“پێش باس: هاتنی جوو بۆ كوردستان”
سەبارەت بەكاتی هاتنی جوو بۆ كوردستانی ئێراق سەرچاوەیەكی زۆری لەسەر هەیە، بەڵام تێكڕا كۆك نین لەسەر كاتی هاتنی جوو بۆ كوردستان و هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن: ڕیشەی جووی ئێراق و كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەدیلگرتنیان لەلایەن پاشای بابلیەوە (نبوخت نەصر – 586 پ . ز )، بەڵام هەندێك لەسەرچاوەكان ڕیشەی جووهكانی كوردستان و ئێراق دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی پاشا (شەلـمان نصر، 721)، و (سەنماری – 702 پ. ز)، كە ژمارەیەكی زۆریان لێ هێنان بۆ كوردستان، سەرچاوەكان دەڵێن: كۆنترین بوونی جوولەكە لە كوردستانی ئێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووری لە ماوەی (911 ـ 6129 پ. ز) كە هەموو ناوچەكانی (هیلال الخصیب) و (مصر)یان، خستبویە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، و هەر ئەمەش هانیدان كەدەست بگرن بەسەر مەملەكەتی ئیسرائیل و خەڵكەكەی بەدیل بهێنن بۆ ناوچە شاخاوییە دوورەكانی كوردستان.(1)
“سەرژمێری جووەكانی كوردستان”
بەپێی ئەو سەرژمێرییانەی كراوە، ئاماژەیان تیادایە سەبارەت بەژمارەی جوولەكەكانی كوردستان، هەرچەندە لەوانەیە سەرژمێرییەكان تەواو نەبن، چونكە زۆربەی جووەكانی كوردستان لەگوند و ناوچە شاخاوییەكاندا نیشتەجێبوون، بۆیە لەوانەیە لەكاتی سەرژمێریدا بەخەمڵاندن دانرابێتن بەهۆی نەگەیشتنی لیژنەی سەرژمێری بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت-بەشێوەیەكی گشتی- پشت ببەسترێت بەو سەرژمێرییانە، جا بەپێی ئەو سەرژمێرییەی كە لەكۆتایی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا ئەنجامدراوە، جوولەكەكانی كوردستان بەنزیكەی (60) هەزار كەس خەمڵێنران، بەپێی سەرژمێری ساڵی (1920) كە لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە ئەنجامدراوە، ئەم ژمارانەی لای خوارەوەی بەپێی بوونیان لەشارەكان و ناوچەكاندا بۆ داناون:
ویلایەتی موصڵ 7635
كەركوك 1400
هەولێر 4800
سلێمانی 1000
كۆی گشتی دەكاتە (14835) ئاینداری جوو. (2)
هەروەها لە سەرچاوەكاندا هاتووە، كە لەسەدەی (19) و لەسەردەمی حوكمی (داود پاشا)دا، نزیكەی (1500 ـ 1800) جوو لەسلێمانی هەبوون و لەشاری موصڵیش (1000) كەس بوون و بەپێی ڕاپۆرتی (لۆزان) ژمارەی جوولەكە لە ویلایەتی موصڵدا (1300) كەس بوون و لە ڕاپۆرتی بەریتانیاشدا لەساڵی (1921) ژمارەی جووەكانی كوردستان (16,865) كەس بوون، وە لە سەرژمێری ساڵی (1933)دا، كە لەلایەن حكومەتی ئێراقەوە ئەنجامدراوە بە (11,897) كەس خەمڵێنراون، بەڵام سەرجەمی ژمارەی جوو لەئێراق و كوردستاندا لەلایەن (نوری سەعید)ـەوە، لەكۆتایی جەنگی جیهانی یەكەمدا بە (200,000) كەس دانراون! (3)
بەڵام بەپێی سەرژمێری ساڵی (1947) كە لەلایەن حكومەتی ئێراقییەوە ئەنجامدراوە، بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:
ناوی لیوا ژمارەی نێر ژمارەی مێ كۆی گشتی
1- لیوای موصڵ :
قەزای موصڵ 2747 2941 5688
قەزای زاخۆ 734 660 1394
عەقرە (ئاكرێ) 407 607 1014
(ئامێدی) 153 150 1203
دهۆك 634 610 1244
شێخان 82 81 163
تەلەعفەر 9 5 4
شەنگال 275 250 525
كۆی گشتی (10345)
2- لیوای كەركوك:
قەزای كەركوك 1518 1511 3029
قەزای چەمچەماڵ 2 2
داقوق 313 272 585
كفری 215 211 426
كۆی گشتی (4042)
3- لیوای سلێمانی : ـ
قەزای سلێمانی 741 776 1517
قەزای هەڵەبجە 307 332 639
پشدەر 57 58 115
كۆی گشتی (2271)
4- لیوای هەولێر :
قەزای هەولێر 793 808 1601
قەزای ڕەواندوز 231 757 488
(مەخمور – دزەیی) 170 189 359
ڕانیە 95 88 183
كۆیە 189 251 441
زێبار 15 23 38
بەپێی ئەم سەرژمێرییەی لای سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە كۆی گشتی جووەكانی كوردستان لەساڵی (1947)دا، دەكاتە نزیكەی (19767) هەزار كەس. (4)
“دابونەریتی كوردە جووەكانی كوردستان”
پەیوەندی كۆمەڵایەتی:-
جووەكانی كوردستان وەكو كەمینەیەكی ئایینی، بەشێوەی گرووپ گرووپی بچوك لە گوند و شارەكان لەناو كوردەكاندا بڵاوبوونەتەوە و نیشتەجێبوون، ئەم جووانەش پێش دوو هەزار و پێنچ سەد ساڵا پەنایان بۆ ئێرە هێناوە، ئیتر لێرەوە دەستیان كرد بە تێكەڵاو بوون و خۆنزیككردنەوە لەسەرۆك عەشیرەتەكان و خۆگونجاندنیان لەگەڵ خەڵك، كوردەكان ڕێزیان لێ دەگرتن یارمەتیان دەدان و ڕێگایان پێ دەدان بەسەربەستی كاروباری ئایینی خۆیان ئەنجام بدەن، بۆ ڕاستی ئەم قسەیە (ساسۆن) كە یەكیكە لە كوردە جووەكان كە ئێستا لە ئیسرائیل نیشتەجێیە لە 1/5/1993 لە ئیسرائیل لە گۆڤاری مامۆستای كورد دەڵێت: “بەپێی مێژووی قسەی پیرە پیاوانی كوردستان نەتەوەی كورد زیاتر لەهەموو نەتەوەكانی دی ڕێزی جووەكانی گرتووە و وەكو هاووڵاتییەكی كورد سەیریان كردوون و پاراستویانن و بەهیچ جۆرێك بە چاوێكی سووك و بێگانە سەیری كوردە جوولەكەكانیان نەكردووە”. (5)
هەروەها (فێرنەر) لەكاتی گەشتەكەی بۆ ناوچەی كوردستان و شار و گوندەكانی لە مانگی تشرینی دووەمی (1834)دا، دەڵێت: بەڕێبەری “عەلی خدر ئاغا” لە سلێمانی دەرچووین بەرەو كفری گەیشتینە دێی (كەڕان) شەو لەوێ ماینەوە، یەكێك لەسیفەتەكانی ئەم دێیە ئەوە بوو دانیشتوانی بریتی بوون لە (150 ـ 200) ماڵ سێیەكی ماڵە جوو بوون، بەپێی ڕۆژگاری ژیان مسوڵمان و جووەكان ڕێكەوتبوون و بە تێكەڵبوونێكی باش تێكەڵاو ببوون. (6)
ئەم تێكەڵییەی جووەكان لەگەڵ كوردەكان دەگەیشتە ئاستی ژن و ژنخوازی، سەرچاوەكان لەزاری خەڵكی شارەكەوە ئەوەیان باسكردووە؛ كە جووەكانی هەڵەبجە زۆر ڕێزیان لێ دەگیرا و وەكو هاوشاری مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا و چەندەها جار موسوڵمانەكان ژنیان لێ هێناون، بۆ نموونە، كچی یەعقوب كە لە ئەشرافی جووەكان بووە شووی كردووە بە (مەلا ئەمینی كەریمی ڕەزا)، و هەروەها (ئەستێرەی كچی دوودە) موسوڵمان دەبێ و ناوی خۆی دەنێ (ئامینە خان) و شوو دەكات بە (باقی حاجی مرادخان)، هەروەها (ئامینە خانی كچی شاوڵەكەڕی زەڕەنگەر) شوو دەكات بە (تایەر بەگی جاف)، هەروەها (جەصلی) ناوێكی جوو هەبووە شووی كردووە بە (عەزەی حەمەسەعید) كە پیاوی (داود بەگی جاف) بووە، ئەمەش بەڵگەی خۆش پێكەوەژیانی مسوڵمانەكان و جووەكان بووە و هەروەها لەناوچەی سلێمانی لەكاتی كودەتای (ڕەشید عالی گەیلانی)دا، زیانێكی زۆر درا لەماڵ و سامانی جووەكان، بەڵام كاتێك شێخ مەحموود بوویە مەلیكی كوردستان، یەكێك لە گرنگرتین بڕیارەكانی پاراستنی ماڵ و سامانی جووەكان بوو، بۆیە كاتێك لە ئیسرائیل هەواڵی مردنی شێخ مەحموودیان لەساڵی (1958)دا، بیست، پارێزەر (ئیسحاق میری) بەناوی جووە كوردەكانەوە لە ڕادیۆی ئیسرائیلەوە سەرەخۆشی لە كورد كرد و دڵتەنگی خۆیانی دەربڕی. (7)
ژیانی كۆمەڵایەتییان:-
ئەو جووانەی لەشار و شارۆچكەی كوردستاندا دەژیان حاڵ و گوزەرانیان باشتر بوو لەوانەی كەلە گوند بوون و هەروەها لە 15 -20% جووەكانی كوردستان سەرقاڵبوون بەكاری كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕوماڵاتەوە و هەندێكیشیان خەریكی بازرگانی و پیشەی دەستی بوون، ئەم جووانە بەپێی كولتوور و ئایینەكەیان لەئامۆژگارییەكانی (تەورات) لایان نەدەدا و بێ فڕوفێڵ كاریان دەكرد و بەشێوەیەكی گشتی كار و پیشەی جووەكان بریتی بوو لە شوانی و جوتیاری و باخەوانی و ئاژەڵداری و هەندێكیشیان دووكاندار بوون، وەك زەڕەنگێڕی و وردەواڵە فرۆشتن و هەندێك پیشەی دەستیی، وەك دروستكردنی بەرماڵ و جاجم و خومچێیتی، جووەكانی زاخۆ و هەندێك ناوچەی تر بازرگانیان دەكرد)، وە زۆربەی هەرەزۆری جووەكان دەوڵەمەند بوون و مسوڵمانەكان پارەیان بەقەرز لێ وەردەگرتن، بەڵام شێوازی قەرزكردنەكە بە (ڕەهن) بوو، واتە دەبوایە موسوڵمانەكان لەداهاتی خۆیان شتێكیان بدایە بەجووەكان لەبری قەرزەكە و هەروەها جووەكان خۆشیان هەژاریان هەبوو، بەڵام لەنێو خۆیاندا لە سندوقێكدا پارەیان كۆدەكردەوە بۆیان و پاشان (حاخام) دابەشی دەكرد بەسەریاندا. (8)
ژنهێنانیان:-
جووەكان لەنێوان خۆیاندا ژن و ژنخوازییان كردووە، هەروەكو كوردەكان شایی و هەڵپەركێیان دەكرد و گۆرانی كوردیان دەووت، بە جلوبەرگی كوردی خۆیان دەڕازاندەوە، بەپێی دینەكەیشیان بۆیان هەبوو ژنێ یان دووان بهێنن، یەكێ لەنەریتەكانیان ئەوەبوو كاتێك كچێكی خۆیان بدایەت بەشوو، دەبوایە ماڵی كچە هەموو ئەرك و جلوبەرگیان بۆ كچەكەیان لەئەستۆ بگرتایە و هەروەها جووەكان هەروەكو مسوڵمانەكان كوڕیان خەتەنە دەكرد، بەڵام خەتەنەكردنی كچ لەنەرێتیاندا نەبوو. (9)
شەممەی جووان:-
ئەم ڕۆژە لای جووەكان ڕۆژێكی پیرۆزە، بەپێی شەریعەتی ئەوان هەموو جۆرە كارێك قەدەغەیە، تەنیا بەخواپەرستی و نوێژ و خوێندنەوەی بابەتی پیرۆزی ئایینی و فێربوونی ئایین خەریك دەبن، نەرێتی جوولەكەكان وابوو، هەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی پێش خۆرئاوا بوون شیویان بۆ ڕۆژی شەممە ئامادە دەكرد و مەنجەڵەكەیان لەسەر ستوونی ناوكە خورما دادەنا و بەجوانی سەریان دادەپۆشی، بۆ ئەوەی بۆ ڕۆژی شەممە سارد نەبێتەوە، بەناوبانگترین شیویان بریتی بوو لە (كفتەی خڕیلەی ناواخن پڕ لەقیمە) و شلەكەیش ئاوی بەزەردەچەوە بوو، ئێستایش كوردەكان شیوی ساردیان بخەیتە بەردەم، دەڵێن: (دەڵێی كفتەی شەممەی جوانە!)، هەروەها نەرێتی شەممەی جووان وابوو لەم ڕۆژەدا بەهیچ شێوەیەك ئاگریان نەدەكردەوە، تەنانەت شەوی شەممان، مسوڵمانەكان دەچوون فانۆسیان بۆ دادەگیرساندن! (10)
جەژنەكانیان:-
جووەكان جەژنیان زۆر بوو لەهەموویان پیرۆزتر جەژنی (كەپرەشینە) بوو كە لە لەپازدەهەمین ڕۆژی مانگی حەوتی ساڵنامەی جوودایە و هەشت ڕۆژ دەخایەنێ، ڕۆژی یەكەم و ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگی گەورە دەگێڕن، ئەم جەژنە دەكەوێتە مانگی سەرماوەزی كوردی و دوا ڕۆژی مانگی تشرینی دووەمی زایینی، كە نیشانەیەكی تایبەتیشیان بۆ ئەم جەژنەیان هەبوو، ئەویش دەبوایە لە ماوەی ئەم (8 -10) ڕۆژەدا جارێك باران ببارێت، جەژنێكی تریشیان جەژنی (نانی بێ خوێ، یان فەقیرە) بوو، ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كاتێك موسا پێغەمبەر (د.خ) لەدەست فیرعەون هەڵهات، نانی بێ خوێی دەخوارد و ئەمەیش جەژنێكی جوولەكەیە و حەوت ڕۆژ دەخایەنێ، بۆیە هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا جووەكان ئەو جەژنەیان دووبارە دەكردەوە و نانی بێ خوێیان دەخوارد. (11)
مردن:-
بێگومان جووەكان بڕوایان بەمردن و زیندوبوونەوەی دواڕۆژ هەبوو، هەمیشە ڕێزیان لەمردوو دەنا، جووەكان گۆڕستانی خۆیان هەبوو جیاواز لەگۆڕستانی مسوڵمانان، شایەتحاڵەكانی ئەو دەمە دەڵێن: لەكاتی قەبرلێدانیان خاكەنازیان بەكاردەهێنا و بەرزیان دەكردەوە لەگەڵ بەرزی خۆیان، ئەوجا بەقوڵایی ئەو خاكەنازە مردووەكەیان دەناشت و هەرجوویەك لەگەڵ جەنازە بچووایە، دەبوایە بەردێك وەك نیشانەی خۆشەویستی لەگەڵ خۆی ببات و سەرینگای جووەكان بەپێچەوانەی مسوڵمانەكان بوو، سەری دەكەوتە ڕۆژهەڵات، لەسەر شانی ڕاستی درێژیان دەكرد، كە مردووەكەیان دەخستە ناو گۆڕەگە ڕوویان لە ڕۆژهەڵات دەكرد، (مالم) بەردەوام شتی دەخوێند، هەندێ خۆڵی هەڵدەگرتەوە و دەیخستە ناو گۆڕەكە، دواتر بەردیان لەسەر سنگی دادەنا و پڕیان دەكردەوە، مالم بەزوبان و دینی خۆیان تەڵقینی دەدا و نزای بۆ دەكرد، جووەكانیش شتێكیان دەگوت وەكو (ئامین)ـی، مسولـمانەكان، جووەكان نەریتیان وابوو، كچێكی شۆخ ئەگەر شووی نەكردایە و بمردایە، دەیان شووشت و بەجلوبەرگی بووكێنی و گوارە و ئەنگوستیلەی زێڕ و پارچە زێڕێكی بچووكیشیان لەژێر زمانی دادەنا و ئەوجا كفنیان بۆ دەكرد و ئینجا لەنێو گۆڕیان دەنا. (12)
شێوەی پرسەی جووەكان:-
مسوڵمانەكان بەشداری پرسەی جووەكانیان دەكرد، لەكاتی چوون بۆ پرسەیان نەدەبوو بڵێن: (خوا لێی خۆش بێ)، چونكە ئەم بابەتە لەئایینی ئەواندا جیاوازە و دەبێ بگوترێت: (ئێوە سەلامەت بن)، هەر كاتێك جووەكان دەهاتنە پرسەی مسوڵمانەكان (قەشە) بڕێك بەپێوە ڕادەوەستا، ئەوجا دادەنیشت و بەخێرهاتنیان دەكردن و ئەوانیش دەیانگووت: (ئێوە خۆش بن). (13)
ناوەندە سەرەكیەكانی جوولەكە لە گوند و شارەكانی كوردستاندا:-
جووەكانی شاری هەولێر: لەناوجەرگەی شاری هەولێر نیشتەجێبوون، ژمارەیان زۆر بووە، ئەو كاتە لەخوارووی شاری هەولێرەوە گەڕەكێك هەبووە جوولەكەی لێ بوون، كە ژمارەیان نزیكەی هەزار كەس بووە، هەروەها ئەو جووانە لەسەردەمێكدا لەقەڵای هەولێر نیشتەجێ بوون، لەلایەكی ترەوە بەپێی سەرژمێری حكومەتی بەریتانیا لەساڵی (1920) نزیكەی (4800) جوولەكە لەشاری هەولێر نیشتەجێ بوون، لەسەرژمێرییەكی تردا كە حكومەتی ئێراقی لەساڵی (1945)دا، ئەنجامیداوە نزیكەی (3109) جوولەكە لەشاری هەولێری ئێستادا بوونیان هەبووە، لەكۆتاییەكانی دەسەڵاتی عوسمانیدا ئەو ناوەندەیان گواستەوە بۆ گەڕەكێك لەشاری هەولێر بەناوی (تەعجیل)ـەوە. (14)
ژمارەیەكی زۆر جوو لەگەڕەكی (تەعجیل) نیشتەجێ بوون و زۆر ساماندار بوون، پەیوەندییان لەگەڵ مسوڵمانە كوردەكاندا باش بووە، هەروەها جووەكان جەژنێكی تایبەتیان هەبووە بەناوی (كەپرەشینە) لەكۆتایی مانگی پایزدا بوو، سەبارەت بەگەورەی جووەكان لەم شارەدا، ناوی (صاڵح یوسف نوری) بووە و سەرپەرشتیانی دەكرد، جووەكان بەزۆری ئافرەتیان لێ مسوڵمان دەبوو، وەك (حاجی فاتمە) مسوڵمان بووە و لەگەڕەكی (سەیداوە) دادەنیشت، هەروەها (حاجی فەقێ مراد) بازرگانێكی گەورە بوو لە شاری هەولێر بەماڵ و منداڵەوە مسوڵمان بوون، حاجی موراد قورئانخوێنێكی زۆر چاك بوو، مزگەوتێكی دروستكرد بەناوی مزگەوتی (فەقێ موراد) لەسەرجادەی شەستی، حاجی موراد لە (1/11/2001) ژیانئاوایی كردووە. (15)
جووەكانی هەولێر بەگشتی سەرقاڵی كاری بازرگانی و دووكانداری و سبوخچێتی و زەڕەنگەری بوون، هەروەها زۆربەیان دەوڵەمەند بوون، لەناودارەكانیان وەك:
– (صاڵح یوسف نوری)، زمانڕاستی جووەكان بوو لەگەڕەكی تەعجیل.
– (دانیال عزەرە قەساب) مامۆستایەكی هونەرمەند بوو.
– (زەكی باروخ) مامۆستای هونەر و مۆسیقاژەن بوو.
– (ساسۆن ڕدێن) گەورە دووكاندارێكی ناسراوبوو لەهەولێر.
– (نەسیم دائی) قوماشفرۆش بوو.
– (موشی كۆج شەمعون) بەهارات فرۆش بوو.
– (نامۆم پیخلی) مەی فرۆش بوو. (16)
جووەكانی ئاكرێ:-
لەشاری ئاكرێ نزیكەی (100 ـ 120) ماڵی جوو هەبوون و گەڕەكی تایبەت بە خۆیان هەبووە بەناوی (جۆسلی: jewsily)، واتە: شاری جوولەكە، هەندێكی تریشیان لەگەڕەكی (حەزینگا) دەژیان، هەروەها كەنیسە و گۆڕستانی تایبەت بەخۆیان هەبووە و تا ئێستایش شوێنەواریان ماوە. (17)
لەبارەی زەماوەندی ژنهێنانیانەوە وەكو مسوڵمانەكان وابوون، دەگێڕنەوە، كاتێك دەهۆڵیان لێدەدا هەموویان بەیەك دەنگ دەیانگوت: (ئیسڕائیل)! وە كاتێك مردوویەكیان لێ بمردایە بەجوانترین شێوە دەیانناشت، (حاخام) بەزمانی خۆی تەڵقینی دەدا. (18)
جووەكانی دیانا:-
جووەكانی ئێرە لەدێهاتەكانی (بادلیان، دیانە، مجییە، ڕەواندوز) هەبوون، لەگوندی (بادلیان) ژمارەیان نزیكەی (10) ماڵ بوو، لەگەڵ موسوڵمانەكان تێكەڵاوبوون، هەروەها ماڵەكانیان بەتەنیشت یەكترەوە بوون، جووەكان لەنێوان خۆیاندا بەزمانی (عیبری) قسەیان دەكرد، بەڵام هەموویان ڕۆژانە بەكوردی قسەیان دەكرد، هەندێك لەم جووانە دەبوونە دەستوپێوەندی ئاغاكان، سەبارەت بەكارو پیشەی جووەكانیش، زۆربەییان بەكاری جوڵایی و ڕەنگكردن خەریكبوون، جووەكانی بەگشتی زۆر سووربوون لەسەر ئایینی خۆیان و گرنگییان زۆر پێدەدا و هیچ جۆرە سازشێكیان لەسەر ئاینەكەیین نەدەكرد، (میخائیل، بەخشی، چامۆبناس، داود) ناوی هەندێك لە جووەكانی دیانا بوو. (19)
جووەكانی ڕۆستێ:-
ژمارەی جووەكانی گوندی (ڕۆست) دەگەیشتە نزیكەی (110 ـ 140) هاووڵاتی، نزیكەی (17 ـ 20) ماڵ دەبوون، خانووەكانیان نزیكی یەكتری دروستدەكرد، وەكو گەڕەكێك لەگوندەكەدا دیاربوون، زۆر هەرەوەزی یەكترییان دەكرد، جووەكانی (ڕۆست) دەوڵەمەند بوون و خەریكی كاری دروستكردنی ڕانكوچۆغە بوون، گوزەرانیان لە مسوڵمانەكان باشتر بوو، چونكە خاەون پیشە و كار بوون، زۆرجار مسوڵمانەكان پارەیان لێ قەرز دەكردن، لێرە هەڵسوكەوتی مسوڵمانەكان لەگەڵیاندا باش بوو، سەبارەت بە دابونەریتی ژنهێنان و گواستنەوەی بوك لایان، هەروەك كوردەواری خۆمان وابوو، هیچ گۆڕانكاری وای تێدا بەدی نەدەكرا، مسوڵمانەكان دەچوونە زەماوەندی ئەوان ئەوانیش دەچوونە زەماوەندی مسوڵمانەكانەوە، هەروەها لەم گوندەدا گۆڕستانی خۆیان هەبوو، بۆ ناشتنی مردووی خۆیان. (20)
یەكێك لەهاووڵاتیانی ئەم گوندە دەڵێت: ئەو كات لەگوندی (ڕۆست) قوتابخانە هەبوو هەندێ قوتابی جوو لەگەڵماندا بوون، وەك: (ئاهودەی كوڕی بلیل، ملمۆكی سۆنوێ، حیصل برانسیوك)، (بنیامین) ناوێك لەم گوندەدا وەكو ڕیش سپی و گەورەیان هەڵسوكەوتی دەكرد و بۆ كاروباری خۆیان پرسیاریان لێدەكرد، هەروەها پیاوێك بەناوی (مۆزەخانەی گوند) جارنا جارێ بۆ ماوەی سێ مانگ و بگرە زیاتریش بزر دەبوو، دوایی كە دەهاتەوە لێیان دەپرسی لەكوێ بوویت؟ دەیگوت من (مالم)ـم، لەگوندەكاندا دەگەڕێم بۆ سەربڕینەوەی ئاژەڵەكان و هەواڵی جووەكان و كاروباری ئایینییان، بەڵام دوای ئەوەی كە گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل گوتی: من فێڵتانم لێكرد، هەموو جارێ دەچوومەوە بۆ ئیسڕائیل، لەوێ سەرقاڵی كاری ڕامیاری بووم! (21)
(ژەمێرە رۆنۆ، ماڵی شێت، میكایل ڕزی، برایم جوو، چڕورلینعاس، شەبەتە، ماڵم دانیر)، ناوی هەندێكە لەو جووانەی ئێرە، (بلبل، شیرین، مەلكان، ناز، لێرۆك، رفقە) ناوی ژمارەیەكە لە ئافرەتە جووەكانیان كە لەوێ دەژیان. (22)
جووەكانی شەقڵاوە:-
لەساڵی (1880ز)دا، گەڕیدەیەكی فەڕەنسی بەناوی (ڤیستاڵا كوینی) سەردانی ئەم ناوچەیەی كردووە، بەتایبەتی شەقڵاوە، ئەو نووسیویەتی: ژمارەی دانیشتوانی شەقڵاوە لەو دەمەدا نزیكەی (1500) كەس بوون، (1050) كەسیان مسوڵمان و (45) كەسیان مەسیحی و (50) كەسیشیان جوولەكە بوون، ئەمانە كارو پیشەیان بۆیاخچێتی و كۆتاڵ فرۆشتن و دوكانداری و ئەوانە بووە، بەناوبانگترین فرۆشیاریان ناوی (نیسوو) بوو، دەوڵەمەندترینیان ناوی (دانوو) بوو، هەندێكی تریان مامۆستا بوون، وەكو (زەكی باروخ)، گۆڕستانی تایبەت بەخۆیان هەبووە، كە لەشوێنێكی بەرز لە ڕۆژهەڵاتی شەقڵاوەدا بووە، دابونەریتیان وەكو كوردەكان وابوو، بەڵام بەپێی ڕێنمایی ئاینی خۆیان پەرستشیان ئەنجام دەدا، (ڕێنماییكاری ئاینییان – حاخام) لەگوندی (هەریر) دادەنیشت. (23)
من بەچاوی خۆم ئەوەم بینی، لەكاتی جەژنی جوولەكەكاندا مسوڵمانەكان سەردانیان دەكردن و جەژنە پیرۆزەیان لێدەكردن. (24)
جووەكانی بەحركە:-
ژمارەی جووەكانی بەحركە (10 ـ 15) ماڵ دەبوون، زۆربەیان بەكاری دەستیی خەریك بوون، وەكو كوتاڵ فرۆشتن و دروستكردنی بەرماڵ و جاجم، بەم كاروپیشانە بژێوی خۆیان دابین دەكرد، جووەكان هەمیشە هەوڵیان دەدا خۆیان لەگەڵ خەڵكی ناوچەكەدا بگونجێنن، سەبارەت بە بۆنەكانیان، بۆنەیەكیان هەبوو پێی دەگوترا (كەپرەشینە) دەكەوتە كۆتا مانگی پایزەوە، چۆنێتی جەژنەكەیش ئەوەبوو كۆمەڵە جوویەك كەپرێكیان بە قوماشی ڕەنگا و ڕەنگ دروست دەكرد و ئەو قوماشانەیان پیایدا هەڵدەواسی، قوماشی تریان بە ڕەنگاوڕەنگ دەكرد و دایاندەنا و لەو ڕۆژەدا ئاگریان نەدەكردەوە، ڕۆژی هەینی شیویان لێ دەنا، هەروەها گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان هەبوو، مردوویان تیادا دەناشت، ئێستایش بە گۆڕستانی جوولەكەكان ناسراوە. (25)
جووەكانی ناوچەی دزایەتی دەشتی هەولێر:-
دەشتی دزایەتی هەولێر ژمارەیەكی زۆری جووی لێبوو، لە دێرزەمانەوە لەوێ لەگەڵ خەڵكی ئەو ناوچەیە نیشتەجێ بوون، تێكەڵاوییەكی باشیان هەبوو لەگەڵ خەڵكەكە، جووەكان بەكاری كشتوكاڵی و ووردەواڵە فرۆشتنەوە خەریكبوون. (26) ئەو گوند و شارۆچكانەی لەم دەڤەرەدا جووی تێدا نیشتەجێبوون ئەمانە بوون: (گوندی سۆربەشی خدری پاشا)، پێنج ماڵی جووی لێبوو، وەكو ماڵی (ئیسحاق ـ میكاییل ـ بنیامین)، هەروەها لە (گوندی قازایخاند)یش (4) ماڵ هەبوون، لەوانە ماڵی بنیامین ساڵحۆكی، (گوندی قورلشاغڵۆ) چەند ماڵێكی لێبوون، لەوانە ماڵی (موشی)، كە ژنەكەی ناوی (سێمۆن) بوو، دوو كوڕ و دوو كچی هەبوون، هەروەها لەگوندی (ئۆمەراوە) سەربەناحیەی قوشتەپە (3) ماڵی جووی لێ بوو، لەوانە ماڵی (دانیاڵ) و ماڵی (یەعقوب) و ماڵی (شالوم)، وە لە گوندی (گروملا)ـی، ڕۆژهەڵاتی ناحیەی قوشتەپەش (12) ماڵە جوو هەبوون، لەناوچەی (مەخمور)یشدا، چەند ماڵە جوو یەك هەبوون. (27)
جووەكانی كۆیە:-
له شاری كۆیە نزیكەی (60 ـ 70) ماڵە جوو هەبوون، لەپێشدا بەگشتی لە كۆنە قەڵای گەڕەكی (هەداوان) بوون و پەرستگایەكیشیان لەوێ هەبوو، پاشان ماڵیان گواستەوە بۆ گەڕەكی (بەفریقەندی) لەدەوروپشتی (مزگەوتی حەتك)، بەوێیان دەگوت: (گەڕەكی جوولەكان)، هەروەها جووەكان منداڵەكانیان تا دەگەیشتنە (15 ـ 16) ساڵی بسكۆكەیەكیان هەبوو پێ دەگووترا (زوڵف)، زۆر پێی دەناسرانەوە. (28) جووەكان لەم شارەدا گۆڕستانی تایبەت بەخۆیان هەبوو، كە لەسەر درێژە گردێك بوو پێی دەگوترا (گردی جووانی)، دەكەوتە ڕۆژهەڵاتی شاری كۆیە. (29)
جووەكانی سلێمانی:-
لەدێرزەمانەوە ژمارەیەكی زۆر جوو لەگوندەكانی دەوروپششتی سلێمانیدا ژیاون، ئەمانە پێشتر لەدەوروبەری قەڵاچوالان بوون و دوایی هاتوونەتە ناو شاری سلێمانی. (30) دێرینترین سەرچاوە باس لە جووەكانی ئەم ناوچەیە بكات، گەشتەكەی (ڕیچ)ـە، كە لەساڵی (1820ز)دا، هاتۆتە كوردستان، سەبارەت بەشاری سلێمانی دەڵێت:(شارەكە ژمارەی دانیشتوانی (10000) كەس دەبێ و نزیكەی (2144) خانووی تێدایە، (103) خانوویان هی جووە. (31) هەروەها (مێجەرسۆن) لەكتێبەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ناوچەكەی سلێمانی و دەوروبەری، كورد و جوو و گاوری تێدا بووە، ژمارەی ماڵەكانی (1000) خانوو بوون، لەساڵی (1822ز)دا، نزیكەی (800) كەس لە جوو و گاور و كلدانی تێدابووە. (32) لەساڵی (1868ز)دا، گەڕیدە (لیك لاما) ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی بەم شێوەیە داناوە، (6) هەزار خێزانی مسوڵمان و (30) خێزانی (كلدان) و (150) خێزانی جوولەكە. (33)
لەلایەكی ترەوە (مستەر هارت) لە ساڵی (1830ز)دا، ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی بە (10) هەزار كەسێك خەمڵاندووە، لەوانە (130) ماڵی جوولەكە و (9) ماڵی كلدانی و (5) ماڵی ئەرمەنی. (34)
هەروەها (مێجەرسۆن) كە خۆی لە ساڵی (1919ز)دا، حاكمی سیاسیی شاری سلێمانی بووە، دەڵێت: ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی گەیشتۆتە (9787) كورد، (572) جوو و (60) كلدانی. (35) بەپێی سەرژمێری بەریتانیاش لەساڵی (1920)دا، هەزار جوو لەسلێمانی هەبوون، لەسەرژمێری ساڵی (1941ز)دا، كە لەلایەن حكومەتی ئێراقییەوە ئەنجامدراوە، ژمارەی جوو بە (2271) كەس خەمڵێنراوە. (36) پیشەی هەرەگرنگی جووەكان لەشاری سلێمانیدا ئەمانە بوون، زەڕەنگەری، بەزازی، عەتاری، بازرگانی، دوكانداری و هەروەها كۆتاڵفرۆشی و بۆیاخچێتی و دروستكردنی ڕەف و بەرماڵ و جاجم، ئەوان لەچاو كەمیی ژمارەیانەوە بەشێكی زۆری بازاڕیان بەدەستەوە بوو، ئەگەر گوزەرانیان بەراورد بكەین لەگەڵ گوزەرانی كوردەكاندا گوزەرانی جووەكان زۆر باشتر بوو. (37)
جووەكانی شاری سلێمانی پەرستگا و قوتابخانەی خۆیشیان هەبوو، لەڕووی دابونەریتیانەوە زۆر باش بوون لەگەڵ یەكتریدا، لەناوخۆیاندا ژن و ژنخوازیان دەكرد، هەروەها ڕێزێكی زۆریان لە ژن دەگرت، كاتێك كوڕیان ببوایە ڕاستەوخۆ دەخیلەیان بۆ دادەنا، ڕۆژانە بەپێی توانا بڕێك پارەیان تێدەكرد، تا تەمەنی (18) ساڵ! مەبەست لەم كارەشیان ئەوە بوو، كە لەم تەمەنەی خۆیدا پارەیان داوەتێ بۆئەوەی بیكاتە دەستمایە و بەڵكو لەژیانیدا پشت بەخۆی ببەستێت، لەنەریتیاندا نەبوو ژوور یاخود خانووی زیادە دروست بكەن بۆ ئەوەی بیدەن بە كرێ، و ئەگەر كوڕیان ژنی بهێنایە لەگەڵ خۆیاندا دەژیا، لەگەڵ ئەوەیشدا كێشەی بووكوخەسوویان نەبوو. (38) هەروەها سەبارەت بەڕۆژی (شەممە) و جەژنەكانی (كەپرەشینە، فەقیرە، هامان) ئەمان لایان زۆر پیرۆز بوون، هەروەها لەم شارەدا گەڕەكی تایبەت و گۆڕستانی تایبەت بەخۆشیان هەبووە. (39)
ناوی هەندێك لە جووە ناودارەكانی شاری سلێمانی: (خواجە سەعید ئیسحاق، عەبدوڵڵا بنورش، حەمەوی داود، شەمعون شاولی، میخائیل یانەیە، حاخام خواجەمیرە ئەفەندی، خواجە ساڵح بنورش، خواجە یەعقوب حەسەنە جوو، خواجە ئیسحاق پێنجوێنی، ڕفایل – كە بەناوبانگترین زەڕەنگەر بوو. (40)
جووەكانی چەمچەماڵ:–
لەشاری چەمچەماڵ (چوار) ماڵە جووی لێبووە، ئەوانیش ناویان (ئیسحاق، میرەجوو، عەبدوڵڵا جوو ، ناجی جوو)، ئیسحاق قوماشفرۆش بوو، میرەجوو گەنمفرۆش بوو، هەروەها (لوولی) ئافرەتێكی جوو بوو بۆ یەكەمجار لەوێ دووكانی مەیفرۆشی دانا، مێردەكەیشی ناوی عەبدوڵڵا بوو، دووكانی شەكروچایی هەبوو، ڕیشسپی و گەورەی جووەكان لەشاری كەركوك دادەنیشت، ئەگەر یەكێكیان لێبمردایە دەیانبرد بۆ گۆڕستانی كەركوك، ئەوان ڕۆژانی شەممە دووكانیان نەدەكردەوە. (41)
جووەكانی پێنجوێن:-
(ڕیچ) لەگەشتنامەكەیدا بۆ كوردستان ئاماژە بۆ ناوچەی پێنجوێن دەكات و دەڵێت: (لەپێنجوێندا هەندێ بنەماڵەی جوولەكە هەبوون، خەریكی بازرگانی و پێستە فرۆشی بوون و بۆ (هەمەدان)یان، دەبرد، و هەندێكیشیان زەڕەنگەرییان دەكرد، هەندێكیشیان سەرقاڵی بازرگانی بوون لە نێوان شارەكانی (سنە) و (هەمەدان)دا. (42)
جووەكانی هەڵەبجە:–
دەڤەری شارەزوور و هەڵەبجە و دەوروبەری – بەهۆی بەپیتی خاكەكەی بۆ كشتوكاڵ خەڵكێكی زۆری تێدا نیشتەجێ بووە- بەم هۆیەوە جولەكەیەكی زۆریشی تێدا كۆبوونەتەوە، جوولەكەكانی هەڵەبجە دوای ئاوەدانكردنەوەی شارەكە ڕوویان كردووەتە ئەوێ و لەناوشاردا جێگیر بوون، خانوەكانیان بە پشت خانووی مسوڵمانەكانەوە دروستكردووە، پەرستگای تایبەت بە خۆیان هەبووە كە كاروباری ئاینییان تێدا ئەنجام دەدا. (43) جووەكان لە هەمووكەس دەوڵەمەندتر بوون, زۆربەی بازاڕ و دووكانەكانی شاری هەڵەبجە و قەیسەرییەكان هی ئەوان بوون، وەك (مێجەرسۆن) لەگەشتەكەیدا بۆ شاری هەڵەبجە دەڵێت: (لەبازاڕی هەڵەبجەدا (52) دوكان هەبوون, (20) دوكانیان هی جولەكەكان بوو، سەرقاڵی قوماشفرۆشی و بازرگانی بوون, جووەكان پلەی یەكەمیان هەبوو لەبازرگانیكردندا و ژمارەیەكیان بازرگانی گەورە بوون. (44) جووەكانی هەڵەبجە گۆڕستانی تایبەت بەخۆیان هەبوو لە گەڕەكی (مۆردانە) مردوویان لێ دەناشت، هەروەها بە ئازادی جەژنی (ژەقالە) و (كەپرەشینە)یان، ئەنجام دەدا. (45)
جووەكانی كفری:-
لەدێرزەمانەوە لەناو شاری كفری (40 ـ 50) ماڵە جوولەكە هەبوون، كە زۆربەیان كوردی قەرەداغ و سلێمانی بوون، لەسەردەمی عوسمانیەكاندا (قۆجە شاوڵ) دەمڕاستیان بوو، پاش ئەم (ساڵح دانیاڵ) بووە دەمڕاستیان، لە كفریدا زۆر ڕێزیان لەخۆی و بنەماڵەكەیشی دەگرت، كوڕێكی ڕووناكبیر و ناسراوی هەبوو بەناوی (حەسقیل)، ئەم كوڕە چەندجارێك بەرپرسیارێتی و كاروباری فەرمی لەدەزگاكانی دەوڵەتدا گرتۆتە دەست، دواتر كەسایەتییەكی زۆر دیاریان هەبوو بە ناوی (ئالیا خدوری)، ئەم پیاوە لای كاربەدەستانی دەوڵەت كەسایەتییەكی زۆر دەستڕۆیشتوو بوو، برایەكی هەبوو بەناوی (بیشان)، جولەكەكانی كفری گۆڕستانی تایبەت بەخۆیان هەبوو لەنزیك (دەربەند تاڵە)، وە لەدەوروبەری شاری (كفری)یشدا، هەندێ خێزانی جوولەكە هەبوون كە زۆر تێكەڵی خەڵكی ناوچەكە بوون! (46)
جووەكانی شاری كەلار:–
ئەو جوولەكانەی لەكەلاری كۆندا بوون، ژمارەیان (6 ـ 7) خێزان بووە، (نەسیم جوولەكە) دیارترترین كەسیان بووە، دایكی نەسیم ناوی (ساڵیحە) بووە، ژنەكەیشی ناوی (مری) بووە، نەسیم زۆر پیاوێكی دڵاوا و بەخشندە بوو، بەردەوام یارمەتی هەژار و لێقەوماوانی داوە، جووەكانی ناوچەی كەلار ژیانوگوزەرانیان زۆر باشتر بووە لەدانیشتوانی كەلار، زۆربەیان دەوڵەمەندبوون، تەنانەت (نەسیم جوولەكە) لەو دەمەدا ڕانەمەڕێكی هەبووە نزیكەی (300) سەر بووە! ئەگەر كەسێكیان لێبمردایە دەیانبرد لەشاری (خانەقین) لەگۆڕستانی تایبەت بە خۆیان دەیانناشت. (47)
ژێدەر و پەڕاوێزەكان:
(1). میجرسون، الترجمة: فوآد جمیل، رحلة منتكر الی بلاد مابین النهرین و كردستان، الطبعة الأولی، مطبعە الـحریّة، بغداد – 1971، ل234
(2). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، چاپی یەكەم، چاپخانەی كریستاڵ، هەولێر – 2000، ل86
(3). هەمان سەرچاوە، ل 112
(4). عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، یەهوودی عێراق و یەهوودی كوردستان، گۆڤاری گەلاوێژی نوێ، ژمارە (16)، پاییزی 2001، ل37 – 53
(5). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل112
(6). هەمان سەرچاوە، ل119
(7). كەریم زەند، ئایین و باوەڕ لە كوردستاندا, چاپخانەی كامەرانی, سلێمانی , 1971، ل189
(8). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل134
(9). هەمان سەرچاوە، ل136
(10). عەباس سڵێمان ئیسماعیل، ڕیشەی جوولەكەكانی كوردستان و دابونەریتیان لەپارێزگای هەولێر، گۆڤاری هەولێر، ژمارە (14)، بەهاری 2002، ل13 – 39
(11). هەمان سەرچاوە، ل22
(12). كەریم زەند، ئایین و باوەڕ لە كوردستاندا، ل155
(13). هەمان سەرچاوە، ل157
(14). گەڕەكی تەعجیل دەكەوێتە نێوان گەڕەكی عەرەب و سەعدوناوەوە، زۆربەی دانیشتوانی ئەم گەڕەكە جوولەكە بوون و كەمێكیان مسوڵمان بوون، بۆیە ئەو دەمە گەڕەكی (تەعجیل) كرابووە دووكەرتەوە، پێیان دەووت گەڕەكی تەعجیلی ئیسلام و گەڕەكی تەعجیلی جوولەكە. بڕوانە: ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل142
(15). هەمان سەرچاوە، ل144
(16). عەباس سڵێمان ئیسماعیل، ڕیشەی جوولەكەكانی كوردستان و دابونەریتیان لەپارێزگای هەولێر، گۆڤاری هەولێر، ژمارە (14)، بەهاری 2002، ل28
(17). هەمان سەرچاوە، ل29
(18). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل145
(19). هەمان سەرچاوە، ل146
(20). عەباس سڵێمان ئیسماعیل، ڕیشەی جوولەكەكانی كوردستان و دابونەریتیان لەپارێزگای هەولێر، گۆڤاری هەولێر، ژمارە (14)، بەهاری 2002، ل30
(21). هەمان سەرچاوە، ل31
(22). هەمان سەرچاوە، ل31
(23). كەریم زەند، ئایین و باوەڕ لە كوردستاندا، ل166
(24). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل135
(25). هەمان سەرچاوە، ل137
(26). عەباس سڵێمان ئیسماعیل، ڕیشەی جوولەكەكانی كوردستان و دابونەریتیان لەپارێزگای هەولێر، گۆڤاری هەولێر، ژمارە (14)، بەهاری 2002، ل32
(27). هەمان سەرچاوە، ل33
(28). عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، یەهوودی عێراق و یەهوودی كوردستان، گۆڤاری گەلاوێژی نوێ، ژمارە (16)، پاییزی 2001، ل37 – 53
(29). هەمان سەرچاوە، ل39
(30). ماردین عەبدولكەریم، ئەوسای جوولەكە لەسلێمانی و ئێستایان لە ئیسڕائیل، گۆڤاری زانكۆی سلێمانی، ژمارە (7)، ل36 – 52، هاوینی 2000
(31). جەمال بابان، سلێمانی شارە گەورەكەم، چاپی یەكەم، چاپخانەی تەمەدون، بەغدا – 1992، ل249
(32). میجرسون، الترجمة: فوآد جمیل، رحلة منتكر الی بلاد مابین النهرین و كردستان، ل189
(33). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل145
(34). هەمان سەرچاوە، ل146
(35). میجرسون، الترجمة: فوآد جمیل، رحلة منتكر الی بلاد مابین النهرین و كردستان، ل211
(35). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل146
(36). هەمان سەرچاوە، ل147
(37). كەریم زەند، ئایین و باوەڕ لە كوردستاندا، ل160
(38). ماردین عەبدولكەریم، ئەوسای جوولەكە لەسلێمانی و ئێستایان لە ئیسڕائیل، گۆڤاری زانكۆی سلێمانی، ژمارە (7)، هاوینی 2000، ل44
(39). هەمان سەرچاوە، ل45
(40). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل152
(41). هەمان سەرچاوە، ل153
(42). عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، یەهوودی عێراق و یەهوودی كوردستان، گۆڤاری گەلاوێژی نوێ، ژمارە (16)، پاییزی 2001، ل46
(43). بەكر حەمەصدیق عارف، چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی هەڵەبجە, بڵاوكردنەوەی كتێبخانەی ڕۆشنبیر – سلێمانی, چاپی یەكەم , 1997 ، چاپخانەی پەیڤـ.،ل89
(44). حەكیم مەلاصالح، هەڵەبجە لەئامێزی مێژوودا, چاپخانەی منارە, بەرگی یەكەم, 2004، ل57
(45). بەكر حەمەصدیق عارف، چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی هەڵەبجە, ل94
(46). ئەحمەد باوەڕ، جوولەكەكانی كوردستان، ل172
(47). هەمان سەرچاوە، ل173