“دۆخی كورد و خێزانە ئاوارەكان لە ناوەڕاست و باشووری ئێراق”
بەهەمان شێوەی ئاواربوونی هەزاران خێزانی كورد، بۆ نێو خاكی ئێران، هەزاران خێزانی تریش، ئاوارەی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق كران. زۆرینەشیان بۆ شارو شارۆچكەو گوندەكانی باشووری ئێراق ڕاگوێزران. ژیانی ئەوانیش هیچ خۆشتر نەبوو لە ژیانی ئەو كوردانەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، بگرە خراپتر بوو، چونكە لانی كەم ئەوانەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، زۆر كەمیان بانگهێشتی دەزگاكانی ساواك و لێپێچینەوە كران. لەكاتێكدا ئەوانەی خۆیان بەدەست حكومەتی ئێراقەوەدا، دووچاری لێپرسینەوە بوونەوەو پەڕاوی تایبەتیان بۆ كرایەوە. ئەمەو جگە لەوەی هەندێكیان ئەشكەنجە دران و هەندێكیشیان بێ سەرووشوێن كران. هۆیەكەش ئەوەبوو، ئەوانەی كۆچیان بۆ وڵاتی ئێران نەكرد و لە ئێراق مانەوەو دواتر خۆیان بەدەست حكومەتی ئێرقەوەدا، كەوتنە ژێر چاودێری تووندی دەزگا ئەمنییەكانی ئیراق. بە ئاستێك چاودێری ئەوان زۆر توندتر بوو لە چاودێری دەزگاكانی ساواكی ئێران.
وەك شایەتحاڵەكان و چەند تۆمارێكی مێژوویی، باسیان كردووە، لەدوای ڕاگوێزانی خێزانە كوردەكان بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق، بە (دوو) شێوە ئاراستە كران. بەشێكیان خرانە ئۆردوگا زۆرملێەكانی دەوڵەت و بەهەمان دۆخی ئاوارەكانی نێو ئۆردوگاكانی وڵاتی ئێراندا تێپەڕین. بەشێكی تریان رێگایان پێدرا لەو گوند و شارۆچكەو شارانەی بۆیان دیاریكرابوو، نیشتەجێ ببن و كار بۆ خۆیان بدۆزنەوە و ژیانی خۆیان بەڕێ بكەن. وەك گوند و شارۆچكە و شارەكانی سەر بە پارێزگاكانی (ئەنبار، بابل، قادسیە، كەربەلا، نەجەف، زیقار، سەماوە، بەسڕە). واتە رێگایان پێدرا ماڵ بە كرێ بگرن و نیشتەجێ ببن، بەڵام ئەوەش دوای ڕەزامەندی دەزگاكانی ئەمنی ئێراق و مانەوەیان لەژێر چاودێری ئەواندا. هەروەها رێگایان پێدرا لەسەر كێڵگە كشتوكاڵییەكان وەك جوتیار و لە كارگە پیشەسازییەكان وەك كرێكار، كار بكەن. ئەوانەشی پێشتر فەرمانبەری دەوڵەت بوون، دوای دەركەوتنی سەلامەتی سیاسییان، بەوەی پێشتر كارێكیان لە دژی دەوڵەت ئەنجام نەداوە، خرانەوە سەر كارەكانی پێشوویان و بەو مووچەیەی مانگانانە بۆیان دیاری كرابوو، ژیانی خۆیان و خێزانیان پێ دابین كرد. لەم بوارەشدا هەر خرانە ژێر چاودێری توندی دەزگا ئەمنییەكانی ئیراقەوە. دیارە ئەمانیش و ئەوانەی لە ئۆردوگاكان نیشتەجێكران، پەڕاوی تایبەتیان بۆ كرایەوەو بە هەمان دۆخی ئۆرودوگاكانی وڵاتی ئێراندا تێپەڕین. هەروەها دوای ماوەیەك مانەوە لە ئۆردوگا، رێگایان پێدرا لە دەرەوەی ئۆردوگاكان كار بكەن و بژێوەی ژیانی خۆیان دابین بكەن.
بە گشتیش ژیانی ئاوارەكان لە ناوەڕاست و باشووری ئێراق، شتێكی وایان لە ئاوارەو پەنابەرانی ناو ئێران باشتر نەبوو، چونكە ئەوانیش سەرباری ئەوەی خرانە ژێر چاودێری تووندی دەزگا ئەمنی و حیزبییەكانەوە، منداڵەكانیشیان ڕووبەڕووی دۆخێكی نوێ بوونەوە. بەوەی دوای كۆتایی هاتنی پشووی هاوین، دەرگای خوێندنگاكان كرانەوەو خرانە بەر خوێندن، بەڵام خوێندن لە خوێندنگا عەرەبییەكان و لەنێو منداڵانی عەرەب و خوێندن بە زمانی عەرەبی. ئەمەو لەلایەن مامۆستایان عەرەبەوە وانەیان پێوترایەوە. دۆخێك پێشتر منداڵانی كورد بەخۆیانەوە نەبینیبوو. هەربۆیە ڕاهاتن بەو دۆخە نوێیە كاتی دەوویست و خۆڕاگری پێوویست بوو.
كێشەیەكی تری ئاوارەكان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق، ژینگەی ئەو ناوچانە بوو، بەوەی هاوینێكی گەرم و وشك و زستانێكی كەم بارانی هەبوو. ئەوەش بەپێچەوانەی زێدی خۆیانەوە، كە كۆێستان و چیایی و زستانی سارد و بەفر و بارانی زۆر و هاوینی فێنك بوو. هەربۆیە ڕاهاتن لەگەڵ ئەو كەشە نوێیە، ئاسان نەبوو، بەتایبەت كاتێك ئەوانەی ڕاگوێزران، كەوتنە كۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی هاوین. واتە لە سروشتێكی بەهاری كوردەوارییەوە، خرانە سروشتێكی هاوینی گەرم و ووشكی كۆمەڵگای عەرەبی.
سیاسەتێكی تر، كە حكومەتی ئێراق وەك دەوڵەتی ئێران لەگەڵ ئاوارەكان پیادەی كرد، جیاكردنەوەی بنەماڵەكان بوو لە یەكتر. واتە هەر خێزانە بۆ شوێنێكی دیاریكراو گوازرانەوە. بە ئاستێك خێزان هەبوو لە گوند یان شارۆچكەیەكی پارێزگای (بابل) یان شاری (حیللە) جێگیر كرا، بەڵام براكەی ڕەوانەی گوندێكی پارێزگای (قادسیە) یان شاری (دیوانیە)ی مەڵبەندی هەمان پارێزگا كرا. ئەمەو جگە لەوەی براكەی تریان، یان خوشكەكەی ڕەوانەی شاری (رومادی) یان شارۆچكە و گوندێكی پارێزگای ئەنبار كرا.
بەو حاڵەوەش دەسەڵاتدارانی ئێراق لەرێگای تۆڕە فراوانەكانی دەزگای ئەمن و ئۆرگانە جیاجیاكانی حیزبی بەعسی دەسەڵاتدار، سەرجەم جوڵە و چالاكی و سەردان و هاتوچۆ و تەنانەت قسەكردنی ڕۆژانەشیانی خستە ژێر چاودێری توندەوە. هەربۆیە ڕاهاتن بەو دۆخە نوێیە، نەك تەنیا قورس بوو، بەڵكو شوێنەواری خراپی بەسەر كۆی تاك و خێزانەكانی كوردەوە بەجێهێشت. ئەمەو بەو دۆخەشی تێكەوتوون، بۆیان دەركەوت، كە شۆڕشەكەیان لە دژی ئەم دەوڵەت و حكومەت و پارتە دەسەڵاتدارە، چەند ڕەواو لە شوێنی خۆیدا بووە. هەروەها بۆیان دەركەوت، كە دەستپێكردنەوەی شۆڕش، چەندە پێویستە و چەندیش گرنگە هەرچی زووە دەست پێبكاتەوە.