بەدەر لە ئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکانی جەنگەکە لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمایەتی، چاوەڕوان دەکرێت جەنگی (ئیسرائیل-غەززە)لەمەڕ ناوخۆی دەوڵەتی ئیسرائیل چەند لێکەوتەیەکی کارگەری هەبێت و ڕەنگدانەوەی بەسەر هاوکێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەوە هەبێت، کە پێمان وایە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕببێتەوە:
١-وەک ئەوەی لە ئیسرائیل نەریتە لەدوای هەرجەنگێکی گەورە، بەبێ گوێدانە ئەنجامی کۆتاییەکەی، لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵە و کەموکوڕیەکان پێکدەهێنرێت. هاوشێوەی ئەوەی لە پاش جەنگی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ (جەنگی یۆم کیپور) لەژێر ناوی لیژنەی “ئاگرانات”بەڕێوەچوو. بەڵام جیاواز لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیە، کە دەزگای هەواڵگری سەربازی ناسراو بە “ئامان”ی بە بەرپرسیارزانی لەبەرامبەر کەم و کوڕیەکاندا، چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە دەزگای”شابات”کەبەپلەی یەکەم بەرپرسە لە هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە. وەک بەرپرسیاری سەرەکی دیاری بکرێت و ڕوبەڕوی لێپێچنەوەی توند ببێتەوە. بێ گومان هەریەک لە دەزگاکانی”موساد” و “ئامان”یش بەدەرنابن لەم پرۆسەیە و چاوەڕواندەکرێت بەلایەنی کەمەوە سەرۆک و بەشێک لەئەفسەرانی باڵایان لە ئەرکەکانیان دوربخرێنەوە.
٢- لێپرسینەوەکان تەنها بە دەزگا هەواڵگریەکانەوە ناوەستێت، بەڵکو ڕەنگە لێپرسینەوەکە درێژببێتەوە بۆ سوپا و لە سەرۆکی ئەرکانی سوپاوە تا فەرماندەی بەرەی باشوور و تەنانەت وەزیری بەرگری و هەندێک ئەفسەری باڵاش بگرێتەوە.
٣- دیسانەوەی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی کۆتایی جەنگەکە پێشبینی دەکرێت کۆتایی ئەم جەنگە کۆتایی سیاسی “بنیامین ناتانیاهۆ”ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێت. چونکە چاوەڕوان ناکرێت ئەمجارە وەک ئەوەی لیژنەی “ئاگرانات” لەدوای جەنگی ئۆکتۆبەر ئەنجامی دا سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکان بکاتە قوربانی سیاسیەکان!!. بەڵکو چاوەڕوان دەکرێت بەهەمان شێوە سەرکردە سیاسیەکانیش، بەتایبەت “ناتانیاهۆ”ڕوبەڕوی سزا و لێپێچینەوەی توند ببنەوە و بڕیاری گۆشەگیرکردنیان بدرێت.
٤- هەڵکشانی پێگەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لەبەرامبەر ناتانیاهۆدا، چونکە لەڕابردوودا بەبەردەوامی هۆشداریان دابوو لە مەترسیەکانی “حکومەتی توندڕەو” بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ، بەرجەستەبوونی ئەم هەڕەشانە لە میانەی “باهۆزی ئەقسا”دا دەتوانێت کەرەستەیەکی گرنگ بێت تاوەکو وەبەرهێنانی سیاسی خۆیانی لەسەر بنیاتبنێن و لەحکومەتی ئایندەدا پێگەی گرنگ مسۆگەربکەن. ئەمەش دیسانەوە هەڕەشەیەکی دیکەیە، کە ئایندەی سیاسی “ناتانیاهۆ” و کابینەکەی دەخاتەژێر پرسیارەوە.
٥- بەهۆی ئەوەی لە بۆنە ئاینیەکاندا دام ودەزگاکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی تەواوەتی لەپشودان، حکومەتی ئیسرائیل بۆ دووەمین جارە لەمێژوی خۆیدا دوچاری پەلامارێکی چاوەڕواننەکراو و تراژیدی دەبێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت دوای جەنگەکە گوتاری عەلمانیەکان زاڵبونێکی فراوان بەخۆیەوە ببنینێ و بازنەی داخوازیەکان بۆ کۆتاییهێنان بە کاریگەری ئاین بەسەرکایەی سیاسیی و کلتوری ئەو وڵاتەوە فراوان ببێت.