڵینێت و بەم هۆیەش ساڵانە هەزاران هیوا و ئومید دەمرن.
هیوا بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووە و سیستەمە سیاسییە ناسەقامگیرە، گەنجی خوێندەواری بەرەو توندڕەویی هاندا. تەنانەت هەر پارتێکی سیاسیی و لایەنگرانی، پارتی سیاسییتر و لایەنگرانی بە دوژمن دەبینێت، نەک بە نەیاری سیاسیی. ئەم توندڕەویەش زۆرتر لە ناو شار و لە ناو چینی خوێندەوار و ڕۆشنبیردا دەبینرێت (لە هەر چووار توندڕەو، سێ کەسیان لە شارەکان گەورە بوونە). بە بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، ئاستی توندڕەویش بەرز بووەتەوە. لە ناو چینی خوێندەواردا یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم توندڕەوییە بریتییە لەوەی کە ئەوان خۆیان بە ‘شایانی زۆرتر’ دەزانن؛ هەر بۆیەش ئەوان بە بەراورد لەگەڵ چینی ناسیاسیی کەمتر خۆیان بە ‘دڵخۆش (happy) هەژمار دەکەن لەو جۆرە ژیانەی کە هەیانە ناڕازین. لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە چوارچێوەی توێژینەوەی لێرنێر شاری تاران بووە.
ئەم فاکتەرانە هەم دەبنە هۆی لەخۆ بێگانە بوونی (alienation) تاک ( بە تایبەتیش خوێندەوار) لەهەمبەر دامەزراوە سیاسییە بەرقەرارەکان و نوخبەی سیاسیی و هەمیش لەهەمبەر نۆرمە ئایینی-کۆمەڵایەتییە باوەکان. ئەمەش نەبووە هۆی هێنانەدی پانتای کەسی بۆ تاکی لەخۆ بێگانەبوو، بەڵکو بووە هۆی هێنانەدی توندرەوی سیاسیی. ئەم لە خۆ بێگانەبوونە کە تاک بەرەو توندڕەوی هان دەدات، هاوکات، ئەم تاکە لە هاوبیرەکانی خۆی نزیک دەکاتەوە و لە ڕێکخراوە هاوبیرەکانی خۆیدا، دەبیتە تاکێکی چالاک.
ئەم توندڕەوییە دەرەنجام خۆی لە دوو ئاراستەدا بینیەوە؛ توندڕەوی چەپ و توندڕەوی ڕاست کە هەر دووکیان ئاراستەی نەتەوەگەراییەکی وشکیان وەرگرت. توندڕەوی ڕاست لە ڕێگەی یەکێتی نەتەوایەتییەوە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانی دەدات و توندڕەوەی چەپیش لە ڕێگەی ململانێی چینایەتییەوە. ئەم دابەشکارییە، کولتورێکی دژە ڕۆژئاوایی، بە تایبەتیش دژە بەریتانیا دروستکرد و تەنانەت کاریگەریشی خستەسەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و ئەم ئامرازانە بە شێوەی سەرەکی لە نێوان ئەم دوو هێلە گشتییەدا ئاراستە دەکران. بە بڕوای لێرنێر، کێشەی سیاسیی لە تاران بریتی بوو لەوەی کە نوخبەی سیاسیی ئەوەیان نەدەزانی سنوری جیهان زۆر لە سنورەکانی تاران (ئێران) گەورەترە. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە بەشیکی زۆری سیاسەت لە ئێران، لە ناوخۆی ئێراندا داناڕێژرێت، بەڵکو لە دەرەوەی ئێران دادەڕێژرێت. واتە نوخبەی سیاسیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەرجارە و پەنا بو وڵاتێکی بیانی دەبەن.