کتێب سەرچاوەیەکی گرنگی خۆ ڕۆشنبیر کردنە، ڕۆشنبیر کردنی تاکەکانیش دواجار کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر بەرهەم دێنێت .ئەو میللەتانەی پێشکەوتن و ئێستا وەک ووڵاتانێکی بەهێز ئاماژەیان بۆ دەکرێت هەر هەموویان لەڕێی کتێب و زانستەوە گەیشتن بەم دەرەنجامەی ئێستایان ، کەواتە ئەو میللەتانەی دواکەوتن تەنها لەسەر نەخشە بوونیان هەیە نەوەک لەمیانەی هاوکێشە سیاسیەکان.
ئاستی زانستی پێگەو سەنگ و قورسایی دەوڵەت دەستنیشان دەکات، تەنها بوونی خاک و گەل و هەر سیستەمێکی سیاسی بەس نین بۆ ئەوەی دەوڵەتێک لەسەر نەخشە بوونی هەبێت، بەڵکو ئاستی پێشکەوتنی دەوڵەت پێوەری سەرەکی پێناسەی هەر دەوڵەتێکە. هەروەک ئەوەی ( کاڕڵ مارکس) دەیڵێت و بەهەمان شێوە لە هەڕەمی (ماسلۆ ) ش بۆ پێداویستیەکان ئاماژەی پێکراوە ئەو ووڵاتانەی هێشتا لەخەمی دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانن وەک ( نان و ئاو و ….هتد ) هێشتا نەپرژاونەتەسەر هەوڵ دان بەدوای تێرکردنی بابەتە فیکری و ڕۆشنبیریەکان ، ئەمەش چەند قۆناغێکی یەک بەدوای یەکەو پێویستە کۆمەڵگە پێیاندا تێپەڕێت .بەڵام مەرجیش نیە هەموو کۆمەڵگەیەک، بۆ نموونە ووڵاتانی کەنداوی عەرەبی کە زۆر دوور نین و دراوسێمانن. بەواتایەکی تر ئەوان کیشەی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیان نیە، کەچی هێندەش پێشکەوتوو نین لەسەر ئاستی پێشکەوتنە زانستیەکانی جیهان.
کەواتە گەیشتن بە خۆشگوزەرانی کۆتایی ڕێگاکە نیە، بەڵکو هەنگاوی تری بەدواوە دێت ئەویش گرنگی دانە بە بواری پێشکەوتنی زانستی و ڕۆشنبیرکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە. ووڵاتانێکی وەکو ئیسرائیل و سەنگافوراو کۆریای باشوور و …هتد لەڕێی کتێب و زانستەوە پێشکەوتن و هەر یەکێکیشیان چیرۆکێکی پێشکەوتنی تایبەت بەخۆیان هەیە .مایەی خۆشحاڵیە کە چەند ساڵێکە دەبینین لە کوردستانی خۆشمان زۆرترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە هەن و خوێنەرێکی زۆریشیان هەیە و گەنج و لاوی ئەم سەردەمەش زۆرترین گرنگی بەبواری خۆ ڕۆشنبیر کردن دەدەن و ساڵانەش لەهەردوو شاری هەولێر وسلێمانی پێشانگای نێو دەوڵەتی بۆ کتێب دەکرێتەوە کە ئەمە مایەی خۆشحاڵیەکی زۆرە و دەرگای هەنگاو نان بەرەو دونیای مەعریفە و پیشکەوتنمان لێ دەکاتەوە.
کەوا دەکات خوێنەر زۆرترین و باشترین سەرچاوەی خۆ ڕۆشنبیرکردنی بکەوێتە دەست . لەهەموو بوارە جیاجیاکان و پسپۆریەکان با سەرچاوەکانیش فرە چەشن و هەمەجۆر بن لەڕووی بابەتەوە، گرنگ ئەوەیە خزمەت بە تەبایی ویەکڕیزی و خۆشەویستی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە بکەن و نەبنە هۆکاری دروستکردنی ڕق و کینە و لێکترازانی نێوانمان و نانەوەی دووبەرەکی و دروستکردنی درز لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە، چونکە ئێمه پێویستمان بە تەبایی و یەکڕیزی و خۆشەویستی هەیە كه ئهمانه سهرچاوهى هێزن لهناو ههر ميللهتێكي سهر ڕووى گۆي زهوي.