لەو ناوچەی من لە ڤانکۆڤەر دەژیام، شوێنێک هەیە بە ناوی سی وۆک SeaWalk، لای زەریایە و شوێنێکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە بۆ پیاسەکردن. ڕۆژێک لەوێ پیاسەم دەکرد، کەشوهەوایەکی زۆر خۆشی هەبوو. بینیم کورسییەکان بە ناوی خاوەنەکانیانەوە بوون، ئەو کەسانەی کە پێشکەشیان کردبوون بە خەڵک و شارەکە، هەر کە پیاسەم دەکرد، بیرم کردەوە منیش نەمامێک بڕووێنم، کەس داوای لێ نەکردبووم، بەڵام پێم خۆشبوو لەو شوێنەدا منیش یادگارییەک بەجێبهێڵم و دواتر گەشە و بەرهەمەکەی ببینم. تۆوێکم هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە دارێکی باش. شوێنێکی تایبەتم دۆزییەوە و زەویەکەم هەڵکەند بۆ ئەوەی تۆوەکە بچێنم، کاتێک ویستم تۆوەکە بچێنم، بینیم گیاکە چیمەنە، چیمەنێکی یەکدەست و جوان، دارێکی گەورە و بەهێزیش لەویا بوو، هەرچی بیرم لێ کردەوە، بینم سوودی نییە! دەتەوێت بزانیت بۆچی؟ چونکە ئەگەر ئەو تۆوەم بچاندایە، پاش ماوەیەک تۆوەکە تێرئاو دەبێت و دەست دەکات بە گەشەکردن، کە دەگاتە ئەوەی سەر لە خاک دەربهێنێت، لە ئاستێکی گەشەکردن، مەکینەیەکی چیمەنبڕین دێت و دەیبڕێت. چونکە ئێرە چیمەنە و هەمووی یەکدەستە، هەمووی لەیەک دەچێت.
نەمامەکە هەوڵ دەدات دووبارە گەشە بکات، بەرز بێتەوە، جاری داهاتوو زووتر بەرز دەبێتەوە، دیسان مەکینەی چیمەنبڕ دێت و بێ ئەوەی بزانێت، دەیبڕێتەوە و دەبێتە هاوقەدی چیمەنەکانی تر، بە ئەندازەی یەک سانت، دوو سانت باڵا دەکات. لەکۆتاییدا ئەو نەمامە ماندوو دەبێت، چونکە سرووشتی نەمام، وەک چیمەن نییە، سرووشتی درەخت کورتی نییە. سرووشتی درەخت بڵندیی و ئازادییە، درەختێکی ئازاد لە چیمەندا ناتوانێت گەشە بکات، بە تایبەت چیمەنێک کە بیانەوێت زوو زوو بیبڕنەوەوە، نەک چیمەنێکی کێوی. ئەو سیستەم و ژینگەم بیرکەوتەوە کە لێی گەورە دەبین. ئارەقەی ساردم کرد! ئارەقەی ساردم بۆ ئەوەبوو، هەستم کرد چەند زۆرن ئەو منداڵانەی لە خێزان و شارێکدا گەورە دەبن، کە مەکینەیەکی چیمەنبڕ بەناوی کولتوور، مەکینەیەکی چیمەنبڕ بەناوی عادات، ماشێنێکی چیمەنبڕ بەناوی پەروەردە، بەناوی وانە و قوتابخانە و زانکۆ هەموو بەهرە و توانا و وزەیان لەناو دەبات، ئێمەیش هەموومان منداڵەکانمان دەخەینە ناو ئەو سیستەمە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ژیاریەوە و لەو ڕاستییە سادە تێناگەین کە هەندێک درەخت بڵندە، هەندێک مامناوەند و هەندێک سایەدارە. منداڵێک بەهرەی لە مۆسیقایە، یەکێک لە شیعرە، یەکێک دەبێتە فەیلەسوف، یەکێک حەزی لە وێنەکێشانە، یەکێک ئارەزووی لە پیشەسازییە و یەکێک دەبێتە داهێنەر، ئەمانە لێک جیاوازن و دەبێت ڕێزیان لێ بگرین. ئەم ئامێرە کولتوورییە، ئەم ئامێرەی دەسەڵاتی کۆمەڵگا، منداڵەکانمان دەباتە ژوورەوە و هەمووی بە یەکسانی دەداتە دەرەوە. هەموو کەس بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا، دیپلۆمای هەیە و هەموویان وەک یەکن!
خۆشەویستان سەرنج بدەن: ئێمە لەژێر ناوی پەروەردە، کولتوور، باوەڕی کۆمەڵایەتی، ڕێزگرتن لە عادات و نەریت چ بەڵایەک بەسەر خۆماندا دەهێنین! هەموومان دەمانەوێت ببین بە ئەندازیار، ببین بە پزیشک. بەبێ ئەوەی بزانین بۆچی دروست کراوین؟ بۆچی دروست کراوم؟ ئەم منداڵەی من بۆچی دروست کراوە؟ لە چیدا بەهرەی هەیە؟ پەیامی بۆ ئەم دونیا چییە؟ پەیامی خۆت بۆ ئەم جیهانە چییە؟ پەیامی من بۆ دنیا چییە؟ ئێمە مرۆڤین، دەبێت بتوانین ڕێز لە جیاوازیەکان بگرین، پێویستە جیاوازیەکان قبووڵ بکەین. مەحاڵە شوێنێک بدۆزیتەوە لە جیهاندا کە چەمەنزار بێت. ئەم چەمەنزارانە دروستکراوی خۆمانن. ڕووەک هەیە 20 سانتیمەتر و درەخت هەیە 50 مەتر بەرز دەبێتەوە، سرووشتی ئەوان جیاوازە و جوانی ژیانیش لەم جیاوازییانەدایە. جوانی جیهان ئەوەیە کە من و تۆ جیاواز بین و تێڕوانینی جیاوازمان هەبێت. با فێر بین ڕێز لە یەکتری بگرین، یەکتری قەبووڵ بکەین، من نەمەوێت تۆ وەک من بیت و تۆیش نەتەوێت من وەک تۆ بم! با فێربین ئەم جیاوازییانەن جوڵە دروست دەکەن لە ژیاندا، ئەم جیاوازییانەن جوانی دروست دەکەن. منداڵی یەکەمت لە منداڵی دووەمت جیاوازە. منداڵی دراوسێکەت لە منداڵەکەی تۆ جیاوازە، هەموومان لێک جیاوازین. لە کاتێکدا هەموویشمان مرۆڤین و هەڵگری گەوهەرێکی خودایین لە هەناوماندا، ئەگەر بڕیاربووایە هەموومان وەک یەک بین، هەموومان وەک یەک بیرمان بکردایەتەوە، هەموومان وەک یەک کارمان بکردایە، دنیا دەبوویە شوێنێکی زۆر بێتام.
هەر ئێستە لە ماڵ وەرە دەرەوە، دەبینیت هەموو خەڵک لەشێوەی شەشگۆشەدان، بە شێوەیەکی ڕێک و پێک پێکەوە لەسەر یەک دەچنرێن، هەموو کەس وەک یەک قسە دەکەن، وەکوو یەک بیر دەکەنەوە، هەموویان یەکسانن، یەک قەبارە و یەک کێش و یەک ڕەنگن. تۆ دەتەوێت لە دونیایەکی وادا بژین؟ من نامەوێت و حەزم لێی نییە! پێم وانییە هیچ کەسێکی ئاقڵ حەزی لە شتی وا بێت. دنیایەکی زۆر بێتام و بێ لەزەت و بێزارکەرە. یەکێک قەڵەوە، یەکێک باریکە، یەکێک درێژە، دانەیەک کورتە و… ئەم جیاوازیانەن جوانی و مانا بە ژیان دەدەن. ئەو کەسانەی کە بە هۆی عادەت و کولتووری خۆیانەوە، لە ناو خزمەکانی خۆیاندا هاوسەرگیری دەکەن، بەرەو لەناوچوون دەچن. نەخۆشیی بۆماوەیییان زۆر دەبێت. بۆچی؟ چونکە خوێنی نوێ ناچێتە ناو خوێنیانەوە، وزەی جیناتی نوێ ناچێتە خوێنیانەوە. بەپێچەوانەوە ئەو خێزان و میللەتانەی کە لەگەڵ میللەتە جیاوازەکان تێکەڵ دەبن، خەڵکانێکی ژیرتر و تەندروستتر و بەهێزتر دەبن و نەوەکانیان دەمێننەوە. با یەک جار پێکەوە چاوەکانمان بشۆین و ئەم بیرۆکەیە بگۆڕین کە داوا لە هاوسەرەکەم بکەم: “ئازیزم، دەبێت وەک من بیر بکەیتەوە” یان داوا لە منداڵەکانم بکەم وەک من بیر بکەنەوە!
ئێمە دەتوانین ئەقڵیەتی خۆمان دەرببڕین، دەبێت ڕێگە بە کەسانی تریش بدەین کە بیر و باوەڕی خۆیان دەرببڕن. زۆر ئاسایییە کە بە یەکتری بڵێین خووەکانمان چین، حەزمان لە کام خواردنە و هەڵسوکەوتمان چۆنە، هیچ کێشە نییە بەڵام دەبێت ڕێگە بە کەسانی دیکەش بدەین کە دنیابینیی خۆیان دەرببڕن. لە ڕێکخراو و فەرمانگەیەکیشدا، بەڕێوەبەرێکی باش کەسێک نییە هەموو کەس گوێڕایەڵی بێت و هەمووان وەک یەک بن. بەڕێوەبەرە بەتوانا و باشەکانیش ئەوە دەزانن. پارێزگار و شارەوانیش هەروەتر. ئێمە دەبێت فێر بین کە ڕێز لە جیاوازیەکان بگرین. ڕێزگرتن لەجیاوازیییەکان دەرئەنجامی دانایی و گرنگیدانە بە لایەنە خودایییەکەمان. خودا ئەگەر بیویستایە مرۆڤەکان وەک یەک بن، ئەوا ئاسان دەبوو کۆپیەک دروست بکات و وەک ماشێنەکانی بەرهەمهێنان، هەمووی بە یەک شێوە و قەبارە بەرهەم بهێنێت. ئەوکات دەزانیت چی ڕووی دەدا؟ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، نەوەی مرۆڤ لەنێو دەچوو.
کاتێک ڤایرۆسی سەرماخوردەگی دێت، کاتێک نەخۆشییەک دەچێتە کۆمەڵگاوە، هەندێکی دەیگرن و هەندێک نایگرن. چونکە سیستەمی بەرگریی جەستەیان جیاوازە. ئەمە ئەو جیاوازیییەیە کە وا لە ڕەگەزی مرۆڤ دەکات بمێنێتەوە. ئەم جیاوازیانەش لە بیر و باوەڕ و ڕا و بۆچوونەکانیشدا هەیە. جارێکیان لەبەر خۆمەوە گوتم چەند کارێکی بێهودەیە ئەو کەسانەی پارە لە شتە سەیر و سەمەرەکاندا خەرج دەکەن! پاشان بە خۆمم گوت موعەزەمی مەگەر تۆ ناڵێیت دەبێت ڕێز لە جیاوازیەکان بگیرێت؟ گوتم: باشە گرنگی و بەهای ئەو کەسانە چییە کە پارە بە شتی سەیر و سەمەرە (لە ڕوانگەی منەوە) دەدەن؟ کە بە وردی بیرم کردەوە: هەر ئەو خەڵکەی کە پارە بە فەرش و تابلۆ و کورسی و شتی گرانبەها دەدەن، بە هۆی ئەمانەوە، هونەرمەندەکان، پیشەسازەکان، داهێنەرەکان، بەرهەمهێنەرەکان.. بەرهەمەکانیان دەفرۆشن، هەم پارە وەردەگرن و ژیانیان بەڕێوە دەبەن، هەم هونەرەکەیشیان دەناسرێت.
خەڵک عادەت و بەهای خۆیان هەیە. ئەوە ڕاستییەکە ئەو خەڵکە پارە بۆ حەز و خولیا و بەها و خووەکانیان خەرج دەکەن، لەوانەیە (لە ڕوانگەی منەوە)، هەندێکیان نامۆ بن. دەکرێت من حەزم لە ژیانێکی لاکچری نەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ڕێگای من ڕێگای هەموو کەسێکە. کەسانێک هەن حەزیان لە شتی سەیر و سەمەرەیە: ئەلکترۆنی پێشکەوتوو، کۆمپیوتەری پێشکەوتوو… پێیان خۆشە پارەیەکی زۆر بدەن بۆ کڕینی ئەم سیستەمانە. کارگە و پیشەگەران چی دەکەن؟ ئەوان بەو پارەیە ئەمانە دروست دەکەن و بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە، ڕۆژێک دێت کە نرخی ئەم سیستمانە دادەبەزێت، ئەوکات من و تۆ و خەڵکی ئاساییش دەتوانین بیانکڕین. لەکاتێکدا بەهای دەست پێ کردن و دروستکردن و داهێنان لەلایەن کەسانێکەوە دراوە کە نوێخواز و داهێنەر خاوەن سەرمایەبوون. کەواتە ئەو کەسانە ڕێز و گرنگی و بەهایان هەیە، پێویستە ڕێزیان لێ بگرین. ئەوانەیش کە دەخوازن بە سادەیی بژین هەر شایەنی ڕێزن. دەبێت ڕێز لە جیاوازیەکان بگرین، ژیانمان نەکەین بە چیمەنزار. پێویستە ڕێگە بدەین درەختەکان گەشە بکەن، دەبێت ڕێگە بدەین نەمامەکان سەردەربێنن، ڕێگە بدەین منداڵەکانمان قسە بکەن، هاوسەرەکانمان قسە بکەن، هاوکارەکانمان و ئەوانی تر قسە بکەن. دەبێت ڕێگە بدەین دنیا قسە بکات. دنیا واتە ئەوانەی لەسەرە ناومان هێنان. من و تۆیش یەکێکین لەوان. بۆ نموونە: ئەگەر من بمەوێت سەلیقەی خۆم گشتگیر بکەم و بمەوێت هەمووان وەک من بیر بکەنەوە، ئەوا جیهان وەک مەحمود موعەزەمی دەبێتە شەشپاڵو، کە یەکێک لەوان بەسە بۆ جیهان. خەڵک دەبێت جیاواز بن.
با لێرەدا چیرۆکێکتان بۆ بگێڕمەوە؛ کاتێک من لە دواناوەندی بووم، مامۆستایەکمان هەبوو وانەی زیندەوەرزانی پێ دەگوتین. ڕۆژانی جەژن منداڵان چەند ڕۆژێک پشوویان هەبوو و ڕێگەیان پێ دەدرا ئاهەنگێک بۆ جەژنی نەورۆز ساز بکەن، لەو ڕۆژانەشدا ئازادی چالاکی هەبوو و ڕێگە بە منداڵەکان دەدرا لاسایی مامۆستاکانیان بکەنەوە. یەکێک لە منداڵەکان بەو مامۆستای گوت: مامۆستا، موعەزەمی بێت لاسایی تۆ بکاتەوە؟ مامۆستا ڕازی نەبوو هیچ کەس لاسایی بکاتەوە. قسەیەکی جوانی کرد کە تا ئێستاش بیرم ناچێتەوە، گوتی: “ئەگەر بتوانێت زۆر بە باشی لاسایی من بکاتەوە، وەک منی لێ دێت. من خۆم لێرەم!” بە دڵنیاییەوە ئەو خۆی لە بابەتەکە لادا، بەڵام من شتێکی لێوە فێر بووم. ئەو ڕاستی کرد. ئەگەر بمانەوێت ئەوانی تر لە ئێمە بچن، ئەوا دەبن خۆمان. دەی ئێمە خۆمان هەین، ئیتر بۆچی دەبێت خەڵک وەک خۆمان لێ بکەین؟ هەرگیز نەتەوێت هیچ کەسێک و هیچ شتێک لە تۆ بچێت. تۆ وەک خۆت بە و ئەوانی تریش لە شوێنی خۆیان قبووڵ بکە! تۆ کاری خۆت بکە و ئەوان کاری خۆیان دەکەن.
ئەو کۆمەڵگایانەی کە ڕێگە بە بیر و تێڕوانینی جیاواز دەدەن، یان ئەو ڕێکخراو و خێزانانەی ڕێگە بە هەمەچەشنی بیروڕاکان دەدەن، سەرکەوتووتر و شادتر و پایەدارترن. لەم جۆرە خێزانانەدا منداڵان و هاوسەرەکان کەمتر فریو دەدرێن و کەمتر کاریان لە جیابوونەوەدا کۆتایی دێت. لە دامودەزگا و دامەزراوەیەکی ئابووریدا کە ئەندامان و کارمەندان قسەی تێدا دەکەن و ناترسن خۆیان بن، ئەو دەزگایە سەرکەوتووتر و پایەدارترە. هەروەتر بۆ وڵات و شارەکان. جیاوازییەکان ویستی خودایە، با ڕێز لە ئیرادەی خودا بگرین، با ڕێز لە جیاوازیەکان بگرین. با بە چاوی ڕێز و بەهاوە لە جیاوازیییەکان بڕوانین و بە خۆمان بڵێین: “من جیاوازیەکان وەک دیاردەیەکی پۆزەتیڤی خودایی دەبینم و منیش یەکێکم لەو دیاردانە” با هەموومان یارمەتی یەکتر بدەین جیهان بکەینە شوێنێکی باشتر بۆ ژیانی خۆمان و ئەوانی تریش. دەبێت چاوەکانمان بشۆین و بەجۆرێکی دیکە ببینین. “خۆت خۆش بوێت و یارمەتی ئەوانی تر بدە کە زیاتر خۆیان خۆش بوێت.” تا قسەکردن لەسەر بابەتێکی تر، دڵێکی شاد و لێوێکی پڕلەخەندەتان هەبێت.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف