پاش کوشتنی سێ سەربازی و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆرتر، ئەمریکا پاش پێنج ڕۆژ، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ئێراق و سوریا. ئەمریکا ئامانجی سەرەکی لەم هێرشە ئەوەبوو کە وەها لە میلیشیاکان و ئێران بکات جارێکی تر هێرش نەکەنە سەر ئەمریکا. ئایا ئەمریکا لەم هەوڵەیدا سەرکەوتووبو؟ ئەم پرۆسەیە بە ڕەدع، دیتێرەنس یان چاوترساندن ناسراوە. ئەم ستراتیژیە بەشێک بوو لە سیاسەتی بەرگریی ئەمریکا لە جەنگی سارددا، بە تایبەتی پاش گەشەی چەکی ئەتۆمی. هەبوونی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئەمریکاوە، وەهای لە ئەوانیتر کرد کە بیر لەوە نەکەنەوە هێرش بکەنە سەری. پاشان کە سۆڤییەت بوو بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ترسی وێران بونی هەردوولا هاتە ئاراوە. بەمجۆرە جەنگی سارد بوو بە مۆدێلی باوی شەڕ. ڕەدع یان چاوترساندن لە سەر کۆمەڵێک بنەما بونیادنراوە، کە ترس و گەیاندنی پەیام و نمایش و چۆنێتی تێگەیشتنی ئەویتر لە مەترسییەکە و توانای ڕێگریی و بەرپەرچدانەوە وەستاوە.
بە ڕای من لە ئێستادا کۆمەڵێک بنەما هاتونەتە ئاراوە کە وەها دەکات پرسی دروستکردنی ڕەدعی ئەمریکی سەخت بکات. لە سەروی هەمویانەوە، هەبونی سیستەمێکی ڕەدعی ئێرانی ئاڵۆز و بەهێز، کە خۆی لە میلیشیا دۆستەکانیدا دەبینێتەوە، لە هەناو کۆمەڵێک وڵاتی لاوازدا لە ناوچەکە. ئەم سیستەمی میلیشیایە لە سەر سیستەمی هاوتەریب بەڕێوە دەچێت کە یەکمجار موستەفا چەمران دایهێنا. ئێران لە ڕێگای میلیشیاکانەوە، چەند بنەمایەکی ڕەدع دادەڕێژێت، یەکەم، دروستکردنی مەترسی لە بەرامبەر هەڕەشەی مەترسی. بەو مانایە ئێران ئەوە لە ئاگایی هەر هێزێکدا دروستکردووە کە بیر لە هێرشکردنە سەری بکاتەوە کە دەبێت بیر لە میلیشیاکانی ناوچەکە بکاتەوە، وەک ئەوەی لە پاش شەڕی غەزە دەیبینین؛ ئێران لە پێناوی ئەوەی خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بپارێزێت، هەموو میلیشیاکانی لە ناوچەکە خستوەتە گەڕ.
خاڵێکی تر کە پێگەی ئەمریکای لاوازکردوە لە ناوچەکە، گۆڕانی دۆخی سیاسی ناوخۆی ئەمریکا و جیهانە. ئەم گۆڕانکارییانە وەهایانکردوە کە ئەمریکا بیر لە جێهێشتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بکاتەوە. لەم پێناوەدا ئەمریکا لە چەند ساڵی رابوردوودا، چەندین جار هەوڵی ڕۆشتنی داوە و هەروەها بەردەوام باس لە بە گرنگ نەمانی ناوچەکە دەکات. ئەم دۆخە وەهای لە وڵاتان و هێزەکانی ناوچەکە کردوە کە باوەڕ بە ئەمریکا کەمتر بکەن و بە دوای هێزی تردا بگەڕێن بۆ پشتیوانی. ئەم دۆخە سەرتاپای خزمەت بە پرۆسەی دروستکردنی ڕەدع ناکات، چونکە هێزێک بیەوێت لە ناوچەیەک بڕوات، ناتوانێت بە ئاسانی ڕەدع لای ئەوانیتر دروست بکات. هۆکارێکی تر کە ڕەدعی ئەمریکی سەخت دەکات، لاوازبونی دۆستەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە. جاران تورکیا و ئیسرائیل وڵاتی ئیقلیمی بەهێزبوون لە ناوچەکەدا، بەڵام لە ئێستادا، هەردوو بە دەست کێشەی زۆرەوە دەناڵێنن. تورکیا هەرچی دەکات ناتوانێت دۆخی ئابووری هەستێنێتەوە، ئیسرائیلیش لە پاش شەڕی غەزە ڕوبەڕووی کێشەی زۆر بوەتەوە. ئەمە با ئەوە لەولاوە بوەستێت کە وڵاتانی عەرەبی کە دێتە سەر بواری سەربازی و ئاسایش و داکۆکی لەخۆکردن، لە دۆخێکی تەواو لاوازدان.
لە هەمانکاتدا شەڕی غەزە لە ئێستادا دۆخێکی وەهای لە شەقامی وڵاتانی ناوچەکە دروستکردوە کە ئەو وڵاتانە بە ئاسانی نەتوانن بەشداری لە هێرشی سەر بە ئێران بکەن. ئەم هۆکارەشە وەهایکردوە کە ئەمریکا بە تەنها هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکان. لە دۆخێکی وەهادا ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجەکانی دروستکردنی رەدع بونیادبنێت. هەر سیستەمێکی ڕەدع کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، کە بە گشتی بریتین لە چڕیی و گەورەیی توانا، توانای گەیشتن و پێکانی ئامانج، هەبونی نیەت و بوێری دەست وەشاندن، لە گەڵ گەیاندنی پەیام بە لایەنی بەرامبەر. لێرەدا ڕامانێک لە جۆری چەک و تەقەمەنییەکان کە لە بۆمباردمانەکەی میلیشیا ئێراقی و سورییەکان بەکار هات جێگای سەرنجە، لە نێویاندا فڕۆکەی بی یەک. ئەم فڕۆکانە کە ڕاستەوخۆ لە تەکساسەوە فڕین، لە ئاسمان بەنزینیان کردوە و پاش ئەنجامدانی بۆمبارانەکە، گەڕاونەتەوە ئەمریکا. لە ڕێگای ئەم نمایشەوە ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات کە پەیامی توانای خۆی بۆ ئێران و ئەوانیتر بنێرێت. دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە توانای دەستوەشانی پەیوەست نیە بە بوونی لە ناوچەکە، بەڵکو دەتوانێت لە سەر خاکی خۆیەوە لە ئەمریکا، لە دووری چەندین هەزار کیلۆمەترەوە، بگاتە ئامانجەکانی و بگەڕێتەوە. دیارە ئەو جێگایانەی کە بۆمبارانکرابون گرنگ نەبوون، بەڵام ئەم پەیامە گرنگ بوو.
بەڵام هەست ناکرێت ئەم پەیامە بەباشی گەشتبێت یان ڕێگربێت لە ڕەدعی ئێران یان ببێت مایەی گۆڕینی ڕەفتاری. بە تایبەتی کاتێک هێرشەکان لە ناو ئێراندانین و هەروەها نەبونە هۆکاری کوشتنی هیچ بەرپرسێکی سەربازی یان سیاسی و هەروەها ئامانجیان شەڕ نەبوو. لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ڕەهەندێکی پرۆسەی چاوترساندن بکەم، ئەویش کەلتورە. لای ئەمریکاییەکان دەرخستنی هەبونی توانای سەربازی و تەکنەلۆجی دەبێت وەها لە نەیارەکانی بکات کە ڕەفتاریان بگۆڕن، بەڵام مەرج نیە ئەم پەیامە بە هەمانشێوە لە لایەن ئێرانیەکانەوە وەربگیرێت، بە تایبەتی کاتێک کە کەسایەتیەکانیان و خاک و ڕژێمەکەیان سەلامەتن. لە کاتێکدا کە ئەمە دەڵێین دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین، کە سیستەمی رەدعی ئێرانی لە دۆخێکی خراپدایە و هێرشەکانی ئەم دواییانە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ لەو بارەوە دەدەن. یەکەم، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ئامادەکاری هێرشدا بوو ئێران ئامادەبوو بە خۆیدا بچێتەوە و وەها نیشان بدات کە جارێکی تر کاری وەها ناکات، لە ڕێگای فشاری بۆ وەستانی هێرشی میلیشیاکان، داخستنی میدیاکانیان، گەیاندنی پەیامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کە ئەوان لە پشت کارەکەوە نەبوو. دیارە هەموو دەزانن کە ئێران لە پشت هێڕشەکەی سەر ئوردون بوو، بەڵام پاشەکشێ لێی نیشانەی هەڵە و پەشیمانییە.
ئەمە لە کاتێکدا کە ئێستا ئێران خۆی خستە خانەی ئەو وڵاتانەوە کە مەترسی هەیە لە سەر ئەمریکا نەک داواکاریی. هەرچەندە شارەزایەکی ئێرانی ئەوەی دووپات دەکردەوە کە ئێران ناتوانێت دەستبەرداری دژایەتی ئەمریکا بێت چونکە زیانی زۆر بە ریسۆن دی تای (فەلسەفەی بوونی) ڕژێمەکە دەگەیەنێت، بەڵام ئێران دەزانێت کە جگە لە توانای سەربازی توانای سایبەر و هێرشی شاراوە و زۆر ڕێگای تر لە ئارادایە، کە هەتا ئێستا ئەمریکا نەیویستوە بەڵام لەمەودوا ڕەنگە ناچار بێت، بەمانایەکی تر ئەگەر هەتا ئێستا ڕێسایەک هەبوبێت بۆ شەڕەکە، ئەوا ڕەنگە ڕێساکە گۆڕانکاری بە سەردا بێت. لایەنێکی تری لاوازبونی سیستەمی رەدعی ئێرانی لەوەدایە کە میلیشیاکانی دۆستی یان لاواز دەبن یان دەخوازن خۆیانی لێ بە دوور بخەنەوە. هەموو دەزانین ئەو میلیشیایانەی کە پارە و بەرژەوەندییان لە ئێراقدا هەیە ناخوازن دژ بە ئەمریکا بجەنگن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات هەر کاتێک ئێران لاوازبێت میلیشیاکان هەر زوو خۆیانی لێ بە دوور دەگرن. بە مانایەکی تر پەیوەندییەکە عەقیدەیی و باوەڕیی و دینی نیە، بەڵکو زیاتر بەرژەوەندییە. بۆ نمونە کاتێک ئێران فشاری نەدەکرد، سەرکردەی میلیشیا عێراقییەکان خۆشحاڵ بوون بە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا. لە هەمانکاتدا هێرشەکانی ئێران بۆ هەولێر و پاکستان دەرخەری ئەوەبوو کە سیستەمی ڕەدعی ئێرانی لە لاوازیدایە و پێویستی بە نمایش و هێرشە. ئێستا ئەمریکا دەیەوێت ئامرازەکانی ئێران لاواز بکات. هەندێک دەڵێن، ئەمە نابێتە مایەی لاوازی، هەندێکی تریش بە نەمانی بنەماکانی ڕەدعی ئێرانی دەبینن.